٢٨\٧\٢٠١١
لە بارەى
دیوانەکەى تەڵعەت تاهیرەوە.
لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانى.

کەریم دەشتى
1
- لیرەیەکى زۆر کۆدەکەمەوە رۆشنایى پێ دەکڕم .. ل15
شیعر حیکمەتى مانەوەى رۆحى مرۆڤە، ئەو حیکمەتەى پارێزەرى شەرابێکى
موقەددەسە ، ریلکە گوتەنى : شاعیرەکان چەند لولەیەکى موقەددەسن ئاوى
ژیانیان تیدا دەپارێزرێ ، ئەو شەرابەى کە مرۆڤ لەو سەرى وەڕەسى و
بێزارییەوە ، لەوسەرى مانەوە لە ناو سکونێکى ئەبەدیدا، رزگاردەکات و
دەستى دەگرێ و دەڵێ ئەى مرۆڤ ، لە زەمەنێک و هەموو زەمەنەکانى دیکە ،
تۆى باڵبەستە و چاوبەستە و زوڵملێکراوى هەموو قەدەرەکان ، تاکە سەلواى
تۆ کە برینەکانت هێور بکاتەوە و دڵت بداتەوە، تەنها هەر شیعرە ، ئەو
شیعرانەى تەواو گۆرانى بۆ ناخى ماندوو دەڵێن، گۆرانى بۆ ئەو تەڵە گیایە
دەڵێن کە لە مێژە تینووى بارانن :
رۆژێ لە رۆژان بەلەمێک دەدزم
برادەرە نزیکەکانم دەبەمە پیاسە
سێبەرى هەورێ بە کرێ دەگرین ل25
بەڵام ئاخ لەناو هەزاران هەزار باراندا تەنها ئەگەر بایێ لاى لێ
بکاتەوە و بەسەریدا هەڵڕژێنێ ، هەر بۆیەش کاتێ کۆمەڵە شیعرێ یا شیعرێ
دەخوێنمەوە، کە بەڕاستى ناخم دەهەژێنێ، دەزانم کە شاعیرەکەى ئارەقەى بۆ
شیرى گەنم رشتووە، یا کوزرى کوتیوە، کەس ئەوەندەى من کەیفى بە داهێنانى
ئەوانیدیکە نایێ ، زۆر جار کە شیعرێکى ناوازە دەخوێنمەوە ، دەڵێم چەند
باش بوو من نووسیبام و یەکسەر شیعر و شاعیرەکە لە چەقى بیرکردنەوەم
دەوەستێ و وەک بڵێى بانگم بکات و بڵێت : ئەها ئەوە منم.
2
- مەخابن نوسین تۆڕێکى درشتە وردە وشەى پێ ناگیرێ .. ل57
بە درێژایى ئەو بیست و پێنج ساڵەى رابردوو، من و تەڵعەت قسەمان
دەربارەى زۆر لە بابەتەکانى شیعر کردووە ، مشتومڕمان هەبووە، گریان و
پێکەنینمان هەبووە، سەربارى هەمووش شیعر بابەى پارسەنگمان بووە .
هاوڕێیەتى گەنجانێکى زۆرم کردووە کە شیعریان نووسیوە، زۆریان بەگووڕ
دەهاتن و سکڵێ لە ناخیاندا دەتروسکایەوە بەڵام بە داخەوە نەیانتوانى
شنەى کتێب و بیرکردنەوەو تەئەممول و رامانیان بەسەر ئەو سکڵەى ناخیاندا
هەڵبکەن ، بۆ ئەوەى بەردەوامى بە داهێنانى شیعرى خۆیان بدەن و هەر زوو
لە سەرەتاى رێدا دامرکانەوە و رێگەیەکى تریان گرت . هەندێکیشیان
دەیانزانى کارى نووسینى شیعر ، هەڵکۆڵینى بەردە و گرتنى باو لە
باوەشکردنى ئاوە. زانییان کە داهێنانى شیعرى ناخى ئینسانى گەرەکە ، دڵى
ئینسانى گەرەکە ، کوشتنى نەوس و لەززەتەکانى رۆژانەیە ، رۆیشتنە بە سەر
لێوارەکانى دۆزەخ و دەمى چەقۆ ، بۆیە کۆڵیان نەداو تێپەڕین ، هەندێ
جاریش وا تێدەپەڕین کە خودانى ئەزمونەکانیشیان تێپەڕ دەکرد، بەڵام
چونکە بە حیکمەتەوە هاتبوونە ناو مەعبەدى شیعر بۆیە ئاوڕێکى گران و
سەنگینى دواوەیان دەدا .
3
زمان بە ماچ .. شوێن بە وڕێنە .. ل102
من زۆر بە وردى گەنجەکان دەخوێنمەوە و رێزى بەرهەمەکانیان دەگرم ،
چونکە من دەزانم کە ئێمە گەنج بووین ئەو بایەخەیان بە ئێمە نەدەدا ،
لەو گەنجانەى کە هەمیشە لەگەڵ نەوەى ئێمە بوون و هەمیشە لە جەدەل و
گفتوگۆدا بوون و تەواو لە ناو بابەتە گرینگەکانى شیعر و مەعریفە و
ئاسۆکانى ئەدەبدا بوون و بەشداریێکى زیرەکانەیان دەکرد، زۆربوون ،
بەنموونە ، یەکێک لەوانە تەڵعەت تاهیر بوو، هەروەها زانا خەلیل کە
یەکێکە لەو شاعیرە گەنجانەى کە لەمەوداى ئەو بەرهەمانەى بە چاپى
گەیاندوون ، توانیویەتى سەرنجى خوێنەرانێکى زۆر بەلاى خۆیدا راکێشێت ،
ئەمە و جگە لە شیعر تا ئێستا چەندین رۆمانى بە چاپ گەیاندووەو هەروەها
بەشدارییەکى بەرچاوى هەیە لە بڵاو بوونەوەى بزاوتى -زناک- جگە لەوەى کە
بەردەوام وەک بەشدارێکى زیرەک ئامادەیى خۆى سەلماندووە لە کۆڕو
کۆبوونەوە ئەدەبییەکان و گفت و گۆى نێوەندى ئەدەبى.
4
-هاوارێ هەیە نابێتە گۆرانى .. ل96
بەراستى سەرەتاى دەست پێکردنى تەڵعەت و زانا سەرەتایەکى موژدەبەخش بوو،
من بۆ خۆم دەمزانى کە ئەو دووانە هەڵگرى ئاماژەیکى گرنگن لەناو گێژاوى
ئەدەبى کوردیدا، کە بەرهەمەکانى ئەو دووە لە نووسین لە ناو چوارچێوەى
ئەدەبى کوردیدا دیار و بەرچاون ، لە هەمووى گرینگتر ئەودووە زمانیان
دەزانى : تەڵعەت عەربیزان بوو ، زانا خەلیل فێرى ئەڵمانى بوو ، کە ئەوە
بۆ ئەو گەنجانەى کە لەوان سەردەمان دەستیان پێکرد ، سەرچاوەیەکى گرینگ
بوو بۆ بە هێز کردنى پێگەى خۆیان لە نێو ئەدەبى کوردیدا، ئەمڕۆکەش کە
دوا بەرهەمى (لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانى) ى ، تەڵعەت تاهیرى
شاعیر دەخوێنمەوە دەزانم ئەو قسانەى دەیکەم راستن و من ئەو حوکمانە لە
خۆڕا داناڕێژم.
5
- هەتاویان وەک لیرەیەکى ئاڵتون خستۆتە قاسەوە .. ل89
تەڵعەت تاهیر بە پاشخانێکى گرینگى دەوروبەرى ئەدەبى تەسەووفى هاوچەرخ
بیرۆکەى شیعرەکانى خۆى بۆ بەردەم زمان هەڵدەڕێژێ ، بەو مانایە نا کە
ئەدەبێکى شیعرى سۆفیگەرێتى بنووسێ .. نا ، بەڵکو بەو مانایەى کە هەموو
نەوسەکانى خۆى بۆ شیعر دەکوژێ بۆ ئەوەى هەندێ شیعر بنووسێ ، ئەو باوەڕى
بە گوتەزاکەى نیفەرى هەیە کە دەڵێت : (كلما
اتسعت الرؤيا زاقت العبارة) واتە
کاتێک دیدگاى مرۆڤ فراوان دەبێ دەستەواژەکان کورت و تەنگ دەبنەوە،
ئەوەشیان بەخەرجنەدانێکى سوفیگەرانەى گرینگە لە مەوداى شیعردا ، جا بۆ
تەواوکردنى ئەو چەشنە نووسینە . تەڵعەتى شاعیر پشت بە زمانێک دەبەستێ
کە هەڵگرى ئاماژەى تەفروتونا کردنى دیاردەکانە ، بە گوفتارى ئەو زمانە
دێت و ماناکان دەسڕێتەوە ، ئەو مانایانەى کە - بە قسەکانیان بەهار دێنن-
ئەو بەرەو مانایەک دەڕوا کە لەمێژە هەوڵى بۆ دەدا و سەفەرى خۆى بۆ ئەم
مەبەستە دەست پێکردووە :
رۆژێ دادێ ......../.
درێژە بە گەشتى یەکەمم دەدەم بەرەو مانا
هەڵبەت ئەو مانایەیە کە تەڵعەت دەیەوێ پێیەوە خۆى بدۆزێتەوە ، رێگەیەک
دەدۆزێتەوە بۆ دۆزینەوەى خۆى .
ئەو نایەوێ بە چراکەى دیوژین بگەڕێ و خۆى لە وونبووندا بدۆزێتەوە ، ئەو
دەیەوێ خۆى ئەو چرایە بێت کە چراى مانایە ، کەواتە مانا فۆرمى یەکەمى
شاعیرە کە دەیەوێت پێیەوە دەست بە داڕشتننى جوانییەکانى خۆى بکات. وەک
گوتم ئەو بە هەمان ئەو دوو کۆڵەگەیە - ماناو زمان- دەکات بە دارهزرى
خۆى.
فۆرمى دووەمى شاعیر پرۆسەى خۆ داتەکاندن و گۆڕانە هەروەها خۆ گۆڕینە ،
چونکە ئەو ناتوانێ لە ناو یەک قاوغدا کار بکات - دەگۆڕیم تێدەکۆشم نان
ئینکاریم نەکا - هەر بۆیەش لە رێگەى زمان و ماناو خۆگۆڕیندا گەرەکیەتى
هەتا لەمپەرەکانى گوناهیش بشکێنێ و ئیدى سنوور لەبەردەمیا نەمینێ:
- رۆژێ لە رۆژان بەلەمێک دەدزم ،
برادەرە نزیکەکانم دەبەمە پیاسە ،
سێبەرى هەورێ بە کرێ دەگرین :
تا پشتمان دەشکێ
بە مێژوو پێدەکەنین .. -
6
-جوانیى دوورترە لە تەماشام .. ل68
تەڵعەتى شاعیر هەوڵێکى بێسنوورى داوە، تا لەناو جوانیەکاندا کار بکات ،
واتە ئێستەتیک ئامادەییەکى زۆرى هەیە لەناو شیعرەکانیدا ، - پەنجەى
پێچراو بە گەڵاى مێو- گەردەنى تەڕ بە ئاوى شووتى- تکەى تەنوورى تەماشا-
و بە دەیان رستەى دیکەى ئاوا کە دەکرێ بڵیم مادامەکێ ئەو راوى مانا
دەکاو زمان هەویربەند دەکاو دەیەوێت بگۆڕێ ، ئەوە دەبێ بەدواى ئەو
گەمەکردنە سوفیگەرێتیەدا بگەڕێ کە هەم لە ئاوى سوریالیزم بخواتەوە و
هەم لە ئاوى تەسەووف.
سەراپاى شیعرەکانى ناو ئەو دیوانە هەڵگرى پرسیارگەلێکى زۆرن ، ئەو
پرسیارانەى کە گوزارشتن لە نەبوونى پرسیار لاى مرۆڤى ئەم چاخە : -بەزەیى
مرۆڤ بۆ دونیا لەوەدایە بێ پرسیارە-لەبەر ئەوەى کاک تەڵعەت ئەدۆنیس
دەخوێنێتەوەو بەردەوامیش کار لە نێو دەقەکانى دەکات ، بێ ئەوەى ئاگاى
لێبێت دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانى ستایل و شیعریەتى ئەو شاعیرە، بەڵام
ئەو کاریگەرێتییە بەو مانایە نا کە کارى گواستنەوە بکات، بەڵکو بەو
مانایەى کە بەو ئاراستەیە پەرە بە شیعرەکانى خۆى دەدات، کە من پێموایە
دیدگاى فراوان دەکات:
- منداڵى حەرفێکە
تامى هەموو ئەبجەدیەت دەدا -
ئەمە وێنەیەکى زۆر جوانى ناو ئەم دیوانە شیعرەیە، کە لێوردبوونەوەى
زۆرى دەوێت ، یاخود:
-خۆشەویستى تاکە زمانە
کە ماناى پەنجەرە بداتە دیواریش-
وەکو گوتم ئەوە ئەو جۆرە ستایلەیە کە موڵکى خودى کاک تەڵعەتن، لە
مەدارى کورتبڕى و پڕبڕیدا دەسووڕێتەوە.
وەک گوتم شاعیریەتى تەڵعەت لەمەوداى ئەم دیوانە شیعرەو هەموو
نووسینەکانى گەڕانە بە دواى ئەو مانایانەى کە بە زەحمەت دێنە ناو شیعرو
راو دەکرێن:
دەبێتە ئاو بەڵام بە شایەتى سەراب
دەبێتە هەور بەڵام بۆ خزمایەتى لم
دەبێتە باران بەڵام بۆ کوژاندنەوەى رۆژگار
ئەم جۆرە وێنە شیعریانە جۆرێک پارادۆکسى تیایە کە خوێنەر دەتوانێ تا
دواتەمەنى درێژیان کاتەوەو خوێنەر بە هەموو لایەکدا ببات، کە ئەم جۆرە
داڕشتنە بیرکردنەوەى دەوێت و یارى کردنى دەوێت بە گۆڕینى زەین و زمان ،
زیاتر لاى شانۆکارە ئەلیزابیسیەکان بە تایبەت لاى شەکسپیر هەیە، من
پێوایە تەڵعەت تیایا سەرکەوتووە.
کاک تەڵعەت تژى شیعریەت و وێنەى دژبەندى و فۆرمى جیا جیاى زمان و ماناو
ئێستەتیکن ، پێویستى بە تێڕوانینێکى رەخنەیى ووردە .
7
ماستى ناو مەنجەڵ ، باینجانى ناو نایلۆن .. ل37
ئەوەى من تێبینیم کردووە لە شیعرکانى تەڵعەت و بەردەوام بەرچاوم
کەوتووە، هەبوونى بڕێکى زۆر لەو وشانەیە کە پەیوەستن بە فەرهەنگى
رووەکەکانەوە، بە تایبەت ئەو تەڕە و میوانەى کە وەک چەند کریستاڵێکى
جوان لە شانەشینى شیعرى ئەودا نمایشى خۆیان دەکەن، هەر هەموو ئەوانە
دەخزێنێتە ناو فۆرمێکى شیعرى و جوانى دیکەیان پێ دەبەخشێ ، وەک پاقڵە ،
شووتى ، باینجان ، گەڵا مێو، کونجى، پەنیر ، ماست، ترێ ، ئەناناس ، هتد
، ئەرێ بەڕاست .. بەو شیعرانەى تەڵعەت گیلاسم بیرکەوتەوە ، دەمم پڕ ئاو
بووە، لە نووسین بوومەوە ...
دەبێ فریاى گێلاس بکەوم.
dashty1955@yahoo.com
|