٢٠\٢\٢٠١٣
لە ئاکرێ لقی
یەکێتیی قوتابیان یاسا پێشێل دەکەن.
سەنتەری
میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەینێت ھەندێ کادێری
یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئاکرێ رۆڵی دادوەر دەبیننء بێ رێزی دەکەن
بەرامبەر بە یاسای کاری رۆژنامەنوسی.
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، پاش ئەوەی تیمێکی کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە
قەزای ئاکرێ، بەمەبەستی روماڵکردنی ئاھەنگێڕانی بەشێک لە قوتابیانی
کولیژی پەروەردەی زانکۆی دھۆک و بە بۆنەی یادی شەست ساڵەی دامەزراندنی
یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئامادەبون، بەڵام لەلایەن بەشداربوانی ئەو
ئاھەنگە ھێرشیان کرایە سەر.
گوھدار محەمەد ئەمین، پەیامنێری کەناڵی سپێدە لە قەزای ئاکرێ بە میترۆی
راگەیاند ئەوان پێش ئەوەی روبکەنە شوێنی ئاھەنگەکە مۆڵەتیان لە بەشی
راگەیاندنی کۆلێژەکە وەرگرتوە. پاشان چونەتە ناو کولیژو وێنەی
ئاھەنگەکەیان گرتوەو دیداریان لەگەڵ بەشداربواندا کردوە. وتی " پاش
تەواو بونی ھەندێ وێنەگرتنء دیدار لەلایەن نزیکەی (١٠) کەس لەو
قوتابیانەوە پەلاماردراین" جەختیکردەوە" بە جوێندان و پەلاماردان
مایکیان لێسەندین و مایکء بلاجکتۆری سەر کامێراکەمانیان شکاند".
بەپێی لێدوانی تیمەکەی کەناڵی سپێدەی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە
حزبەکەیان یەکێکە لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ھەرێم ، ئەو ھێرشبەرانە
داوایان لە تیمەکە کردوە کاسێتی کامێراکەیان رادەست بکەن و بۆ ماوەی "پێنج
کاتژمێر لەناو کولیژەکە دەست بەسەر کراون".
گوھدار وتی" لە ژێر فشاری داواکەی یەکێتی قوتابیان پێنج کاتژمێر
ئێمەیان دەستبەسەر کرد" ھەروەھا وتی" تا کاسێتەکەمان تەسلیم نەکرد
نەیانھێشت کولیژەکە جێبھێڵین"
گوھدار باسی لەوەشکرد "لەکاتی پەلاماردانمان، مۆبایلەکانیان لێسەندینء
میمۆریەکانیان دەرھێناوەء ھەندێ گرتەی ڤیدیۆییان تێدا سڕیوەتەوە".
محەمەد مەهدی وێنەگری کەناڵەکە بە میترۆی وت" پەلاماردەران پێیان
دەوتین ئەگەر کاسێتەکەمان تەسلیم نەکەن تا بەردەم کەناڵەکە
راتاندەکێشین" جەختیکردەوە" لە ژێر فشاری پەلاماردەراندا کامێراکەمان
تەسلیمی پۆلیس کرد بە بێ کاسێتەکە"
سەنتەری میترۆ تا درەنگاێکی شەو، بە دواداچونی بۆ کەیسی پەلاماردانی
تیمەکەی سپێدە کرد، بە تایبەتیش لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە
لە ھەولێر عەبدولکەریم ئەحمەد، و بەرپرسی راگەیاندنی لقی ئاکرێی
یەکگرتوی ئیسلامی عبدالقادر عبدالرحمن، ئەوان بە رەسمی داویان کرد کە
بە دواداچون بۆ ئەم کەیسە بکەین.
میترۆ پەیووەندی بە ھەر یەک لە بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی قوتابیانی
کوردستانء راگری کولیژی پەروەردەی ئاکری وە کرد، داوای لێکردن
رونکردنەوە لەسەر ئەم روداوە بدەن.
شڤان شەماڵ بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە میترۆی وت
" کەس ئازاری نەداون، کەس کامێرای لینەستاندونء تەنھا بردومانن بۆ ژوری
عەمیدء داوامان لێکردوون ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بسڕنەوە کە تایبەتن بە
ئاھەنگی رێکخراوەکەمان" جەختیشیکردەوە" ئەم داوایەی ئێمە بۆ لەبەر
چاوگرتنی بارودخی کۆمەڵایەتی قوتابیان بووەء ھەر لەسەر داوای ئەوانیش
بووە".
راگری کۆلیژی پەروەردی ئاکرێ دکتۆر نزار خورشید بە میترۆی وت" ئێمە
رێگەمان پێداون بێنە ناو کولیژەکە بەڵام ئاھەنگەکە تایبەت بوە ئەوان
وێنەیان گرتوەء قوتابیانیش ناڕەزاییان دەربڕیوە لەلای ئێمە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارگرژییە بەرپرسی راگەیاندنی یەکگرتوی ئیسلامی
کوردستان لە ئاکرێی و تیمی کەناڵەکەو راگری کۆلێژی پەروەردەوەء نوێنەری
یەکێتی قوتابیان کۆبونەوە.
شڤان باسی لەوەکرد " ئێمە داوامانکرد گرتە ڤیدیۆییەکان بسڕنەوە بەڵام
ئەوان سورن لەسەر ئەوەی کاسێتەکەیان ون کردوە".
بە پێی مادەی ٧ ، لە یاسای ژمارە (٣٥) ساڵی ٢٠٠٧، یاسای کاری
رۆژنامەگەری لە کوردستاندا "رۆژنامەگەری ئازادەو ھیچ سانسۆرێکی لەسەر
نییەو ئازادی دەربڕینء بڵاوکردنەوە بۆ ھەموو ھاوڵاتیان دەستە بەرە، لە
چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتییەکانی تاکەکانء تایبەتمەندی
ژیانیان بە پێی یاسا " ھەروەھا لەمادەی حەوتەمی ھەمان یاسادا "ھاتووە
رۆژنامەنوس سەربەخۆیەو لە ئەرکە پیشەیەکەی ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە
جگە لە دەسەڵاتی یاسا".
بەی پێی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە کوردستاندا یەکێتی قوتابیانی
کوردستانء کولیژی پەروەردەی ئاکرێ، مافی ئەوەیان نیە سانسۆر لەسەر کاری
رۆژنامەنوسی دابنێنء لە بری دەسەڵاتی یاسا مامەڵە بکەن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت "
ئیدانەی دەسبەسەرکردنی تیمەکەی سپێدە دەکەینء ھەموو فشارو رێگریەک
بەرامبەر ئازادی رۆژنامەنوسی رەت دەکەینەوە".
وەک لە لێدوانی تیمەکەی کەناڵی سپێدە ئاشکرا دەبێت ھەندێ کادێری یەکێتی
قوتابیانی کوردستان لە ئاکرێ، رۆڵی دادگایان بینیوە ء بێ رێزییان
بەرامبەر بە یاسای کاری رۆژنامەنوسی کردوە.
میترۆ داوا لە تیمەکەی کەناڵی سپێدەو ھەموو ئەو رۆژنامەنوسانە دەکات کە
رێگریان بەرامبەر دەکرێت " ھەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگرنە بەر تا ھەموو
ئەوانەی سەرپێچی یاسا دەکەن بدرێنە دادگا".
____________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە
بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە،
نوسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، ئەم رێکخراوە، لە ھەرێمی کوردستان،
نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO)
دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
١٨\٢\٢٠١٣
- دھۆک
سەنتەری
میترۆ
|