٢٢\٤\٢٠٢٢ لە ئاخەوە.. لە یارەوە!
دارا خونچە چوون ئەوەی دەمخواست لەسەر بەرزاییەکانی نیشتیمان وەدەرکەت لە کەلەنی دارسنەوبەرە بەرزەکانی پشت ماڵی یار پڕشنگی دا.. وە نێو دڵی پێنووسەکەمدا تێپەڕی و چۆڕ چۆڕ خۆبەخۆ دارژیا هەرچی وە مەژییمدا هات بەخشیم هەرچی لە دەستم هات درێخییم نەکرد.. نیشتیمان هەڵدێرا و خۆی وە من گرتەوە یار باڵی شکا و وەسەر شانی من نیشتەوە دەروازەی بەندیخانەکانم لەڕێسمەبردن لە هەر جێژوانەک سەکۆی ئازادییم داگیرساند.. تێکڕای زیندانییانم بەرهەڵدان و لە زێدی خۆیانم ئاکنجی کردنەوە.. سروودی رامووسان و پەخشانی ماچم وە کەشکەلانی ئاسمانان گەیاند.. لێ هێشتاکە لە سەنگەری ئەڤینداریی لە دەڤەری وارپەروەریی ئاخ و جوانییەکان هەراج دەکرین و پەڕوباڵی زار و زمانان دەردەکێشرێن هەست و سۆز و خولیای دڵان دادەپاچرێن ئای کوو وەدەستی هاوزێدگیریی ئای کوو وەدەستی خێزانگیریی گیرمانخواردیە!
نێوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٢ - لەندەن
|