په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢١

لە بارەی دوو رۆمانی رۆماننووس (ئارام محەمەد).


هۆشەنگ محەمەد    

یەکەم: رۆمانی (سەمای سڕبوون).


ئەم رۆمانە، دوو سەفەر لە خۆ دەگرێت، یەکەمیان بەرەو شاری (سائیل) و دووەمیان بەرەو (شاری مەنسووڕان). لەسەرەتای رۆمانەکەدا، لە (لاپەڕە ١٥) لە سەفەری یەکەمدا دەگاتە شاری سائیل. دوای دەست دەکات بە گێرانەوەی رووداوەکانی شاری مەنسووڕان. لە لاپەڕە (٧٧) جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر باسکردنی سەفەری یەکەمینی و باسی شاری سائیل دەکات. تەکنیکی رۆمانەکە، سەفەرەکان تێکەڵ دەکات و دواییش بە نامەیەک کۆتایی بە سەفەرەکان و رۆمانەکە دێنێت.
سەفەری یەکەم وەک ئەوە وایە شێواز یا فۆڕمی سەفەری دووەم بێت، کە سەفەرێکی (ئەقڵی) یا (روحی)یە، یا سەفەرێکە بە نێو (مەعریفە)دا دەکرێت، لەپێناو وەڵامدانەوەی پرسیی ئەوەی گەوهەری ونبووی ژیان چییە؟ گەڕانی (مەستوورە و کاوە) لەو گەوهەرە ونبووەدا، لە کەشێکی روحیی و مەعنەویدا، رۆمانەکە دەباتە نێو قوڵاییەکی ئۆنتۆلۆجی و میتافیزیکییەوە، لەبارەی کۆمەڵێ ناو و چەمکی وەک: (تەنیایی، عیشق، تاریکی، رووناکی، خەیاڵ، حەقیقەت و خۆشەویستی) پرسیاردەکات. لە رێی ئەم چەمکانەوە باس لە ململانێی نێوان جیهانی ماددە و جیهانی روح دەکات. هەروەها پرسیاری هەقیقی مرۆڤ لەبارەی جیهان و گەوهەریی ژیان و جیاکردنەوەی ژیانی مرۆیی لە ژیانی ئاژەڵیدا پێشبەر دەکات. لە رێی ئەم پێشبەرییەوە، رۆمانەکە قووڵاییەکی هزریی بە خۆیەوە دەگرێت و نووسەر لەم سەفەرە ناماددییەدا رۆدەچێتە نێو ئەو پرسیار و ململانێیانەی رووبەرووی مرۆڤ دەبنەوە بۆ ئەوەی چاکتر و باشتر و راستتر بژیەت. لە سەفەری دووەمیشدا لە رێی نووسینەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکانی چڵ ساڵی (خەییام)دا، کە لەسەرەتا و کۆتایی رۆمانەکە ناوی دەهێندرێت، دەیەوێت رووێکی ماددیی لە رێی نووسینەوە بەم سەفەرە بدات. بە واتایەکی تر، سەفەری روحیی مرۆڤەکان بخاتە نێو کتێبەوە، لە رێی زمانێکەوە باسی روحی نادیاریی بوون و گەوهەریی ژیان بکات.
دۆزینەوەی خاڵی کۆتایی ژیان، کە ئامانجی ئەو کەسانەیە روو لە خەڵوەتی یاران دەکەن و دەیانەوێت ئەو گەوهەرە ونبووە بدۆزنەوە کە ناخرێتە نێو زمان و ناکرێت لە وشەیەکەدا رابگەیەندرێت. جا ئەم گەوهەرە، ئاسوودەیی، یا عیشق، یا راستی ، یا هەر ناوێکی تری لێبندرێت!
رۆمانێکی کورتە، بەڵام قووڵ و جوانە. دەستی ئارام شێخ وەسانی خۆش بێت.

دووەم: رۆمانی (رۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم).


