په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٣

لە ٨ى مارسدا چى بکەین؟!


فەرمان چیمەن*     


هەموو ساڵێک بەبۆنەى ٨ى مارس رۆژى جیهانى ژنەوە چەندین چالاکى و ئاهەنگ و بەزم و چى و چى ساز دەکرێ، زۆربەى چالاکیەکان لەساڵانى پێشتردا خۆى لەئاهەنگ و جلى کوردى لەبەرکردندا بینیوەتەوە، هەڵبەت ئەمەش دەسەڵاتى بۆرژوازخوازى یەکێتى و پارتى لەپشتەوە بووەو بە مەبەست ویستوویانە ئەم رۆژە بەمشێوەیە یاد بکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ رۆژەکە بەشێوەیەکى تا رادەیەک جیاوازتر یاد دەکرێتەوە، بەپێى ئەو ئامادەکاریانەى بۆى کراوە، چونکە وا بڕیارە لەسلێمانى خۆپیشاندان و لەهۆڵەنداو بەریتانیا گردبوونەوەو کۆڕو سیمینار سازبکرێ و راستى ئەم رۆژەو پێویستیەکەى بۆئەوەى چى بکەین و چى کراوە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەو قسەى جیددى لەسەر بکرێت، ئەمە جگەلەوەى کە تا ئێستا ٢ کەمپینى باش بۆ ئەم رۆژە ئامادەکراوەو کارەکانیان بەردەوامەو توانیویانە دەیان رێکخراو و ناوەندو سەدان کەسایەتى بهێننە پاى راگەیاندنى کەمپینەکانیان بەوەى کە داواى مافەکانى ژنان و ئازادیی و نان بۆ ژن دەکەن، هاوکات باس لەگرنگى رۆڵى ژن لەپێگە کۆمەڵایەتی و سیاسى و ئیداریەکانیش دەکەن، وەک تۆرە کۆمەڵایەتیەکانى فەیسبوک و ناوەدەکانى ترى راگەیاندنیش ئەمسالڕ تا رادەیەکى باشتر گرنگى بەم پرسە دراوەو زیاتر رۆشتۆتە پێش، بەڵام ئەوەى کە مایەى نیگەرانییە سەربارى هەموو ئەمانە زۆر بەکەمى باس لە پێویستى گۆرینى تێروانینى پیاو بەرامبەر ژن کراوە، بەمانا فراوانەکەى کەمتر باس لەگرنگى و پێویستى گۆرینى پەروەردەى خێزانى و پێویستى گۆرینى پەروەردەى توێژى خوێندکاران و قوتابیان لەناوەندەکانى خوێندن کراوە.


هەرچەندە لەدواى ساڵى ١٨٥٧ ەوە کە ژنانى کارگەى رستن و چنینى نیۆرک خۆپیشاندانێکى گەورەیان سازکرد ئەم رۆژە لەکاتى جیاوازى هەمان مانگدا یاد دەکرایەوەو خەبات بەردەوام بوو بۆ ئازادیی ژن و دابینکردنى مافەکانیان، بەڵام دواجار رۆژى ٨ى مارس لەساڵى ١٩٢١ و لەسەر دەستى کلارا زتکینی چالاکوانى کرێکارى ئەڵمانى وەک رۆژى خەبات دژى جەنگ، خەبات لەپێناو مافى دەنگدان بۆ ژنان و دابینکردنى مافى دایکان و مناڵان، هەروەها خەبات دژ بەهەڵئاوسان و گرانى نرخى شتومەک لەبازاڕدا دیاریکراو ئیتر تا ئێستاش ئەو خەباتە هەر بەردەوامە لەتەواوى جیهاندا، چونکە تا ئێستا کە ١٥٦ ساڵ بەسەر ئەو رۆژەو ٩٢ ساڵیش بەسەر ئەو ٤ داواکاریەدا تێپەردەبێت، کەچى جگە لە مافى دەنگدانى ژنان هیچ کام لە ٢ داواکەى تر ەهاتوونەتە دى لەزۆربەى وڵاتانى جیهاندا، تەنانەت وڵاتانى جیهانى یەکەم (ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا) تا ئێستاش بە بەکارهێنانى سیستمى سەرمایەدارى و کردنى ژنان بەئامێرو ئالەت بۆ مەبەستى بەرهەمهێنان لەمەیدانى کاردا نەیانتوانیوە مافەکانى ژنان و مناڵان بەتەواوى بەدەستبخەن، ئەمە جگەلەوەى کە بەهۆى ئەو سیستمە سەرمایەداریەوە بنەچەى خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتى و سۆزدارییەکانیان نەهێشتووە کە زەرەرمەندى یەکەم لەم پرۆسەیە ژنان بوون، لەبەرامبەریشدا هیچ حیسابێکى ئەوتۆ بۆ ژن نەکراوە لەکایە ئیدارى و سیاسیەکاندا، بۆیە لەئێستادا باسى پرسى ژنان لەوڵاتانى جیهانى یەکەمدا گەرموگوڕە و هەوڵ و خەبات بەرێدەخەن بۆئەوەى کە ناکرێ ژنان تەنها لەمەیدانى کاردا رۆڵیان هەبێ، بەڵام لە مەیدانى ئیدارى و سیاسیدا هیچ رۆڵێکى بەرچاویان نەبێ.


وەک وڵاتانى جیهانى سێهەم کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەى کەمترین مافى ئافرەتیان داوەو رێژەیەکى زۆرى کارەساتەکانى سەر ژنان لەو وڵاتانەیە، ئەگەر وڵاتى عێراق بەنمونە وەربگرین بەشێکى کێشەو ئاریشەکانى ژنان پەیوەستن بەیاساو رێنماییە خراپەکانى حکومەت کەلەگەڵ پێوەرە جیهانیەکان بۆ ئازادیی و مافى مرۆڤ یەکناگرنەوە، بەنمونە یاساى بارى کەسێتى و یاساى میرات و رێنماییە قەزاییەکانى هاوسەرگیریی لەدادگاکان و رێنماییەکانى مامەڵەى حکومەت لەگەلڕ کێشەکانى خێزان، بەشێکى تریشى پەیوەندى بەپەروەردەى خێزانى و هۆشیارى کۆمەڵایەتى و تاکەوە هەیە.


سەبارەت بەئێستاى کوردستان یاساى بارى کەسێتى و رێنماییە قەزاییەکانى هاوسەرگیریی چارەسەرکراون، بەڵام هێشتا حکومەت نەیتوانیوە رۆڵى ئەرێنى بگێڕێت بۆ سزادانى بکوژانى ژنان، هاوکات نەیتوانیوە بەشێوەیەکى تەندروستانە رۆڵى هەبێت لەچارەسەرکردنى کێشە خێزانیەکان و هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگا لە ئازادیی و یەکسانیی ژن و پیاو، هەڵبەت رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و راگەیاندنەکانیش دەستکورت بوون لەپرۆسەى هۆشیارى تاک و پرسى یەکسانیی و بەرابەریی ژن و پیاو، ئەوەى بەلاى منەوە زۆر گرنگە و جێگەى بایەخە کە بەداخەوە وەک ئاماژەم بۆ کردووە ئەوەیە کە لەسەرجەم ئاستەکاندا کەمترین بایەخ بەپێویستى گۆڕینى تێڕوانینى پیاو بەرامبەر ئازادیی ژن و مافى یەکسانیان لەگەڵ پیاو دراوە، ئاخر چۆن دەتوانین داواى بەرابەرى و یەکسانیی ژن و پیاو بکەین ئەگەر نەتوانین لەژیانى رۆژانەى خۆمان تێروانینمان وەک پیاو بەرامبەر ژن لە تێروانینى سێکسیەوە بۆ تێروانینێکى مرۆییانە بگۆڕین؟!


