په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠٢١

لە بارەی بانگەشەی کڕین و خۆفرۆشیی، عەبدوڵای کوێخا موباڕەکەوە!


تاهیر عیسا       


لەناو کەش و ھەوای چەندین ساڵی ڕابردووی ھەرێمی کوردستاندا، بەدەر لە بازنەو بڕگە خوێناویەکانی ناو مەیدانی پڕ لەمشت ومڕی سیاسیی و ئابووری و بازرگانی ھەرێمدا، سیاسەت و فرەحیزبی و ھەڵبژاردن و حکومەت و پەڕلەمان و کلتور و فەرھەنگ و ھونەرو دین و میدیاو ،،،،ھتد، سەرخانی سیاسی باو و زاڵی دەستی چینێکی بانسەری کۆمەڵگا بووە، کە ھەتا سەر ئێسقان تینوی سەرمایەو کەڵەکەکردن و قازانج پەرستن بووەو لەم پێناوەشداو لەناو ھەمان کەش و ھەوادا، سڵیان لە دەستبردنی ھیچ جۆرە سیناریۆیەک لە دژی ئینسانی ھەژارو نەدار و ئازادیەکانی و حوڕمەت و کەڕامەتەکانی و مافە ھەرە سەرەتاییەکانی، نەکردۆتەوە.


لەناو ھەمان کەش وھەواشدا، ھەڵبژاردنەکان لەنێوان تەواوی حیزب و باڵ و ڕەنگە جۆراو جۆرەکاندا، بۆ سەرجەمیان، تەنیا فاکتەرو کەرەستەی ئامانج و ستڕاتیژێک بووە کە ئەویش بەدەستھێنانی سەرمایە و پیسخۆری و گەندەڵکاریی بێپەردە بووە!


لەململانێی ھەڵبژاردنەکانیاندا، سەرباری فرت وفێڵ وتەڵەکەبازیی و تەزویرو ساختەکاریی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا، ئاسایی ترین شتێک، کڕینی دەنگی دەنگدەر و ویژدانی تاکی دەنگدەر بووە.


سەرباری بەبارمتەگرتنی ژیان و موچەو کاری دەنگدەر، چاوسوورکردنەوە و ھەڕەشەی لەکاردەرکران و نانبڕاوکرانی ئەوانەش، کە ھەرچەشنە گوومانێکیان لەدەنگنەدانیان کرابێت، کارێکی زۆر ڕۆتین و ئاسایی بووە.


دزی و فزی و ڕاوو ڕووتی بێ پەردە، مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی داھاتی نەوتی لەدەست چەند مافیایێکی حیزبی و بنەماڵەیی و ناڕۆشنی لە داھاتەکانی، دەستگرتن بەسەر خاڵە سنوریە بازرگانیەکانداو گووزەرکردنی جۆرەھا مەوادی بێھۆشکەر لێیانەوە بۆ ناو ھەرێم و کەوتنە داوی سەدان کەسی شەریف و بێتاوان، بەم ماددانە و ئاڵودەکرانیان، قاجاخچێتی داو دەرمانی ماوە بەسەرچوو خواردنی ماوە بەسەرچو و نەخۆشکەوتن و چوونەسەری ڕێژەی بەرچاو لە نەخۆشینی شێرپەنجەو مردنە کت وپڕیەکان، ھەموو ئەو لێکەوتە ماڵوێرانکەرانەن کە بەرھەمی ئەو کەش وھەوا پڕ لە دیموکڕاسیەتەی ھەرێم و سەران و ئەحزابی قەومی و ئیسلامی ھەرێمن، کە بەتێکڕایان، شەرعیەتیان بەم ھەموو سیناریۆ جۆراوجۆرە شووم و پڕ لە کاراساتھێنەرو تڕاژیدیاھێنەرانەدا ھێناوە، کە تێکڕایان بارە ھەرە قورس و نرخە ھەرەگرانەکەی خراوەتە سەر پشت و شانی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانەوە و ئەم چوارچێوە جەھەننەم ئاسایەشیان ناو لێناوە ئەزمونی ھەرێم و ئەزمونی دیموکڕاسیی و فرە ڕەنگی و فرەدەنگی!


بەڵێ ئەزمونی دیموکڕاسی واتە، ئازادی و دەست ئاوەڵایی مافیاکان، لە ململانێی زۆرترین قازانج و زۆرترین دەسکەوتی ماددی وزۆرترین دزی وفزی و تاڵانچێتیدا!


لەناو ھەر ئەم کەش وھەوایەشدا، بزووتنەوە سیاسییە بۆرژوازییە جۆراوجۆرەکان بە ئۆپۆزیسیۆنەکەشیانەوە، ھەمیشە حزب وسازمانی سیاسییان وەک کۆمپانیا، لەژێر ناوی کۆمەڵێک شیعارو خواست وتڕاکتی بریقەداری جۆراوجۆرو پەڕۆی ڕەنگاو ڕەنگ و سومبوڵی جۆراوجۆردا، بۆ چەواشەو فێڵ وتەڵەکە لەچین و توێژە ھەژارەکانی کۆمەڵگادا بەکارھێناوە، ھەتا بتوانن لەدەنگی ئەوان و پەنجەمۆرەکانیان، لە ناوە ناوەی ھەڵبژاردنە گاڵتەجاڕیەکانیاندا، شەرعیەتی چوونە بانسەری ھەر ئەم خەڵکە ھەژارو نەدارە، بەدەست بھێنن، ھەتا بتوانن، چەندکەسێک، وەک نوێنەری پەڕلەمانی بۆ قاوەو چاخواردنەوە و ھەندێک وەک حکومەت و سەرۆکی و جێگرەکەی و ھەندێک وەک وەزیزو گزیرو ھەندێکیش وەک پارێزگارو مدیرو وەکیل مدیرو دەیان پۆست و جێگرپۆست و پیسخۆرو جێگر پیسخۆری تر، بەدەست بھێنن.


ئەمە بە گشتی تابلۆی سیاسیی و ئیداریی و حکومی، ھەرێمی کوردستانی زیاتر لەسێ دەیەی ڕابردو بووە، ھەموو ململانێکانی پشتی ئەم تابلۆیە، لەپێناوی بەدەستھێنانی زۆرترین ئیمتیازی سیاسیی و حکومی وئیداریدا، بووە.


لێرەدا تاک بەپێی قسەیەکی جوانی لام وابێت لینین کردوویەتی، کەدەڵێت، لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا، مرۆقەکان لەدوو شت بەدەرنین، ئینسان یان دزە یان دزراوە!


ئەم وتە جوانە بەسەر ھەرێمی کوردستانیشدا جێبەجی دەبێت، ھەر کەسێک، وەک تاک، بتوانێت ئەسپی خۆی بەپێی جێگاو ڕێگاو لێھاتوویی و شیاویی خۆی لەناو ئەم مشت و مڕو ململانێ ناشەریفانەیەدا تاوبدات و ببێتە بەشێک لەسیناریۆی ڕەش، ئەوا بێشک، وەک عەبدوڵا کوێخا موباڕەکەکان و ڕێباز حەملانەکان و فڵان و فیسارەکان .....و، ھتد، ئینجا چی وەک پێگەی عەشیرەتی و چی وەک پێگەی سیاسیی و چی وەک پێگەی ئەکادیمی و شەھادەداریی، ھەمیشە لەسەر ئاستانەی ئەم ئەمبەرو ئەوبەرکردنەی نێوان ئەم دەستەو تاقمە مافیاگەرێتیەو ململانێ و ڕەقابەتی نێوانیان ڕادەوەستن و کڕین فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، چونکە خۆیان لەبنەڕەتەوە ویژدان و ھەست ونەستی مرۆیی خۆیان لەپێناوی پارەو سامان و کەڵەکەکردنیدا فرۆشتووە. پێچەوانەکەی، ئەگەر ئاستی وشیاری و ڕێکخراوەیی چین وتوێژە کەمدەرامەدەکان، لەخوارەوەبوو و ئامادەسازییان بۆ خەبات وتێکۆشانێکی چینایەتیانە لەئارادانەبوو، فەرھەنگی مۆڕاڵی شۆڕشگێڕانەو تێکۆشەرانەکەشی لەکۆمەڵگادا لەئاستێکی نزمدا دەبێت، ھەربۆیەش، مرۆڤەکان بەتایبەت لە چینی ناوەڕاست، ھەوڵ دەدەن بەپێی تواناو لێھاتووییەکانیان نان بەنرخی ڕۆژ بەدەست بھێنن، کلتوڕری ھەرکەس بۆخۆی لەناو ئەم گەندەڵستانەدا، پەرەدەستێنێت و پێچەوانەکەی وەک دزراو دەبنە قوربانی.


پارتی و بنەماڵە دەستڕۆیشتووە ڕەھاکەشی، کە زۆرترین میلیشیاو زۆرترین سامانی گشتی کۆمەڵگایان لای خۆیان وەک سەرمایەی جوڵاو و نەجوڵاو گلداوەتەوە و لەبەدمۆڕاڵی وخۆفرۆشیی و دەستێکەڵییان لەگەڵ کۆنەپەرەسترین و فاشیترین دەوڵەتانی ناوچەکەشدا، ڕەقەمی قیاسییان لەنسبەت ڕەقیب ومونافیسەکانیدا شکاندووەو تۆمارکرانی، سی ویەکی ئابەکان لایان لە ئاوخواردنەوەیەک ئاسایی ترە.


بۆیە ھەمیشە بەھۆی ئەم ھەڵوێستانەیانەوە توانیویانە وەک ھێزێکی زاڵی دەستڕۆیشتوو لە ناو ئەم ململانێیانەدا بمێننەوە و ھەموو ئەوانەشی کە خۆیان وەک کەسایەتی نەرجسیی و عەوداڵی پارەو سامان، لەناو ئەم ھاوکێشەیەدا دەتوانن توخمێک یان ئایۆنێک وڕەقەمێک بن، ھەمیشە بەو بارەدا دەکەون کە ئاوێتەو تێکەڵی زۆرترین دەستکەوت وقازانج بن.


ئەوەی کە ھەمو ئەم دەستەو تاقمانەش لەیەکتر جیادەکاتەوە، تەنیا ناو و ڕەنگ و دەم و چاوەکانیانە، دەنا لەڕووی جەوھەریەوە ھەر ھەموویان پارچەی ئەو پیساییەن کە قالۆنچەیەک گرمۆڵەی دەکات و دواتریش تەیرێک، لێکی ھەڵدەوەشێنێت و دەیکات بەچەند بەشێکەوە.


بۆیە عەبدوڵاکان، لە ھەر جێگایەک بن، لەناو ھەر ڕەوت و ڕێکخراوو حیزبێک لەو ڕەوت وڕێکخراوەو حیزبانەبن، ھەر عەبدوڵاکانن و ڕێبازەکانیش ھەر ڕێبازەکانن و خزمەت بەھەمان پڕۆسەو ھاوکێشەی سیاسیی ناو تابلۆ گشتیەکەی ھەرێم وسیستەمە سیاسیەکەی دەکەن.


ئەگەر عەبدوڵاکان، لەبنەڕەتدا بەدوای ئامانجێکی دروستی کۆمەڵایەتی شەڕافەتمەندانەی دوور لەنەرجسیەتەوە بوونایەن، دوور لەم ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرە بۆرژوازیانەوە، لەگەڵ ھاوچینەکانیدا خۆی ڕێکدەخست، نەک وەک ڕۆبۆتێکی بێ ھەست ونەستی مرۆیانە، ئەمڕۆ بۆ ئامانجی سیاسیی و ململانێی سیاسیی ھێزە کۆنەپەرەستە بۆرژواکان، ببێتە خۆراکێکی بۆگەناوی تەبلیغاتی دەستی کۆنەپەرسترین و دژە ئازادیترین ھێزی سەرکوتگەری ناو ململانێی سیاسیی کوردستان.
 

 

٦\٥\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک