په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١\٢٠١٢

له‌ (٢٠١٢)دا ده‌وڵه‌تی سەربەخۆی كوردستانی باشوور رادەگەیه‌ندرێ.

 


مەسعوود بارزانی سەرۆکی باشووری کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (باراک ئۆباما)-دا جەختی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد کردووەتەوە، ئەگەر و پێشھاتەکانیش ئەوە دەردەخەن کە رەنگە لە ساڵی ٢٠١٢دا بێت

ماڵپەڕی ekurd.net رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لە ھەواڵێکدا ئەوەی خستووەتە روو کە بارزانی لە قۆناغەکانی کۆتایی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیدایە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش ئەو لایەنەی لەگەڵ ئۆباما دووپات کردووەتەوە. لە ٢٣ی کانونی یەکەم/ دیسەمبەر لە ئۆفیسی خۆی لە سەری رەش پێشوازی لە شاندێکی سەربازی و ھەواڵگریی تورکی کردووە و ھەمان شتی بەوانیش راگەیاندووە.

ھەفتەنامەی (باس) لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی، (فەیسەڵ دەباغ) راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ناوەرۆکی ھەواڵەکەی رەت کردەوە و لە ئاخاوتنێکی بۆ (باس) گوتی “لە ماوەکانی رابردوو بارزانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا قسەی کردووە و بابەتی گفتوگۆکانیان پێوەست بووە بە گرژییەکانی عێراقەوە، بەڵام لە پێوەندییەکەدا باس لە سەربەخۆ بوونی ھەرێمی کوردستان نەکراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ھەندێ ناوەندی بڕیاری سیاسیی نێودەوڵەتییەوە گەیشتووەتە چەند کەناڵێکی راگەیاندنی جیھانی، لە ساڵی ٢٠١٢دا عێراق چەند گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆوە دەبینێ، کە بەدابەشبوونی ئەو وڵاتە کۆتایی دێت و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نزیک دەبێتەوە.

بەبڕوای ھەندێ سەرچاوەی نزیک لە سەرکردایەتیی کورد، ئەم پرسە پێوەستە بە چارەنووسی پرۆسەی سیاسی لە نێوخۆی کوردستان و عێراق، ھەروەھا گرێدراوی چەند پێشھاتێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشە، لەوانە داھاتووی سیاسیی کورد لە سووریا و ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووریی جیھان.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگەدار میکانیزمی دابەشبوونی عێراق دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ دەکات، کە عێراق شەپۆلێکی گەورەی توندوتیژی بەخۆوە دەبینێت، بە شێوەیەک، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێ ھێزێکی ئاشتیپارێز بنێرێتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی رێ لە سەرھەڵدانی شەڕی تایفی و مەزھەبی و نەتەوەیی بگرێ و ناوچەکانی جێی ناکۆکی لەیەکتری جیا بکاتەوە و مافی چارەی خۆنووسین بۆ ھەرسێ پێکھاتەی عێراق دابین بکات. کە ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیەیە کە جۆ بایدن جێگری ئێستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دابەشکردنی عێراق بۆ سێ ھەرێم دایناوە.

بەپێی بابەتێکی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، دوابەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە خاکی عێراق، ئەم وڵاتە بەرەو چارەنووسێکی نادیار مل دەنێ و لە ھەموو کاتێکیش نزیکترە بۆ دروستبوونی شەڕی تایفەگەری، د. رۆبەرت ئۆلسن مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کینتاکی لە ئەمەریکا و پسپۆڕ و شارەزا لە پرسی کورد لە بابەتێکدا بەناوی عێراق لە دوای ئەمەریکا، کە سەرەتای ئەم ھەفتەیە لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنالی ئەمریکی بڵاو بووتەوە، پێیوایە ئەمریکا لەو ھەشت ساڵەی لە عێراق بووە، زیاتر سیاسەتەکانی لەسەر پارچەبوونی عێراق و بەھێزکردنی کوردستان بووە. بەبڕوای ئەو سەرەڕای ئەو ھەموو قوربانییە گیانی و ماڵییەی ئەمریکییەکان لە عێراق، واشنتۆن بە دەستبەتاڵی گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا.

ئۆلسن، کە کتێبێکی لەسەر پرسی کوردی باکور ھەیە بەناوی (خوێن، بڕوا و دەنگدان: مامەڵەکردن لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردی لە تورکیا) کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ کراوە، لەبارەی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە لە عێراق نووسیویەتی “سیاسەتەکانی ئەمریکا نەک تەنیا بووە ھۆی کەرتبوونی عێراق و دروستبوونی دوو ناوچەی جیاواز، بەڵام پشتیوانیکردنێکی بەھێزی ئەمریکا بۆ دەستوورەکەی ساڵی ٢٠٠٥ وای کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێ کۆنتڕۆڵی سەرچاوە نەوت و غازەکانی ھەرێمەکەی بکات و ھەروەھا رێگەشی خۆش کرد بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵی سامانە سروشتییەکانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش بکات کە کەوتوونەتە نێوان سنووری ھەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننی نیشنەکان”.

رۆبەرت ئۆلسن کە زۆربەی بۆچوونەکانی لەسەر عێراق، دژی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە و یەکێک بووە لەو پسپۆڕە ئەمریکییانەی دژی ھاتنی ئەمریکا بووە بۆ عێراق، لە درێژەی وتارەکەیدا باس لەوە دەکات ئەگەر کورد توانی سەروەت و سامانی ناوچەکانی تایبەت بە مادەی ١٤٠ کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ھیچ پرسیارێکی لەسەر نامێنێ و لەمبارەیەشەوە نووسیویەتی “ئەگەر سەلمێنرا ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە، نزیکەی ٥٠ ملیار نەوتی یەدەگی تێدایە، ئەوا سەربەخۆیی کوردستان گومانی لەسەر نامێنێت”.

سەردانی بارزانی و مالیکی بۆ ئەمەریکا.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ھەواڵی ئوور، بڕیارە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لە بەھاری ٢٠١٢ دا دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێ.

ئاژانسی ھەواڵی (ئوور)ی عێراقی، کە خۆیان وەک دەزگەیەکی سەربەخۆ دەناسێنن و زۆرتر گرنگی بە ھەواڵە پەنھان و ھەستیارەکانی ناوەخۆی عێراق دەدەن. ئەم ھەواڵەی لە زاری کۆمەڵیَ ‌چالاکوانی ‌عێراقی‌ گواستووەتەوە کە ئەوان ئاگەدارن لەوەی بارزانی لە ‌ئامادەسازیدایە بۆ ڕاگەیاندنی ‌دەوڵەتی ‌کوردیی سەربەخۆ.
____________________________
سەرچاوە: خۆرنیوز.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک