١٩\٢\٢٠١٠ لایه‌نی کوردایه‌تی له شیعره‌کانی ''عه‌بدوڵڵا په‌شێو''دا.
هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی
{ ئێمه ئیمڕۆش له شیعره‌کانی خانی و حاجی قادر ده‌گه‌ێین و شیعره‌کانییان به پێناسه‌ی خۆمان داده‌نێین . ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه که ئه‌م دوو زاته ته‌نیا پێشبینی گه‌وره‌یان کردووه ، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که کورد خۆشی هێنده نه‌گۆڕاوه . ئێمه‌ی کورد هێشتا کورده‌که‌ی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م و .....}
خانی و کۆیی باسی دڕنده‌یی داگیرکه‌ران ده‌که‌ن . ده‌ست له‌سه‌ر زامه‌کان داده‌نێن . نه‌ته‌وه رێنوێی ده‌که‌ن . حه‌مدی ره‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌گرێت و داوای دادپه‌روه‌ری و خزمه‌تگوزاری زیاتری لێده‌کات ! . هێمن و هه‌ژار ستایشی پێشه‌وا شه‌هید قازی محه‌مه‌د ده‌که‌ن. هه‌ژار و چه‌ندین شاعیری دیکه‌مان شیعر بۆ بارزانی نه‌مر ده‌ڵێن...
به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی که ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی کوردستان خۆیه‌تی ، له چۆنیه‌تی و سروشت و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره سیاسییه‌کانمان حاڵی ده‌کات . که‌واته له مێژه کورد ئاگای له‌و راستییه هه‌یه و ئه‌ده‌بی وه‌ک چه‌کێکی به بڕشت دژی هه‌ر دوو جۆره زوڵم و ناهه‌قی به‌کارهێناوه. لای نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست ئه‌ده‌ب سه‌نگی خۆی هه‌یه و هه‌میشه هێزێکی کاریگه‌ر و ورووژێنه‌ر و گرده‌بری مه‌سه‌له‌کان بووه و ده‌بێت . هه‌مزه‌تۆڤ ووته‌نی << گه‌لی بچووک پێویستی به خه‌نجه‌ری تیژ هه‌یه >>.
لێره‌دا ئاشکرا بوو هه‌رکه‌سێ مێژووی کورد بخوێنێته‌وه و شاره‌زای ژیان و ئه‌ده‌بی بێت ، چاوی به شیعره‌کانی ئه‌و دوو زاته ناوبراوه خانی و حاجی بکه‌وێت ؛، راسته‌وخۆ شاره‌زای نه‌خۆشی و ده‌رد و ره‌چه‌ته‌ی رێگاچاره‌کانی دۆزی کورد ده‌بێت. له هۆیه‌کانی نسکۆهێنان و نهێنییه‌کانی چرچولۆچی سیمای شێوێندراومان تێده‌گات. له ئه‌نجامیش دا زوو یان دره‌نگ سۆمایی چاو و هزر و بیری به‌ده‌وری ته‌وه‌ری دوو ووشه‌دا پێچ ده‌خوات ، که له مانادا لێک نزیکن، ئه‌وانیش (ناته‌بایی و خۆخۆرین). که‌م نه‌ته‌وه هه‌یه وه‌ک کورد... مێژووی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی "ناته‌بایی و خۆخۆری " پێکهاتبێ و نوسرابیته‌وه. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کیش هێنده‌ی کورد چاره‌نووسی ئێستا و داهاتووی به بوونی " ته‌بایی و یه‌کگرتن و یه‌کترویستن"ه‌وه گرێبه‌ند نه‌بووه. (یه‌ک،نه،گرتن) ووشه‌یه‌که له فه‌رهه‌نگدا به‌ڵام ئه‌م ووشه‌یه له مه‌یدانی سیاسه‌تدا ده‌توانێت ببێته بڕیارده‌ری چاره‌نووسی ملیۆنان که‌س و مێژووی شانازی و سه‌روه‌ری بگۆڕێ به سه‌رسمدان و کۆیله‌یی. مامۆستا په‌شێو... گه‌لێ له مێژه له‌و مێژووه ناهه‌موار و ناله‌باره‌مان گه‌یشتووه و لێی ئاگاداره ، بۆیه هه‌ر له ده‌ستپێکه‌وه داخوازییه‌کی مسۆگه‌ر و بێ چه‌ند و چوونمان لێده‌کات و ده‌ڵێ : ئه‌وه‌ی کورد بێ ، نه‌وه‌ی نوێ بێ ده‌بێ تێشووی رێی یه‌کێتی کوردی پێ بێ ...
ئێمه‌ی کورد... 2600 ساڵ زیاتره ده‌سه‌ڵاتی سیاسیمان له‌ده‌ستداوه . بوون و مێژوو ، خاک و زمانمان که‌وتۆته تاریکستانی گومان و له‌بیرچوونه‌وه‌وه . کاروانی به‌ره‌و پێشچوونی گه‌لان هه‌ر ده‌ڕوات و ئێمه‌ش له‌سه‌ده‌ی نوێی پڕ له گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندن و هیوا پاشکۆیه‌کی ئه‌و کاروانه‌ین . له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی رووداوه‌کانداین و له پشت په‌رده‌وه ، بێویستی خۆمان به‌رنامه و پلانی گه‌مه به چاره‌نووسمان نه‌خش ده‌کرێت .
هه‌تا هه‌نووکه ئێمه‌ی 40 ملێون کورد نه‌مانتوانیوه له ده‌وری واتای رووت و ساده ، به‌ڵام چاره‌نووسساز و به‌هێزی ووشه‌ی ( یه‌کگرتن) دا خڕببینه‌وه. که تاکه قه‌ڵغانی خۆپاراستنمانه له مه‌رگه‌سات و دۆڕانی بێ چه‌ندوچوونی و له‌ناوچوونی مسۆگه‌ر!.
گه‌لێ پرسیاری به‌گرێ و گۆڵ له مێژوومان دا به‌رچاو ده‌که‌ون. بێ خۆ گلانه ئه‌و باسانه‌وه ده‌مانه‌وێ ئه‌و به‌سه‌رهات و پرسیاره مێژوویی و سیاسییانه‌ی هه‌تا ئێستا کاریگه‌رییان ماوه و بێوه‌رام ماونه‌ته‌وه روو به رووی گشت لایه‌ک بکه‌ینه‌وه .
