٢٢\٦\٢٠١١ لاوان لە خەیاڵێک و دەسەڵات لە خەیاڵێک!
خەمناکم بەوەی ئەمرۆ میللەتی کورد لە باشوور داوای یەکسانیی دەکا، دوای بیست ساڵ لە ئازادیی و دەسەڵاتی کوردی ئەمڕۆ گەنجان و ھاوڵاتیانی کورد شەر لە پێناوی دادگەریی بکەن! دەبووایە ئەمرۆ میللەت بەرھەمی ئەو راپەڕینەی بخواردایە نەک کۆمەڵێک کەس دەست بەسەر داھاتی ئەم میللەتە دابگرن، من نامهوێ ھیچ ھێزێک لە کوردستان بە گەندەڵ و نادادگەر ناو بنێم.. بەڵام راستەوخۆ ھەموو رەخنەکان دەچنەوەسەر ھێزە دەسەڵاتدارەکان.. واتە دەبێ ئەوان بن کە بەرپرسیاریی ئەم واقیعەی کوردستان بگرنە ئەستۆ، ئەوه شەرمەزارییهکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی کوردی کە میللەت بگاتە ئەو رادە و بەو توورەییه داوای رۆیشتنی دهسهڵات بکا، بە تایبهت ئەو نەوەیەی ئەمڕۆ زۆر خەمناکە.. نەوەیەکە ھەست بە بێزاریی و ھەست بە نادادگەریی دەکا.. بە واتایهکی دیکه ئەو نەوەیە نەوەیەکە دەسەڵات وایلێکردوە بە مووچەیەکی کەم رازی ببێ کە رازی نەبێ ئەویش دەبرێ.. کەواتە دەبێ رۆژ تا ئێوارە لە ماڵەوە خەیاڵ لە داھاتووی خۆی بکاتەوە.
یەک خاڵی زۆر گرنگ کە گەنجانی ھێنایە سەر جادە رێگەنەدان بوو بە گەنجان کە وەک خاوەن کەسایەتییهکی بە ئیرادە دەربکەون، بۆچی.. لەبەر ئەوهی نەوەی پێش خۆی بە تایبەت کاتێک دەچوویتە کۆڕێکی پارتە دەسەلاتدارەکانەوە راستەوخۆ رابردوویان پێ دەفرۆشتنهوە.. ئێستاش بە ھەمان شێوە چونکە دهسهڵاتداران وا پیشان دهدهن که ناخۆشیی و نادادگەری و ھەموو شتێک کۆتایی ھات، بەڵام بە پێچەوانەوە نەوەی ئەمڕۆ ھەست بە بێزاریی دەکا ھەست بە نادادگەرییهکی زۆر دەکا.. کەواتە گەر میللەت بە گشتیی ئاسوودە نەبوو ئیدی ئەم واقیعە کۆمهڵێک گیروگرفتی تێدایه، بە تایبەت ئەو نەوەیەی ئەمرۆ کە دەسەڵاتی بەعسی نەدیتووه تاوانی ئەو لە کوێدایە کە لەسەردەمێکدا دەژی ئەو قۆناخە تێپەڕی کە باس لە کۆمەلێک رووداوی پێشتر بکا.
ئەمرۆ کە ناتوانی کێبڕکێ لەگەڵ تەکنەلۆجیا بکەی ئیدی تووشی قەیران دەبی.. وهک دهیبینین تا ئەمڕۆش ھێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردی لە رابردوویان دەژین، نەوەی تازهش چاوی لە جیهانی سەردەمە و دەیهوێ کێبڕکێ لەگەڵ واقیع بکا به هیوای وهدهستهێنانی ژیان و گوزهرانێکی لهبار و پڕ له ئاسوودهیی.. ھیچ تاوانێکی نییه کە بەو شێوازەی سەردەم بیردەکاتەوە، دەسەڵات کە ناتوانێ داواکارییهکانی ئەمرۆی میللەت جێبەجێ بکا وازبهێنێ زۆر باشترە.
|