په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٩

لە ئامێزی ھونەرەوە بۆ باوەشی سیاسەت.

هۆمەر         


سیاسەت ھات دڵی بردم بە تاڵان
دەبێ ھەر ساڵ بڵێم خۆزگەم بە ساڵان!
*


ھونەرمەند کە بوو بە مڵک و سەرمایەی میللەت و نەتەوەیەک،ئیدی ناتوانێت تەنێ ھەر لەسەر ویستی تاکەکەسیی خۆی بڕیار بدات و پشت لە ئارمانجە واڵاکانی نەتەوەکەی بکات. "پێشەوا"ی مەزن وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی،لە ھەستیارترین دۆخدا ھەر وەک "جەعفەر پیشەوەری"ی ئازەربایجان و زۆر کەسی دی،بژاردەیەکی دیکەیشی لەبەردەم بووبەڵام مانەوە لە پەنا نەتەوەکەی ھەڵبژارد کە سووریش دەیزانی باجی قورسی گەرەکە کە ئەویش بەختکردنی گیانە پیرۆزەکەی دەبێت،کەچی تەنانەت بۆ تاقە ساتێکیش دڕدۆنگی بە خۆی ڕێ نادات و بەرە و مەتەرێزی گەل ھەڵدەبژێرێت. نھێنیی ھەرمان مانەوەی ئەمجۆرە کەسایەتییانەیش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ھەمان ھەڵوێستی نەتەوەیی. بەڵام کەم نین ئەوانەی بۆ ڕەوشی ئێستا،قایل بە بۆچوون و ڕوانگەیەکی ترن و سووک و ھاسان دەڵێن،نووسەر،ڕووناکبیر و ھونەرمەند بۆ خۆی سەربەستە چلۆن بڕیار دەدات و ئەمە ھیچ پێوەندی بە خەڵکانی دیکەوە نییە!


ھونەرمەند "مەزھەر خالقی" کە بە یەک لە لووتکەکانی موزیک و گۆرانیی کوردی دادەنرێت و لای ھەمووان بە ھێما و سیمبۆلی ئاوەزمەندی و ئەقڵانییەت لە نێو ڕووبەری ڕۆشنبیرییدا لە قەڵەم دەدرێت،مخابن لە تەمەنی لووتکە و پێگەییشتوویی و ژیرییدا کەوتە نێو بۆسەکەیەوە کە ھیچ لە مرۆڤێکی بلیمەت و وریای ئەوتۆ،چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا.خالقی لە حاڵێکدا کەوتە نێو ئەو داوە دەستکردەوە کە بۆ نزیک بە ٤٠ ساڵ دەچێت کە نیشتمانی بەجێ ھێشتووە و تا ئێستاکە چەندان جار داواکاریی گەڕانەوەی لێرە و لەوێ،ڕەت کردبووەوە؛کەچی ئەمجارەیان کەوتە نێو چەقی بۆسەکەوە و"ئاویەر"ی سەرکەشی بەسەردا ڕووخێندرا.


ئامادەبوونی ھونەرمەند مەزھەر خالقی بۆ کۆنگرەی بە ناو "ناودارانی کورد"کە لە شاری سنە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە زانستی و چاندییەکانی کورد و داژداری کورد بەڕێوە چوو،گومانێکی زۆری لای ڕووناکبیرانی کورد دروست کردووە و زۆرینە لەسەر ئەو خاڵە کۆک و تەبان کە خالقی بەو ھەموو ئەزموونەوە،ھەرگیز نەدەبووایە خۆی لە قەرەی پرسێکی ھەستیاری ئەوتۆ دابایە. ئەرکی سازدان و بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە،لە ئەستۆی چەندان دەزگەی فەرمیی وەک ئەنجومەنی پارێزگەی سنە،فەرمانگەی ئیرشاد و بە ھاریکاری زانستگەی سنە بوو. ئەم کۆنگرەیە بە ئاخاوتنی ژمارەیەک کەسایەتی دیاری نێو دەسەڵات ھەر وەک عەلی یۆنسی(ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئەتن و کەمینە ئایینییەکان)،سەیید محەممەد حسێنی شاھڕوودی(نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگەی سنە)،بەھمەن مورادنیا(پارێزگاری سنە)و ... دەست پێ بوو،ھەروەھا لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا سەید عەبباس ساڵحی،وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران ،وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد. تەنانەت پێشوازییکردن لەم ھونەرمەندەیش، ھەر دەچێتە خانەی پێشوازییەکی فەرمییەوە. من نازانم ھونەرمەند مەزھەر خالقی تا چەندە گوشاری ئەملا و ئەولای لەسەر بووە و بەو دەردەیان بردووە بەڵام ئەم ھونەرمەندە لە ترۆپکی ئاوەزمەندی و ژیریی و ئەزمووندایە و تا ئێستایش چەندان جار بۆ گەڕانەوە،داوای ئەوتۆی لێ کرابوو کە ھەرگیز پێمل نەبوو بوو.


ئەم پرسە،ئەوەم بیر دێنێتەوە کاتێک شاعیری نەتەوەیی "ھێمن موکریانی"ساڵی ١٩٧٩گەڕایەوە ئامێزی نیشتمان،لەسەر شان و ملی گەل بوو کەچی لە پێشوازییکردنەکەی خالقی دا سیما و ڕوخسارێکی دیاری ڕووبەری ڕۆشنبیریی و بگرە جمە و خرۆشی گەلت ھیچ بەرچاو نەکەوت.


ھەر ئەم پرسە گومانەکە دوو ھێندە بەھێزتر دەکات و دەبووایە خالقی ئەوەی بەھەند وەرگرتبایە. ھەر وەک پێشبینی دەکرا،یەکەمین و دواھەمین ئامانجی کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد،بە ئێرانی ناساندنی ھەر ھەموو کوردان لە پارچەکانی دی کوردستان و بگرە جیھان و گوێزتنەوەی ئەم پەیامە بوو کە گوایە،کورد لە ھەر کوێ بێت،ئێرانییە و خۆیان گوتەنی،بە درێژایی دیرۆک،پارێزەری یەکپارچەیی خاکی ئێران بووە و ھەرگیز لە بن چەتری ئێران دەرنەچووە.
دەرەنجامەکانی کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد،لە جیاتی بەھێزترکردنی ڕۆحی یەکڕیزیی و تەبایی لە بەینی کورداندا ڕاست بەپێچەوانە کەوتەوە و تۆوی دووبەرەکی و کەرتبوونی لە نێو کۆمەڵدا چاندووە و ڕەنگە ئەمە یەک لە ئامانجە بە ناو لاوەکی(بەڵام سەرەکی)یەکان بووبێت کە ئێستا مخابن نیشانەی خۆی پێکاوە و کەم نین ئەوانەی لەم سۆنگەوە خەنی و خۆشحاڵن و ھەرگیز چاوەڕوانی ئەوەشیان نەدەکرد ئەوەندە سووک و سانا بتوانن دەستەبەری ئامانجە سەرەکییەکەی خۆ کە ھەمان دروستکردنی دووبەرەکی و بگرە چەند بەرەکییە،بکەن. دەسەڵات لە ڕێی ھێزی نەرمەوە،مەیدان و گۆڕەپانەکە بە خودی کورد دەسپێرێت و خۆی بە بێ بەفیڕۆدانی سەرمایەی مرۆیی،لە دەرەوەی بازنەکەوە،سەیرکەر دەبێت و بە تیرێک،چەند نیشان و ئامانج دەپێکێت. ئاخاوتنەکەی مەزھەر خالقی بە زمانی فارسی،بەداخەوە ھەڵگری ھەمان پەیام بوو کەچی خۆی گوتەنی،ویستم بە بەرپرسانی باڵا بڵێم ھەموو کوردێک،فارسی دەزانێت!


قسە لەسەر کۆنگرەی ناودارانی کورد زۆرە و تاوتوێ و لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی وردتری گەرەکە و لەم کورتە نووسینەدا جێی نابێتەوە؛بەڵام تاقە خاڵێک لێرەدا پێویستە دەستەبژێری کورد بەھەندی وەربگرێت و ھەر وا سووک و سانا بە لایدا تێنەپەڕێت،پرسی چاند و کولتووری کوردییە کە نابێت لە بن ترسناکترین ڕەوش و دۆخدا مامەڵەی لەسەر بکرێت و لە نێو فەرھەنگ و کولتووری زاڵ و باڵادەستدا نغرۆ بکرێت و لە ڕێی چاندی نامۆ و سەردەستەوە بەو دەردە ببردرێت و بتوێندرێتەوە. بۆیە توێژی زانستوەر و دەستەبژێری کورد گەرەک بە ھەستیارییەوە سەیری پرسەکە بکات و بۆ داھاتوو،نەکەوێتە نێو گۆمە لیخنەکەوە.


مەزھەر خالقی بەدرێژایی ئەم ساڵانە ھەرگیز توخنی سیاسەت نەکەوتبوو و ھەرگیز ھەڵوێستێکی ئەوتۆی سیاسیت لێ نەبینیبوو. کەچی ئێستا ڕاست کەوتە نێو چەقی سیاسەت و لە باوەشی سیاسەتدا گەڕایەوە نێو نیشتمان.


جێی ئیشارەت پێدانە کە باقر(مەزھەر)خالقی ،ساڵی ١٩٣٨(١٣١٧ی ھەتاوی)لە نێو بنەماڵەیەکی شێخەکانی کوردستاندا لە شاری سنە،لەدایک بووە.


تا ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی(١٩٧٩)زێتر لە ٢٠٠ ستران تۆمار دەکات. پاش سەرکەوتنی شۆڕش تا ساڵی ١٣٦٠(١٩٨٢)ھەر لە ئێران دەبێت. دواتر ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و دوای ماوەیەکیش دەچێت بۆ وڵاتی بەریتانیا و ساڵی ٢٠٠٢(١٣٨٠ی ھەتاوی)دەگەڕێتەوە باشوور و ناوەندێکی ھونەریی-کولتووریی بە ناوی "ئەنیستیتیۆتی کەلەپووری کورد"لە شاری سلێمانی دادەمەزرێنێت.ئەم ناوەندە،بایەخێکی فرە بە کۆکردنەوەی بەرھەمی ھونەریی و فۆلکلۆری کوردی دەدات و تا ئێستا کۆمەڵە بەرھەمێکی گرانبایی خستۆتە سەر گەنجینەی ھونەری کوردی. خالقی خاوەنی نزیک بە ٢٥٠ گۆرانیی و بەرھەمی فۆلکلۆرە.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە کۆنگرەی بە ناو "ناودارانی کورد"ڕۆژانی ١١ و ١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩(٢ و ٣ی جۆلای ٢٠١٩)خۆیان گوتەنی بۆ ڕێزنان لە کۆمەڵە کەسایەتییەکی کورد و دۆستی گەلی کورد لە ھەر ھەموو پارچەکانی کوردستان و بگرە ئێران و وڵاتانی بیانی،لە زانستگەی کوردستانی شاری سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

___________________________________
* شیعر: خۆزگەم بە ساڵان،ڕەحیم لوقمانی.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک