لاوکی سواره.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رنج:ئه‌م چیرۆکه ته‌مه‌نی (30)ساڵه. له (1979)دا، به بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی ساڵێک به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی (شاسوارجه‌لال/ ئارام) دا نووسیومه. هه‌مان ساڵ، له کۆڕێکدا له باخچه‌ی (یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد/لقی سلێمانی)، که ده‌که‌وته سه‌رووی گه‌ڕه‌کی (سابوونکه‌ران)، خوێندوومه‌ته‌وه. هه‌ر هه‌مان ساڵ، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک چیرۆکی دیکه‌دا، له کۆچیرۆکی (ڕستێک زه‌نگیانه‌ی ئاویی)دا، له چاپخانه‌ی (عه‌لاء/ به‌غداد)، به‌تیراژی (3000) دانه چاپ بووه.. ئارام له (هاوکاری)دا به‌ناوی (سواره)وه به‌رهه‌می بڵاوده‌کرده‌وه، بۆیه ناوی (لاوکی سواره)م لێناوه. یه‌که‌مجاریشه، بۆ نووسینی (چیرۆک)، سوود له ته‌کنیک و هونه‌ری (لاوک) وه‌ربگیرێت. جێی وتنه، به‌دوای ئه‌م چیرۆکه‌دا ژماره‌یه‌ک نووسه‌ر، به‌م جۆره ته‌کنیکه به‌رهه‌میان بڵاوکرده‌وه.. فه‌رموون:
*
هه‌موو ساڵێک، له ڕۆژێکی سه‌رتای به‌هاردا، گه‌ردوگوڵی به‌یان، له (گۆلی حافزان)، له‌بن که‌ڵه‌که به‌ردێکدا، سووره گوڵووکێک سه‌ر ده‌ردێنێ. له‌و ده‌مه‌دا، گه‌واڵه هه‌ورێکی قورس به‌تنۆکی باران، سه‌ربه‌کڵاوه داده‌کات.. کاتێک خۆشی کرده‌وه، په‌لکه ڕه‌نگینه‌یه‌کی هێجگار گه‌وره، سه‌رێکی له (سێکه‌لان) و سه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی له (که‌ڵه‌وێ)، تاقی سه‌ربازی نه‌ناسراو به‌سه‌ر ئه‌و گوڵووکه‌دا هه‌ڵده‌دات. په‌لکه‌ڕه‌نگینه‌که له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌که‌دا ده‌بینرێ. له‌و ده‌مه‌دا پاڵه‌کانی گۆلی حافزان، ئه‌م لاوکه‌یان وه‌بیردێته‌وه:
ده‌لێلێ وه‌ره، لێلێ وه‌ره، لێلێ وه‌ره، لێلێ وه‌ره ته‌ڕی به‌هاره، ئێواره‌یه، ئێواره‌یه‌کی دره‌نگه؛ چیای سه‌گرمه، دوندو کڵاوان، خه‌نه‌یی ڕه‌نگه. (سواره) ی ته‌ڕلان ، به‌کلکه‌ی چیاوه؛ له‌بۆ گراوی خۆی چاو له‌دووه، ڕاوی ته‌واوه. کێویی هاویشته پاشکۆی، نێچیری راوه، بۆ ده‌زگیرانی ده‌روونی به‌تین و تاوه. زووبه لاوۆ، ئه‌ی شاسواره، هه‌ڵبده‌ره تاوی غاره. ڕکێف لێده له‌و ئه‌سپی باڵه‌بانه؛ وه‌ک شێرێ ده‌ربچێ له لانه؛ ببڕه ئه‌و چۆم و باسک و شیوانه. بگه‌ره ده‌زگیرانت؛ ته‌نیا باڵه، به‌هیوایه بۆت چاوه‌ڕوانه. خێرا ڕابه شاسوار، قنجه‌سواری دێ، تێهه‌ڵکه ئاوزه‌نگی ته‌قێن، به‌رله‌وه‌ی تاریکی دابێ. وه‌ک با گوزه‌ر که، ببڕه ڕه‌قه‌ن و لاڕێ؛ ڕۆژت دره‌نگ کرد، نه‌با گراوت دڵی داخورپێ. له یادت بێ، له‌و نێرگزجاڕه، چه‌پکێ بقرتێنه؛ بۆ دولبه‌رت بیخه‌ره به‌رپشتوێنه. له‌و گوڵاڵه‌ی پێده‌شته‌ش چه‌پکی ببه‌سته، به‌یادی چاوی گراوت، ئه‌و کیژه چاومه‌سته..
*
سواره چه‌پکێک نێرگزی له‌به‌ر پشتێنی نا، کێوی له پاشکۆی قایمکرد.. که هه‌یپای لێکرد، نه‌وه‌ستا تا گه‌یشته ئاوایی.. وه‌ختایێ گه‌یشته دێ، سه‌رنجی دا، ژاوه‌ژاوه، دێ شڵه‌ژاوه.. خۆی گه‌یانده ماڵ.. چاوی گێرا، ده‌زگیرانی دیار نه‌بوو جڵه‌وی لێبگرێ، به‌نسامۆته بترازێنێ، نێچیر له پاشکۆی ئه‌سپ داگرێ، کاسه‌یه‌ک دۆی سه‌رته‌زێنی به‌پێره‌وه بێنێ. دڵی داخورپا!.. زانیی به‌ڵایه‌کیان به‌سه‌ردا هاتووه.. وه‌ختێک سه‌ری کێشایه ژوورێ، دیتی وا ده‌مڕاسته‌کانی دێ، چه‌تۆ و کوردۆ، له نێوان خۆیاندا ڕاوێژ و ته‌گبیریانه.. حه‌وشه‌یش سیڕه‌ی دێ له سواره‌ی ته‌ڕلان و چاوه‌ڕوانی فه‌رمانن.
دایکی سواره ده‌ڵێ:
کوڕه لاوۆ، هانه سه‌دجار بۆ تۆم هێناوه هانه؛ ئه‌م ئێواره‌یه له ته‌نگی بانگی شێوانه، له‌و ده‌مه‌یدا خۆر له زه‌رده‌په‌ڕه، کاتێک سۆفییان، بۆ خووودای خۆیان ملکه‌چن و وه‌ستاون ده‌سته و نه‌زه‌ره؛ نژده‌ی ڕمووزن، ده‌وری گوندیان گرت، نه‌سه‌د، نه‌هه‌زار؛ کیژو کاڵی گوندیان له‌چه‌قی ئاوایی ڕاگرت؛ جوانه‌ژن و سه‌ربه‌هیزار! له‌ناو نازه‌نینان کردیان گوڵبژێر؛ بردیان دولبه‌رت بووکه‌خانی سه‌ربه‌زێڕ! فریای که‌وه، یه‌خسیره، وا به‌چیاوه؛ چاویی له‌ڕێیه بچییه هانای، کاتێ ده‌گه‌ڕێیته‌وه له‌و ڕاوه! شیری ئه‌منت حه‌ڵاڵ بێ، هه‌ڵمه‌ت به‌ره، گورگی چیابه! گراوت له چنگی ڕمووزنان یه‌خسیره، دره‌نگه ڕابه. ده‌ترسێم ڕه‌نجم بڕوا به‌فیڕۆ، ببم سه‌رگه‌ردان؛ بووکه‌خانم له ده‌ست بچێ، به‌ترش و تاڵان!
*
سواره، که ئه‌و هه‌واڵه‌ی بیست، هه‌ردوو چاوی بوونه ئاگردان. خوێنی گه‌رم ڕاهات. چه‌خماخه له که‌لله‌ی دا. مووی جه‌سته‌ی زیت بوونه‌وه. قسه‌کانی دایکی کاریان له ده‌ماری کرد. حه‌یفی لێهات، به‌و هه‌موو عه‌گیدو سواری ته‌ڕلانه نه‌یانتوانیوه بووکه‌خانی بۆگلبده‌نه‌وه.
سواره ده‌ڵێ:
حه‌یفێکم له دڵدا گرێیه، خه‌مێک له‌دڵم گرانه؛ داخۆ ئێستا، بووکه‌خانم له کوێ یه‌خسیره، دڵ نیگه‌رانه؟ داخۆ مه‌مکۆڵه‌ی یارم، به‌ده‌ستی کێ گۆویاوه؟ داخۆ شابسکانی، چلۆن بوون په‌رش و بڵاوه؟ گه‌ردنی زه‌رد به‌خاڵی؛ چ ڕمووزنێک تێی ئاڵاندووه باڵی؟ بووکه‌خان، باست ناکرێ به‌زاری؛ وێنه‌ت نییه، تاکه جوانی ئاقاری. بووکه‌خانم زێده جوانه! له دوای باڵای وی، بۆچمه ئه‌و ژیانه؟ هانام بۆلای ئێویه، بۆم بکه‌ن ڕاوو ته‌گبیره، بووکه خانم له چنگی ڕمووزنان به‌ندو یه‌خسیره. ئه‌من هانایه‌کم هێناوه بۆلای کوردۆیه، بۆکن چه‌تۆیه؛ بێنه کۆمه‌کم، ڕۆژی مه‌یداندارییه ئه‌مڕۆ، ڕۆژی باز و هه‌ڵۆیه.
کوردۆ ده‌ڵێ:
سواره مه‌ناڵه، هۆ برام مه‌ناڵه، بۆو بووکه‌خانه؛ ئه‌و ته‌نیا گراوی تۆ نییه، بووکی کوێستانه. ئه‌و بووکه خانه‌م سه‌رتۆپی دێیه؛ بۆ ڕستگاری به‌هێوایه و چاوی له ڕێیه. به‌ڵام قۆشه‌نی نژده‌ی دژوێن؛ له هه‌ژمار نایه، دوژمن به‌ئێمه‌ن، تینوون به‌خوێن. تاریکه‌شه‌وه، چی بازگه و پرده لێمان گیراوه؛ هه‌رچوار که‌نارمان، خێڵی نه‌یارن، چی ڕێ و بواره، به‌تۆڕو پێداو، لێمان ته‌نراوه. لێمان بوه‌سته تاکو به‌یانی، به‌چاوی ڕۆشن، له نژده ده‌گرین سه‌ری مه‌یدانی.
چه‌تۆ ده‌ڵێ:
سواره مه‌ناڵه، هۆ برام مه‌ناڵێنه، پاکی کوڕانی دێ، بۆ ڕۆژی ده‌عوا، پڵنگی چنگ به‌خوێنه. ئه‌و بووکه‌خانه‌م شاجوانی دێیه؛ شه‌و به‌سه‌رداهات، ڕزگارمان نه‌کرد له چنگی نژده؛ دڵ به‌گرێیه.. به‌ڵام هاواره، سواره هاواره؛ ئه‌نگوسته‌چاوه، ڕێ نادیاره!
*
سواره، وه‌ختێک ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له کوردۆ و چه‌تۆ بیست، ئه‌وه‌نده‌ی تر دڵنیگه‌ران بوو.. ئه‌سپی شه‌تاند و نه‌ڕاندی: به‌تاقی ته‌نیاش بێ ده‌چمه‌وه به‌گژ قۆشه‌نی ڕمووزندا، یان بووکه‌خان، یان هه‌ڵدێران!
لێلاوۆ لێلاوۆ لێلاوۆ لێلاوۆ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌مه هانای ئه‌مشه‌و، شه‌وی ته‌نگانه؛ نه‌که‌س به‌قام پێده‌کا، نه‌بووکه‌خا‌نم پێمده‌کا متمانه! ئه‌من سه‌رێکه و ده‌یبه‌م ، نایه‌مه دوواوه، بووکه‌خانم له ڕمووزنان ده‌فڕێنم، ده‌گه‌م به‌کاوه! ئه‌گه‌ر گلاشم، بۆم مه‌ده‌ن له سینگ؛ ئه‌مه‌کی ئه‌وم وا له‌به‌رچاوه، به‌جێم هێناوه. بۆخۆم ده‌زانم. تاکو به‌یانی. ئه‌و گوڵئه‌ندامه؛ چاوی له ڕێیه، به‌شوێنیا بچم، هه‌ر به‌ته‌مامه. ئه‌و بووکه‌خانه‌م، کابانی پاڵه‌و کرمانجی دێیه؛ که له ده‌ستتان چوو، له داوای باڵای ئه‌و؛ نیازتان به‌کێیه؟
سواره هه‌یپای لێکرد. نه‌وستا تاگه‌یشته دامێنی چیای (که‌ڵه‌وێ). چوار سواری کرمانجیش بۆ کۆمه‌ک شوێنی که‌وتن.
دایکی سواره ده‌ڵێ:
شیری ئه‌منت حه‌ڵاڵ بێ سواره، ئه‌ی شۆڕه لاوه، بووکه‌خانم بۆ نه‌هێنی، نه‌یه‌یته داووه! ئه‌گه‌ر پیرۆز بووی کوڕی خۆم، هه‌تا هه‌تا دێ؛ ده‌بییه خاوه‌نی بووکه‌خان، تاجی سه‌ری دێ؛ ئه‌گه‌ر گلاشی، کفنت بۆ ده‌درووم، له په‌ڕه‌ی گوڵووک؛ بۆ به‌خت و مراز، دێنه‌سه‌ر گڵکۆت، زاوا و تازه‌بووک! خه‌نجه‌ری سواره‌م به‌جه‌وهه‌ره؛ بۆ پاڵه‌و جووتیار، سایه‌و سێبه‌ره. سواره‌م سوارێ به‌جه‌رگه؛ به‌زێنه‌ری مه‌رگه! ئه‌سپی کوڕی خۆم کوێته؛ سواره هیوام پێته. ئه‌سپی کوڕم باڵه‌بانه؛ له مه‌یدانا به‌هه‌ڵمه‌ته ڕۆژی ته‌نگانه. گه‌ردن که‌ڵ و که‌فه‌ڵ پانه. نه‌رمه‌زینی مه‌ره‌زییه؛ ناوقه‌دی مامزییه. لغاوی مرواری چنه؛ نژده‌ی ڕمووزن، لێمان دوژمنه! بووکه‌خانم زێده جوانه، له‌سه‌ر گۆنای زوڵفی سه‌یوانه. له که‌مه‌ریدا، په‌لکه‌ی سێبه‌نگی، ده‌که‌ن جۆلانه. لێو سووری هه‌ناره؛ شاجوانی ناوچه و ئاقاره! بووکه‌خانم هێشتا منداڵه، پاو پووزی، به‌پامووره و خڕخاڵه.
*
خرم و هووڕ و ته‌ته‌شمی به‌په‌له‌ی سمی ئه‌سپان، له ته‌ک ده‌نگی ڕه‌قی ته‌پڵی سواریدا تێکه‌ڵ ده‌بوون و ئاوازێکی تووڕه‌یان ده‌سازاند.. ئاوازه‌که وه‌ک به‌ناو ته‌پ و نمی باو بۆرانێکدا ڕێ بکات و ڕووه‌و بناره‌کان و به‌دۆڵی نێوان (سێکه‌لان) و (که‌ڵه‌وێ)دا شۆڕببێته‌وه وه‌هابوو.. به‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕێگاوه شه‌خه‌ڵ و ده‌وه‌ن، بۆ پێشوازیی تیپی سوار وه‌ستابوون. کاتێک سواره‌کان ده‌گه‌یشتنه به‌ره‌وه، ئه‌وان سه‌ری ڕێزیان داده‌نه‌واند و ده‌چه‌مینه‌وه.. حیله‌ی ئه‌سپ و ته‌ته‌شمی خێرای چوارپه‌لیان، تاده‌هات هه‌راشتر ده‌گه‌یشتنه په‌رده‌ی گوێ.
سواره له بناری که‌ڵه‌وێوه، بانگی بووکه‌خان ده‌کات:
هۆ بووکه‌خانی سه‌ر به‌زێڕ، ئه‌گه‌ر بمێنم؛ به‌زه‌بری بازوو، له چنگی ڕمووزنانت ده‌ردێنم! ئه‌مشه‌و له سێباری نێوه‌شه‌وێ؛ له‌و ده‌مه‌یدا، نژده چاویان ده‌چێته خه‌وێ؛ ده‌گره‌م مله‌ی (کووپان)، ده‌گرم چیای (که‌ڵه‌وێ). له ده‌ستی ڕمووزنانت ڕاده‌فڕێنم؛ من هه‌ڵوه‌دای باڵات ده‌بم، هه‌تا بمێنم.
بووکه‌خان وه‌ڵامی ده‌داته‌وه:
هۆ کوڕه لاوه‌ی به‌وه‌فایه؛ گه‌ر ئازادم بکه‌ی، به‌ندت بۆ ده‌ڵێم هه‌تا هه‌تایه! بێ‌ترس شه‌وانه، بێره باخه‌ڵم، بێره میوانم؛ بمژه دوو لێوم، بگوشه به‌یانم! داخێکم لا که‌سه‌ره، ده‌ردێ له دڵم به‌برینه؛ نژده‌ی ڕمووزن، لێمان به‌قینه.!
کاتێک نژده پێیان زانین، له‌که‌ند و له‌نده‌وه بۆیان دابه‌زین و ئاپۆره‌یان لێدان.. له ململانێی نێوان پڵنگ و ئاسک ده‌چوو. نژده چون گه‌ڵای داران. ته‌یار و به‌تفاق.. ئه‌مانیش ته‌نیا باڵ و به‌ژماره که‌م.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده به‌ده‌ست و برد و به‌هه‌ڵمه‌ت بوون، به‌و شاخسار و قه‌دپاڵانه‌وه دیاربوون. حیله و سمکۆڵان و به‌یه‌کدا هاتنی ئه‌سپان؛ تێکه‌ڵ ئاوازی ڕه‌ق و تووڕه‌ی ته‌پڵی باز ده‌بوو. ده‌یدا به‌تاش و ڕه‌وه‌زه‌کاندا و ده‌گه‌ڕانه‌وه. بای وه‌شت ده‌نگه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرت و ده‌یدا به‌گوێی گوند نشینه‌کاندا و ده‌ماری کرژ ده‌کردن.. سواره و هاوه‌ڵه‌کانی به‌ڕوونی به‌رپێی خۆیان نه‌ده‌بینی. له‌یه‌ک دابڕان و ئیدی یه‌کانگیر نه‌بوونه‌وه..
سواره ده‌ڵێ:
خۆمن هه‌ڵۆ نیم، باڵم له په‌ربێ، بفڕ‌م بێم بۆلات؛ به‌باز و ده‌رران، ئاسمان ته‌ی بکه‌م، ڕزگارت بکه‌م. له چنگ مه‌رگه‌سات! به‌ڵام بووکه‌خان، به‌سه‌ردنیاوه تاکو بمێنم؛ له هه‌ڵمه‌ت بردن، کول و کاس نابم؛ تا له ده‌ست دوژمن. ڕاتده‌فڕێنم!
له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌که دژواره‌دا.. له‌و ده‌مه‌دا، سواره مه‌یدانی له نژده‌یه‌ک ده‌خواست.. به ده‌یان به‌ره‌وڕووی چوون. تێی مرووکان و لایان لێبڕێ.
سواره ده‌ڵێ:
نژده‌م تێوه‌ربوون له هه‌رچوارلاوه، له هه‌قیان نایه‌م؛ لێشیان ناترسم، عه‌شقه سه‌رمایه‌م! هه‌رچه‌ند ده‌زانم پێشم هه‌ڵدێره‌و هاکا ترازام؛ به‌ڵام سه‌رکه‌شم، ناگه‌ڕێمه‌وه، ته‌نیا سه‌رکه‌شی ساڕ‌ێژ ده‌کا زام! چاوم به‌رایی نادا، گراوم مل به‌کوێن بێ؛ له‌م سه‌رانسه‌ره، ته‌نیا بووکه‌خان، بێسه‌رو شوێن بێ!
*
ته‌پڵه‌که بێده‌نگ بوو. ئه‌سپه‌کان جووڵه‌یان نه‌ما. بێده‌نگییه‌کی سامهێن، بۆ ماوه‌یه‌ک چه‌تری هه‌ڵدا.. ئه‌و شه‌وه خۆر گریا.. له‌وساوه فرمێسکه‌کانی، به‌چاوه ڕه‌شه‌کانی ئاسمانه‌وه بوونه‌ته ئه‌ستێره و قه‌تیس ماون.. به‌م ڕۆژگاره‌ش ئه‌و ده‌شت و هه‌ڵه‌تانه‌ی به‌شوێندا وێڵه.. له‌وساوه شۆڕه‌بییه‌کانی که‌ناری (چه‌می تلێ) و (باسه‌ڕه) و (دێوانه)، به‌بای زریان پرچیان ده‌ڕننه‌وه.. له ئاوایی، چه‌تۆو کوردۆ، چاوه‌ڕوانی ده‌روویه‌کن..
____________________________________________________ سه‌رچاوه: ڕستێک زه‌نگانه‌ی ئاوی، محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن، چاپخانه‌ی (علا‌ء)، به‌غداد، 1979، ل 37_47. که‌ڵه‌وێ: چیایه‌کی به‌رزه به‌سه‌ر ته‌نگیسه‌ردا ده‌ڕوانێ. چه‌می تلێ، باسه‌ڕه، دێوانه: سێ چه‌می گه‌وره‌ن له ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ. سێکه‌لان و مله‌ی کووپان: دوو لوتکه چیای به‌رزن له ده‌وروبه‌ری ته‌نگیسه‌ر.
سلێمانی 1ـ 23 ی کانوونی دووه‌می 1979
|