یه‌کێ له‌و ده‌نگ و هه‌ڵوێستانه به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه که فه‌لسه‌فه و په‌یامی < خانی و حاجی> یان له‌سه‌ره. به‌ڵام به گیان و چه‌ک و ئه‌قڵییه‌ت و هیوایه‌کی هاوچه‌رخی موتووربه‌کراو به په‌نده‌کانی مێژوو و ئه‌زموونی رووداوه‌کانی سه‌رده‌م . رۆڵه‌یه‌کی رۆژگاری سه‌خت و خه‌مخۆر و جگه‌رسۆزێکی راسته‌قینه‌ی له‌خۆبووردووی بوێر و خۆله‌بیرکردووی جه‌سته و هه‌ناو پر له ئازار و ژان و هیوای کورد. گه‌ره‌کمانه له‌م باسه‌دا له رێگای شیعره‌کانی مامۆستا ( عه‌بدوڵڵا په‌شێو)ه‌وه رووداو و کاره‌سات و به‌سه‌رهاته‌کانی سه‌رده‌م بپێوین و له‌م باسه‌دا به چاوێکی روون و هه‌وڵێکی بابه‌تییانه ، داوه تیشکێ بخه‌ینه سه‌ر دیارده و هۆکار و ئه‌نجامه‌کان. به ئامانجی سوود وه‌رگرتن و رێگه‌بڕین له چه‌ند باره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان و تێگه‌یشتن له راستی و هه‌ڵبژاردنی راسته‌ڕێی سه‌رفرازی و سه‌لماندنی راستییه به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌کان . کۆبوونه‌وه له‌ده‌وری دۆزی پیرۆزی ئازادی و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ.
ووتمان لووله‌ی چه‌کی شیعری کوردی له باری مێژووییه‌وه ئاڕاسته‌ی دوو ده‌سه‌ڵاتی دژ به کورد " بێگانه و خۆیی " کراوه. دژی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌م نموونه‌مان زۆره و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسی له‌سه‌ر کراوه. به‌کورتی ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه و به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دووه‌میان ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له مێژووی نزیکدا کورت و که‌م بووه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانییه‌دا هه‌یه. باوه‌ڕم وایه هه‌قی پێویست و دروست به هیچ یه‌کێکیان نه‌دراوه. ئه‌مه‌ش باسێکی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت .
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی بکرێت له‌به‌ر رۆشنایی کوردایه‌تیدا به دیارده‌ی دووه‌میانه‌وه خه‌ریک ده‌بین و تاووتوێی ده‌که‌ین. ئه‌مڕۆ بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ شه‌ڕی براکوژی ، ناته‌بایی و خۆخۆری به‌شی زۆری ئاخاوتن و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و کاتی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مانی داگیرکردووه . دۆزه ره‌وا و پیرۆزه‌که‌شمان دووچاری ده‌ردی کوشنده بووه و مه‌رگه‌ساتێکه مێژوو قه‌ت شتی وای به خۆیه‌وه نه‌دیوه!.
ئا له‌م رۆژگاره پڕ له کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا به‌رانبه‌ر به کوشتار و کاولکاری کورد و کوردستان ، نه‌بوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌لسه‌فه‌ی خه‌باتێکی دیار و روون ، فزه و نووزه‌ی ناڕه‌زایی که‌سمان به‌رگوێ ناکه‌وێت . هه‌ست به بوونی هێزێک و سه‌نگه‌رێک ناکه‌ین وه‌رامی پرسیاره‌کانی پیبێت !؟...
ده‌مهه‌راش و قه‌ڵه‌مشکاو و به‌زیوه‌کانی کورد "تاک و ته‌رایان" لێده‌رچێت ،یه‌کپارچه به‌رژه‌وه‌ندی که‌سی و لاوازی ناکوردانه بڕیاری هه‌ڵبژاردنی سه‌نگه‌ری تاوانه‌کانیان پێده‌دات . رێگا و چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تی بیرکردنه‌وه و هه‌ڵسووکه‌وتیان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کات. << لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر رۆشنبیر نییه ، چونکه رۆشنبیر جارێ له پزدانی مێژوودایه و ژماره‌ی رۆشنبیران له‌ناو خوێنده‌واران دا له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکات>>. ئیدی هیچ به‌هایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی،ره‌وشتی،ئه‌ده‌بی و هه‌تا کولتووری و شارستانی حسابی بۆ ناکرێت.هه‌موویان شێوێندراون و پشتگوێ خراون.
پێده‌چێت سه‌رده‌می خۆی چه‌ندمان بایه‌خ به شیعر و داواکانی <خانی و حاجی> داوه ، هه‌نووکه‌ش هه‌رهێنده بایه‌خ به‌و کاره‌ساته جه‌رگبڕانه ده‌ده‌ین که به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕن و خێراش له بیرمان ده‌چنه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی له‌به‌رچاو بێت جگه له‌چه‌ند زایه‌ڵه‌یه‌کی کزۆڵه‌ی سه‌ر به حیزبه‌کان ، هیچ هه‌وڵێکی به‌په‌رۆشانه نه‌دراوه دژ یاخهود رێگر به لێکترازانی جه‌سته‌ی کورد.هێزێک یاخود ده‌نگێکی راسته‌قینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و خه‌مخۆرانه‌ی ئه‌دیب و که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی کوردیش ساز نه‌بووه ،که‌بتوانێت ئه‌و ته‌ڵه و فاقانه نته‌قێنێته‌وه. تا پێوه نه‌بن و نه‌که‌ونه تای ئه‌رازووی تاوان و گه‌مه سیاسییه‌کانه‌وه. گه‌ر ئاورێک له رابردوو بده‌ینه‌وه خه‌رمانی به به‌ره‌که‌ت و سه‌نگه‌ری به روومه‌ت و چه‌کی کاریگه‌ر و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه و هه‌ستی کوردایه‌تی و خۆشه‌ویستی بێگه‌ردی کورد و کوردستانی تێدا ده‌بینینه‌وه.
کاتێ به‌رداشی کوردکوژی جه‌سته‌مان ده‌هاڕێ ،تاکه ده‌نگ و هه‌ڵوێستی خۆنه‌ویستانه‌ی دژ که هه‌موو کوردستان بیستوویه‌تی هاواری شیعری ئاگراوی هه‌ڵقوڵاو له هه‌ست و هۆش و مۆخی مامۆستا < عه‌ندوڵڵا په‌شێو> ه. په‌شێو ده‌خوازێ به شیعر ئه‌و لاپه‌ڕه ره‌شانه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ بخوێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ئه‌رک و ئامانه‌تێکی سه‌رشانی شاعیره بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو له مێژووی ئێستامان ئاگادار بن. نه‌با ئه‌ڵقه لاوازه‌کانی تێشکان جارێکی دیکه لای نه‌وه‌ی داهاتوومان قووتببنه‌وه. نه‌شاره‌زایانه بیانکه‌نه سروود و گۆرانی به‌زم و هه‌رایان له‌سه‌ر ساز بێت و وه‌ک سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی دیکه‌ی مێژوومان به خۆڕایی ببنه جێی وتوووێژو تفه‌نگ به تاریکییه‌وه نان و هه‌ڵچنینی ته‌لار و هیوا له‌سه‌ر بناغه‌ی قرچۆک و به‌تاڵ !. ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له‌به‌رده‌سته و پارێزراوه ته‌نیا به‌یان و بڵاوکراوه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ن که هه‌ر خۆیان رۆڵی سه‌ره‌کییان بینیوه له‌سه‌ر شانۆی تراژیدیا‌کانی نه‌ته‌وه. به‌داخه‌وه مێژووی دروستی سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ره‌سه‌کانمان له‌باتی ئه‌وه‌ی له ده‌یان و سه‌دان لێکۆڵینه‌وه و رۆمان و کاری دیکه‌ی زانستیدا ره‌نگبداته‌وه. ده‌بینین لێره و له‌وێ هه‌ر له شیعردا خۆی هه‌ڵده‌خات . خۆڕایی نییه ووتراوه << شاعیر راستگۆترین مێژوونووسه >> .
له‌م بواره‌دا په‌شێو په‌یامبه‌ره >>>> پێمان راده‌گه‌یه‌نێت>>>> میدیا په‌یژه و مینبه‌ره >>>>> جه‌ماوه‌ر وه‌رگره. گه‌ره‌که چه‌ندوچوون له‌گه‌ڵ په‌یامه‌که‌دا کوردانه بکات و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بوون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بدات و بێته پاڵپشتی په‌یامه‌که و داکۆکی ره‌وای لێبکات !؟. مه‌خابن جه‌ماوه‌ری کورد له‌به‌ر هه‌ر شتێ بێت !!؟؟ فیکه و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی لێگۆڕاوه.
په‌شێوی شاعیر ... سه‌وداسه‌رێکی راسته‌قینه‌یه و شیعره‌کانی تاجی شانازیی ئه‌ده‌بی شۆڕشگێری ره‌سه‌نن و به گیانی کوردایه‌تی گڕ و کڵپه ده‌سه‌نن و مه‌حاڵه دابمرکێته‌وه. به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه ، بابه‌ت ، شه‌قڵ،هزر،هه‌وێن و که‌ره‌سه‌ی هه‌میشه ئاماده‌کراو و له‌بیرنه‌کراوی شیعره‌کانین. وا زیاتر له 30 ساڵه زۆر هه‌ناسه‌درێژانه و سه‌رسه‌ختانه سه‌رباری هه‌زاران ده‌ردی سه‌ری و ناهه‌مواری رۆژگار ، نه لۆژیکی چه‌وت و فشاری ناحه‌زانی ناوخۆ و نه سه‌ره‌نێزه‌ی ده‌روێشانی زڕه ئایدۆلۆژیا و نه خوێنڕێژی و چه‌په‌ڵی داگیرکه‌ران و ... هیچیان نه‌یانتوانیوه له توڕه‌یی که‌مکه‌نه‌وه،یان نائومێدی بکه‌ن. به‌ڵکو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه و بێ‌وچان به‌ربه‌ره‌کانی داگیرکه‌رانی کردووه و به چرای گه‌رچه‌که‌وه و به رۆژی رووناک له سۆراغی زه‌رده‌شتی رزگارکه‌ردا بووه.
ئه‌م توخم و خه‌سڵه‌ته‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌داتیت که په‌شێو هه‌رگیز له ئاوات و ئامانجی دۆزه‌که‌ی دانه‌بڕاوه. وه‌ک < هه‌ست و هۆش و سۆز> و ئه‌و ده‌مانه‌یشی له وڵات دوور بووه ، وڵاتی گوێزاوه‌ته‌وه بۆ نێو هه‌واری دڵی ، بۆ نێو ژووری غه‌رینییه‌که‌ی !!. حاجی ده‌فه‌رمووێ : قوڕی کوێ که‌م به‌ســــــــــه‌رما له گوربه‌ت خـــــه‌وم نایه له داخی موڵک و میلله‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ک من خه‌به‌ردار بی له ده‌وڵه‌ت له حه‌یفان خۆت ده‌خنکێنی به‌بێ په‌ت
په‌شێو... بۆ یه‌ک ئامانج ده‌ژی و شیعر ده‌ڵێ . هیچ بیانوویه‌ک باوه‌ڕی پێ له‌ق نه‌کردووه و هیچ باهۆزێک نایچه‌مێنێته‌وه و هیچ هێزێک ده‌سته‌مۆی ناکات. له هه‌بوون ـ کینونه ـ ی کورد و هاتنه‌دی داوا ره‌واکانی به‌ولاوه له هه‌موو شتی دیکه بێبه‌ری و بێمنه‌ته و ده‌ڵێ { ئه‌وه‌ی بۆ میلله‌تی خۆی نه‌ژی به پوولێ }. به‌ڵێ هه‌موو له‌زه‌ت و مانا و قورساییه‌کی ژیان له خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌یدا ده‌بینیته‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌نگه‌ر و پێناسه‌ی په‌شێوه . ئه‌رکی سه‌رشانێتی بێ دوودڵی پارێزگاری لێبکات و به‌گژ هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵ و پلانێکی دژ به‌و سه‌نگه‌ره بوه‌ستێته‌وه. په‌شێو بێباک و بێپه‌روایه له داکۆکیکردن له کوردایه‌تی . گه‌ره‌کی نییه ئه‌کته‌رێکی پشت په‌رده و ده‌مامک له روو بێت. له‌و داکۆکیکردنه‌شدا سۆزێکی تایبه‌تی تێکه‌ڵ به هونه‌ری شیعره‌کانی ده‌کات ، که به‌لای (دی کونیسی)یه‌وه ئه‌ده‌بی هێزداری ناوه. مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی له کتێبی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌دا له‌م رووه‌وه ده‌ڵێ " سۆز و کڵپه گڕێکه ئه‌که‌وێته دڵ و رایئه‌چڵه‌کێنێ ، یاخود سه‌رچاوه‌یه‌کی روونه و له په‌ڕه‌کانی دڵه‌وه هه‌ڵئه‌قوڵێ. ئه‌م سۆزه‌ش وا ئه‌بێ که ئامانج و هه‌وڵی بۆ بدرێ هه‌ر وه‌کو ئه‌شبێ رێگا بێ و بۆ راگه‌یاندن بێ بیرێک به هۆی بزواندنێکی راچه‌نینانه‌ی ده‌روونییه‌وه ".
په‌شێو ... له که‌سایه‌تی به‌هێزی خۆیه‌وه هه‌نگاو ده‌نێ و له چه‌قی بازنه‌ی دۆزه‌که‌یه‌وه تیره بۆ سه‌ر رووبه‌ری رووداوه‌کان راده‌کێشێ و دێته مه‌یدانی فراوانی کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان . به‌چاوی خۆی کێشه و گۆڕانه هه‌مه جۆره‌کان ده‌بینێ و ئه‌قڵی خۆی ده‌خاته کار و بیریان لێده‌کاته‌وه. ئه‌وجا سووتان و توانه‌وه‌ی مۆمئاسای لا ده‌بێته شیعر .
په‌شێو... نه رۆبۆته به دوگمه هه‌ڵسوڕی و نه کۆمبارسه به‌خۆڕایی و کوێرانه به‌یعه‌ت بۆ که‌س بکات . نه هه‌رزه‌یه تا عه‌وداڵی شێره‌به‌فرینه و هه‌ڵوێستی دومه‌ڵئاسا و کانییه به‌هاره بێت . بۆیه ده‌بینین له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هه‌ر ووتن لای په‌شێو ئامانج و هیوا و هونه‌ر نییه ، به‌ڵکو راگه‌یاندنی په‌یامی کوردانه و خیتابی ئه‌قڵ هه‌ژێن و نواندنی هه‌ڵوێستی خزمه‌تگوزارانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش گه‌ره‌کن . ئا له‌م سۆنگه‌یه‌وه په‌شێو بۆته رۆڵه‌یه‌کی سه‌رده‌مه‌که‌یی و بلیمه‌تێکی داهێنه‌ر و رێچکه‌شکێن و چاونه‌ترسی سه‌ر شانۆی شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی هاوچه‌رخ .
ئه‌و وانه‌کانه ! سبه‌ینان بازی ده‌سنده‌خۆری نه‌وه‌ی حه‌جاجن. نیوه‌ڕۆیانیش ـ چاوساغی ئۆردووی دمدم شکێنن ! عه‌سران ـ تاژیله‌ی ، چوارپه‌ل به‌خه‌نه‌ی ، عرووبه‌ی شامن . له حه‌رام سه‌رای ئالی عه‌سمانیش ، شه‌وانه به‌نۆره هه‌تیو خه‌سێنن .
ئه‌م کۆمه‌ڵه چه‌مک و زاراوه مانادار و قوڵانه هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی ساز ده‌ده‌ن. په‌شێو له‌وه گه‌یشتووه که‌وا ئه‌و بابه‌ته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه که ئه‌رکی راسته‌وخۆی شیعر نین. به‌لانی که‌مه‌وه سروشتی ئه‌م بۆ ئه‌وه دروست نه‌بووه. شاعیر جیاوازی فڕینی په‌پووله و گرژبوونی ده‌ماری شیعر به جوانی هه‌ست پێده‌کات و له ئه‌رک و مانای هه‌ردووکیان به ئاگایه و له‌م رووه‌وه ده‌ڵێ : { فۆڕمی شیعر وه‌کو باڵی مێشێ ته‌نکه ،قوڕقوشمی بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر ته‌حه‌مول ناکات . من ئه‌و شته چاک ده‌زانم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆمی لێده‌ده‌م }.
راستییه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ویسته که‌وا شیعری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به گشتی خه‌سڵه‌ت و سیمای ساکاریان هه‌یه و نزییکن له ووتار و راگه‌یاندن،یاخود ئامۆژگاری و رێنوێنیکردن. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی نه‌ته‌وه تییبگه‌ن و له هه‌لومه‌رجی پێویستدا کات و شوێنی له‌باردا ببێته هانده‌ری گیانی خه‌بات و شۆڕشگێڕی .
هه‌ڵبه‌ته هیچ فه‌لسه‌فه‌لێدان و فه‌نتازی و هونه‌رێکی شیعری نییه ، به‌لکو بانگاشه‌کردن و داکۆکییه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران و راستگۆیی و ئه‌مه‌که. ئیدی به‌رژه‌وه‌ندی زیاتر له 40 ملیۆن کورد چ هونه‌ر و ته‌کنیک و ئاوازێکی گه‌ره‌که ؟!.. گرنگ هه‌ڵوێست و راگه‌یاندن و تۆماره‌که‌یه. بۆ مرۆڤێکی برسی له‌تێک نان له چه‌رده‌یه‌ک پاره گرنگتره!. ئه‌مه‌ریکاییه‌کان کاتێ باوه‌ڕی خۆیان به‌سه‌ره‌ک کۆمار ده‌ده‌ن و هه‌ڵیده‌بژێرن ، ووته‌یه‌کی به‌ناوبانگیان هه‌یه ده‌ڵێن :هه‌ر قسه‌یه‌ک سه‌ره‌ک کۆمار بیکات کێش و قورسایی ته‌نێکه. ده‌ی بۆ هه‌ڵوێستێکی وا کوردانه چه‌ند باس و پشتیوانی هه‌ڵنه‌گرێت !؟.
مامۆستا په‌شێو... له‌وه‌رامی ئه‌و دیارده‌یه‌ی شیعری خۆیدا دێته‌گۆ و ده‌ڵێت { ئه‌گه‌ر باری ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌م گۆڕاو و ئه‌و شتانه بوون به مێژوو ، یاخوا سه‌دجار ئه‌و شیعرانه ده‌مردن ! بلا بمرن }. دیاره ئه‌و شیعرانه ته‌نانه‌ت گه‌ر که‌ف و گڕیش بن هه‌ر ده‌بنه مێژوویه‌کی نه‌مر !!. ئالێره‌دا گرنگی بیر و دروشم و ئامانجی شیعر لای په‌شێو ده‌رده‌که‌وێت و دڵسۆزی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌مه‌ته‌قێی بۆ که‌س ناهێڵێته‌وه. له‌م رووه‌وه ده‌ڵێت {که‌رامه‌تی من له‌وه‌دایه که کیانی نه‌ته‌وه‌ییم هه‌بێت !؟ به‌بێ ئه‌و کیانه که‌رامه‌تی من پێشێلکراوه !! وه هه‌موو شتێکی خۆم ته‌رخان ده‌که‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئامانجی پیرۆزی حه‌زره‌تی خانی و حاجی قادری کۆییه}. شاعیر چاک له دۆزه‌که‌ی حاڵی بووه ،بۆیه بڕیاری داوه به‌گژ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کاندا بچێته‌وه.
خوایه بارم سوکتر که ، پشتم شکا ، ده‌رنابه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌که‌م، بۆ به‌نده‌یه‌ک ، زۆره زۆر له جه‌رگه‌ی تاریکیدا، گه‌ردی راستی ده‌بینم وه‌ک به‌فری به‌ر تیشکی خۆر.
وه‌کو په‌ڕه‌سیلکه‌یه‌ک تا بکرێ ، نزم ده‌فڕم به‌ر له باران ه ته‌رزه. وه‌ک هه‌سپێ ،له‌سه‌ر هه‌ستم ئارامم لێهه‌ڵده‌گرێ، پێشبینی، بوومه‌له‌رزه.
په‌شێو... خاوه‌نی باوه‌ڕی چه‌سپاو و نه‌گۆڕی خۆیه‌تی، ده‌زانێ بۆچی شیعر ده‌ڵێ. ئه‌و چه‌که‌ی که چه‌کیکی ره‌سه‌نه له ساته‌وه‌ختی خۆیدا به‌کاری دێنێ و لێی په‌ژیوان نییه. کاتێ رووداوه‌کانی وڵات ده‌بینێ و ره‌فتاری قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و زارقه‌ره‌باڵغه‌کانی هه‌ڵوێست لاواز و کوڕانی رۆژ ده‌بینێ و ده‌بیستێ، روو له‌ده‌ست و قه‌ڵه‌می خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ:
ده‌ستم گووتیه په‌نجه‌کانم " با له‌مه‌یدان بتان بڕن، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌تانکڕن !" ده‌میشم گووتیه زمانم ! " من به درێژی تۆ ده‌خوڕم، بئه‌نگێوه! سه‌روبه‌ر بکه‌یت ، ده‌تبڕم !"
دواتر که ده‌گاته دڵنیابوون له بێوه‌یی په‌نجه و ده‌م و زمانی ده‌ڵێ:
سوپاس په‌نجه‌کانم، سوپاس! هه‌تا ئه‌مڕۆ، چه‌نجار ئێوه چوونه ، مه‌یدان درانه به‌ر شیر و تیران، بریندار بوون، گلانه‌خوار به‌ڵام به‌دیل قه‌ت نه‌گیران. سوپاس که تۆ هه‌ر زمانی و ده‌ستت نه‌دا،کارێکی تر. سوپاس که تۆ هه‌ر کلیلی سه‌ری خۆمی و نه‌چووییته ناو زارێکی تر.
شاعیر ...چه‌شنی پڵنگێکی زامدار ،مرۆڤێکی ئازارچه‌شتووی مافخوراو ، چرکه به چرکه له‌گه‌ڵ دۆزه‌که‌یدا ده‌ژی . تابلۆی هه‌ره گه‌وره و ره‌نگینی پێشانگای جیهانی ئازار و ژان و ئه‌ندءشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. تێده‌کۆشێ و ده‌یه‌وێ خۆشه‌ویستی و خه‌نده و به‌خته‌وه‌ری و جوانپه‌رستی که‌ره‌سه‌ی رازاندنه‌وه‌ی تابلۆی شیعر و هه‌وێنی ژیانی خۆی و باخچه‌ی قه‌شه‌نگی ئه‌ده‌بی داهاتوو بێت. له پێناوی ئه‌و به‌ها جاویدانییانه‌شدا ئاماده‌یه شیعر بکاته زرێ و مه‌یدان له ئه‌هریمه‌نان بخوازێ :
ئه‌مڕۆ رۆژی شیعر نییه، بۆیه من بۆتان دێمه‌گۆ به زمانێکی ساده ساده، پێتان ده‌ڵێم ، " ئه‌وه‌ی کورد بێ و کورد بکوژێ زۆڵه ، ته‌ره‌سه ، گه‌واده !"
په‌شێو... وه‌ک شاعیرێکی راستگۆی به‌جه‌رگی شۆڕشگێڕی کوردپه‌روه‌ر به‌گژ تاوانه‌کاندا چۆته‌وه و ده‌چێته‌وه. ململانێی دژوار له‌گه‌ڵ دیارده زیانبه‌خش و نه‌زۆکه‌کان ده‌کات،بالۆره و ده‌هۆڵی ناحه‌زایه‌تی و دوژمنکاری ناوخۆ کپ ده‌کات. بالۆره و ده‌هۆڵی ناحه‌زایه‌تی و دوژمنکاری ناوخۆ کپ ده‌کات. رووی بازرگانانی بازاڕی براکوژی ره‌ش ده‌کات.زه‌نگی هوشیاربوونه‌وه لێده‌دات و تۆوی باوه‌ڕ ده‌چێنێت و هیوای سه‌رکه‌وتن بڵاوده‌کاته‌وه و هیوای سه‌رکه‌وتن بڵاوده‌کاته‌وه. داوای گۆڕان ده‌کات و باوه‌ڕی به سه‌رکه‌وتن هه‌یه .
به‌سه ! کۆتایی به سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دێنم ! کرمیان تێکه‌وت، داڕزان ، زه‌ردبوون، وه‌کو کفنی به‌ر هزری بێبه‌رم، به‌سه! من جاڕی چاخی نوێ ده‌ده‌م، هه‌سپه قه‌ڵه‌مم، شه‌یپووره سه‌رم !
بوێری و ئازایه‌تی یه‌کێکه له خه‌سڵه‌ته هه‌ره دیاره‌کانی شیعری مامۆستا په‌شێو. ئه‌م هۆکاره‌ش بێپه‌روای کردووه،راستییه‌کان به زمانی نه‌ته‌وه، بڵێت و زه‌نگی کاروانی شیعر لێبدات.هه‌ر بۆیه‌ش گه‌لێجار واز له جوانکاری و وێنه‌ی هونه‌ری رازاندنه‌وه‌ی دێنێت. شیعری په‌شێو... تۆماری واقعێکی پڕ ژان و سوێی تێشکانی مێژوو و سته‌مکاری داگیرکه‌ر و زه‌لیلی کورد و تاوانی پوازی ناوخۆ و سیاسه‌تی ئیفلیجبووی کوردییه.دوور له دیارده‌ی مێشکگوشین و سواڵی نێو فه‌رهه‌نگه‌کان و گه‌ڕان به دووی به‌رهه‌می بێتام و خاتری خاتراندا،شیعری بۆ دێته ژوان . راسته‌وخۆ بێ ئارایشت و په‌نابردنه به‌ر ( رموزات و سه‌مای قه‌ره‌قۆزانه ) گوزارشت له شته‌کان ده‌کات .
له رووخساری شیعر گه‌ڕێن، خه‌مخواری کورد تا کرێت و ناشرین بێ،روخساری کورد منداڵ و شێت راستگۆن !منیش منداڵێکی سه‌رسپیم و سه‌رشێتێکی لاساری کورد
زارم شیعری پێدا نایه‌ت ! له حه‌ژمه‌تی ورگ و قه‌ڵه‌م چاوشۆڕانی ده‌رباره‌ی کورد وه‌ک کاولی ! چه‌قه‌نه‌یان هه‌دا نادا بۆ گه‌مبۆڵ و جه‌للادانی قۆچداری کورد
لێره‌دا ووته‌یه‌کی ڤۆلتێرمان دیته‌وه یاد که ده‌ڵێ<< با چ تاجم له‌سه‌ر نه‌بێ ،خۆ پێنووسێکی پاک و پیرۆزم به‌ده‌سته‌وه‌یه که له هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ناترسێت>>. ره‌خنه‌ی په‌شێو، له پاڵ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی دیاریکراودا نییه،که بۆ ئامانجێکی سیاسی کورتبینانه دژی ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه ته‌رخان کرابێ. واته بۆ جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌وڵ نادات. بانگاشه‌ی ئایدۆلۆژییه‌کی حیزبی ناکات، به‌لکو وه‌ک خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ماکی و مینۆکی له خۆشه‌ویستی بست به بستی خاکی کوردستان و تاکه‌تاکه‌ی کورده. له قوڵایی و پانتایی هزرێکه‌وه له مه‌سه‌له‌کان ده‌ڕوانێت که خۆی به سه‌ربازی به‌رژه‌وه‌ندی باڵا پارێز و په‌رۆشخۆری راستییه‌کان داده‌نێ. بۆ ئه‌م ئامانجه‌ش شاڕێی بێ غه‌لوغه‌شی کوردایه‌تی هه‌ڵبژاردووه.
په‌شێو... وه‌ک چاودێرێکی ره‌خنه‌گر چۆته بۆسه‌وه و رووداوه‌کان سه‌رنج ده‌دات. زرنگانه و له‌ده‌موساته‌وه‌ختی خۆیدا دێته‌گۆ. به ئاگایه له‌وه‌ی ره‌خنه‌گر پێویسته له نوسه‌ر شاره‌زاتر بێت. به هه‌مان شێوه‌ش شاعیر ده‌بێت له سیاسه‌تبازه بازرگان و به زۆر سه‌پاوه‌کان باشتر له دۆزه‌که‌ی حاڵییه. بۆیه سه‌رئه‌نجامی هاوکێشه‌که لای په‌شێو روونه و ده‌زانێ به‌م نمایشته هێڵنجاوه‌ره کورد به کوێدا ده‌برێ و به چی ده‌گات ؟. شاعیر ده‌قێژێنێ :
ئه‌ی قه‌ڵه‌مه ده‌نووک سووره ئاته‌شییه‌که‌م، ئه‌مان!په‌نام هێنا به‌رت، قیژه‌یه‌ک،ته‌کانیک،گوڕێک! با زه‌رده‌شتمان له‌خه‌و رابێ، ئه‌مانه چین له‌سه‌ر ملان!؟ سه‌ری مرۆن! یا ملیۆنان گۆی به‌ر قاشووی چه‌ند سیخوڕێ
ده‌نگی په‌شێو...ده‌نگی ویژدانی کورده.ناوی په‌شێو روبه‌ری کوردستانه. پتر له 30 ساڵه باڵای شیعری به هه‌ورازی سه‌ختی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و ماندوو نابێت و ناسره‌وێت. په‌شێو..ده‌نگێکی جیاوازه له هه‌موو ده‌نگه‌کانی دیکه و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندێتی ره‌سه‌نی ناسراوی خۆیه‌تی و شاگردێکی چرا به ده‌ستی قوتابخانه‌ی خانی و حاجییه.
وه‌ک شاعیرێک له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازار و ژانه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یدایه. مامۆستا هێمن بۆ گوزارشت له‌م حاڵه‌ته ده‌ڵێ: خۆم ده‌ســـــــــووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک رۆشن بکه‌م کێ له رێی خه‌ڵکا وه‌کو ساعیر ده‌سووتێ شه‌م نه‌بێ
شاعیر به‌سه‌ره‌تایه‌کی سه‌رکه‌وتوانه‌ی بۆمبائاساوه هاته مه‌یدانه‌وه و تا دێت گوڕ و ته‌کانده‌دات به سه‌رکه‌وتنه‌کانی وئیمڕۆش له رووی چه‌ندایه‌تی و چونایه‌تییه‌وه بێ ئاسته‌نگ له هه‌ڵکشاندایه به‌ره‌و لوتکه.له رووبه‌رووبونه‌وه له‌گه‌ڵ میلله‌تدا بێ منه‌ت و ده‌ست پانکردنه‌وه نازناوی شاعیری راستی په‌رستی کوردایه‌تی به‌ده‌ست هێناوه.
په‌شێو چاک له گرێ کوێره و پوازه ناوخۆییه‌کانی مێژوو و سیاسه‌تی کوردی حاڵی بووه.له‌و تاوان و ناپاکییانه‌ی بوونه‌ته هۆی ئه‌تککردن و به‌لا رێدابردنی کوردایه‌تی بێده‌نگ نابێت. بۆیه شیعره‌کانی له‌باری هزری و سیاسییه‌وه له ده‌وری ته‌وه‌ری پرسیاره حه‌ساسه‌کانی " هه‌بوون،ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی،نیشتیمان،ئاڵا،ده‌وڵه‌ت و دوارۆژێکی به‌ختیاردا بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خول ده‌خۆن. له بایه‌خ و کاریگه‌ری بانگاشه‌کردن بۆ ئه‌مانه و مه‌ترسی وونکردن و له بیرچوونه‌وه‌یان به ئاگایه، خۆی ووته‌نی { میلله‌ت هه‌یه پێش ئه‌وه‌ی ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵکا سه‌د ساڵ پێش ده‌وڵه‌تی خۆی زانیویه‌تی کامه ئاڵایه‌تی!! کامه سروودی نیشتمانییه‌تی ! له رووی ده‌روونییه‌وه ئاماده بووه بۆ سه‌ربه‌خۆیی. ئێمه ده‌ترسین به خۆمان بڵێین نه‌ته‌وه، له هه‌ندێ شوێنان به خاکی خۆمان بڵێین کوردستان }.
په‌شێو...وه‌ک شاعیرێکی چرا به ده‌ستی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی ، گه‌واهێکی به ئه‌مه‌کی رۆژگاری تاڵ و پڕ له ژانی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. له‌گه‌ڵ هاتنه دی به‌شێ له ئاواته گه‌وره‌که‌ی و دواتر به‌ره‌و زینده‌به‌چاڵکردنی راپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی به‌هاری 1991 ده‌ڵێ:
باڵنده‌یه‌ک بووم، شه‌ته‌ک و ته‌نیا، باڵێکم کۆچ بوو ، باڵێک راپه‌ڕین نه‌مردم جارێک گه‌شتمه قۆناخ . دوای هه‌زاران جار ، که‌وتن و فڕین، باڵێکم دا به‌م، باڵێکم دا به‌و دوای سه‌فه‌ری دوورم بردمییه‌وه خه‌و.
به‌یانی هه‌ڵسام، ده‌ست شه‌ته‌ک دراو، پێ شه‌ته‌ک دراو، نه یه‌ک چنکه نان ، نه یه‌ک چۆڕه ئاو، هه‌ر به زیندوویی ئاوه‌ڕووتکراو،
چه‌می ئومێدم بوو به ئاوه‌ڕۆ ئاڵای شه‌کاوه‌م بوو به دوو په‌ڕۆ.
به‌دوای ئه‌م بارودۆخه پڕ مه‌ترسی و له گرێژنه‌براوه‌دا،که کوردی تێدایه. دوای شه‌ڕی نه‌فرینی براکوژی،کوردکوژی و کوردستان کاولکردن ، کێ له ئێمه ده‌توانێ له‌و راستییه مێژووییه نکۆڵی بکات، که زایه‌له‌ی یه‌که‌م ده‌نگی نارڕه‌زایی و تۆماری یه‌که‌م هه‌ڵوێست شیعری په‌شێوه ، که کتومت به باڵای خه‌مه گه‌وره‌که‌دابڕاوه.
دیاره واقعی تاڵی ئه‌مڕۆ په‌شێوی هیوا بڕاو نه‌کردووه و ده‌ستی پێ له دۆز و ئامانجه‌کانی نه‌شتووه. وه‌لێ له باری سه‌قه‌ت و شێواو و ره‌فتاری ناپه‌سه‌ندی سیاسه‌تی گه‌ڕه‌لاوژێی کوردی بێسه‌روبه‌ر سه‌ری سوڕماوه!. هه‌رچه‌ند بیری لێده‌کاته‌وه،ناتوانێ خۆی بخاته سه‌ر بارێ که < کوشتن و بڕین > ی کورد پیرۆز بکات. وه‌یان تێکه‌ڵ به‌و گه‌مه و وازییانه بێت که به خوێن ده‌چن به‌ڕێوه. ناتوانێ خۆی له ژێر سیبه‌ری فه‌رهه‌نگی شه‌ڕدا ببینیته‌وه. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش په‌شێو.. هێشتا هه‌ر باوه‌ڕی گه‌شه و ده‌زانێ و کار ده‌کات بۆ کۆتایی هێنان به‌م { نمایشته هێڵنجاوه‌ره} . گه‌شبینانه به ئاسۆی شیعردا هه‌ڵده‌گه‌ڕی و هیواکانی ده‌گه‌شێنێته‌وه. هه‌واڵی سبه‌ینێی شادی جاڕ ده‌دات و مژده‌ی باوه‌ڕی شۆڕشی نه‌وه‌ی داهاتوو راده‌گه‌ێنێ و خه‌و به ئاینده‌یه‌کی پڕ به‌خته‌وه‌رییه‌وه ده‌بینێت. له‌گه‌ڵ ووته‌که‌ی شیلله‌ردا بۆ< خه‌ونی لاوان دڵسۆز بن > خزمه.
له زمان و سه‌ر بێزارم، دیسان چاوم له ئێوه‌یه زارۆیانی نه‌داری کورد ! سه‌رێکی دی به ئه‌ستۆمه‌وه بنووسێنن. زمانێکی دی بخه‌نه ناو زاری کورد ! له دایک بن ، هه‌تا ئێوه نێنه دنیا خوێنی تازه‌ی تێناگه‌ڕێ ده‌ماری کورد
په‌شێو... به ده‌نگێکی بڵندتر و هیوایه‌کی زۆر گه‌شتره‌وه،بانگه‌واز له کچان و کوڕانی سبه‌ینێی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات و خۆی به نزیکیان داده‌نێ و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و سۆزه ده‌کات که پێشتر پێی دابوون.
من ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵتان جه‌مێک بخۆم من دڵنیام، نانی ئێوه، تامی خوێن و زووخاو نادا
ئه‌وجا باسی گه‌شتوگوزاری خۆی به دنیادا ده‌کات. ده‌زانێ بوون و چاره‌نووسی له‌م ژینه‌دا به دوو شته‌وه به‌ند بووه.{ که‌ڵه‌کی سه‌ر شه‌پۆل و لکێک داری به‌رده‌م ره‌شه‌با}.ئه‌وده‌مه‌ی که ده‌ستنیشانی کردووه بچێته لایان،هه‌موو داوا و هیوایه‌کی به‌رجه‌سته ده‌کات له :
ئه‌و رۆژه‌ی دێم پاسپۆرتێک ، بۆم ئاماده که‌ن! زه‌رد بێ ، سوور بێ شین بێ ، مۆر بێ یاا ره‌شێکی وه‌ک قه‌تران بێ.
له‌م ژینه‌دا، به حه‌سره‌ت بووم، ته‌نیا رۆژێ! پێناسێکی!! زێدی خۆمم له گیرفان بێ.
دیاره مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو و سته‌ملێکراو ، مه‌سه‌له‌یه‌کی جه‌وهه‌ری بیروباوه‌ڕ و له به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌دان. هه‌ر وه‌ک ئه‌م دیارده‌یه له مێژووی زۆر له گه‌لانی دنیادا به‌رچاو ده‌که‌وێ. زۆر له شۆڕشه گه‌وره‌کانی دنیاش،زه‌مینه‌ی داڕشتنی بناخه‌یه‌کی شیاو و پته‌و بۆ بیناکردنی ته‌لاری تێکۆشانی دروست شین کردووه، بوونه‌ته مایه‌ی رسکانی ئه‌قڵ و هێزی خۆیی بۆ گوڕدانه‌خۆ و په‌روه‌رده‌کردن و چه‌کدارکردنی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری و تێگه‌یشتن له بنه‌ما و هۆ و هۆکاره < مێژوویی و ئابووری و سیاسی > یه‌کان و بیرکردنه‌وه له پێناوی خۆناسین بۆ چاره‌سه‌رکردن و له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکێشانی ده‌مار و ده‌رده کوشنده‌کان و ده‌ستنیشاکردنی سه‌نگه‌رێکی دروست و مه‌حکه‌می خه‌بات . به چاوبڕینه ئاسۆی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌م ئه‌رک و پێداویستییه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌ی خه‌بات ته‌نیا له هاوکێشه‌ی سیاسی و ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا نییه، یاخود زۆر به کز و لاوازی به‌رچاو ده‌که‌وێت. روون و ئاشکرایه، زیان و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، که هه‌موو شت به ره‌هه‌نده‌کانیشیانه‌وه کراونه‌ته پاشکۆی سیاسه‌تی چه‌واشه‌ی ئه‌و سیاسه‌تبازانه‌ی به تاقیکردنه‌وه پووچه‌ڵی و نابووتبوونیان سه‌لمێندراوه. بۆیه ده‌بینین له پرۆسه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاریدا ئه‌رک و رۆڵی شاعیر و ئه‌دیب و رۆشنبیر گه‌وره و ناسک و حه‌ساس و پڕ له به‌رپرسیاریتییه. هه‌موو یه‌کێ له‌وانه خۆڕاگری و توانای ئه‌و ئه‌رک و تاقیکردنه‌وه‌یان نییه.ناتوانن تاجی سه‌روه‌ری بکه‌نه سه‌ر خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان ، تا به ره‌هایی ویژدانییان ئارام بگرێت. ببنه ئه‌ستێره‌ی هه‌میشه دره‌وشاوه.
هه‌ر له باوه‌ڕبوونی به هێزی مه‌زن و کاریگه‌ری رۆشنبیره‌وه‌یه، کاتێ په‌شێوی شاعیر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یه‌کێ له گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌کانی به‌سه‌ر کورد دا دێت. بۆدژ وه‌ستانه‌وه به‌رانبه‌ر به شه‌ڕی گڵاو و تاوانباری براکوزی و کوردکوژی. له بری باوه‌ڕهێنان و بالۆره‌لێدان بۆ ستراتیژی کوردی ده‌ستنێژ و دیلی ده‌ستی داگیرکه‌ران، که خۆی له‌م وێنه شیعرییه‌دا ده‌بینێته‌وه ده‌ڵێ:
ئه‌وان هه‌ردووک ده‌می تیژی یه‌ک مقه‌ستن! بۆ بڕینی به‌ندی دڵی داخداری کورد چاو له به‌غدا،قوون له تاران، گوێچکه له شام له ئه‌نقه‌ره‌ش قه‌مته‌رکران، که‌وماری کورد
تا له شوێنێکی دیکه هه‌قیقه‌تێکی دیکه‌مان له‌مه‌ڕ ناسنامه و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تمانه‌وه بۆ به‌یان ده‌کات و ده‌ڵێت:
کوچک ره‌شن، بڵێ، هانێ ئه‌مه ئاڵای سه‌رفرازی! ئه‌وان کفنت بۆ هه‌ڵده‌که، بڵێ هانێ ، ئه‌مه که‌وسه‌ری سه‌رکه‌وتن! ئه‌وان ژاری تێشکانی تێکه‌ڵ ده‌که‌ن .
له بری ئه‌م دروشمه ناوه‌ندییانه‌ی سیاسه‌تی کوردی په‌شێو ده‌ڵێ {پێویسته هێزێک بۆ تێشکاندنی میکانیزمی براکوژی که له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه دانراوه، پێک بێت، ئه‌وه ئه‌رکی رۆشنبیری کورده، نه‌ک ...........!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!. ______________________________ سه‌رنج و په‌راوێزه‌کان: ئه‌م نووسینه هه‌وێنه‌که‌ی دوو ووتاری دوو کۆڕی مامۆستا په‌شێوه، که له رۆژانی 20.9.1997 له شاری به‌رلین و 11.12.1997 دا له کۆپنهاگن رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد ـ سۆکسه بۆیان ساز کرد بوو. <> هه‌روه‌ها زیاتر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌سه‌رکردۆته‌وه که له‌و دوو کۆڕه‌دا پێشکه‌شکراون به ناوی <براکوژی>. ده‌نا به تێروته‌سه‌لی هه‌موو شیعره‌کانی دژی براکوژی شاعیری نه‌گرتۆته خۆی. <> ئه‌و ووتانه‌ی شاعیر که خراونه‌ته دوو که‌وانه‌ی { } وه له ده‌قی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی MED.TV ـ به‌رنامه‌ی کاروانی ئێواره‌ی رۆژی 20.12.1997 که له‌گه‌ڵ شاعیردا کراوه وه‌رگیراون. شیعره‌کانیش له ژماره 24 و 25 1997 ی گۆڤاری < خویندکاری کورد > و دوو کۆڕی ناهوبراوه‌وه وه‌رگیراون. <> به‌کریگیراوی ئایدۆلۆژییه‌کان سه‌رده‌مانێک شیعره‌کانی ( دوانزه وانه بۆ منداڵان) ی په‌شێو، ئه‌و شاکاره شیعرانه‌یان به ژه‌نگی شمشاڵ و هه‌نگوینی تاڵ دادایه قه‌ڵه‌م. <> دوا سوکایه‌تی و قه‌شمه‌ڕجاڕی له نووسینی کوردی‌دا ئه‌و ووتاره‌یه که له رۆژنامه‌ی به‌ناو < ئاڵای ئازادی > دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. هه‌موو بنکه و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و < تجمع>ه که مه‌گه‌ر هه‌ر خۆیان بزانن کێ قوڕمیشیان ده‌کات !<؟ خۆیان گووشیوه به ناوی < نه‌هرۆ هه‌ینی > ناوێکه‌وه ژه‌هراوی بوغز و قینیان به په‌شێو و کوردایه‌تیدا هه‌ڵڕشتووه. ئه‌و کاره نامه‌سئولانه هه‌ر به ناونیشانه‌که‌یدا ده‌زانرێ چه‌ند هه‌رزانفرۆش کراوه. سیفه‌تی مرۆ و ده‌سته و تاقمی چه‌واشه‌که‌ر و به‌زیوه، له پێناوی مه‌رامی گڵاوی سیاسی و مشتێ تمه‌نی چــڵــکنــدا.
sokse@gmx.de
|