خۆشەویستیی یەکێکە لەمافە سەرەتاییەکانى هەر مرۆڤێک، بەژن و پیاوەوە، من سێ خوشکم هەیە دوانیان بە خۆشەویستیی شوویان کردووەو یەکێکیشیان هێشتا شووى نەکردووە، بەڵام پەیوەندى خۆشەویستیی هەیە، ئاگادارى پەیوەندیی هەر سێکیان بووم و هەم، هەڵبەت خۆیان ئەو باسەیان لەگەڵما کردۆتەوە و زۆرجار پرس و راوێژیان پێکردووم، ئەگەر منى پیاو لەباسکردنى ئەم مەسەلەیە لەسەر خوشکەکانم بترسم یان پێم شەرم بێ بەدڵنیاییەوە باس لە ئازادیی ژن و مافى بەرابەرى و یەکسانیی ژن و پیاو لەلایەن منەوە جگە لە درۆیەکى شاخدار و خۆدەرخستن زیاتر هیچى تر نییە، بەپێچەوانەوە پێویستە بەشانازیەوە باسى بکەم هەروەک چۆن ئەگەر براکەم پەیوەندیەکى خۆشەویستیی هەبێ پێى شاگەشکە دەبم، چونکە ئەوە منم توانیومە وا بکەم خوشکەکانم متمانەم پێ بکەن و پەیوەندى خۆشەویستیی خۆیانم بۆ باس بکەن و ئاگام لێیانەو بەسەر هەڵەدا نارۆن، نەک وا بیربکەمەوە کە من بەوە بێ شەرەف و گەواد ئەبم، ئێستا لەو هەرێمەى خۆمان دەیان چالاکوانى بوارى مافەکانى ژنان دەناسین کە وەک ژنى دووەمى پیاوێک رازى بوون یان سەدان پیاوى رۆژنامەنووس و نووسەر دەناسین کە بەردەوام باس لە ئازادیی ژنان و مافەکانیان دەکەن، بەڵام لە واقیعى ژیانى خۆیاندا تەواو پێچەوانەن تەنانەت هەندێکیان ژنى دووەمیان هێناوە، ئەم پرسە زۆر گرنگە ئیشى لەسەربکرێت و پێویستە خەبات بۆ ئەم پرسە بەردەوام بێ، چونکە ئەگەر ئێمە هەریەکەمان لاى خۆمانەوە ژن وەک مرۆڤ ببینین، ئا بەم شێوەیەى کە باسمکردووە، هەڵبەت کێشەکانى بەزۆر بەشوودان و کوشتنى ژنان بەبیانووى شەرەف و زەوتکردنى مافى خوێندن لەژنان و بێبەشکردنى ژنان لەبوارى کاردا چارەسەر دەبن، کەواتە تکایە با یەکەم جار پیاوانى رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و نووسەرو چالاکوانى مەدەنى و سیاسى و هونەرمەندو مامۆستاى زانکۆ لەخۆمانەوە دەستپێبکەین و ئەو هەموو هاتوهاوارەى بۆ مافى یەکسانیی ژن و پیاو ئازادیی بۆ ژن دەیکەین لەژیانى رۆژانەى خۆماندا رەنگبداتەوە، ئینجا ئەو کات قسەیەکیش لەسەر کەمتەرخەمیەکانى ئافرەت خۆیان دەکەین.
______________________________________________
* بریارمداوە کە ناوەکەى خۆم لە(فەرمان خێڵانی)ەوە بۆ (فەرمان چیمەن) بگۆرم، چیمەن ناوى دایکى ئازیز و خۆشەویستمە، ئەمەش وەک هەڵوێستێ لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی بەرامبەر ژنان دەکرێ، لەلایەکى تریشەوە پەیامێکە بۆ ئەوەى چیتر لە خۆمانەوە دەستپێبکەین و ئەو مافانەى بۆ ژنانى داوا دەکەین لە ژیانى رۆژانەى خۆماندا رەنگیان پێبدەینەوە.


بەلجیکا
fxelany@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک