په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٢

لە ٢١\١٢ چش لە خورافات!


سیروان ئەمین       


ئەمڕۆ بەیانی زوو لە خەو ھەستام، چوومە بەردەم ئاوێنەکە و دیقەتێکی خۆمم دا، وەک ڕۆژانی تر چوومە خوارەوە بۆ وێستگەی پاسەکە، لە ڕێگاکەی سەرەوە کۆمەڵی مناڵی جوان خاوە خاو بە جانتاکانیانەوە بۆ خوێندنگا دەچوون، چەند کرێکاری شارەوانی بەفریان لە ڕێگاکان پاک دەکردەوە، چەند ئۆتۆمۆبیل بە توندی بەلامدا تێپەڕین، شۆڤێری پاسە بە کڵاویکی سوورەوە کە لەبەر جەژنەکانی کریسمیس لە سەری کردبوون بە ڕوو خۆشیەوە سەڵاوی لێکردین، ئەو بەیانیە سپی و ساردە وردە وردە گەرم دەبوو و ژیان ئەکەوتەوە بەر ھەموو شت، پاش شەوێکی ئەنگوستە چاو بەفر بارینێکی زۆر، ھەموو شت بۆنی جوڵەو ژیانی لێ دەھات.

دەمێکە دەنگۆی ئەوە ھەیە کە ئەستێرەیەک خۆی دەکێشێ بە زەویدا و کۆتای بە ھەموو ژیان دەھێنێ، زۆرێک کە ھەمیشە دەیانەوێ مرۆڤی ئازاد و وەدەنەگ ھاتوو بتۆقێنن و دەستەمۆیان بکەن، ئەم باسەیان قۆستەوە و لە بەرینترین ئاستدا کەوتنە بڵاو کردنەوەی، تەنانەت ھەندێک ھەڵسان بە بڵاو کردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی ئەستێرەکە و نزیک بوونەوەی لە زەوی، ئەمە بێجگە لە فیلمێکی زەبەڵاحی ھۆلیۆد کە کۆڵی پارەی کۆکرایەوە.

ئەم باسە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟*


مایاکان کە لە ئەمریکای لاتین پێش چەند ھەزار ساڵێک لەمەوەبەر ژیاون، پە پێی بۆچوونی مایاکان ھەرچوار سەد و دە ساڵێک گرێیەکە و چوار ھەزار و سەد ساڵیش سوڕێکە، زەمانێکە، کە ئەم زەمانە تەواو بوو زەمانێکی تازە دەست پێ دەکات و ٢١ی ئەم مانگە کۆتای ئەو زەمانە بوو کە مایاکان باسی دەکەن.


باسەکانیش بەرگێکی زانستی بە بەردا کرا، ئەوکەسانە کە بڕوایان وایە دەڵێن، ئەستێرەیەک ھەیە بە ناوی نیبرۆن و بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، ھەر سوڕێکی ٤١٠٠ ساڵێکی پێ دەچێ، لە کۆتایی دەورەکەشدا کە لە زەوی نزیک دەبێتەوە، زەوی ھێزی کێشکردنی خۆی لە دەست دەدات و ھەرچی ناوەوەی زەویە کە لە ئاسن و نیکڵ پێکھاتووە ئەستێرەی نیبرۆن بۆ خۆی کێشان دەکات و زەوی لە بازنەی خۆی دەردەچێ و ھەڵ دەوەشێتەوە، ئەم کەسانە دەڵێن ئەم ڕووداوە پێشتریش ڕووی داوە و نەمانی ئاژەڵە زلەکان..دەیناسورەکان.. لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا نەماون و بۆ ماوەیەک زەوی وێران بووە.


زۆریک لە زانایان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە مایاکان مەسبەستیان ئەوە بووبێت کە زەوی لە ناو دەچێ بەڵکو وتوویانە کە زەمەنێک تەواو دەبێت و زەمەنێکی تر دەست پێ دەکات.


ئاشکرایە ئەگەر کەسێک یەک کەم شارەزای دەربای سوڕانی زەوی و خۆر و ئەستێرەکان بێت دەزانی کە زەوی پارێزراو نیە ئاساییە ئەگەر ڕۆژێک لە رۆژان تەنێکی ئاسمانی ڕووی تێبکات و تەفرو تونای بکات، بەڵام ئەوە بکرێتە ئامانجێک بۆ تۆقاندنی خەڵک و تووڕەی خواکان و بیکەنە تاوانی مرۆڤ لە بەر گوناھەکانی ئەوە ئیتر جێگەی نەفرەتە.

ئەم باسانە لە دێر زەمانەوە ھەبووە ھەر زەمانێک بە شێوەیەک باسکراوە، بۆ نمونە:


ئێمە لە کتێنە ئاسمانیەکاندا چەندین چیرۆکی وای تێدایە کە خواکان توڕە بوون و گوندێک، شارێک یان دەڤەرێک بەر نەفرەتی خوا کەوتن و ژێر و ژور بوون، یان تۆفانێکی وەک ئەوەی نوح سەرجەم زەوی ئاو دایپۆشیوە و تەنھا کەمینەیەک ڕزگاریان بووە، ھەڵبەتە ئەم چیرۆکانە لە داستانەکانی سۆمەریەکان و بابلیەکنیشدا ھاتووە.

لە کتێبی ئیسلامدا ھاتووە کە کابرایەک بە بلوێرێکی پێەو لەوەتەی دونیا ھەیە چاوی لە عەرشی خودایە تا ئەگەر ئەمری پێبکات فوی پێدا بکات، جا کە فوی پێدا کرد یەک مرۆ نامێنێتەوە و دەتوێنەوە تەنھا کلینجکەیان نەبێت، دوای فویەکی تری پێدا دەکا، مرۆڤەکان لە سەر کلینجەکانیان ساغ دەبنەوە وەک گیا.**

دەربارەی لوتتەکان کە خوا لەسەر چەند کرداری نابەجێ لە خەڵکی ناوچەکە توڕە دەبێت، لە ژێرەوە گرکان و لە سەرەوە بەردی ئاگرینیان دەبارێنێتە سەریان و ھەمویان لە ناو شلی کبریتدا دەسوتێنێ.***

ھەروەھا نەتەوەکانی عاد و سمودیش بە ھەمان شێوە بەر نەفرەتاکانی خوا دەکەون لەو چیرۆکانەدا و ماڵ و حاڵیان لە گەڵ زەوی تەخت دەکرێن، ئەمە جگە لەوەی ھەڕەشە گەلێکی زۆری خواکان لە ئەو کەسانەی کە پێچەوانەی ویستی ئەوان ھەڵس و کەوت دەکەن جێگەیان ئاگر و مەنجەنیق و دەکەونە بەر پەلاماری ئەژدیھا و مارەکان بۆ ھەزاران ساڵ.


ئامانج لە ترساندنی خەڵک بە ئاخر زەمان و وێران بوونی دونیا و ئەم ھەڕەشە و گوڕەشانە ترساندن و تۆقاندنی مرۆڤە تا داماو و ترساو بن و ھەمیشە خەڵتانی خەم بن و خۆشی نەکەن، چونکە مرۆڤ ئەگەر سەرحاڵ و بێ ترس بێت ئیتر گوێ ناداتە خورافە و ئازاد دەژی، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە لەو کۆت و زنجیرانە ڕزگاری بێت لە ساڵەھای ساڵە دەست و پێی گرتین.

ساڵی ٢٠١٠ پیاوانی جمھوری ئیسلامی ئێران بوومە لەرزەکانیان بۆ ئەوە گەڕانەوە کە کچان سینگ و ملیان بەدەرەوەیەو حیجابیان نیە، یان کە شەپۆلەکانی تسۆنامی کەنارەکانی تایلاندیان نوقم کرد و ھەزاران کەس بوونە قوربانی، ئەو‌کات بانگخوازە ئیسلامیەکان کردیان بەھەرا و وتیان خوا تۆڵە لە مرۆڤەکانی ئەو ناوچانە دەکەنەوە چونکە فەسادیان زۆر بووە، ھەروا لە نەوەدەکان کتێبیک دەرچوو لە لایەن ئیسلامیەکانەوە گوایە نەخۆشی ئایدز غەزەبی خوایە لە ئەو کەسانەی کە فەساد بڵاو دەکەنەوە، ئەم قسە بێ بنەماو بەلاشانە بەردەوامن و دەکرێن، بەڵام تادێ دەبنە جێگای نوکتە قسەی خۆشی خەڵکی و گاڵتەپێکردن.


زانستی ئەمڕۆ بە شێوەک پێشکەوتووە کە مەجالێک بۆم ئەم باسانە نەماوەتەوە، بەڵام دەوڵەتانێک یان ڕەوت گەلێکی کۆنەپەرست کە نانیان لە سەر ڕاگرتنی خورافە و بەلاڕێبردنی خەڵکیدایە، دەستی پێوە دەگرن بە نیازی درێژەدان بە پاراستنی قازانج و مانەوەیان.

_______________________________________
سەرچاوە:

* (الاسلام سوال و جواب):http://islamqa.info/ar/ref/49009  

** (انمی):http://anime.uaefal.com/showthread.php?t=376165

*** (اجابات گوگل):http://ejabat.google.com/ejabat/thread?tid=0acc122a31e3a7c6

 

ماڵپه‌ڕی سیروان ئهمین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک