١\٧\٢٠١٤
لە بارەی
دەنگدانەوەی پشتگیریی ئیسرائیل لە دەوڵەتی کوردی.

حەمە غەفور
ئەڵێن میدیا بە شێوەی گشتی ڕۆڵی گەورەی هەیە
لە ئەندازیاری کردنی ڕای گشتیدا. ئەم ڕۆژانە ئەبینین لە کوردستان
میدیای حیزبەکان و ئەوانی تریش، سێمپاتیان
زیاد لە پێویست بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە نیشانداوە. هەواڵی لێدوانەکانی ئەم
دواییەی سەرانی دەوڵەتی شۆڤێنیی ئیسرائیل، لەبارەی پرسی سەربەخۆیی
کوردستانو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆوە وەکو مژدە پەیتاپەیتا بەدوای
یەکدا لە ڕۆژنامەو کەناڵەکانو ڕاگەیاندنە ڕەنگاوڕەنگەکانەوە
بڵاوئەکرێتەوە. ئەم هەنگاوە لە ئێستاوە پێمانئەڵێت مەسەلەی خواستی
سەربەخۆیی کوردستانو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ناقەومیو
نامەزهەبی، بەرەوڕویی دنیایەک لە گرفتاریو بەریەککەوتنو کێشمەکێشی
سیاسیو تەنانەت سەربازیش ئەبێتەوە. چونکە بە دیاریکراوی ئیسرائیل
پشتیوانی دەوڵەتێکی قەومیی کوردی ئەکات کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای
ناسیونالیستی دامەزرابێت، نەک دەوڵەتێکی سکۆلاری ناقەومیو نائایینی.
ئەم هەڵویستەی ئیسرائیل خۆی درووستکردنی مەیدانێکی دیکەی کێبەرکێو
دووبەرەکی قەومیو مەزهەبیی نەبڕاوەیە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی کە
دەوڵەتی ئیسرائیل یەکەمینە لە پشتگیریی کردنی ئەو دەوڵەتە کوردییەدا.
حیزبەکانو ڕابەرانی سیاسی هێزە کوردییەکان، هێندەی ئەو لێدوانانەی
سەرانی ئیسرائیل بەلایانەوە گرنگە، چارەکێکی ئەوەش رای خەڵکی
کوردستانیان بەلاوە مەسەلەو بایەخدار نییەو بۆی ناگەڕینەوە. ئێمە لە
هیچ میدیاو ڕاگەیاندنێکی ڕەسمیو نیمچەڕەسمیدا نەمانبینیوە ڕاشکاوانەو
بێ پێچو پەنا باسی گەڕانەوە بۆ ڕاو ئیرادەی هاوڵاتیانی کوردستان
کرابێت لەمبارەوە. ئەمەش بەواتای نزیکایەتیی حیزبە کوردییەکان دێت
لەگەڵ چارەنووسیکدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە خەیاڵو بەرنامەیدا
فۆڕمۆڵەی کردووە بۆ کوردستان. تەرجومەی ئەم هەڵویستەی حیزبەکانو
میدیای کوردیش بۆ زمانی ئاسایی ئەوەیە، نییەتو ئاراستەیەکی بەرچاو
هەیە بۆ پشتکردن لە چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستانو خواستو ئامانجو
هیواکانیان کە سەربەخۆیی یەکێکیانە. لە بانگەشەی فراوان بۆ هەواڵی
پشتگیری ئیسرائیل، مامەڵەکردن بەسەر چارەنووسی کوردستانەوە ئەبینرێت،
نەک کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی. لەکاتێکدا بڕیار وابوو قسەی
یەکلاکەرەوەی چارەنووسی کوردستان تەنیاو تەنیا قسەو بڕیاری خەڵکی
کوردستان خۆی بێت، نەک هەڵویستو سیاسەتی هیچ هێزو دەوڵەتێک.
کاتێک ڕای خەڵکی کوردستان بە فەرامۆشی ئەسپێردرێتو پشتگیری ئیسرائیل
گەورە ئەکرێتەوە، ئێمە واتێئەگەین کە حیزبو لایەنە کوردییەکان نیازیان
وایە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا،
خەریکن بەشێوەی فرسەتتەڵەبانە بیر لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان
بکەنەوە. ئەم هەڵوێستەی حیزبە کوردییەکان لەکاتێکدایە، لە هەر چوارلاوە
لەشکرکێشیو ئامادەسازیی سەربازیو ڕیزبەستنی سوپاو تەنانەت تەپڵی شەڕ
ئەبنرێو ئەبیسترێ. ئەم کارەو ئەم بژارەیەی حیزبەکانی کوردی بەنیازن
بیکەنە سیاسەتی ڕەسمی خۆیان، بۆ خەڵکی کوردستان ڕێگایەکی پڕکێشەو
قەیرانو پێکدادانە، بەتایبەتی لەچوارچێوەی هەلومەرجێکدا کە عێراقو
ناوچەکەی بەرەوڕووبۆتەوە. ئەمە غەدرێکی گەورەیەو پایماڵکردنی مافێکی
ڕەوای هاوڵاتیانی کوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆیانو قابیلی
لێخۆشبوون نییە.
زیاد لە نیو سەدەیە خەڵکی کوردستان بەرەوڕووی هەموو شێوازەکانی سەرکوتو
هەڵاواردنو پاکسازی بۆتەوە لەلایەن دەوڵەتە شۆڤێنییەکانی عێراقەوە.
ئیسرائیل خۆی کە دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای قەومی- مەزهەبی
دامەزراوە، بە دڕندانەترین شێوە خواستی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ
فەلەستینییەکان سەرکوت ئەکات، ئێستا بێ هۆ نییە پشتیوانی لە
درووستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ئەکات! جگە لەوەش هیچ کات
ئیسرائیل ناتوانێت فاکتەرێکی پۆزەتیڤ بێت لەڕاستای ڕێگایەکی عادلانەی
چارەسەری پرسی کورد لە عێراقدا، بەڵکو ئەبێتە سەرچاوەی قووڵبوونەوەی
کێشەکانو کۆسپو تەگەرەی زیاتر بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان.
پشتبەستن بە دەوڵەتێکی دامەزراو لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی وەکو ئیسرائیل،
هەم خۆکوژی سیاسییە، هەم کورتبینیی سیاسییە. ئێستا ئیتر خەڵکی کوردستان
مافی ڕەوای خۆیەتی لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا وەڵامی پرسیارێکی مێژوویی
بداتەوە کە هەرگیز نەخراوەتە بەردەمیان، پرسیاری مانەوە لە چوارچێوەی
عێراق یان جیابوونەوە. ئەم دەوڵەتە شۆڤێنییەی ئیسرائیل خۆی سەرچاوەی
سەرتاپای گرێو گۆڵو گرژیو نائارامییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. چۆن
ئەکرێت خەڵکی ستەملێچوی کوردستان هەڵخڕێنرێن بۆ خۆشباوەڕبوون بە
پشتیوانیو پشتگیریی دەوڵەتێکی وا لێیان. ئیسرائیل بەهانەی گەورەی
دەستی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانو گشت تاقمەکانی ئیسلامی سیاسیشە لە
ناوچەکەدا بۆ تاودانی تەبلیغاتی دژەجوولەکەو دژە ئیسرائیل، بۆ
پاساودانی دوژمنایەتییەکی مەزهەبیو کوێرانەی خەڵکی ئیسرائیلو فەرهەنگو
ئەخلاقیاتی ڕۆژئاواییش. دەوڵەتێک دەیان سالە مافی پێکهێنانی دەوڵەتی
سەربەخۆی فەلەستینییەکانی پێشێل کردووە بە هاوکاری ئەمریکاو دەوڵەتانی
ئەوروپایی لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ برەودان بە ناشیرین کردنو
ڕەتکردنەوەی فەرهەنگو شێوەژیانی ڕۆژئاوایی بەکاریان هێناوە. کێشەی
فەلەستینو مەسەلەی عەرەب- ئیسرائیل، زەمینەی بەرهەمهێنانو قەڵەوبوونی
ئیسلامی سیاسییەو لە دژایەتی کردنی ئەودا نفوزی کۆمەڵایەتی خۆی
دەمەزەرد ئەکاتەوە.
دڵخۆشبوون یاخود پشتبەستن بە لێدوانەکانی سەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل،
یاخود بەڵێنە سەرزارەکییەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا، سەبارەت بە
سەربەخۆیی کوردستان، تەنانەت ئەگەر ببێتە کرداریشو دەوڵەتێکی کوردی
لەوجۆرەی ئیسرائیل ئامانجییەتی بێتەبوون، هەم خۆکوژیی سیاسییە چونکە
ئەو هەنگاوە کوردستان ئەکاتە ئیسرائیلێکی تر لە ناوچەکەدا، هەم
لەدەستدانی دەرفەتێکی باشە کە هاتۆتەئاراوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی
کوردستان لە ڕیفراندۆمێکدا سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی پرسی جیابوونەوە
لە عێراقو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سکۆلار لە کوردستان. ئینسان بە بیستنو
بینینی ئەم هەواڵی دڵخۆشیو سێمپاتییە بۆ لێدوانەکانی سەرانی ئیسرائیل،
داستانی نسکۆی ٩٧٥ پارتی دیموکراتی کوردستانی دێتەوە پێش چاو. چونکە
لەنێو دڵی هەواڵەکەو سێمپاتییەکەشدا ئاماژەیەک هەیە بۆ تەسلیمبوون بە
چارەنووسێکی نادیار کە زلهێزەکانو ئیسرائیل بۆ خەڵکی کوردستانیان
کێشاوەو حیزبە کوردییەکان خەریکن بێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان
پەەسەندی ئەکەن. دیوەکەی دیکەشی، بەواتای پشتگوێ خستنی ڕای خەڵکی
کوردستانو بێبایەخ تەماشاکردنی ڕیفراندۆمێکی ئازادانەیە لە کوردستان
بەو ناوچانەشەوە کە جێگای ناکۆکیو گرفتن لەگەڵ ناوەندی عێراق.
وەڵامێکی دروستی کۆمەڵایەتیو سیاسیانەی موعتەبەری وا بە کێشەی کورد
تەنیا بە گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان ئیمکانی هەیە کە لە ئاستی
جیهانیداو بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ئەنجامبدرێت. ڕیفراندۆمێک
کە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی کۆمەڵگای کوردستان پێودانگی بێت،
ژیرانەترینو عادلانەترین ڕێگاشە بۆ وەڵامدانەوە بە مەسەلەی سەربەخۆیی
کوردستان وەکو کێشەیەکی مێژوویی. کوردستان نابێت جارێکی تریش بخرێتەوە
نێو قوماری سیاسیو نێو گرەوی مامەڵەو ساتوسەودای سیاسییەوە. هەر
هەوڵێک لە پشتی ئیرادەی جەماوەری ستەمدیدەوە تاوانێکی گەورەو مێژووییەو
خەڵکی کوردستان هەگیز لێی خۆش نابێت. بەتایبەتی لە ئێستادا کوردستانو
ناوچەکە خۆی دەرگیری تەنگژەو قەیرانێکی بێئەوسەرە. لەکۆتاییدا لەو
میدیاو حیزبانەی پاڵ بە ڕای خەڵکی کوردستانەوە ئەنێن بۆ پەسەندکردنی
پشتگیریی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەپرسم، کاتێک خەڵکی کوردستان بەرەوڕووی
شاڵاوەکانی ئەنفالو هێرشی کیمیایی بۆوە، هەڵویستی دەوڵەتی ئیسرائیل چی
بوو؟
١\٧\٢٠١٤
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|