٤\٣\٢٠٢١
لابردنی نێوانی
نێوان کۆمەڵ و کۆمەڵگا و گۆڕینی بە دادگەریی، چی دەگەیەنێ!؟

تاهیر عیسا
عەلی باپیر و کۆمەڵەکەی، دواجار دانیان نا
بەوەی ئەوان لەدۆڵێک و کۆمەڵگاش لەدۆڵێکی دیکەدان!
ھەر ئەو ڕەوتە سیاسیەی دەورانێک داعشئاسا، جیھادو تێکۆشانی خۆیان
لەتەرجومەکردنی دەقەکانی قوڕئان و فەرمودەکانی پەیامبەرەکەیانەوە
بەرجەستەدەکردو دەبینیەوەو ھەڕەشەی سوتاندن و لەناو بردنی تەڕو وشکی
کۆمەڵگای کوردستانیان بەیەکەوە دەکردو تەواوی ئەو حیزب و ڕێکخراوە نا
ئیسلامیانەی ئەمڕۆکە لە پەڕلەماندا چلە ئاستی عێڕاق و چلە ئاستی
کوردستاندا لەگەڵیان ھاوبەش و شەریکی پاراستنی سیستەمێکی سیاسیی
ئابووری کۆمەڵایەتیی چەوسێنەرانەن، بە تاغوت و کافرو مولحیدو لەخوا
ھەڵگەڕاوە دەزانی!
کردەوەگەلی تیرۆریستیانەو وەحشیگەریانەی وەک ھەڵڕشتنی تێزاب بەقاچی
ژنانی بەقەولی خۆیان سفورو ھۆھۆکێشان لەناو کوچەو کۆڵان و
شوێنەگشتیەکان بەدژیانداو تەقاندنەوە و سوتاندنی لەنگە فرۆشەکان و
ھەڕەشەو پەلامار و کوشتنی کەسانی چەپ وکۆمۆنیست و دواتریش شەڕی یەکیەتی
و ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی، ھەمان کارێک بوو، کە
ئەوان پێش لە ھاتنی داعش و ئەبو بەکر بەغدادی تاقییان کردەوەو تێیدا
سەرکەوتوو نەبوون!
بەڵام ئەمڕۆ، ئەم ڕەوتە سیاسیە ئیسلامیە دوای ئەوەی نەلە ڕێگای توند
ئاژۆییەکانیەوەو نە لەڕێگای خەباتی پڵۆڕالیزم و پەڕلەمانیەوە بە
ئاکامەکان و مەرامەکانی ناگات، پێ لەو ڕاستیە دەنێت، کە لەنێوان
کۆمەڵگای کوردستان و ئیسلام و ئیسلامگەراییدا، کێوێک لەجیاوازی و نێوان
ھەیەو لە ڕێگای کۆنگرەکەیانەوە، بۆ جارێکی دیکەو چەواشەکردنی کۆمەڵگای
ناڕازی کوردستان و بۆ سواربوونی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەی لە کوردستاندا
ھەیە، دوای ئەوەی بارەگاکانیان ھاوشانی پارتی و یەکیەتی ولایەنەکانی
دیکە لەخۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی برسیی وناڕازیدا کرانە
قەرەبرووت و قوڕئانەکەشیان فریای خۆی نەکەوتو کرایە خۆڵەمێش، ئیسلام
وەک پاشگر لادەبات و دادگەری دەخاتە شوێنی ھەتا بتوانێت لەوڕێگایەوە
کەمێک لەو ڕقەی کۆمەڵگای ناڕازی لەبەرامبەریان کەمکاتەوەو بەجۆرێکی
دیکە کۆمەڵگا چەواشەبکەن، ھەتا بەمەرامی گەیشتن بەو جۆرە لەحوکمڕانیەی
خەونی پێوە دەبینن، لەڕێگای دیموکڕاسیەتی بۆرژوازیی ڕۆژئاوایی و
پەڕلەمانیەوە، کە لەگەڵ بنەما ئایدیۆلۆجیەکانیاندا ناکۆک وناکۆک بوو،
ئەردۆغان ئاساو حیزبەکەی، بە ئامانجەکانی بگات.
ئەوان بەپێی لێدوانەکانیان، لەگێژاوێکی سیاسیی قوڵدا دەژین، لەلایەک
عەلی باپیر، روو بە کۆمەڵگادا دەڵێت نێوانێکمان لەنێوان خۆمان و
کۆمەڵگادا لابرد، بۆ دڵدانەوەی موریدو لایەنگرەکانیشی دەڵێت ئێمە بۆیە
"ئیسلام"مان وەک پاشگر بە دادگەری گۆڕی، لەبەرئەوەی ئیسلام خۆی دادگەرە،
بەڵام دوای نزیکەی سێ دەیە لەململانێی سیاسیان لەناوکۆمەڵگای
کوردستاندا، نەیانتوانی دادگەری بوونی ئیسلامی، نەلەخۆیان و نە لە
ئیسلامدا، نیشانی کۆمەڵگا بدەن و ناچارن ئەمڕۆ وشەی ئیسلامی وەک
پاشگرێکی بێزراو لە خۆیان داببڕن!
سەرباری ئەوەی دادگەری، وشەو چەمکێکی زۆر لاستیکی و ھەویریەو ھەرکەس و
لایەنێک لە کۆنەپەرسترین و شۆڤێنیترینیان ھەتا لیبڕاڵترین وچەپترینیان
پێداگریی لەسەر دەکات و ھەریەکەو بەجۆرێک تەفسیرو لێکدانەوەی لەسەر
دەکات .
تەنانەت لایەنھایەکی وەک پارتی و یەکیەتیش، کە ڕۆژ نییە لەسایەی
پڕاکتیکی فەرمانڕەوایەتیاندا دادگەریی ژێر پێنەنرێت و سەرەتاییترین
مافەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش پێشێل نەکرێت، کە چی خۆیان زۆر
پێداگریی لەسەر ئەم چەمکەو دادخوازیی خۆیان دەکەن.
عەلی باپیرو ڕەوتەکەی، ئەگەر بیتوانیایە، دادگەری ودادپەروەری ئیسلام
لەدیدی گشتیدا بچەسپێنێت، ھەرگیز ئەمڕۆ ناچار نەدەبوون ئەم نێوانەی کە
بەقەولی خۆیان لەنێوان خۆیان و کۆمەڵگادا، بووە بەلەمپەری چوونە
پێشەوەیان، لایبەرن !
ئەو لەلایەکی دیکە دەیەوێت بۆ شاردنەوەی ئەو ئەزمەیەی چ وەک ئیسلام و
چوەک ڕەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان کە بەھرە لە بنەما ئایدیۆلۆجیەکانی
ئیسلام، وەک قوڕئان و فەرمودەی پەیامھێنەکەیان وەردەگرن، بە موریدو
لایەنگرانیان بڵێن، لابردنی ناوی ئەمیرو ئیسلامی وەک پاشگر مەرجی
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێڕاقە، کە لەڕاستیدا خۆی ھەتا ئێستاش وەک
پەڕلەمانتاری بەشداربوی ڕابردوی یەکێ لەخولەکانی پەرلەمانی عێڕاق،
موچەیەکی مفت وەک خانەنشین کە وەک ئەمیری ئەوسای کۆمەڵ بەشداریی تێدا
کرد، دوور لەدادگەریی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی، ھەتا ئێستاش دەڕژێتە
گیرفانیەوە!
عەدالەتێک کە عەلی باپیرو ڕەوتەکەی ئەمڕۆکە دەیانەوێت پڕوپاگەندەی
بۆبکەن، ئەگەر لەلایەک دەیانەوێت بڵێن، ئێمە لەناوەرۆکدا ھەر ئیسلامین
و عەدالەت و ئیسلام دوو چەمکی لێک دانەبڕاون، زۆر دوورە لەڕاستییەوە.
بەڵام بەھۆکاری ئەوەی دین وەک ئایدیایەک، مارکس وتەنی، ئاھو ناڵەی
بوونەوەرێکی زوڵملێکراوە لە دونیایەکی بێبەزەییانەدا، دڵی دونیایەکی
بێدڵ و گیانی دونیایەکی بێگیانیشە“ ھەر بۆیە تەواوی ڕەوتە سیاسییە
جۆراوجۆرە بۆرژوازیەکان، لەناو جەرگەی ھەل ومەرجی سەخت ودژواری ژیانی
ئینسانی مەحڕوم و مەزوڵمدا، پارێزگاری لە دینەکان وخوڕافاتەکانیان
دەکرێت و وەک فەرھەنگ و سەرخانی سیاسیی کۆمەڵگا بۆ پارێزگاری لە ژێر
خانی چەوسێنەرانەیان کەڵکی لێوەردەگیرێت وپەرە یان پێدەدرێت، ھەتا
ئینسانەکان لەجیاتی ئەوەی بۆ بەختەوەریی و ئاسودەیی ژیانیی واقیعیان
خەبات و تێکۆشان بکەن، خۆیان بەژیانی ئەبەدی دوای مەرگ بسپێرن و لەوێدا
لە ڕوباری شیرو کافورو شەڕاب و کۆشک وتەلاری ڕەنگاو ڕەنگی بەھەشتی
دواییدا بەھرەمەند ببن.
ھەر بۆیە لەناو جەرگەی ئەم ھەل ومەرجە پڕ لەکێشمە کێش و ناکۆکەی
ئەمڕۆدا، دین ئاسانتر لەھەر فکرو ڕێبازو فەلسەفەیەکی تر، دەتوانێت
لەناو زەینی ئینسانی بەدبەخت و مەحڕوم و داماودا جێگا بگرێت و وەک
کەسێکی تلیاکخواردو کراو لە خۆشخەیاڵیەکی درۆزنادا کە ڕێگای ژیانی
واقیعیانەی لێ ونکرابێت، بھێڵدرێتەوە.
ھەربۆیە عەلی باپیر و ڕەوتەکەی، لەلایەک وەک ھەر پارتێکی دیکەی قەومیی
بۆرژوازیی کوردی، دەیەوێت لەسەر خەرمانەی ئەم خوڕافاتیە دینیە، کۆمەڵگا
لە سەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە ئاسایی و ڕوکەشییە دینیە باوە
ناسیاسیانەدا، ڕابگرێت و ھەر بەو چەکی تریاکەوە بکەوێتە ململانێی ناو
پڕۆسەی پلۆڕالیزمەوە و ھەتا ڕادەی نوێنەرایەتی کردنی مەیلی قەومگەراییش،
وەک بزووتنەوەیەکی ھەلپەرست بەمەبەستی گەیشتن بەدەسەڵات.
دەنا لەڕاستیدا، بنەما ئەرسەدۆکسیەکانی قوڕئان و فەرمودەکانیی لەگەڵ
چەمکی عەدالەت بەمانای خواستی ئینسانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازیی
سەردەم، تاسەر ئێسقان ناکۆکە.
ھەر ئەو عەلی باپیرەی ئەمڕۆ ناوی کۆمەڵەکەی بەدادگەری گۆڕیوە، لەچاو
موریدە داماوەکانیدا لەوپەڕی ڕیفاھو خۆشگوزەرانیدا دەژیت، بێگومان ھەر
ئێستا بەسەدان لە موریدە داماوەکانی بەھۆکاری ھەژاریی و نەداری و
بێکاریی نەیانتوانیوە لەژیانی ھاوسەرگیری بەھرەمەندبن، کەچی جەنابی ھەر
بەپێی ئایەتی سێ لەسوڕەتی نیساء:
وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَىٰ فَانكِحُوا مَا
طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاءِ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ ۖ فَإِنْ
خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ
أَيْمَانُكُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَلَّا تَعُولُو،
بەھرەمەندە لە فرەژنیی، کە بەپێی دادگەریی دنیای ئەمڕۆ، ئەوپەڕی
نادادیی و پێچەوانەی مافە سەرەتاییەکانی جێندەری ژنانەو، وەک پیاو
سالارێک ئەو لەبەرامبەریاندا پەیڕەوی لێدەکات،... کەمانای ئایەتەکە بەم
جۆرەیە:-- ئەگەر ترستان لەوەیە لەکاتی ھاوسەرگیری لەگەڵ کچانی ھەتیو و
بێباوک(ھەتیو بەکەسێک دەوترێت کە لەخوار تەمەنی باڵغ بووندا بێت و
باوکی لەدەستدا بێت، واتە نانئاوەری لەدەستدابێت، نان ئاوەر لەئیسلامدا،
باوکە ) واتە لێرەدا (ھاوسەرگیری لەگەڵ مناڵانی خوار تەمەنی عوزر شۆردا
، لەئیسلامدا شەرعەن وەنەێەن ڕەوایە، کەواتە جەنابی عەلی باپیر کوانێ
عەدالەت؟؟) ئەوا دەتوانن ژنی تر بھێنن، واتە دوو دوو یان سێ سێ یان
چوار چوار، بەڵام چۆن؟؟ ئەگەر،،..توانیتان لەبەینیاندا داپەروەربن،
واتە، خودا لەسەر زات و خوڵق وتەبیعەتیی عەبدەکەی خۆی نائاگایەو
نەیتوانیوە لەوە تێبگات کە مرۆڤ ناتوانێت لەم مەسەلەیەدا داپەروەربێت،
لەکاتێکدا، محەمەدی پێغەمبەر، خۆی داپەروەر نەبووەو عایشەی لەھەموویان
خۆشتر ویستووەو ھەمیشەش بەھۆی نادادپەروەریەکەی کێشەو مشت ومڕ لەنێوان
ژنەکانیدا بووە) ئەگەریش ترستان ھەبوو لەوەی نەتوانن دادگەربن
لەنێوانیاندا، ئەوا تەنھا یەک ژن، یان کۆیلەو کەنیزەکەکان بھێنن،،،
لێرەدا کۆیلەو کەنیزەک لەڕوی ماف و ئازادییەوە وەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ
نەکراوە و ھیچ مەرجێکیش بۆ ویست و ئارەزو و حەزیان لەبەرچاو نەگیراوە...؟؟
کەواتە دادپەروەریی لێرەدا چمانایەک دەگەیەنێت؟؟
قوڕئان و فەرمودەکانی محەمەدی ئیسلام، پڕیەتی لەم بێعەدالەتیەی کە
لەبەرامبەر ژناندا کراوە.
نسائکم حرث لکم فاتوا حرثکم انی شئتم...
البقرە ٢٢٣، ژنەکانتان کێڵگەن چۆنتان دەوێت ئاوا بیان کێڵن، واتە ژن لە
پەیوەندی سێکسیی ئیسلام و تێگەیشتنی خودای ئیسلامدا، بای نووکی دەرزیش
مافی موماڕەسەو دەربڕینی حەزو تاقیکردنەوەی حەزەکانی لەبەرامبەر
ھاوسەرەکەیدا نییەو ئەو تەنھا بووکەڵە شوشەیەکەو ئالەتی تێرکردنی
ئارەزووی ئاژەڵیانەی پیاوەکەیەتی و ھیچی تر!؟
الرجال قوامون علی النساء...النساء...
٤٣،
واتە پیاوان بەسەر ژناندا باڵادەستن .
وەھەروەھا، لە ڕودانی تاوانێکدا، ئەگەر بینەرانی تاوانەکە بۆ ئەوەی وەک
بەڵگەی مەحکەمە لەبەر چاو بگیرێت و بەڕێکەوت پیاوو ژنێک ڕوداوەکە ببینن،
ئەوا شاھیدیدانی ژنەکە بۆ مەحکەمەی ئیسلامی بە پاساوی ژن بوونی وەک
کەسێک لەبەرچاو ناگیرێت و ھیچ ئیعتیباری نابێت، چونکە لەناو شەرعی خودا
دا ژن لەتە (نیوە)مرۆڤێکە نەک مرۆڤێکی تەواو! لەبەشکردنی سەرمایەو
میراتی باوکیشدا، کچان نیوەی براکانیان میرات دەگرن!
ئەی دادگەری ئیسلامی عەلی باپیر لەسەر مەسەلەی دادگایی کردنی کەسێک کە
لەسەر دزینی چەند درھەمێک دەستی دەبڕدرێتەوە و ھەتا مردن ئەو کەسە کەم
ئەندام دەکرێت و ھەموو ژیانی دەبێت لەو پەڕی سەختی و دژواریدا بباتە
سەر، بەپێوانەی تەرازووی کام دادگای ئەمڕۆ دەتواندرێت ناوبنرێت
دادپەروەری، جەناب؟
وَاللَّهُ فَضَّلَ بَعْضَكُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ فِي الرِّزْقِ ۚ فَمَا
الَّذِينَ فُضِّلُوا بِرَادِّي رِزْقِهِمْ عَلَىٰ مَا مَلَكَتْ
أَيْمَانُهُمْ فَهُمْ فِيهِ سَوَاءٌ ۚ أَفَبِنِعْمَةِ اللَّهِ
يَجْحَدُونَ َ (٧١) کە دەڵێت
خودا فەزڵی ھەندێکی داوە لەڕزق و ڕۆزیی و سروەت و ساماندا بەسەر
ھەندێکی تردا....واتە لێرەدا خودای عەلی باپیر خۆی شەرعیەت بەو
جیاوازیی چینایەتیەی کۆمەڵگای مرۆیی ئەمڕۆدەدات ...کە لەتەرازووی
عەدالەتخوازیی بەشەریەتی مەحڕوومی ئەمڕۆدا سەرچاوەی سەرجەم نەھامەتی و
کێشەو گیرو گرفتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆیە!؟
یان، کۆمەڵکوژیی وکوشت و بڕو دەرکردن وتاڵانی مێژووی بەربەڕیانەی
ئیسلام، لەبەرامبەر ھۆزەکانی بەنو قوڕیزەو بەنو قەینقاع و بەنو نەزیڕو
بەکەنیزەککردنی ژنەکانیان و دواتریش فەتحەکانی ئیسلام وداگیرکاری
وڵاتانی ترو دزینی خێرو بێرو تاڵانکارییان، ناو دەنێیت عەدالەت؟؟
یان، یان، یان، و دەیان و سەدان بەڵگەی تر کە مەگەر تەنھا لە فەرھەنگی
بەڕبەڕیەتی ھێزە وەحشیگەریەکانی دیکەی مێژوویی کۆن و تازەدا جێگایان
ببێتەوە، پێمان ناڵێن کام عەدالەت؟
بەڵام دواجار خۆشتان پێتان لەو ڕاستیە ناوەو لەکۆنگرەکەتاندا پاشگریی
ئەم ھەموو قێزەونیەتان لەخۆتان داماڵی، کە داعش، زۆر بە شەفافیی نیشانی
کۆمەڵگای ئینسانیدا و لەماوەیەکی کەمدا ھەموو مێژووی ڕاستەقینەی
محەمەدو سەحابەو خەلافەتی لەخۆیدا نمایش کرد و ئێوەشی وەک نموونەیەکی
ئەو بەڕبەڕیەتە بە پاشگریی ئیسلامەوە لە گومانی خەڵکی کوردستاندا،
زیاتر بەدگومان کرد .
بەڵام دەتانەوێت، لەڕێگایەکی دیکەوە کە بۆ ئێوە گرنگ گەیشتنە بەو
مەنزڵەی کە پارێزگاری کردن و ھێشتنەوەی ھەمان ھەل و مەرجی چەوسێنەرانەی
ئەمڕۆ و سیستەمەکەیەتی کە لەسایەیدا، جەنابت لە ژیانێکی فیرعەون
ئاساییدا دەیگوزەرێنیت و بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانیش،
نەبوونی و بێکاری و بێمووچەیی و گرانیە، ھەر وەک بەڕاشکاویش ڕاتگەیاند
کە دژی سیستەم و ئەزموونی تاڵانکاریی ھەرێمی کوردستان نین، بێشک بزانە
ئەزمەی داھاتوتان زۆر خراپتر لەمڕۆ نە بە ھیچ پاشگرو نە بەھیچ پێشگرێکی
دیکە نەبەزیادکردنی ونەبەلابردنی، لەم گێژاوەی تێیکەوتوون جگە لە
زبڵدانی مێژوو ھیچیتر فریاتان ناکەوێت.
١\٣\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
|