|
٤\٣\٢٠٢٦
لە ئازادییەوە بۆ
هەر کەسێک!
دارا خونچە
من
ناوم ئازادییە، خۆم لە هەموو شوێنێک هەم، بەڵام هەمیشە بە هۆی کۆمەڵێک
لەمپەر و بە پێی جیاوازیی بارودۆخی ناوچەکان کەم بەدەردەکەوم و لە
هەندێک شوێنیش هەر زۆر کەم هەم.. ئەوەش دەوەستێتە سەر بەرزیی و نزمیی
ئاستی تێکۆشانی مرۆڤەکان لە پێناو گەیشتن بە من، هەرچەندە ئێستا
هەمووان بە گەرمییەوە بانگەشە بۆ خۆشەویستیی من دەکەن.. کەچی لە
راستییدا هی زۆربەی هەرە زۆریان رووکەشن بە تایبەتییش هی ئەوانەی دین و
حیزب و دابونەریت و نێرسالاریی و دەوڵەتداریی داغانی کردوون و
هاوئاوازی خاوەن بیردۆزەکان و ئەکادیمیاییەکانن! هەڵبەتە ئەمن ئێستا تا
رادەیەک ئاستی هەبوونی خۆم پێ خراپ نییە.. ئاخر مرۆڤ هەم بە سروشتی خۆی
و هەم بە هۆی ئەوەی ئێستا لە نێو چەوسێنەرترین سیستەمدا دەژی هێشتا بە
شێوەیەکی گشتیی لەوپەڕی خۆپەرستیی دایە.. ئەگەر بە کۆمەڵێک یاسا و
دەستووری مرۆڤپەروەرانە و ژینگەپارێزانە بەرزەفت نەکرێ هەرگیز حەز بە
چارەی من ناکا!
ئیدی تۆ و هەموو ئەو کەسانەی بە راستیی حەزتان لە منە.. بەڵام هێشتا لە
خۆشەویستیی من بەهرەمەند نەبوونە و دەخوازن پێمبگەن:
- ئەگەر تەنیای و لە کۆمەڵ دووری و زۆربەی کاتەکانی ژیانت بە تەنیایی
دەگوزەرێنی؛ بە لایەنی کەم خۆت رێک وەکو خۆت دەرببڕی.. واتە ناخ و
دەرەوەت بکەی بە یەک، ئەوە هەنگاوێکی گەورە لە گەیشتن بە من نزیک
دەبیەوە.
- ئەگەر خێزانداری و لەگەڵ هاوسەر یان خۆشەویستەکەت دەژی؛ لە بەرانبەری
دان بە یەکسانیی وەک یەکی نێوانتاندا بنێی و بە کردەیی جێبەجێی بکەی،
ئەوە من و تۆ دەبینە دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکدی. هەڵبەتە لە بەرانبەر
منداڵەکانیشتان بە هەمان شێوە.
- ئەگەر هەمیشە لە نێو کۆمەڵی و زۆربەی کاتەکانت لەگەڵ خەڵک دەگوزەرێنی؛
بتوانی لە کاتی خۆدەربڕینی خۆت زیان بە خۆدەربڕینی بەرانبەرەکانت
نەگەیەنی و بە هەمان شێوە ئەو مافە بە کردەیی بەوانیش (مەبەست لە
چەوسێنەرەکان و دوژمنانی خۆم نییە) بە رەوا ببینی، ئەوە هەردووکمان
دەبینە یەک و خۆشەویستییەکی جاویدانیی ئافەریدە دەکەین.
٢٧\٢\٢٠٢٦
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|