٧\١٢\٢٠٢٠
کورتەیەک لە
مێژووی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا.
- ئەزموون و وانەیەک، بۆ
لێوە فێربوون -

هەڵۆ محەمەد
ئەو ئیتالیایەی ئێستا لەسەر نەخشەی جیھان دەیبینن، مێژووەکەی بریتییە
لە: بیرۆکەی ژیانەوەی ئیتالیایەکی یەکگرتوو. ڕەنگە باشتر بێت چەند
ھەنگاوێ بچینەوە دواوە بۆ ساڵی ١٨١٥، کە بە سەرەتای Risorgimento/
ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا دادەنرێت. بەڵام بەتێکڕا لە ساڵی١٨٤٨
ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە چڕ بوونەوە و ھاوشانی شۆڕشەکانی تری ئەوروپا
بەتایبەت ئەڵمانی ڕەوتی کرد. یەکێ لە سەرکردە ئیتالییەکان دەڵێ: "
میللەتێکی ٢٠ ملیۆنی ناتوانرێ بچەوسێندرێتەوە،گەر یەگکرتوو خاوەن خۆی
بێت". ھەڵبەت ھیچ نەتەوە و میللەتێک ڕازی نییە بێگانە حوکمی بکات و
ژیانی بندەستی بەسەر بەرێت.. لە ھەر قۆناغ و بە پێی توانا و شیاوبوون،
ئامادەبوون بۆ قوربانیدانیش، ھەوڵی سەربەخۆیی و ئازادی دەدەن.
ئیتالیاش دوای نەمانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی، بەسەر چەند ناوچەیەکی
دابڕاو لە یەکتردا نزیکەی ١٠ نیمچە دەوڵەتۆکەی پاشانشین دابەش بوو.
ئیتالیا بووە تەنھا چەمکێکی جوگرافیایی. ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بوو بە
سەرمایەی کەلوپەل و کار و شوێنەواری تەلارسازی و ھونەریی و کەسایەتی
ئەدیب و وێنەکێش و موزیکزان و نووسەری دیار و ھەڵکەوتووی خاوەن فیکر و
ھزرمەندیی، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو. جگە لە
کولتوور و شانازییەکانی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی ناوبراو، ھیچ شتێ پێکەوە
کۆینەدەکردنەوە...
یەکێ لە ھۆکارەکان ئەو گورزە کوشندە جەرگبڕە بوو کە فەڕەنسییەکان لە
ساڵی ١٧٩٦ لە ئیتالیان دا و چەند حکومەتێکی جیاجیای ئیتالییان بۆ
مەرامی سیاسیی و سەربازی خۆیان دروست کرد. ھاوکات تاڵان و بڕۆی ئیتالیا
لەلایەن فەڕەنساوە کرا و باجی قورس لەسەر ئیتالییەکان دانرا.
فەرەنسا ئەم ھەموو مامەڵە خراپەی لەتەک ئیتالیا کردووە، لە گەڵ ئەوەشدا
کاتێ ناپلیۆن ساڵی ١٨٠٥ ئیتالیا داگیر دەکات و پاشا «مالزی» تاجی
وڵاتەکەی بۆدێنێ ناپلیۆن پێی دەڵێ: «ھەمیشە ئاواتم ئەوەبووە نەتەوەی
ئیتالی ئازاد و سەربەخۆ بێت. من ئەم تاجە وەردەگرم و پارێزگاری لێ
دەکەم تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانم مەیسەر دەبن».
گرفتی ئیتالیا ھەر پارچەپارچەبوون نەبوو، بەڵکو داگیرکاریش بوو.
ئیتالیا بەلانی کەمەوە لەلایەن ٣ ھێزی بێگانەوە- نەمسا/ ھابسبۆرگ،
بوربۆنەکان/ئیسپانیا و فەرەنساوە- بەڕێوە دەبرا.
لەسەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆن دا، زۆرینەی باکووری ئیتالیا لەلایەن
فەرەنساوە بەڕێوە دەبران.. باشووریش بە ھەمان شێوە پاشانشینی Neapel
ناپۆلی. لێرە دوو دەوڵەتی پاشانشین دروست کرا، ھەردووکیان پاشکۆ و سەر
بە دەوڵەتی فەرەنسا بوون. ئەم دوو پاشانشینە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناپلیۆنی
سێیەم و زۆربەی کەسوکاری تری خودی ناپلیۆنەوە بەڕێوە دەبران.
لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەم دوو دەڤەرەدا ویست و خواست و باوەڕی نەتەوەیی
ئیتالی بۆ یەکگرتنەوە تا دەھات بەرزتر دەبۆوە... ھەڵگرانی ئەم
بیرۆکەیەش خەڵکانی لیبەڕاڵی ناسیۆنالیستی و ھاوڵاتی مافپارێز بوون.
بەڵام بەداخەوە واقعی تاڵی سیاسی شتێکی تری دەنواند.
دوای کۆنگرەی ڤییەنا لەسەر بنچینەی بەدەستھێنانەوە و نوێکردنەوە و
ڕەوایەتی Restauration&Legitimität ئیتالیا دۆخێکی تری وەرگرت. زۆربەی
باکوور کەوتە ژێر دەست ئیمپراتۆرێتی ھابسبۆرگLombardo,Venetien لە
باشوور,Parma,Modena,Taskana بەھەمان شێوە لە لایەن دەستوپێوەندەکانی
ھابسبۆرگەوە حوکم دەکرا. لە ھەردوو بەشی حوکمڕانی پاشایی
Sizillienسیسیلیا، واتە لە شانشینی سیسیلیا و باشووری ئیتالیا لەلایەن
Bourbonen کە لە فەرەنسا و ئیسپانیاوە ھاتبوون بەڕێوە دەبرا. لە
ناوەڕاستی ئیتالیادا، دەوڵەتی کڵێسا کە سەر بەدەوڵەتی پاپا بوو،
دەسەڵاتی ھەبوو. ئەم دەسەڵاتە خۆماڵی بوو،لە لایەن پاشا و میرەکانی
بنەماڵەی ساڤۆیانەوە حوکم دەکرا لەژێر چاودێری فەرەنسادا. بەمجۆرە
تەواوی ئیتالیای پارچەپارچەکراو لەلایەن دەسەڵاتی بێگانەوە حوکمی لێ
دەکرا..
وەک ئاماژەمان پێدا تەنھا شوێنێ کە لە لایەن ماڵی / بنەماڵەیەکی
میرنشینی بەگزادەی ئیتالییەوە بەناوی Savoyen بەڕێوە دەبرا
Piemonto-Sardinien بوو..
لەم سەردەمەدا لەنێوان کۆنگرەی ڤییەنا و شۆڕشی ١٨٤٨دا، لە ئیتالیا
تەنھا خەباتی نھێنی و ژێرزەمینی ھەبوو. ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکی و
کاریگەریان لەم مەیدانەدا دەگێڕا:-
١- Guisseppe Mazzini /ماتزینی نەتەوەپەروەر و دیموکرات کە ئەندامێکی
ھەڵکەوتووی Carbonari / خەڵووزخوازی بوو. - لای خۆشمان ڕێکخراوی دارکەل
لەسەر ئەم شێوازە ھاتە کایەوە-. لەگەڵ Garibaldi کە بە پاڵەوانی
داستانی یەکگرتنەوە ناودەبرێت. دواتر ماتزینی ١٨٣١ بزاڤێکی نھێنی دروست
دەکات کە ناسراو بوو بە ئیتالیای لاو/ La Giovine Italia و ساڵی ١٨٣٣
گاریباڵدش دەبێتە ئەندامی ئەم بزاڤە و پێکەوە خەبات و ڕاپەڕین لەتەواوی
ئیتالیادا ڕادەگەیەنن.
ئاڕاستە و ئامانجی ئەم بزاڤە بریتی بوو لە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشان بە
شێوازی جۆراوجۆر لە پێناوی « یەکگرتنەوە و دامەزراندنی کۆماری ئیتالیای
دیموکرات» دا بێ پاشا. بە واتای ئەوەی خەبات لە ژێرەوە بۆ سەرەوە، La
Italia fará da sel یەکگرتن لەناو گەلەوە بۆ لای سەرکردە و بەپرس و
سیمبۆڵەکان و خەباتی یەکگرتنەوە ئەرکی تەنھا خودی ئیتالیاییەکانە.
ماتزینی لە ڕێگای دەرکردنی ڕۆژنامەیەکەوە Lagovien Italia بووە نوێنەر
و قسەکەری ئەم بزاڤە نەتەوەییە. ئەم گرووپانە خەریکی ڕێکخستن و سازدانی
ڕاپەڕین و چالاکیی بوون و زۆربەی لەدژی دەسەڵاتی بێگانە بوو. ماتزینی و
گاریباڵدی زۆر چالاک بوون و کاری گەورەیان لە رێکخستن و ھوشیارکردنەوە
و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئیتالیادا گێڕا.
٢- ھەوڵی یەکگرتنەوە بە دروشمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەلایەن ماڵی
Savoyen کە پاشای ئیتالیا بوون.ئەمانە باوەڕیان بە ئیتالیایەکی پاشایی
ھەبوو. دیارە پێکھاتەی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان لەپێشچاو گرتبوو،
لەگەڵ ئەوەشدا، دوایش دەردەکەوێ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە پرۆسەی
یەکگرتنەوەکەدا دەگێڕن. بەسەرکردایەتی سەرەک وەزیرانە ھەڵکەوتووەکەی
Camillo Benso Graf von Cafvour / . کافور و دەرکردنی ڕۆژنامەی
بەناوبانگی II Risorgimento...لە ساڵی ١٨٤٧ دا. ئەمانە دەسەڵاتیان ھەر
لە ھی کۆنەوە بۆمابۆوە لە سنووری دەوڵەتی کڵێسادا بوو، فەرەنسییەکان
پاڵپشتیان لێ دەکردن. بەکورتی ناوی ئەم رۆژنامەیە بووە ناوی سەرجەم
بزاڤی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە مێژوودا...Risorgimento ژیانەوە و
یەکخستنەوە..
کەواتە دوو ئاڕاستەی جیاواز لە بزاڤی ڕزگاری ئیتالیدا ھەبووە، لێ
ھەردوو تەوژمەکە ئامانجیان یەکگرتنەوە بووە و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی
بێگانە.

+ جەنگی یەکەمی یەکگرتنەو ە١٨٤٨-١٨٤٩.
لەم ساڵەدا تەواوی ئەوروپا بووە شانۆی کۆمەڵی شۆڕشی سەربەخۆیی. بەھەمان
شێوە لە شارە گەورەکانی ئیتالیاش و نێو میرنشینەکان دا داوا کرا، ڕێگە
بە ھەبوونی دەستوور بدرێ و ئازادی زیاتر فەراھەم بکرێ . پاشای
ناوبراویش کارل ئەلبەرتینۆ دەچێتە پاڵ ڕاپەڕیوەکان و پاڵپشتیان لێ
دەکات.
Statut Albertino کە بەناوی پادشا Karl Albertino ەوە ناونراوە و لە
Piemont-Sardininien بۆ یەکەم جار دەبێتە بنچینەی دەستووری ئیتالیا و
تا ساڵی ١٩٤٦ دەمێنێتەوە.
ئەوەی جێی بایەخپێدانە، تەواوی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئیتالیا لە دەڤەرە
جیاجیاکاندا ئامانجێکی ھاوبەش و ناوکۆییان ھەبوو، ئەویش دەڕپەڕاندنی
ھێزە بێگانەکان بوو لە وڵاتەکەیاندا.
لە Mailand, Florenz,Venedig,Rom تا -Neapel -Palermoواتە میلان،
فلۆرێنس،ڤێنێدیگ، رۆما تا نیئاپل/ ناپۆلی و پالێرمۆ ، دەسەڵاتی
داگیرکەری ئۆتۆکراتی Habsburg/ ھابسبۆرگ و بوربۆرن و پاپا ڕاماڵن. پاشا
Karl Albertino لە Piemot- Sardinien چووە پاڵ ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە و
پشتیوانی لێ کردن و کۆمەڵێ سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا.
دەسەڵاتی ئاوستریا/ نەمساوی دژ بەم ڕاپەڕینە وەستایەوە و
ئیتالییەکانیان لە شەڕێکی سەخت دا بەسەرکردایەتی رادیسکی لە Lissa&Custozze
١٨٤٨-١٨٤٩ تێکشکاند. ئەوە بوو پادشا Karl Albertino وازی ھێنا و
کوڕەکەی Viktor Emanuel.II بووە جێگرەوەی.
شایانی ئاماژە پێدانە کەوا کوڕەکەیشی لە ڕێبازی باوکی لای نەدا و بەدڵ
و گیان بۆ ئیتالیا تێکۆشا و ئەمیش بەردەوام پاڵپشتی لە شۆڕش و
ڕاپەڕینەکان دەکرد.
کڵپەی شۆڕش ھەر دانەدەمرکایەوە و لەم ھەلومەرجەدا ھەردووک سەرکردەی
لێھاتوو ماتزینی و گاریباڵدی سەر بە ئیتالیای لاو، توانییان لە دەوڵەتی
کڵێسا ھێزە بێگانەکان دەرپەڕێنن و ڕۆما ئازاد بکەن و لەوێوە بە دەنگێکی
دلێرەوە بانگەوازی کۆماری دیموکراتی ئیتالی ڕابگەیەنن.
لەماوەیەکی کورتدا توانرا کۆمەڵێ دەستکەوتی مەزن بۆ ئیتالیا لە بواری
نەتەوەیی و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگووزاریدا ئەنجام درا.
مامۆستا و ئەندازیارەکەش ماتزینی بیرمەند بوو،بە ھاوکاری ھاوڕێکانی.
ھەر سێ دەوڵەتە زلھێزەکەی ئەوکاتە فەرەنسا و نەمسا و ئیسپانیا تەنانەت
ئەڵمانیاش چاویان بەم گۆڕانکارییەی ناوەی ئیتالیا نەدەھات و ھەموو
چاویان بڕیبووە سەر داگیرکردنەوەی دەوڵەتی کڵێسا و بیخەنەوە ژێر
دەسەڵاتی خۆیان.
ئەمجارەیان فەرەنسا لە ھەموویان زیاتر بەم دۆخە نیگەران بوو.. ساڵی
١٨٤٩ خۆیان ئامادە کرد بۆ ھێرشکردنە سەر ماتزینی و لایەنگرانی و بۆ
پشتیوانی لە کلێسای رۆما . ئەوە بوو فەرەنسا زوو ھاتە سەر ھێڵ و
پەلاماری ھەردوو سەرکردە، ماتزینی و گاریباڵدی و ھێزەکانیانی دا و تێکی
شکاندن و ھەردوو سەرکردەی و زۆرێک لە لایەنگرانیان ناچاری ھەڵاتن بۆ
دەرەوەی ئیتالیا کرد.
«سەرنج:لە وتارێکی سەربەخۆدا، بەجیا باس لە ژیاننامە و تێکۆشان و ھزری
ماتزینی دەکەم».
بەم شێوەیە قۆناخی یەکەمی ھەوڵی یەکگرتنەوەی ئیتالیا لە ساڵانی شۆڕشی
١٨٤٨/١٨٤٩ شکستی ھێنا.
+ قۆناغی دووەم..
لە ئاکامی ئەم تێکشکاندن و قۆناخە نوێیەی ئیتالیا ڕووبەڕووی بۆوە، پاشا
ئیمانوێل ئەلبێرتینۆ و کافور پەند و وانەیەکی باش فێربوون و بوونە
خاوەنی ئەزموونێکی نوێ و تەواو ھوشیار بوونەوە.. ئیدی خۆیان بۆ قۆناخی
دووەمی ئاواتەکانیان ئامادە کرد..
وەک ئاماژەمان پێدا تێکشکان لە ھەوڵ و شۆڕشی یەکەمدا ، زانیاری زۆر لای
ئیتالییاییەکان کۆبۆوە... یەکێ لە ئەزموون و وانەکان ئەوە بوو، کە
ئیتالییەکان تێگەیشتن بەتەنھا ناتوانن ھێزەکانی ئاوستریا/ نەمسا ڕاماڵن.
بۆیە بەناچاریش بێت، پێویستیان بە کۆمەک و ھاوکاری دەرەکی ھەیە.
کافور و ئەلبەرتینۆ ھەردوو پێکەوە دوای ڕاو ڕاوێژ ،نەخشە و پلانێکی
ژیرانەیان داڕشت تا لەنێوان نەمسا و فەرەنسا بتوانن یارییەکی باش بکەن
و یەکێکیان بکەنە دۆست و خەریکی شەڕی ئەوی تریان بن. کافور لەسەرەوە
نزیکی فەرەنسیییەکان بوو، لێ لەبنەوە پشتیوانی لە بزاڤە ئاتالییەکانی
ناوخۆ دەکردو ئارەزوویشی بوو خۆی بێتە سەرۆکی ئیتالیای ئایندە. سیاسەتی
بریتی بوو لەوەی فەرەنسا نەوروژێنێ و بەنەرمی و دبلۆماسی مامەڵەی
لەگەڵدا بکات. ئەوە بوو بەختی ئەوان لە ساڵی ١٨٥٣-١٨٥٦ شەڕی Krim/ قرم
،سەڕی ھەڵدا،کە ڕووسیا دەیویست لاوازی دەوڵەتی عوسمانی بقۆزێتەوە و
باڵادەستی تەواو بەسەر بالکاندا و گەرووی دەردەنیلدا بەدەست بھێنێ.
فەرەنسا و ئینگلیزیش دژی ئەم ھەوڵەی رووسەکان وەستانەوە. ئەم ھەلە
زێڕین بوو ھاتە بەردەم دەوڵەتی کلێسا، کە ماڵی ساڤۆیان بەپشتیوانی
ڕاستەوخۆی فەرەنسا تێیدا حاکم بوون و جێی پاپا PuisIX بوو واتە ڤاتیکان.
فەرەنسا کەوتە شەڕەوە، ئەوە بوو لە Piemont-Sardinien/ کافور توانی
لەگەڵ ناپلیۆنی سێیەمدا ١٨٥٨ڕێکبکەوێ و پێشنیازیان کرد بۆ فەرەنسا لەم
شەڕەدا ئەوان پاڵپشتی فەرەنسا دەکەن. وا ڕێکەوتن کافور یارمەتی فەرەنسا
بدات لە شەڕیان دژ بە دەسەڵاتی نەمساوی بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی
Lombardo-Venetiens بەرامبەر بەمە ھەردوو دەڤەری Nizza&Savoyen کە
لەلایەن دەوڵەتی کڵێساوە بەڕێوە دەبران و فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن،
ئارام و سەقامگیر بخرێنە ژێر ڕکێڤی فەرەنساوە...
لە مانگی گوڵانی ١٨٥٩ دا ، ئیتالییەکان دەسەڵاتی نەمسایان ورووژاند.
چونکە لەم چرکەساتەدا نەمسا لە کێشەی گەورەدا بوو لەگەڵ پروسیای تازە
ھەڵکەوتووی بەھێزدا. باشتر بڵێم شەڕیان پێ فرۆشتن، و شەڕێکی قورس ڕووی
دا لە Solferino و ئیتالییەکان بە پشتیوانی فەرەنسییەکان لەشەڕەکەدا
سەرکەوتن . بەڵام ئەوە بوو فەرەنسا بە ھۆی گوشاری نێودەوڵەتییەوە زوو
لە شەڕەکە کشایەوە. بەم ھۆیەوە لەدوو ناوچەکە توانییان تەنھا لۆمباردۆ
بخنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. واتە تەنھا نیوەی ناوچەکە بەدەست بھێننەوە.
دیارە ئەمەش بۆ خۆی ھەر سەرکەوتنە بۆ ئیتالیا...لە ڕێکەوتنامەی ئاشتی
Zürich زوریخ ١٨٥٩ تەنھا لۆمباردۆ درا بە فەرەنسا، چونکە ڤێنیسیا ھێشتا
لەژێر چنگی نەمسادا مابۆوە..
جێی بایەخە ئاماژە بەوە بدەین بۆ یەکەمجار بەھۆی ئەم شەڕەوە ڕێکخراوی
خاچی سووری نێودەوڵەتی ساڵی ١٨٦٤لە لایەن ھاوڵاتی سویسری Henri
Dunantدروست دەکرێت.
١٨٦٠ڕاپرسییەک/ ڕیفەڕاندۆم لەم ناوچانەی ژێر دەستی دەسەڵاتی نەمساوی
ھابسبۆرگ/ بۆربۆردییەکاندا ئەنجام درا. واتە لە ناوچەکانی پارما،
مۆدێنا، تۆسکانا، کە بە ئاشکرا داوایان دەکرد، بچنە سەر شانشینی پیمۆنت-
ساردینی. دواجار ئەم ناوچانە چوونەوە سەر شانشینی ناوبراو.
گاریباڵدی و لەشکرە١٠,٠٠٠ کەسییەکەی...
لە باشووری ئیتالیاوە Pama,Modena,Toskan گاریباڵدی بوو لە ساڵی ١٨٦٠
دا بەخۆیی و ١٠,٠٠٠ ھەزار لایەنگرییەوە ھاتوو لە دورگەی سیسیلیاوە
دەستی بەسەر باشووری ئیتالیای گرت و دەسەڵاتی ھابسبۆرگی دەرپەڕاند .
کەوتە دەرپەڕاندنی پاشای بۆربۆمییەکان . بەم شێوەیە سیسیلیا و باشووری
ئیتالیا ساڵی١٨٦٠ کەوتەوە ژێردەسەڵات گاریباڵدی. بەڵام پیمۆنت-
ساردینین ھەر زوو ترسی لێ نیشت ،کەوا گاریباڵدی بەڕاگەیاندنی کۆمار لە
باشووردا بەرەو باکووریش بجمێ و دەوڵەتی کڵێساش داگیر بکات.
لەم دۆخەدا کە دەترسان کێشە و ھەراکانیان لەگەڵ فەرەنسا جارێکی تر
سەرھەڵبداتەوە و پرسی یەکگرتنەوی ئیتالیا زیانی پێ بگات . لە ھەموویشی
زیاتر دەسەڵاتی ناوبراو ترسی خۆیان بوو، کەوا ڕاستەوخۆ لە ١٨٤٩ ەوە
فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن، ئێستا لەلایەن کەسانی ترەوە کەوتوونەتە
بەردەم مەترسییەوە ، ڕەنگە دەسەڵات لەدەست بدەن.
لەم چرکە ساتەدا کافور پێویستی بە بیکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بوو.
کافور میتۆدی گفتوگۆی ھەڵبژارد و لە ناپلیۆنی سێیەم مۆڵەتی وەرگرت، دوو
ناوچەی سەر بە کڵێساMarken&Umbrion داگیر بکات، تا بتوانێ ڕێگری دروست
لە پێشڕەوی گاریباڵدی بکات.. بەرامبەر بەمەش Latium بە پایتەختەکەیەوە
Rom کە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسادا بوو واز لێ بھێنێ و ئارامی تێک نەدات.
بەڵام ھەموو ئەمانە گاریباڵدییان نەسڵەماندەوە. بێگومان ھەڕەشە و
گوڕەشەکانی گاریباڵدی بە کۆتایی نەدەگەیشتن و تا دەھات پێشڕەوی دەکرد.
بەڕاستی لەمەیداندا گاریباڵدی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکی ریسۆرگیمێنتۆیە.
ئەوە بوو لەھەمان ساڵ ١٨٦٠ دا، لە دەنگدانێکی ڕاپرسیدا/ ڕیفەراندۆم لە
سیسیلیای باشووی ئیتالیا زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵک دەنگیان دا بە
یەکگرتنەوە لەگەڵ پیمۆنت- ساردینین دا.
ئیدی گاریبالدی چ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ نەمایەوە و بەم جۆرە ، ئەم بڕیارەی
قبوڵ کرد و وازی لە لەشکرکێشی ھێنا بۆسەر ناوچەکانی کافور و شوێنەکانی
دیکەی ئیتالیا. واتە ئەم میتۆدەی خەباتی پەسەند کرد، ئاخر لای
ئیتالییەکان بە ھەردوو شێواز ھەوڵ بۆ یەکێتی و یەکگرتنەوە دەدرا، «
لەناوەوە بە میتۆدی ریفەڕاندۆم و بەرامبەر بە بێگانە، بە شۆڕش و
ڕاپەڕین». بۆیە گاریباڵدی ناکۆکی بەرامبەری ئاکامی ڕیفەراندۆم نیشان
نەدا. دەرئەنجام لە ڕووداوێکی زۆر سەرنج ڕاکێشدا، لە ساڵی ١٨٦١ لە
Turin بانگەوازی کۆماری ئیتالیای ڕاگەیاندرا، پەرلەمان ھەڵبژێردرا ،
بەسەرۆکایەتی پاشای ساڤۆیانViktor Emanuel، پیمۆنت- ساردینی. زۆر
سەرکەوتووانە ئەم ھەنگاوە بەڕێوە چوو.
بەم شێوە قۆناخی دوومی خەبات بۆ یەکگرتنەوە ئامانجێکی پێکا و لێ بە
ھاوکێشەی ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەنێو لایەن و کاراکتەرەکانی وڵاتدا لە
سەرکردە و پاشا رێکەوتن کرا. بەڵێ لە سەرەوە ڕێک کەوتن و خوارەوەش
ڕەزامەند بوون.
دوای ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و بڕینی ڕێگای سەختی یەکگرتنەوە، ھێشتا
ئەرکی قورس و گران لەبەردەم ئیتالییەکاندا مابوو بگەنە دوا ئامانج...
یەکێ لەوانە بریتی بوو لە ھەردوو ھەرێمی ڤێنیسیا، لەژێر دەسەڵاتی نەمسا
و لاسیۆم کە پایتەختەکەی ڕۆما بوو ، ھەموو ئیتالییەکیش بە پایتەختی خۆی
دەزانی ، سەر بە حوکمڕانی دەوڵەتی پاپا/ کڵێسا بوو، کە ڕاستەوخۆ
لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوە دەبرا. ھەتا ئێرە ھەموو شت لە ڕووی سیاسی و
جوگرافیاییەوە بە ئاڕاستەی دروستدا دەڕۆیشت. ماسیۆ داسێلیۆ لەم
بۆنەیەدا دەڵێ: ئێمە ئیتالیامان دروست کرد، ماوەتە ھاوڵاتی ئیتالیایی
دروست بکەین..
شایانی ئاماژە پێدانە،کە بزاڤەکەی ماتزینی، دروشمی یەکگرتنەوەی ھەموو
ئیتالیا بوو، لەم داویەش یەک سەنتیمەتر نەدەھاتنە خوارێ. ئیدی
ئیتالیایەکی بێ ڕۆما و ڤێنیسیا، ھەرگیز جی قبوڵکردن نەبوو. ئیتالییەکان
بە ھۆی فرە دیالێکتی و کاریگەرێتی زمانە بێگانەکان لەسەر زمانەکەیان
نەیان دەتوانی پێکەوە قسە و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕ بکەن. ١٨ لە٢٥ ملیۆن
ئیتالیایی ئەوسەردەمە تەنانەت خوێندن و نووسینیشیان نەدەزانی. تا ساڵی
١٨٦١زمانی ئیتالی ڕێژەیەک لە دەستەبژێرەکان دەیانتوانی قسەی پێ بکەن کە
بریتی بوون لە ٦٠٠,٠٠٠ ھەزار کەس واتە تەنھا ٢,٥%. ئەمەش ڕێژەیەکی
یەکجار کەمە.تەنانەت کە یەکەم پەرلەمان لە Turin ھەڵبژێردرا وەک
لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، نوێنەرەکان بە فەرەنسی وتاریان پێشکەش دەکرد.
دانتێ بە نووسینەکانی بەشێوەزاری تۆسکانی کاریگەرێتییەکی گەورەی دروست
کرد بەسەر زمانی ئیتالییەوە. بۆنموونە Alessandro Manzoni کاتێ رۆمانی
مێژوویی I Promessi Sposi دەنووسێ بە دیالێکتی بۆمباردی، دواتر خێرا
دەیگۆڕنە سەر شێوەزارەکەی تۆسکانی کە دانتێ شتی پێ نووسیوە. ئەمەش
ھەنگاوێکی گرنگە بۆ لێکنزیکردنەوە و تێگەیشتنی زمانی نەتەوە. دواتر
بووە بناخەی زمانی یەکگرتووش.
لەسایەی ئەم دۆخەدا باکووری ئیتالیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر بەرەو
پێش چووبوون، بەپێچەوانەی باشوورەوە کە ھەر خەریکی کشتوکاڵ و زەویوزار
بوون. سیمایەکی دەرەبەگی دواکەوتوویی پێوە دیار بوو. ئەم دیاردەیە تا
ئیمڕۆش کێشەیە و بە نەخشەی ئیتالیاوە دیارە. قۆناخێکی تری خەبات بۆ
یەکگرتنەوە:
+ قۆناغی سێیەم و دوا وێستگەی یەکگرتنەوە..
ئیتالیاییەکان وەک میللەتێکی تینووی ئازادی، زۆر باش کاریان بۆ ئامانجی
سەربەخۆیی و یەکگرتنەوە دەکرد. زرنگ بوون و ھەر دەرفەتێکیان بۆ ھاتبێتە
پێشەوە ھەوڵیان داوە بیقۆزنەوە و بایی قەبارەی خۆیان لە زەمینەی
خەباتدا کار بۆ ئامانجە ڕەواکانیان بکەن.. بۆیە ھەر لە دەرفەتێک
دەگەڕان تاوەکو ئەو ناوچانەی تریش رزگار بکەن و پرۆسەی یەکگرتنەوە بە
ئامانج بگەیەنن. ساڵی ١٨٦٦ کاتێ شەڕ لەنێوان ھەرێمی ھەڵکەوتوو و بەھێزی
پروسیای ئەڵمانیا و دەسەڵاتی ھابسبۆرگ دا سەری ھەڵدا، ئیتالیا دەستبەجێ
ھاوپەیمانێتی لەگەڵ پروسیادا کرد. ئەوە بوو ئیتالیا لە Lissa &Custozza
ئەگەرچی شەڕەکەیان بە نەمساوییەکان دۆڕاند، بەڵام ڤێنیسیایان دەستکەوت،
لەبەرئەوەی نەمسا شەڕەکەی لەئەنجامدا بە پروسیا دۆڕاند.
ساڵی ١٨٧٠-١٨٧١ ئەمجارەیان شەڕ لەنێوانی پروسیا و فەرەنسادا پەیدا بوو.
لەم کاتەدا شوێنێکی گرنگی وەک لاتسیۆ کە بەدەست فەرەنساوە بوو.فەرەنسا
ناچار بوو بۆ شەڕکردن لەگەڵ پروسیای بەھێزدا، ھێزەکانی لەم دەڤەرە
بکێشێتەوە. ئا لەم ھەلە زێڕینەدا ساڵی ١٨٧٠ مانگی سێپتەمبەر،
ئیتالییەکان گورجوگۆڵانە پەلاماری لاسیۆ و رۆمایان داو رزگاریان کرد و
خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان...
١٨٧١ پایتەخت لە فلۆڕەنساوە ھێنرایەوە بۆ ڕۆما و وەک پایتەخت
ناساندییان.. بەم شێوەیە چیرۆکی ٥٣ ساڵەی خەباتی یەکگرتنەوەی ئیتالیا
دەستی پێکرد و کۆتایی ھات. چیرۆکێک کە پێمان دەڵێ: لە کاروانی ئەم
خەباتە دوورودرێژەدا، تەواوی چین و توێژ و دەستە و گرووپە جیاوازەکان
لە پاشا و میرەوە بۆ بیرمەند و قوتابی جوتیار و کرێکار و ڕەنجبەر و
وردەبۆرژوای ناوەند بەشداری تێدا کردووە.
سیمایەکی تری گەشاوەی ئەم خەباتە، دوو میتۆدە جیاوازەکەی یەکگرتنەوەیە:
ڕیفەڕاندۆم لە ناوخۆ و شۆڕش دژ بە بێگانە. لەمەش بەرچاوتر، سەرلەبەر
باوەڕیان بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی ئیتالیا و ڕاماڵینی بێگانە تێدا
ھەبووە. خەسڵەتێکی تری گرنگ و چارەنووسساز ئەوەیە، چەند فاکتی شەڕ و
کەوتنە شەڕی ھێزە داگیرکەرەکانی ئیتالیا وەک دەرفەت و چانس دەقۆزنەوە،
خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکگرتنەوە/ ریسۆرگیمێنتۆ بگەیەننە ئامانج و
ھێنانەدی خەونی پیرۆزیان. ئا بەم ھۆیەوەیە کە Eugen Lembergی
مێژوونووسی ئەڵمانی دەڵێ: «ئەو یەکەم چرکەساتەی وریابوونەوە، مانای
ڕابوونی ئیتالی و دەستکەوتە مرۆییەکانی ئیتالیاییەکانە».
لەسەرەتاکانی سەدەی ١٩ ەوە، ئیتالیا مەودای داخوازییەکانی فراوان
کردووە و وەک دەڵێن مەرامێکی کۆلۆنیالیستی تێئاخنیوە، داوای ناوچەکانی
Terre irre dento دەکات، کە سەر بە ھەنگاریا و نەمسا بوون/ ھابسبۆرگ.
Trentino,Südtirol,Triest,Frioul,Istrien کە زۆربەیان بە ئەڵمانی قسە
دەکەن و ئیتالی و بەشێکی زۆری کرواتی و سلۆڤێنین. کەچی ئیتالیا بە
بەشێکی جیانەبووەی جوگرافیای ئیتالیان دادەنێن.. ئەم کێشەیە ھەر ماوە و
ھەتا ئێستاش بەو شێوە چارەسەر نەکراوە، مرۆ بەزەقی ھەستی پێنەکات.دوای
شەڕی جیھانی یەکەم بەشێکی ئەم ناوچانە درا بە ئیتالیا.
Hagen Schulze ی مێژوونووس دەڵێ: "مرۆ دەتوانێ دروستبوونی دەوڵەتی
نەتەوەیی ئیتالیا، وەکو مێژووی « کوولتوریی و سیاسی و لیبەڕاڵی»
دەستەبژێری ھاوڵاتی - ئەرستۆکراتی بنووسێتەوە.
شایانی ئاماژە پێدانە، یەکگرتنی ئیتالیا و ئەڵمانیا زۆر شتی ھاوبەشیان
ھەیە و لێک دەچن و قۆناخی شۆڕشەکانیشیان ھاوکاتە. تاکە خاڵێکی جیاوازی
نێوانیان ئەڵمانیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر لەپێش بوو، ئیتالیا ھێشتا
سەرەتای بوو، وە بە وڵاتێکی کشتوکاڵی مابۆوە. ئەگەرچی پرۆسەی
یەکگرتنەوە کەمی بەری ڕەنجی جوتیاران بوو.
خاڵێکی تریش بریتییە لەوەی کەسانی وەک ماتزینی لە پشت شۆڕشی
ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالییەوەن بە فکر و ھزری گەشی نەتەوەیی دیموکراتی ،لێ
لە ئەڵمانیا ھێزی پرووسیای ھەڵکەوتوو و کاریزمایی بسمارکی
لیبەڕاڵ،زەمینەخۆشکەری یەکگرتنەوەی ئەڵمانیان.
ئیتالیاییەکان لەبەرئەوەی خاوەن ئەقڵێت و کولتوورێکی لیبەڕاڵ بوون،
وڵاتەکەیان مەڵبەندی سەرەکی ڕێنیسانس بوو، دوا یەکگرتنەوە بە خێرایی
لەژێر کاریگەرێتی دەستووری پەرلەمانی ئینگلیز و فەرەنسیدا، کە
دەستوورێکی کراوە و دیموکرات بوو. ھەروەھا پرسەکانی سەروەرێتی گەل و
مافی مرۆ و ئازادییە کەسییەکانی لەخۆ گرتبوو، دەستوورەکەی خۆیان
نووسییەوە.
جێی خۆیەتی بڵێین لە ئینگلتەرا و فەرەنسا لە ڕێی دروستبوونی دەوڵەتەوە
نەتەوەسازی کامڵ بوو و شۆڕشیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە کردووە. لە
ئیتالیا و ئەڵمانیا بەپێچەوانەوە نەتەوە دەبێتە دەوڵەت شۆڕش لە سەرەوە
بۆ خوارەوە ئەنجام دراوە.
دوای ئەو ھەموو ھەنگاو و دەستکەوتە گرنگانە ، ئیتالیاییەکان دەستیان
کرد بە ژیانێکی نوێی ئازاد، لەسایەی یەکێتی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی
خۆیان دا. ئاخر ئەوان شیرمژی بیروباوەڕی دەیانی وەک ماتزینی کە ڕوو لە
کرێکارانی وڵاتەکەی دەکا و دەڵێ:« برایینە .. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت،
نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە..ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیوین و تێیدا یەک
خێزانمان دروست کردووە». و مەکیاڤیللی بوون کە ئەویش دەڵێ:«نیشتمانتان
لە گیانی خۆتان خۆشتر بووێت»!!.
ئاکامگیریی:
+ ئیتالییاییەکان بەتێکڕا یەک ھیوا و ئامانج و ستراتیژیان ھەبوو،
ڕزگاری نیشتمان و دەرپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان...
+ تەواوی دەستەوتاقم و گرووپەکان بەشداری شۆڕش بوون و ڕۆڵیان گێڕاوە،
لە خاوەن موڵک و بەگزادە و بەتایبەت دەستەی خوێنەوار و دەستەبژێری
ئاکادیمیستەکان و لیبەڕاڵەکان..
+ ھەر دەرفەتێک ھاتبێتە بەردەم ئیتالییەکان بە وریایی و ئاقڵانە و
خێرایی بە سوودی پرسە ڕەواکەیان قۆستوویانەتەوە.
+ سێ سەرکردە، ماتزینی باوکی ڕۆحی ڕیسۆرگیمەنتۆ و جەنەڕاڵ گاریباڵدی
سەرکردەی مەیدانی درەوشاوە و کافوور وەک سیاسییەکی واقعبینی ریال
پۆلەتیکی،لە سێ کایەی جیاوازەوە ئەرکی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی
ئیتالیایان لە ئەستۆ گرت و بەئەنجام گەیاند.
+ یەکگرتن یاخود یەکگرتنەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەرکەوت...
+ ئیتالییەکان شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد بەرامبەر داگیرکەرەکانیان و
لەچەند وێستگەیەکیشدا لە ناوخۆیاندا ، بە ڕاپرسی یەکیان گرتوو و
دەستکەوتی نەتەوەییان بەدەست ھێنا.
+ ئاکامی ٣ شەڕ کە داگیرکەرەکانیان تێی کەوتن بوونە فاکتی ھەرە گرنگی
سەرکەوتن و یەکگرتنەوەی تەواوەتییان. بەشداری فەرەنسا لەشەڕی کریم دا،
شەڕی فەرەنسا دژی پروسیا ، شەڕفرۆشتنی خۆیان بە پشتیوانی فەرەنسا بە
نەمسای ھابسبۆرگی..
+ جوگرافیا و ، کولتووری ھاوبەشی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی رۆمانی و بیری
نەتەوایەتی ئەقڵێتی لیبەڕاڵێتی لەم پرۆسەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا .
+ دەنگی ناڕەزایی ناوخۆ بەرامبەر بە ریسۆرگیمەنتۆ کز و نەبوونی دیاردەی
براکوژی...ڕێژەیەک لە خەڵکی سیخوڕ و خۆفرٶش ھەبووە،لێ کاریگەریی
کردەییان لە پرۆسەکەدا نەبووە.
+ ھەر لەسەرەتاوە داوای کۆمارێکی دیموکراسی بەتایبەت بزاڤەکەی
ماتزینی،دروشمێکی نەگۆڕ بووە.
+ لە ئیتالیا ھەموو بنەماکانی بیری نەتەوەیی ھەبوو،بەڵام کاتێکی
دوورودرێژی دەوێت تا دەبێتە ویست و ئیرادەی کۆ و ھێزێکی
گۆڕاندروستکەر.بەسەرکردەی لێھاتوو و سیاسەتی حەکیمانەوە کار بۆ
یەکگرتنەوە بکات. ھەموو ھێزەکان داوای یەکگرتنەوە/ وحدە یان کردووە نەک
یەکێتی/ اتحاد.
+ ھەرچی ئامڕاز و وزەیەکی لەتوانای ئیتالییەکاندا بوو، بۆ یەکگرتنەوەی
خستیانە گەڕ.
_________________________________
سەرنج: ئەم
نووسینەی زادەی بینین و گوێ لێگرتن و خوێندنەوەی کۆمەڵێ سەرچاوەی
جۆراوجۆرە و پوختەیەکە، لە مێژوویەکی دوورودرێژ.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|