په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٠

لەبارەى راگه‌یاندنەوە.

جەعفەر جەوهەر خدر

(٣) راگه‌یاندنى وه‌رزشیی لە کوردستان.


لە هیچ وڵاتێکى دنیا شتێک نییه‌ ناوى راگه‌یاندنى وه‌رزشیی بێ،بەڵکو راگه‌یاندنى وه‌رزشیی لقێکى راگه‌یاندنە،کە کەناڵەکانى راگه‌یاندن یان دامەزراوە گەورەکانى راگه‌یاندن لەوڵاتانى پێشکەوتوو کادیر و ڕۆژنامەنووس بۆ ئەم مەبەستە پەروەردە دەکەن،ئەویش بەهۆى دەستکەوتنى سەرمایەکى زۆر لە سایەى ڕێکلام کردنەکانیان یان سپۆنسەرى کردنى یاریەکان.


بەڵام لە کوردستان هێشتا دەزگایەکى زەبەلاح یان کەنالێکى راگه‌یاندن تەنانەت نەیاتوانیوە سپۆنسەرى یارییەکانى ناوخۆى کوردستانیش بکەن،ئەویش بەهۆى زۆر بایەخ نەدان بەبوارى وەرزش لەکوردستاندا،لە کوردستاندا چەند کەناڵێکى لۆکاڵى وه‌رزشیی یان چەند رۆژنامە و گۆڤارێک هەن کە ڕوداوە وەرزشیەکان دەگەیەنن بەلام ئەوانیش زۆر جار تەنها لەکاتى پاڵەوانیەتەیە جیهانییه‌کانە و زیاتر بایەخ بەیارى تۆپى پێ دەدەن.زۆر شەو هەیە لەسەرجەم کەناڵە لۆکالیەکانى خۆمان کە ژمارەیان لە(20)کەناڵ زیاترە هەموویان یەک یارى دەگوازنەوە بەتایبەتى لە خولى ئیسپانیا یان جامى یانەکانى ئەوروپا، هەردەلێى هەموویان سەر بەیەک ناوەندى راگه‌یاندنن!کەچى هیچیشیان مافى گواستنەوەى ئەم یاریانەیان بەدەست نەهێنەوە یا مۆڵەتیان لەو کەناڵە وەرنەگرتووە کە سپۆنسەرى یاریەکان دەکات،ئەمەش لە فەرهەنگى راگه‌یاندندا پێى دەلێن دزى.


لەلایەکى ترەوە ڕۆژنامەنووسە وەرزشیەکانى کوردستان زۆربەیان کار لەسەر ئەزموونى خۆیان دەکەن،نەک بەشێوەیەکى ئەکادیمى و زانستى خوێندبیان،یان لەوانە بەشدارى چەند خولێکى ڕۆژنامەنووسیان کردووە،کە ئەمەش نایانکاتە ڕۆژنامەنووسێکى پرۆفیشناڵ لە بوارى وەرزش، سەرەڕاى ئەم هەموو کەمو کورتیانە زۆرجار لە کەناڵە لۆکالیەکانى خۆمان لە کاتى گواستنەوەى یاریەکاندا بێژەرى ئەوەندە ناشارەزا یاریەکە شى دەکاتەوە ئەگەر بە هێزترین یاریش بێت حەوسەڵەى دیار یارییەکەت نابێ.کە وتەى ناشیاو،زمانێکى بازارى،نەشارەزا لە وەرزش،تاد ئەمانە مواسەفاتیەتى بۆیە هەمووجارێک بە کچەکەم دەلێم بیکە عارەبیەکە خۆشتر!


ڕۆژنامەنووسە وەرزشیەکانى کوردستان زۆربەیان ئارەزووى وەرزشیان هەیە بۆیە ئەم پیشەیان هەلبژاردووە لەوانەیە شارەزاییان نەبێ لە یاساکانى راگه‌یاندن یان یاساکانى وه‌رزشیی کە ڕۆژ بەڕۆژ لە گۆڕانکاریدایە،ئەمە وا دەکات تووشى هەڵەى گەورەبن ،بۆیە پێویستە حکومەتى هەرێم بەتایبەتى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان بایەخێکى زیاتر بە بوارەکانى وەرزش بدات ،لەدروستکردنى زیاترى یاریگا،پێگەیاندنى راگه‌یاندن کارى وه‌رزشیی،ناردنەدەرەوەى ڕۆژنامەنووسى وه‌رزشیی بۆ ولاتانى پێشکەوتوو،ڕێکخستنى یارى لە نێوان یانەکانى هەرێم و یانەکانى وڵاتانى پێشکەوتوو،لەلایەکى تریشەوە کۆمپانیاکان دەبێت دەزگا و پەیمانگەى تایبەت بە ڕاهێنانى رۆژنامەنووسى وه‌رزشیی بکەنەوە لە پێناو زیاتر بەدەستهێنانى ڕێکلام و سەرمایە.

 


(۴) میدیاى ئه‌لکترۆنیی و نووسەرە بێ ناونیشانەکان.

 


ڕۆژ بە ڕۆژ جیهان پێشکەوتنى خێرا بە خۆیەوە دەبینێ،بە تایبەت لە بوارى پەیوەندى و گەیاندندا وەک(ئینتەرنێت،مۆبایل،مانگى دەستکرد،تاد) تادێت خێراییەکانیان بە ڕێژەى بەرچاو زیاد دەکات و جیهانى کردۆتە گوندێکى بچوک.ئەم پێشکەوتنى تەکنەلۆژیایە کاریگەریەکى زۆرى لەسەر کۆمەڵگە جیاوازەکان داناوە و ناچارى کردوون لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە بڕۆن،بەڵام لە زۆر لە کۆمەڵگەکان بەهۆى کەمى هۆشیاریەوە ناتوانن وەکو پێویست هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە بکەن بۆیە زۆرجار بەهۆى خراپ بەکار هێنانى جۆرەکانى ئەم تەکنەلۆژیایە،دەبێتە هۆى بێ سەرو بەریەکى زۆر و تاواى لێدێت راگه‌یاندن دەبێە شوێنى پێشاندانى ناشرین شتەکان و شکاندنى داب و نەریت و هێرش کردنە سەر سەروەریەکان و پیرۆزیەکانى کۆمەڵگە.


بێ گومان لە کوردستانیش ماوەیەى چەند ساڵێکە ئینتەرنێت و بوارەکانى پەیوەندى کردن پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینیوە،کە ئەمەش بەراورد ناکرێت لە گەڵ وڵاتانى پێشکەوتوو،چونکە وڵاتانى پێشکەتوو خۆیان ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایەیان داهێناوە و دەزانن چۆن بەکارى بهێنن و بۆچیش بەکارى بهێنن.بەڵام لە کوردستان ڕۆژانە چەندین مالپەر و سایت دەکرێنەوە بەبێ ئەوەى هیچ جۆرە سانسۆرێک یان یاسایەک هەبێ بۆ هەلسوڕاندنى کاروبارى یاساى مالپەر و سایتە ئەلکترۆنییه‌کان هەرچەند چەند هەولێک هەیە بۆ ئەوەى یاسایەک دابنرێت بۆ بوارى میدیاى ئه‌لکترۆنیی بەڵام هەوڵەکان هێشتا لاوازن.


ئەوەى من دەمەوێ لێى بدوێم ئەوەیە کە سەدان سایت و مالپەر هەیە بەزمانى کوردى چ ئەوانەى لە کوردستانەوە کاردەکەن و چ ئەوانەشى لە ولاتانى دەرەوە کاردەکەن، بەڵام زۆربەیان بوونەتە مایەى ناشرین کردنى وێنەى ڕاستەقینەى کوردستان و ناشرین کردنى راگه‌یاندنى کوردى،ئەم سایت و مالپەرانە ڕۆژانە چەندین وتارى تێدا بڵاودەکرێتەوە زۆربەیان شتى بێ بنەماو نازانستین و ناوى نووسەرەکانیش خوازراون، لەم سایتانە ڕۆژانە چەندین لێکدانەوەى سەقەت و بێ سەر و بەر دەکرێت بۆ ئەزموون و سەروەریەکانى گەلى کورد،ئینجا ئەگەر بە دەستى دەرکى بێت یان ناوخۆیى ئەمە هەڕەشەیەکى مەترسى دارە لەسەر ئاسایشى نەتەوەیی و ئەزموونى هەرێمى کوردستان.


بۆیە دەبینین لە کوردستاندا خوێنەرى یان بینەرى ئه‌لکترۆنیی زۆر کەمە،چونکە کۆمەڵگەى کوردى هێشتا بەشى زۆرى نازانێت یا ناتوانێت بەکارى بهێنێت،لەلایەکى تریشەوە نەبوونى متمانە بەو جۆرە سایت و مالپەرانە کە وا لە بینەر دەکات تاقەتى سەیرى کردنیانى نەبێ بەهۆى ئەو هەموو ناراستى و نازانستیەى لەو جۆرە سایتانەدا هەیە،لەکوردستاندا چەند سایت و مالپەرێک هەن کە پەیرەوى بنەماو ئاکارەکانى راگەیاندن دەکەن ئەوانیش هى حزبەکانن یا هى گروپ و رێکخراوەکانن یان هى وەزارەت و دام و دەزگاکانى میرین،بەڵام بەتەنها ئەوانیش بەس نین بۆ گەیاندنى پەیام زانیارى بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە،دەبێ راگه‌یاندنى سەربەخۆش بەشێک بێت لە راگه‌یاندنى کوردى بەلام کارکردنیان بە شێوەیەکى راست و دروست و دور لە دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى.چونکە ئەزموونى گەلى کورد بەم شێوەیە دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە ئەگەر بێت و راگەیاندنە بەناو سەربەخۆکان ڕێڕەوى کارکردنیان نەگۆڕن بۆ خزمەتکردنى ولات.


لەکۆتایشدا بەو کەسانە دەلێم کە لەو جۆرە سایت و مالپەرانە دەنووسن،ئاگاداربن ( یەکێک لەبنەماکانى راگه‌یاندن ئەوەیە کە دەبێ سەرچاوەى هەواڵ دیار و ئاشکرابێت )،یان ناوى نووسەرى بابەتەکە ناوى خۆى بێت ئەگەر وێنەشى هەبێت باشترە و زیاتر راستى بابەتەکە دەردەخات.
 


jahfarxosnaw@gmail.com