١١\٨\٢٠٢٠
لە
بارەی ئازادیی و ئازادیی
تاکەوە.
- مەعریفە.. وەکو جەنگێکی نادیار -

سمکۆ محەمەد
لەوەتەی دونیا ھەیە مەعریفە خۆی دەرگای لەسەر خۆی نەکردۆتەوە و
پێچەوانەکەشی راستە، بەداوای لێبوردنیشەوە کە دەڵێم لەپشت ئەخلاقیاتەوە
ھیچ مانایەک بۆ ھیومانیزم نییە، لەپشت چاکەکاریشەوە عەقلانییەت نییە،
بەقەدئەوەی کاریگەری دامەزراوە سیۆسیۆلۆژییەکانە لەسەر ئەو بڕوایەی
کۆمەڵگە پاشکۆی ئایین بێت، ئەمە جەوھەری ئەو جەنگە نادیارەیە کە
لەغیابی رەخنە وەکو سیستمێکی ئەکتیڤ لەنێو کایەی رۆشنبیریدا دیار
دەکەوێت، سەرچاوەی چاکەکاری بیرکردنەوە نییە، چونکە لەپشت ھەر
بیرکردنەوەیەک، بیرکردنەوەیەکی دیکە ھەیە کە دژی چاکەکاریە، ئەمە
دیالیکتیکی فکرە، وەڵامی ئەخلاقیاتیش شتێکی حازر بەدەست
ئایدیالیستەکانەوە دژ بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی، ئەمە ئەزموونکراوێکی
چەند بارەیە لەقۆناغە جیاجیاکانی کورددا، بۆیە رەخنە بەر لەھەر شتێک
داواکارییەکی ئازادیخوازانەیە بەرامبەر بەھێزی بیرە چەقبەستووەکان.
ھۆشیاری بیرۆکەیەکی زانستییە و ھەمیشە لەبەردەم ململانێدایە، کورد
لەبەردەم دوو جۆر ململانێیەدایە، ململانێی مەعریفە و جەھل و نەیارەکانی،
ململانێی مەعریفە لەگەڵ خودی خۆی، ئەوانەی لەگەڵ مەعریفە جەنگیان
بەرپاکردووە، بە شەھامەتەوە بەردەوام بوونە لە ململانێ ھەمیشەییەکان،
ئەوانەش لەگەڵ جەھل و دواکەوتن و نیفاق ململانێیان کردووە، رووبەڕووی
مەترسی بوونەتەوە، کاتێک ئاوڕیان داوەتەوە کەس بەدەنگیانەوە نەچوون،
ئەم فەزا گوماناوییە کە رەگوڕیشەی ئەم ستراکچەرەی دیاریکردووە،
کاریگەری ناڕاستەوخۆی لەسەر بەردەوام نەبوونی پڕۆژەی مەعریفی ھەبووە،
بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ھەم بەھۆکاری گوتاری زاڵی ئایینی و
ھەم بەھۆکاری سیاسەت و ھەم بەھۆکاری کەسانی مونافق و ھیچ لەبارانەبوو
پڕۆژەکان شکستیان خواردووە.
بەشی زۆری ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ھاوچەشنی ئێمەن، پێشتر ئەو دۆخەیان
بینییوە و ئەزموونیان ھەیە، کەچی ھەمان ئەزموون دووبارە دەکەنەوە، لە
میسر لەئەنجامی ئەو جەنگە نادیارەی کە مەعریفە ھەیبووە لەگەڵ جەھل،
دەرەنجام پڕۆژەکە بووەتە مایەی داخستنی چەندین پڕۆژەی مەعریفی، بۆ
نموونە گۆڤاری (المجلە) کە لە میسر دەردەچوو سەرنووسەرەکەی (محەمەد عوز)
بوو زیاتر لە ١٥ ساڵ کاری کردووە سەرەنجام ناچار کراوە دابخرێ، گۆڤاری
(گالیری) کە (ئەحمەد مورسی) سەرنووسەری بووە ساڵی ١٩٦٩ ناچار کراوە
دابخرێت، گۆڤاری فکری ھاوچەرخ کە (زکی نەجیب) سەرنووسەری بووە بەناچار
دوای ئەو ھەموو ململانێیە ساڵی ١٩٦٥ دایخستووە، گۆڤاری (ئەدەب و رەخنە)
کە لەتونس دەرچوو سەرنووسەرەکەی (تاھیر ئەحمەد مەکی) بوو ساڵی ١٩٨٤
بەناچار دایخست و گۆڤاری (مەسار) کە چەپگەراییەکان دەریاندەکرد
سەرنووسەرەکەی (محەمەد عروس مەتەری) بوو ساڵی ١٩٨٨ داخرا، لە سوریا
بەھەمان شێوە گۆڤاری (المعرفە) دەردەچوو سەرنووسەرەکەی (فوئاد شەباب)
بوو بەناچار ساڵی ٢٠١١ داخرا، ئەم حاڵەتە لە کوردستان چەند بارە بووەوە،
بەتایبەتی بەھۆی تێکچوونی دۆخی ئابورییەوە، دەیان گۆڤار و رۆژنامە و
میدیای دیکە داخران و بە وەزیفەی دیکە، دەیانی دیکەی بێ بنەمای مەعریفی
کرانەوە، ئەمە کردەیەکی دژە مەعریفی بوو، لەکاتێکدا لەپەنا داخستنی ئەو
چەند گۆڤارە، دەیان گۆڤاری دیکەی کەم مەعریفی دەردەچوون و لەدەرەوەی
سانسۆی فکری کاریان دەکرد، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئاراستەی سیاسی
دەسەڵاتیان وەرگرتبوو، یەعنی دژە شەپۆلی سیاسی گەمەیان نەدەکرد،
بەردەوام بوون و لەبری نووسینیش پاداشتی چاکیان وەردەگرت، ئەم حاڵەتە
لە کوردستانیش ھەمان وێنە بوو کە لەساڵی ٢٠١١ وە دەستیپێکرد.
