٢٩\٨\٢٠٢٥
لالەزاری
میلیشیاکان بۆ خەڵک چی دەگەیەنێ؟

ئاسۆ کەمال
ڕووداوی هێرشی میلیشیاکانی یەکێتی بۆسەر میلیشییای لاهور لە لالەزار
بۆخەڵک مایەی نیگەرانییە. ئەمە نیگەرانی نییە سەبارەت بە چارەنووسی
یەکێک لە میلیشیاکان، کە دوێنێ بەشێک لە هەمان میلیشیاکانی یەکێتی
بووە، ئەمڕۆ لە مەیدان دەرکراوە. بەڵکو نیگەرانی خەلک لەوەیە کە شەڕی
نەبڕاوەی ئەم میلیشیایانە لەپاڵ نەبوونی مووچە و گوزەراندا دۆخی
نائارامی و پەشێوی کۆمەڵایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکا.
لالەزاری لاهور و هێزەکەی خورشید هەرکی و قەڵاکەی عوزێری، تەنیا چەند
نمونەیەکی کەمن لەو سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیە خێڵەکیی و بنەماڵەییەی
یەکێتی و پارتی، کە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانیان لەم ٣٤ ساڵەی
ڕابردوودا گۆڕیوە بە کۆمەڵگەیەکی میلیشیایی. هەربۆیە نیگەرانی لەم
ڕووداو و شەڕانەی میلیشیاکان دەبێ خەڵکی کوردستان بەرێت بە بیرکردنەوە
لە سەرچاوەی ئەم نیگەرانیانە، هەروا تێگەیشتنێکی گشتی دروست بکات لەسەر
ئەوەی کە ئایا ئایندەی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیان بەرەو کوێ دەچێ لە
سایەی ئەم سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کوردستانی کردۆتە مۆڵگە و
لالەزاری میلیشیاکان؟
ڕەخنەگرتن لە یەکێتی و پارتی کە ئازادی سیاسی و ئارامی شارەکان پێشێل
دەکەن یان دەوری یاسا و دادگا لەبەرچاو ناگرن ، یان چەکی ئەمەریکی لە
شەڕی ناوخۆی میلیشیاکاندا بەکاردەهێنن، ناتوانێ لەسایەی بوونی
سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی میلیشیاییدا دەوری هەبێ. ئەمانە هەمووی
خۆیان ئاکامی خۆلالێنەدراوی سیستەمێکن کە بنەما و ڕێسا و پێوەرەکانی
نەبوونی ئازادی و ئارامی و یاسا و دادپەروەرییە.
ئەم سیستەمە خۆی نمونەکانی لاهور و خورشید و عوزێر دروستدەکا. خودی
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەسەر بنەمای دروستکردنی هێزی چەکدار بەپێی
ناسنامەی خێل و بنەماڵە لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا کارگەی
دروستکردن و بەرهەمهێنانەوەی ئەم کەس و هێزانەیە. چ زۆنی سەوز و چ
زۆرنی زەرد لە ڕێگەی سیستەمێکی سەربازی و ئاسایش و دەزگای نهێنی،
زانیاری و پاراستن، بەڕێوەدەبرێت، کە لە کۆی ٥ هاوڵاتیەکی کوردستان یەک
هاوڵاتی کراوەتە مووچەخۆری سەربازی ئەم دوو حیزبە. بوودجەی کوردستان بە
مووچەیەکیش کە حکومەتی عێراق دەینێرێ، زیاتر لە چارەکێکی تەرخانی بەشی
سەربازی ئەم سیستەمە میلیشییاییە دەکرێ، تا دەسەڵاتی خۆی پێ بپارێزێ.
ئەم مۆڵگە سەربازیەی کە بەسەر چەندین یەکەی حیزبی و خێڵەکیی و
بنەماڵەیی سەربازی تردا دابەش بووە لەگەڵ مۆدێلی پاشایەتی و سولتان و
میرنشینەکانی کەنداوی عەرەبیش بەراورد ناکرێن، کە سیستەمی هەرەمی
سەرکوتگەرن، جار بەجار کودەتای خێزانیان تیا ڕودەدا. تەنانەت لەگەڵ
مۆدێلی سەربازی شەستەکانی سوپای عێراقدا بەراورد ناکرێن کە کودەتایان
بەسەر یەکتردا دەکرد، تاکو بەعس توانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی خۆی
بسەپینێ.
ئەم سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیە میلیشیاییەی کوردستان ئاڵوزترە. لەگەڵ
ئەوەش کە هەموو توخمەکانی سیاسەتی سەربازی و کۆمەڵایەتی سەردەمی
داگیرکاری ئینگلیزی سەرەتای سەدەی بیست و سی ساڵی سەدام و حکومەتی
بەعسی، لە دروستکردنەوەی خێل و بنەماڵەی چەکدار و میلیشیایی جیاجیا،
وەک میراتێکی پیرۆز پاراستوە، هەروەها بە تەکنەلۆژیا و چەکی پێشکەوتوو
و میدیای دیجیتاڵ گەشەی پێداوە. کیشەی مێژوویی ناسیونالیزمی کورد لە
عێراقدا ئەوەیە کە جگە لەم سیستەمە میلیشیایی و خێڵەکییە ناتوانێ هیچ
مۆدێلێکی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دروست بکا. ئەم
ناسیونالیزمە وەک هێزێکی سیاسی لە ڕەحمی بنەماڵە و خێلی بارزانییەوە
لەدایک دەبێ، دواتر لە ڕێگای کۆکردنەوەی هێزی دەرەبەگە کوردە
ناڕازیەکانەوە بە ڕیفۆرمی زەوی و پشتیوانی کرانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا
بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتی قاسمدا وەک هێزی سەربازی گەشە دەکا و
دواتر باڵی مەکتەبی سیاسی و جەلالی وەک ڕکابەر لەناو پارتیدا بۆ
بنەماڵەی بارزانی دێتە ئارا و لە کۆتاییشدا یەکێتی نیشمانی لەگەڵ هەلی
شەڕی کەنداو و دواتر ڕوخانی بەعسدا دەبێتە شەریکە دەسەڵاتی بنەماڵەی
بارزانی لە کوردستاندا. یەکێتی هەرچەند ڕێگری بەردەم بنەماڵە و خێلی
بارزانی بووە کە ببێتە دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک پاشایەتی
و میرنیشینی کەنداو یاخود وەک تکریتیەکانی بەعس کە بتوانن بە ئاسانی
ئەم سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیە میلیشیاییە لە هەموو کوردستاندا
لەدەوری مەرجەع و سەرۆک و بنەماڵەی بارزانی دروست بکەن. بەڵام یەکیتیش
لەسەر هەمان بنەمای سیستەمی میلیشییایی و خێڵەکیی دەسەڵاتی لە ناوچەی
سەوزدا ڕیک دەخا و لە دوای ڕوخانی بەعسەوە ڕیکەوتنامەی ستراتیژی پەنجا
بە پەنجا ئەم سیستەمە بەڕێوەدەبەن.بەڵام یەکێتی لە دوای تاڵەبانی ئەو
هێزەی لە دەستداوە کە بتوانێ لە ناوچەی سەوزدا وەک حیزبی بنەماڵەی
تاڵەبانی کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی بکا. یەکێتی یەکگرتوویی
بنەماڵەیی تاڵەبانی لەدەستداوە و بازنەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆ بافل
بەرتەسک بۆتەوە، کە جگە لە ئێران و شیعەی عێراق پشتیوانییەکی ستراتیژی
نییە. لە کاتیکدا کە بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە کە باڵادەستی خۆی لەناو
هەریمی کوردستاندا بسەپینێ باڵەکانی تری ناو یەکێتی هەمیشە خوازیاری
سازان و ملدانن بە سەرۆکایەتی بارزانی و شەریک بوون لەگەڵیدا. هەربۆیە
هەر هێزێکی خێڵەکیی و میلیشییایی ناوچەی سەوز کە دەسەڵات و بوودجەی لای
بنەماڵەی تاڵەبانی لە مەترسی و کەم بوونەوەدا بێت دەبێتە ئامڕازێک بۆ
پارتی و بازرانی کە هەرچی زیاتر یەکێتی پێ لاواز بکەن لە ناوچەی سەوزدا.
بنەمای ئابووریی ئەم میرنشینە میلیشیایەی کوردستان فاکتەری ئابووریی
نەوت و گازە، کە دەوری سەرەکی هەیە لە هێشتنەوەی ئەم سیستەمە سیاسی و
کۆمەڵایەتیەدا کە پارتی و یەکێتی لە دوای ڕوخانی بەعسەوە توانیویانە
ڕایگرن. هەم ڕاگرتنی میلیشیاکان و هەم خێلە چەکدارەکان پشتی بە داهاتی
نەوت و گومرگ و هاوکاری ئەمەریکا بەستوە. بەڵام هەرکام لەم فاکتەر و
بنەما ئابوورییانەش ناجێگرن و پشتیان بەستوە بە دۆخی سیاسی عیراق و
حکومەتی مەرکەزی عێراق و سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە و دەور و
دەسەڵاتی ئێران و تورکیا. ئیستا کە گۆڕانکاری بەسەر ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا هاتوە و بەردەوامە لە ناجێگری، بەتایبەت دوای شکستی بەرەی
مقاوەمەتی ئێران، گۆڕانکاریەکان ڕوو لە کوردستان و دەوری یەکێتی و
پارتیش دەکا. بارزانی خەیاڵی وەک سەدام لێدەدا بەوەی کە بە نەوتی
کوردستان دەتوانێ دەسەلاتی بنەماڵەیی بکاتە دەزگایەکی دەوڵەتی و
سەربەخۆبێت، بەڵام ئەم خەیاڵەی لە شکستی ریفراندۆمەکەیدا و لە دادگای
پاریسدا بە هەوادا چوو. هەر بۆیە پارتی هیچ جێگرەوەیەکی نییە بۆ بوونە
تاکە جێگرەوە و مۆدێلێکی ئابووریی کە ببێتە دەسەڵاتێکی سەرتاسەری لە
هەرێمی کوردستاندا. لە ئیستادا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناسیونالیزمی
کورد ناچارن لەو چوارچیوە سیاسی و نێودەوڵەتیەی تیایدا کاربکەن.
بەرژەوەندیەکانی ئەم حیزبانە لە ئاستی لۆکاڵ و ناوچەکانی سەوز و زەرددا
لە پاراستنی سیستەمێکی میلیشیایی خێڵەکیی و بنەماڵەییەوە بەڕیوەدەچێ کە
لە پێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتە هەرێمیە ولەژێر گوشاری دەرەوەدا
پێویستیان بە جۆرێک ڕیکەوتنە لە ئاستی کوردستاندا، بەڵام ئەمە نە
سیستەمێکی سیاسی جێگیرە نە خاوەنی بەرنامەیەکی دەوڵەتی و ستراتیژیە.
هەربۆیە وەک دوو هێزی میلیشییایی ئەوەی دەیانەوێ پاراستنی دەسەڵاتی
ئێستایانە و لەم چوارچێوەدا ململانێیان لەسەر دەسەڵات لە ڕێگەی
میلیشییا سەربازی و ئەمنی و خێڵەکییەکانیانەوە درێژە پێدەدەن. هەربۆیە
ئەم سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کە خێڵەکیی و میلیشیاییە خۆی هەڵگری
ناجێگیری و نائارامی بەردەوامە. پارتی، کە بنەماڵەی بارزانییە، دەستی
باڵای هەیە لەم سیستەمەدا بە حوکمی بەدامودەزگاکردنی خێلی بارزانی و
کۆنترۆڵی پایە ئابووریی و ستراتیژیەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا
و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئەمەریکادا. یەکیتی، کە بنەماڵەی تاڵەبانی
تاکە باڵە، لەم پێشبڕکییەدا لەگەڵ پارتیدا بە ئاسانی دەرناچێ. ئەم تاکە
سوارەی یەکێتی، هەرچی زیاتر سەلەفی بەهێزبکەن یان لە پێناو زیادکردنی
دەنگەکانیان ڕیگری لە حیزبە ڕکابەرەکانیان بکەن وە یاخود تەسفیەی هێزی
ناو بنەماڵەکەیان بکەن و تەنانەت سەرچاوە ئابووریی و بازرگانی و
میلیشیاکان لەناوچەی سەوزدا قۆرغ بکەن، ئەوەندە زیاتر نائارامی و
سەرکوت زیاتر دەکا. ئەوەی لەم نێوەدا زیان دەکا خەڵکی هەژار و کرێکار و
فەرمانبەر و مووچە خۆری کوردستانە، کە نەک هەر ژیان و گوزەرانی
ئێستایان بەرەو خراپتر دەچێ بەڵکو لەسایەی ئەم سیستەمە میلیشییایی و
خێڵەکییەدا هەموو بنەماکان و ئومیدیان بە گەیشتن بە ژیانێکی شایستە و
پێشکەوتویان لێ زەوت دەکرێ. هەربۆیە ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بەهێزێکی
جەماوەری و سیاسیە کە بتوانێ ڕووبەڕووی ئەم سیستەمە سیاسی و
کۆمەڵایەتیە بوەستێتەوە و گۆڕانکاری بەسەر سەرجەم ئەم سیستەمەدا بهێنێ.
٢٩\٨\٢٠٢٥
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|