ئەم ئەزموونە جیاوازانە بۆیە دەگێڕمەوە، بۆ ئەوەیە کە ئەوانەی دژ بە
دونیای فکر و ئەدەب راوەستاون و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ناکامڵ وەکو
ئەلتەرناتیڤ دەبینن، دەبێ ئەوە بزانن پەشیمانی دادی ھیچ لایەک نادات لە
کۆتاییدا کە نەبێتە بەشێک لە ململانێی مەعریفە لەگەڵ خودی مەعریفەدا،
چونکە ھەموو ئەوانەی بەسەر زارەکی لەنێو رۆشنبیریدا ھەڵسوکەوتیان
کردووە، سەرەنجام بوونە کادری ئیدیۆلۆژی بەبێ بیرکردنەوە، سابا ئەم
حاڵەتە لەھەر کونجێکی ئەم سەر زەمینە بێت.
لە دونیای رۆشنبیری کوردیدا دەیان پڕۆژەی مەعریفی ھەبووە کە ئاخری خێر
نەبووە، چونکە بەرمەبنای رەخنەی زانستی نەبووە، بەقەد مانای خودی
مەعریفە، چونکە پەروەردەی بنچینەیی نەبووە لەبنەچەوە، بۆیە نەیتوانیوە
گرەو لەگەڵ جەھل بکات و بیباتەوە، نموونەش رەھەندییەکانە کە گوایە
پڕۆژەیەکی سەربەخۆی رەخنەیی بوو، یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو تەگەرانەی کە
لەبەردەم رۆشنبیری کوردی ھەبووە، بریتیی بووە لەوەی کە بڕوایەکی قوڵ
نەبووە بۆ مانای ئازادی کە ئەمە دواجار شوناسی رۆشنبیر و نووسەری جددی
و ناجددیشی تێکەڵ بەیەکتر کرد، ئازادی بەمانا سادەییەکەی نا، بەڵکو بەو
مانایەی کە (جۆن ستیوارت میل و ئایزا بێرلین) باسی دەکەن و داوای
پاراستنی خودی ئازادی دەکەن، چونکە کۆمەڵگەیەک بە قۆناغێکدا تێپەڕ
نەبووبێت، ناتوانێ مومارەسەی ئازادی بکات و قەدری ئازادی بزانێ،
ئازادیش لەنێوەڕۆکدا روحی مەعریفەیە، لەلایەکی دیکەشەوە دژی مەعریفەیە،
لەکاتێکدا جۆن ستیوارت میل لەپەرتووکی لەبارەی ئازادیی ەوە، نووسیویەتی
ئازادی تەنھا ئەوە نییە لێگەڕێن تاکەکان ئارەزوومەندا ھەڵسوکەوت بکەن،
بەڵکو ئەوەیە کە وەدەستھێنانی ئابوری تاکێتی خۆیان جیاوازییان نەبێ
لەگەڵ ئەوانی تر کە ملھوڕی سیاسەتی کۆمەڵگەی کەلتور پەرست و نەریتخواز
و لاگیری دەسەلات بن، ئەم حاڵەتە بۆ ماوەیەکی زۆر لە فەرانسە و زۆبەی
ولاتانی ئەوروپا وەکو دیاردە ھەبوو.
ئەم حاڵەتە بۆ کێشەی نێوان کۆمەڵگە کە خاوەن گوتارە و تاکی شکە خاوەن
رەفتاری رۆژانەی خۆیانن، بەشێکی پەیوەندیی بەو قەیرانە سیاسییە
جۆراوجۆرانەوە ھەبوو کە ھیچ تایبەتمەندی و حورمەتێکی بۆ خودی رۆشنبیر
نەھێشتەوە و کردی بەقەرەقۆز، ئەو فشارە سیاسییەی کە بەدرێژایی مێژوو
لەسەر ئەدەب و ھونەر ھەبووە، کەلەپوری مەعنەوی نەکردە مۆد بۆ رەخنە،
بۆیە زەمینەی بۆ نەزانین و رەخنەی بێمانا رەخساندووە کە ئاراستەی
بیرکردنەوەی فەند بۆ پڕۆژەی مەعریفی بگۆڕێت بۆ وتارۆکەی رۆژنامەوانی بێ
ناوەڕۆک، لەبەرامبەریشدا ئەو جورئەتە نەبووە کە بەرگەی فشاری جاھیلەکان
بگرێت و ململانێ و جەنگە نادیارەکان ئاشکرا بکەن، ھەڵبەت ئەمە ھەوڵێکی
ئیدیۆلۆژی ناڕاستەوخۆ بووە کە تائێستا بەردەوامی ھەیە، سەرەنجام گۆڤاری
رامان خۆی و ئەرشیفەکەی باشتر دەتوانێ بەرگری لەخۆی بکات، شکستی عەقڵیش
بۆ دژەکانی دەمێنێتەوە.
ئازادی چەمکێکی فرە مانایە و ھەر بەرامبەرەکەی و ھەم خۆی وەکو چەمکێک
کە بۆ ھەر کایەیەک لەژیانی ئینساندا رەنگیداوەتەوە، ھەم بۆ سەپاندنی
ئازادییەک لە دژی ئازادیی، کەسێک یان کایەیەکی دیکە، ھەم بۆ ئەو ژیانەی
کە بەبێ ئازادی مانایەکی نامێنێ، " بەڵام ئایا دەشێت ئازادی بابەتێک
بێت بۆ تێڕامانی ھزری بەو جۆرەی کە بتوانین و بڕیاری بەسەردا بسەپێنین؟.
چونکە ئازادی شتێک نییە بوونەکەی دەستنیشان بکرێت، بەڵکو لە راستیدا
ئازادی سەلماندنی کەساییەتییە و بڕیاردانە لەسەر بوونی مرۆڤ نەک
بابەتێکی لەبەرچاو، یان ژیانێکی گیرۆدە بوو".(١). وەختێک کە ئازادی
دەبێتە بابەتێک و بەگومانەوە باس دەکرێت، ئەو وەختەیە کە جیاوازی لەنێو
ئایدیاڵە جیاوازەکان بەرەو گرژی مل دەنێت، بەبێ جیاوازی مانایەک بۆ
ئازادی نامێنێت، ھەتا ئیدیاڵێک گرژ نەبێت و ستەم لەوانی دیکە نەکات،
ھیچ مانایەک نییە بو ئەوانی تر سابا ھەر ئیدیۆلۆژییەکی تربێت داوای
ئازادی بکات، یان لافیتە بۆ ئازادی ھەڵبدات، ئەمە جگەلەوەی کە خودی
ئازادی کێشە بۆ فەزای ئازادی و بەجۆرێکی تر کوشتنی جیاوازیشە، چونکە
ئەو یۆتۆبیایەی کە بۆ ئازادی و مەعریفە کراوە بە ھەقیقەتێکی رەھا و
پێویستی بەردەوامە، بوارێک بۆ رەخنە لە ستایلی ئازادی ناھێڵێتەوە،
دەسەڵاتی فکر زۆر گرژترە لە دەسەڵاتی سیاسی، لیبرالییەکان ئەمەیان
باشتر ھەرز کردووە، چونکە ھەتا ئازادی تاک نەبێتە نەریتی گەلان، شتێک
بەناوی ئازادی بۆ گشت وەکو پەشم دەمێنێتەوە بەدەم باوە بڕوات. بۆ
نموونە ئێمە گوێمان لەم تێڕوانینە دەبێت کە دەڵێ " من ئازادم تا ئەو
شوێنەی کە رێگە نادەم کەس تێکەڵ یان دەستوەربداتە چالاکییەکانم، ئازادی
سیاسیش بەو مانایە دێت بە ئاسانی بوارێک بۆ ھەر کەسێک ھەبێت مامەڵە
بکات بەبێ ئەوەی ئەوانی دیکە پەیوەندییان پێوەی ھەبێت، ئەگەر لێشم
یاساغ بکرێت لەلایەن ئەوانی ترەوە، ئەگەر من نەتوانم ئەوەی لە توانامدا
ھەیە بیکەم، کەواتە من تا ئەو رادەیە ئازاد نییم، بە پێچەوانە رەنگە
ببمە ناحەزێک لەنێو کۆمەڵێک کە لەگەڵ مندا جیاوازییان ھەیە، جیاوازیش
لێرەدا بە مانای جیاوازی نێوان کوێرێک و چاوساغێک نایات، بە مانای
کەڕێک و ساغێک نایان یان نەخوێنەوار و خوێندەوار، بەڵکو بە مانا
نێوانێکی فراوان لە فکر دێت". (٢) باس کردن لەچەمکی مەعریفە و ئازادی
وەکو دوو چەمکی سەربەخۆ، لەشوێنێکدا دەبێتە گرێکوێرە، چونکە کێشەی
ئازادی کێشەی دەوڵەتە، نەک پشتگوێ خستنی کۆمەڵگە لەنێوان سیاسەت و
دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئەوەی کە وون دەبێت لە نێوان دەسەڵات و دەوڵەت
بەڕێوەبردندا و ئەوەش لەنێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات، لەھەردوو بارەکەدا
ئەو ئازادییەیە کە ھێشتا نەناسراوە وەکو چەمک و وەکو بەھا و وەکو
ماتریالێکی مێژوویی بەتایبەتی بۆ فکر و پێشکەوتن، ھەوەرھا نەبۆتە
ریتواڵێکی بە بەھا، بەڵام کە سیاسەت و سیاسەتوانەکان ئەم سپەیسە وون
دەکەن، ئەویش بە بیانووی کێشەیەکی تر کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە ھەیە،
رووە فکرییەکەی لەبەرچاوان وون دەکەن تاکو لە بەھای ئازادی کەمبکەنەوە.
ئازادی بەمانا کۆنەکەی زۆر پڕ بایەخ ترە لەوەی کە پەیوەندی بەکاری عەقڵ،
یاخود ھزری بە بەراورد بە کاروباری ماددی، ھۆکاری ئەمەش زۆر سادەیە،
ئەو کەسەی خاوەن شتێکە لەبواری ھزری، نابێتە ھۆی کەمبوونەوەی مافی ئەوی
تر". (٣). ھەر لەمبارەیەوە تۆدۆرۆف تێبینی و جیاوازی زۆر قورسی لەسەر
دیموکراسی و ئازادی و دوژمنەکانی ھەیە. "من پێشتر پێموابوو کە ئازادی
لە بەھا بنچینەییەکانی دیموکراسیدایە، بەڵام بۆم روون بۆوە لەو کاتەوە
کە ئازادی وەکو چەمکێک بەکاردەھێنم، کێشەیەکی مەترسیداری لەسەر
دیموکراسی درووستکردووە، لەکاتێکدا ئەم مەترسییە تەنھا لەدەرەوە
سەرچاوەی نەگرتووە، لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی کە شوھرەتیان بە
دوژمنکارییەوە وەرگرتووە و (گوایە دوژمنیان ھەیە)، یان ئەوانەی بەو
ئازادیەی ناوەوەی ئیدیۆلۆژیا، جوڵانەوە و لێپرسینەوەیەک ھەیە کە ئەو
بەھایانە پڕتر و گەورەتر دەکات، تەنانەت ئەو بەھا پەیوەستانەی کە بەھای
تەندروستیش نیین بە بەردەوامی". (٤). تۆدۆرۆف باسی سنورێک دەکات بۆ
ئازادی کە لیبرالیزمی نوێیە، وەکو نوکتەی (مریشکە) کەی لێھاتووە کە
بەدوای رێویەکەوەیە، چونکە ھیچ موڵکێک شک نابات، لەکاتێکدا ئازادی رێوی
مەترسیدارە، چونکە ئەو بەھێزترە، بۆیە ئەوەی کە خاوەن دەسەڵاتە، ئەو
سنووری ئازادی دیاریدەکات، لەکاتێکدا دەبوو خەڵک یان گەل سنووری ئازادی
دیاری بکەن، چونکە ئێستا ئازادی بەکارھێنانی کاڵا و بەکارھێنانی چەک و
بەکارھێنانی پوڵ و داوو دەرمان و ھەر شتێکی دیکە وەکو پێویستیەکانی
ئینسانە، لەچنگی دەسەڵات و سیستمی سیاسی و دەستەبژێری سیاسیی
سەرمایەدارەکانە، ئەوان زیاتر لەھەوڵی بەکارھێنانی ئازادین، نەک خەڵک
کە ئەگەر بیانھەوێ رستەیەک یان ناڕەزایەتییەک بەیان بکەن، ئەویش بەپێی
یاسا و عورف، کەوابوو ئەوەی کە زیاتر عەوداڵی ئازادییە، دەسەڵاتی
سیاسییە، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی کە پێیان دەگوترێت گروپی توندڕەو و
تیرۆریست.
"لەگەڵ چەمکی ئازادی لە ئاسۆی ھەڵھێنجانە مۆدێرنەکاندا، بۆ نموونە
لەگەڵ واتای ئازادی لە فەلسەفە و سیاسەتی لیبراڵ، چەند لێکچونێکی پەیدا
بووە، بەڵام لێی بانتر دەڕوا بۆ باسێکی فەلسەفی و ئێجگار کۆن لەمەڕ
ئازادی لەبەرامبەر ھەر پێویستیی و سەرپشکی لەبەرامبەر دیترمێنت
دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە نووسەر لێرە ھێندەی کێشەی ئازادی ئافراندنی
ھونەری ھەیە، ھێندە کێشەی لە کایەی سیاسیدا نییە، لەحاڵێکدا ھەم سیاسەت
بۆ خۆی ھونەرە و ھەم ھونەریش لەشوێنێکدا کێشەیە بۆ سیاسەت، ھەروەک
ئەوەی دەبینین کاریکاتێریستێک بە درووستکردنی کاریکاتێرێک چ ئاژاوەیەکی
ھونەری بۆ سیاسەت دەنێتەوە".(٥) یان شانۆنامەیەک یان فۆتۆگرافێک یان
ھەر کارێکی ھونەری کە ئافراندنی ھونەری تێدابێت، سیاسییەکان دەترسن و
ھونەر وەکو ئافراندن نابینن، بەڵکو وەکو کەرەستەیەکی مەترسیدار بۆ سەر
سیاسەت دەبینن.
من لێرەدا کێشەیەکی دیکەی ئازادی دەبینم کە مەترسییە بۆ سەر خودی
ئازادی وەکو فەزایەک بۆ تاک، ئەویش داگیرکاری ئازادی ئافراندن یان
نوێخوازییەکە کە توانای ئەدیب یان ھونەرمەندێک پێناسە دەکات، ئەم فەزای
نا شایستەیە کە لەشکڵی دارستان دەچێت، ھەروەک چۆن سیاسییەکان بۆ خاتری
داگیرکردنی فەزای کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان، تەواوی فەزای کۆمەڵایەتی داگیر
دەکەن، ئاوھاش ئەوانەی ناترسن لە موڵکیەتی ئازادی بەدەستھاتوو لەلایەن
ئەفرێنەرێکەوە. ئەگەرچی پێشتر فریدریک ئەنگڵس لە پەرتووکی خێزانی پیرۆز
باش لەوە دەکات (ئازادی تەنھا بەکارھێنانی کاڵایە)، کەچی (برتراند راسل)
وەکو بیرمەندێکی دیاردەناس و سۆسیۆلۆژیستی مۆدێرن، لە پەرتووکی
ئایدیاڵە سیاسییەکاندا ھەمان ئەو وتەیە بەشێوەیەکی تر دووبارە دەکاتەوە
و دەڵێ "مرۆڤ بەبێ موڵک ئازاد نییە و لە بەدەستھێنانی پێداویستییەکانی
ژیانێکی پڕ لە لێبوردەییدا دڵنیا نابێت، مرۆڤ بەبێ ھێز ھیچ دەرفەتێکی
لەبەردەمدا نییە بۆ داھێنان، ئەگەر ویسترا دەرفەت بۆ تاکەکان بڕەخسێنێت
بۆ ئەوەی پاڵنەرە داھێنەرانەکان دەستەبەر بکەن، ئەوا پێویستیانەی
لەھەژاری ماددی رزگار بن"، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی راسل رەوتی
ژیان بەردەوام بەرەو سەختی رێگەی گرت و ھەلومەرجێکی بۆ نەھێشتنی ھەژاری
فەراھەم نەکرا، چونکە ئەوە مەعلوومە کە ھەژاری ماددی و نەبوونی
خۆشگوزەرانی، حەتمەت ھەژاری فکری لێبەرھەمدێت.
کاتێک ناکۆکی لەنێوان بەرژەوەندیی خەڵک و بەرژەوەندیی دەسەڵاتداراندا
درووست دەبێت، پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا خەڵک یان دەسەڵات، مافی
ئەوەیان ھەیە بەرگری لە بەرژەوەندیی خۆیان بکەن لەسەر حیسابی
بەرژەوەندی ئەویتر؟، ھەڵبەت فەرامانڕەوا ستەمکارەکان ھەر چەند کەمینەش
بووبن، ھەندێک جار نوێنەرایەتی خێڵێک یان بنەماڵەیەکی بچووکیان کردووە،
بێ دوو دڵی بەرژەوەندیی خۆیان سەپاندووە بەسەر زۆرینەدا، بۆیە مەرج
نییە ستەم تەنیا ستەمی کەمینە بێت بەسەر زۆرینە، بەڵکو زۆرجار ستەمی
زۆرینە دژی کەمینە ترسناکترە، لەبەر ئەوەی ئازارەکەی کەسێک یان چەند
کەسێک دەیچێژن، لەسەر دەستی ژمارەیەکی زۆر خەڵک کە چەندین قات لە رووی
جەستەیی و دەروونییەوە زیاتر و زاڵمانەترە لەو ئازارەی کە ژمارەیەکی
زۆر خەڵک بەدەست تاکە کەسێکەوە دەیچێژن.
بە بڕوای بیرکسۆن* ئازادی بەشێکی بریتییە
لە پانتایی دەروونی بۆ کردەوەکانی ئینسان کە وەھمێک دروست دەکات لە
ناخیدا کە بڕیارلێدانە لە کرداری خود و دەڵێ " گەلێگ جار دەرچوونی
کرداری ئازاد لە دەروونەوە لە شێوەی وەرینی بەری گەیو لە درەختەکەیەوە
وێنا دەکات، ئەوە بەبیر دێنێتەوە کە پڕۆسەی درووستکردنی خود لەلایەن
خودەوە کە ئەوە بەلای ئەوەوە ھاو واتای ئازاد، ھەندێک پێشکات
بڕیارلێدان و دیاریکردن دەگرێتە خۆ، ئەوەی کە بیرکسۆن ناوی دەنێت
ئازادی، لە کۆتاییدا بریتییە لە رەوشتی مرۆڤ، بەپێی سرووشتە روحیەکەی
کە خۆی بۆیە ناتوانرێت لێکدانەوە بۆ کردارەکانی بکرێت کە گەڕانەوەیە بۆ
سرووشتە تایبەتەکەی خۆی. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە ھەستە ئاکارییەکان
ھەندێکجار دژ بەیەک دەوەستنەوە، چونکە ئازادی سەپاندنی ناخی قوڵی ئەو
کەسایەتییانەیە کە خۆیان لەگەڵ ژینگەی جیاوازدا دەگونجێنن و بیرکسۆن بە
(کرداری نەگۆڕ) دەیشوبھێنێ.
لەپەنا چەمکی ئازادیدا، چەندین کەس کە ھەم ئازادیخوازن و ھەم توانایان
ھەیە، پەراوێز دەخرێت و ئازادی کار و خۆ مانیفێستکردنیان پێڕەوا
نابینرێت، بەیانی ئازادی لە وڵاتە دیموکراتەکاندایە، لەبەر ئەوەی
ھونەرمەندان بەپێی ویستی خۆیان بۆ پەیوەندیی و نا پەیوەندیی بە
ئامانجێک، ئەم ئازادییە دەکەن بە موڵکی خۆیان، ھەڵبەت ئەگەر بیانھەوێ و
لەھەڵبژاردنیاندا بێت بۆ وەھا ویستێک، بەڵام لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا
دەوڵەت کە کاتێک بەھێز دەبێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی ھونەر و ئەدەب دەست
ناکات بە ئیغراکردنیان، وەکو ئەوەی لویسی چوارەم کردی.
ئازادی و مەعریفە لەشوێنێکدا دوو چەمکی دژ بەیەکن، بۆیە بەدوو چەمکی
فرە مانا لێکدەدرێتەوە، چونکە ھەم وەکو چەمک زیاد لە مانایەکیان ھەیە و
ھەم بیرمەندەکانیش پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ کردووە، بۆ نموونە بەپێی
سارتەر و بەپێی (فرۆید و فرۆییدیەکانی وەکو ئەریک فرۆم و ویلھێم رایش و
ھێربرت مارکۆزە و جاک لاکان) بێت ھەریەک لەم بیرمەندانە تێگەیشتنێکیان
ھەیە بە جیاوازییەوە، بۆیە مانایەکی نوێیان بۆ بەرھەمھێناوە، ئەویش
ئەویە کە ئازادی بەبێ ھاندەرەکانی کە لەرێگەی کەسانی چەوساوەی ژێردەست
وەکو نەتەوەکان، یان وەکو کرێکاری ژێردەستی خاوەن کار و لەنووسەرانی
ئازادیخواز و ھتد، ھەموو ئەمانە شتێک نیین، جگە لە بارێکی دەروونی بۆ
ئەوانی تر کە وا تێگەیشتوون، بەو مانایەی بۆ ئەوانەی گەیشتوون بە
مەعریفە مانایەکی جیاوازی ھەیە، کەوابوو ئازادی جەنگی دەروونییە لەگەڵ
خودو ئەوانی تر کە دوژمنانی ئازادین.
مەسەلەی دیوە شاراوەکەی یان دیوە نەبینراوەکەی جەنگی مەعریفە و ئازادی
کە دژی ئازادی خۆیەتی، مەسەلەی ئازادی مومارەسەکردنی ئایینە کە لە
مێژوودا پێناسە کراوە چۆن خۆی فۆرمۆڵە کردووە، ئەمەش لە موڵکییەتی
گشتەوە بووە بە موڵکی چینێک یان دەستەبژێرێک بۆ داگیرکردنی ئازادی
ئەوانی تر کە ھەمان ئیدیۆلۆژیایە، دەسەڵاتی کەنیسە و دەسەڵاتی خەلافەت
و دەسەڵاتی سوڵتانەکان کە کەڵکیان لە ئازادی وەرگرتووە وەختێک تابۆ
واتە قەدەغە بوونە، باشترین نموونەی ئەو دژ بەخۆبوونەیە کە ئازادی
کێشەی بۆ خودی ئازادی خوڵقاندووە، بە پێی تێڕوانینی جۆن ستیوارت میل
بێت "ئازادی ئایینیی لە ھیچ وڵاتێکدا فەراھەم نەبوو، تا ئەوکاتەی چینی
تر کاروباری ئایینیی گرینگییەکی ئەوتۆی پێنەدەدرا، خەڵکی لە مشتومڕکردن
لەسەر باوەڕ بێتاقەت ببوون، چونکە ھەستیان دەکرد ئارامی و حەوانەوەیان
لێ تێکدەدات) چونکە ئەوکات سەفستائییە مەسیحی یە کاسۆلیک و
پرۆتستانتەکان کە لەموناقەشەدا بوون، ھەموو ژیانیان کردبوو بە موناقەشە
لەسەر شێوەی شیکردنەوەی ئایەتێک لە ئینجیل، یان رێسایەک لەلایەن
مەسیحەوە دەرکراوە، یان کەنیسە چۆن کاری پێکردووە، ئەمانە وایان کردبوو
کە ژیان ئەو تام و چێژەی نەمێنێ کە خاکێتی و سادەیی یە، نەک قەیدو بەند
و ئاراستەکردن لەلایەن کەسانێکی دەسەڵاتدارەوە، بۆیە ئەو ستایڵە
بیرکردنەوەی ئەفڵاتۆن دووبارە کرایەوە کە پێی وابوو قۆناغی کوشتنی باوک
لەلایەن پارمەندیسەوە شتێک بێ بۆ کردنەوەی رێگەی بەرگری کردن لە
کەینونەی خۆی وەکو ئایکۆنێکی خاوەن پرسیار، ئەوا ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ
سوکرات بەرھەمی ھەبووە، ھەڵبەتە ئەم تێڕوانینە لە چەمکی ئیلینەوە
سەرچاوەی گرت، مەبەست لەم چەمکەش ئەوەیە بیرمەند و خاوەن فکر بەیەک چاو
تەماشای پەیوەندییەکانی تاک و کۆ نەکات، لێرەوە چەمکی ھاوڕێیەتی
رۆشنبیری بەرھەمھات کە دژی ھەموو شێوازەکانی سەفستائی بوو لە گفتۆگۆدا
بەپێی لۆژیک و عەقڵ، ھەر ئەمەش وایکر دکە بوک کوشتن وەکو بزووتنەوەیەک
لەدژی دەسەڵات و کوشتنی ئەو باوکە نادیارەی کە بەسەر سەری تاکی
کاریگەرەوە ھەبوو جێکەوتەبوو، ئەمە لەلای شکسپیر لەشانۆیی ھاملێت و
لەلای کافکا لەمەسخ و دادگاییدا و لەلای بیرمەندانی وەکو فیورباخ و
مارکس لەبەرھەمھێنانی مارتیالیزم و دیالیکتدا سەرچاوەی گرت، دواتریش
لەلای قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە بەخوێندنەوەی بوندیادگەری دەق بەھەموو
ستایلەکانیەوە، بووە جێگەی گوتارێکی سیاسی و فکری و ئەدەبی و کاری
پێکرا.
لێکۆڵینەوە لە ئازادی و گومان لە چەمکی ئازادی و دڵنیابوون، بریتیین لە
مانای ئەو چەمکەی کە لەمێشکی ئەو کەسانەدایە کە بۆ بەرامبەرەکەی
دەگەڕێت و گەرەکیەتی رووبەڕووی ئەو بەرامبەرەدا بوەستێتەوە و دەخوازێت
ھەبێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت، ھەبوون بە مانای بوونێک وەکو
بەرپرسیارێتی بوون، نەک وەکو بەکاربەری ساتی ژیان و کەلوپەل و تێکدەری
سرووشت، ئە لێرەوە تێدەگەین بۆچی ئەو کەسانەی کە بەمانا قوڵەکەی بەدوای
ئازادیدا وێڵن، پرسیاری ئەزەلییان ھەیە بۆ مانای بوون، ھەروەک (جان پۆڵ
سارتەر و کارڵ یاسپەرز) باسی دەکەن، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی گەردەلولی
ئازادی بردوونی و لە مانای ئازادی حاڵی نەبوون و تەنھا وەکو مۆدێل
وەریانگرتووە، کە تەماشای چواردەوری خۆیان دەکەن، ھەر خودی ئەو چەمکەی
شەڕیان لەسەر کردووە، بەرەو ئاراستەیەک رایماڵیوون کە نەتوانن تەنانەت
پاشگەزیش ببنەوە، یانەکو پاشگەزیش ببنەوە خراپ ھەڵوێست لە بەرامبەر
ئازادی وەربگرن.
دیوێکی دیکەی ویستی (نا) وەکو سیمبولی ناڕەزایەتی دژ بە جەھل، ویستێکی
راستەقینەی خودە بەرامبەر ئازادی کە لە نێو کاریشدا نابینرێتەوە، نەک
لە نێون نووسین کە بەشیی زۆری نووسەر و بەناو رۆشنبیرەکان لەدەرەوەی
ئەو ویستە خودییە راستەقینەیە داخوازی ئازادییان کردووە بە مۆدێل، تا
رادەی ناشیرین کردنی فەزاکە و خودی چەمکەکەش، چونکە لەبری بەرگری لە
بەھای راستەقینەی پێداویستییە مرۆیی و رۆحیەکانی مرۆڤ، بوون بە
داواکارێکی درۆیینە و کەسانی تر پەراوێزخراون. لەکاتێکدا لەنێو کاردا و
بەتایبەتی لەنێو کاری نووسیندا ئازادی پێداویستی یە بۆ من و ئەوانی تر،
نەک تەنھا بۆ من یان بەرزە من، یان خود ئەو ئیگۆ مەعریفییەی کە فرۆید
پێناسەی کردووە بۆ نووسەر، نموونەشیان دایستۆ فیسکییە.
شۆڕشی فەڕانسی وەکو ھەموو شۆڕشە مەزنەکان، لە ناوەڕۆکدا بەلانی کەمەوە
یەعقوبییە، تەنھا ھەژانێک و ئارەزوویەک بوو ئازادی پۆزەتیڤ، ئەمە بە
نیسبەت توێژێکی فراوان لە فەڕانسییەکان ئەوانەی شعوریان بە خۆ
رزگارکردنی تەواو ھەبوو، تا ئەو کاتەی کە دەرکەوت بەشی زۆریان قەیدو
بەندیان بۆ ئازادی تاک ھەیە، لێرەوە رۆسۆ بە ھەژانەوە قسەی کردووە کە
یاساکانی ئازادی جێگیر دەبێت ئەگەر ستەمکار نەبێت کە ستەمکاری خزمەتی
بە بە پیرۆزی شەرعییەت کردووە، بۆیە ناکرێ یاسا ستەمکاری بێت، ژان ژاک
رۆسۆ بڕوای بە ئازادی نەبوو، ئەگەر ئازادی نیگەتیڤ نەبێت.
ئەگەر داواکاری ئازادی بکرێت بە چوار پارچەوە، ئەوا سێ یەکی داواکە
لەلایەن نووسەر و رۆشنبیر و ھونەرمەندانەوەیە، ئەویدیکەش گروپی سیاسی و
کرێکار و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەن، چونکە ئەوان جەوھەری ئازادییەکە
دەپارێزن، ئەوان پێیانوایە سیستمی سەرمایەداری لە جھاندا سیستمێکی
راستە، ئەم حاڵەتە رێگە کردنەوە و بوار پێدانە بەرامبەر بە ئەوان،
لەبەر ئەوەی جەنگێکی ئیدیۆلۆژی ھەیە لەگەڵ ئاراستەکانی تر کە خاوەن
فرسەتێک نیین بۆ تەعبیرکردن لە خۆیان، بەوپێیەی کە رۆشنبیر تەنھا
لەرێگەی ئەدەبیات و نووسینی رۆمان و تێکستەوە تەعبیر لەخۆیان دەکەن،
بەڵام گروپی سیاسی و چین و توێژەکانی تر ململانێیەکی دیکە دەکەن. رەنگە
بەشێوەیەک لە شێوەکان داواکاری رۆشنبیر و نووسەر و ھونەرمەند مافێکی
رەوابێت بۆ مومارەسەکردنی ئازادی لە فەزایەک کە ئینتیمای سیاسی پێوە
نەلکێت، بەڵام بەروویەکی دیکەدا ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەوان بێن
بەخاتری ئەوەی بەشێک لە ئازادی نووسین و تەعبیرکردن وەربگرن لەبەرامبەر
رەخنەگرتن لە ئیدیۆلۆژیای سۆسیالیزمی کە بۆ گشتە نەک توێژێکی تایبەت،
رەنگە ھەر ئەم جیاوازییەش بێت کە وەکو ئەوینێک بۆ ئازادی لەلای
رۆشنبیران، ئەوینێک تەنھا بۆ خۆیان و خزاندنی ئەوانی تریش بۆ نێو
بازنەیەکی داخراو، بۆیە ئەو داواکارییە ئەوین دارییە لەگەڵ ئازادی،
بۆتە رێگر لەبەردەم ئازادی نووسین و بۆچوونەکانی تر بۆ بەدەستھێنانی
ئازادی ھەروەک ئەوەی ئەلبێر کامۆ کردی لەدژی رەوتی چەپ لە ئەوروپا، لە
حاڵێکدا ئەو داوایەی رۆشنبیران نە سرووشتی و نە لۆژیکییە، چونکە
داواکارییەکە ھێندە بەرتەسکە، وەکو بەرژەوەندخوازەکانی نێو دەسەڵاتی
سیاسی و حکومەت وایە، تەنھا خۆیان دەبینن و بیر لە بەرژەوەندیی گشت
ناکەنەوە. لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە ئەوە تەنھا رۆشنبیر و نووسەرن کە
رەخنە قبوڵ ناکەن و توڕە دەبن و رەنگە بە ناشیریترین شێوە وەڵامی
رەخنەی وتارێک بدەنەوە کە کەسێک تەعبیر لە بۆچوونی خۆی بکات، ھەروەک
ئەمەمان لەفەزای رۆشنبیری کوردیدا بینیوە، لەکاتێکدا وەکو پێشتر باسمان
کرد کە ھێندەی دەسەڵاتی سیاسی مومارەسەی ئازادی دەکەن و خوازیاری
ئازادین، ھێندە تاک و گروپی سیاسی و ئەوانی تر داواخواز نیین، ئەمە جگە
لەوەی لەپەنا ھەر داخوازییەک بۆ ئازادی کارکردن و دەربڕین، دەیان کەس
پەراوێزخراون.
___________________________________________
بۆ نووسینی ئەم بابەتە کەڵک لەم پەرتووکانە
وەرگیراوە:
١- د. زەکەریا
ئیبراھیم. کێشەی فەلسەفە. کێشەی ئازادی. وەرگێڕانی. محەمەد مستەفا
قەرەداغی. بڵاوکراوەکانی خانەی وەرگێڕانی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی
ھەرێمی کوردستان. ساڵی ٢٠١٣. ل٣٥.
٢- (ایزا برلین.
الحریە. خمس مقالات عن الحریە. تحریر. ھنری ھاردی. ترجمە. یزن الحاج.
مرکز القومی للترجمە باشتراک مع دار التنویر للطباعە
و النشر. سنە ٢٠٠٦. ص ٢٠١).
٣- برتراند راسل. کاریگەری زانست لە کۆمەڵگە.
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە. دیدار ئەبو زێد. دەزگای وەرگێڕان. ساڵی ٢٠١٢.
ل١٠٠.
٤- (تزفیتان
تودوروف. اعداء الدیمقراگیە الحمیمون. ترجمە. غازی برو. دار النشر
الفارابی. سنە ٢٠١٥. ص ٨).
٥- بابەک ئەحمەدی. ئەفڕاندن و ئازادی.
باستەوەرەکانی ھیرمۆنتیک و جوانیناسی. وەرگێڕانی. مەسعود بابایی.
دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی ساڵی ٢٠١٠. ل١٧٥.
*
پەراوێزی پێشوو: بیرکسۆن ١٨٥٩ تا ١٩٤١ فەیلەسوفێکی فەڕانسی یە و
خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە، ئەو ھەوڵی رزگارکردنی ماتریالیزمی دا و پێیوایە
بوون ئەوەیە کە بگۆڕێت یان بگات، وە ئەگەر بگات و بەبەردەوامی خۆی
بخوڵقێنێتەوە، فەلسەفە لەلای برگسۆن پراکتیکی ژیانە لە لەرووی لۆژیکیی
و مانایەک بۆ ژیان.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|