(١)
ئارام محەمەدی رۆماننووس، پێش ئەوەی رۆمانەکەی بگێڕێتەوە وتەیەکی سیگمۆند فڕۆیدمان پێشکەش دەکات: (وشەکان هێزێکی جادووییان هەیە، دەتوانن لەگەڵ خۆیاندا گەورەترین ئاسوودەیی یان قووڵترین نائومێدی بهێنن.) وەک ئەوەی ئینجلییانە بڵێت سەرەتا وشە بوو، یان باسی بوونێکمان بۆ بکات کە لەنێو زماندا خۆی ئاشکرا دەکات نەوەک لە نێو بووندا. ئێمە تا کۆتایی رۆمانەکە نازانین، ئەو وتەیەی سیگمۆند فڕۆید چ پێوەندییەکی بە ناوەڕۆکی رۆمانەکەوە هەیە، بەڵام لە کۆتاییەکەیدا تێدەگەین، ئێمە لە بەرابەر دوو بووندا داین، بوونێکی واقیعی، کە ئێسک و گۆشتمان دەهاڕێت و خوێنمان دەخواتەوە، لەگەڵ بوونێک لەنێو زماندا ئەو گۆشت و ئێسکهاڕین و خوێنخواردنەوەیە بە چیرۆک دەکات، لەوێوەش دەرگەیەکی دیکە بەسەر بوون و واقیع و خەیاڵ و ئەدەب دەکاتەوە.
پێوەندی نێوان زمان و بوون، بوون لە واقیعدا و بوون لە هۆشدا، تەوەرێکی سەرەکی ئەم رۆمانەیە و دواتریش گواستنەوەی بوون لە نێوان واقیع و زماندا، دەستکاریکردنی بوون و لە واقیع و لە نێو زماندا، بەشێکە لە ئەدەبی ئەم رۆمانەدا.
ئەو بوونەی لەم رۆمانەدا، دەگوازرێتەوە و نیشان دەدرێت، لە رێی دەنگ و وشەکانی بوونەوەرێکە، کە ئەویش لە رێی گێڕانەوەی چیرۆکی خێزانێکەوە، وێنەی مرۆڤگەلێکمان بۆ دەردەخات، کە سەرەتا بوون خۆی، ئینجا خودا و دواتر مرۆڤ لە نێو وێنە جۆراوجۆرەکانی دەستەڵاتیدا، چ بەعسییەکان چ کوردەکان. ئەو مرۆڤگەلە بە تووندترین شێواز و ناوەڕۆک دەهاڕن!
بوونەوەرێک لەسەرەتای لەدایکبوونی ناتەواوە، لەم ناتەواییەدا نە گریان و نە پێکەنین لە پێوەندییەکی مرۆییانەی ئاساییدا نین و تێکەڵ و پێکەڵ دەبن و ژیانی ئادەمیزاد لە نێوان کۆمیدیا و تراژیدیادا بە ئەفسانەیەکی گاڵتە ئامێز و تیزجاڕانە دەکەن. (سەدا) ئەو کەسەیە کە بە ناتەواوی لەدایکبووە و لەکاتی پێکەنین و گریاندا بە پێچەوانەی کاتەکانی بوونێکی واقیعیدا خۆی دەنوێنێت، ئاماژەیەکی جوانی ئەو رۆمانەیە بۆ ئەو دۆخە گاڵتەجاڕییەی مرۆڤ لە نێوان تراژیدیا و کۆمیدیاکانی خۆیدا تێیکەوتووە، وەک ئەوەی مێژووی مرۆڤایەتی لەسەرەتای بوونی خۆیدا ناتەواو و ناڕێک و گاڵتەجاڕ و لەهەمان وەختیشدا تراژیدیا ئامێز بێت. بوونی ئێمە پڕ بێت لە ناڕێکییەکانی پێکەنین و گریان، بێدەستەڵاتی و بێدەنگی و کەموکورتی. بوونێک کە مرۆڤ دەباتە سەرهەڵدێری کوشتن و تاوان و پەشیمانبوونەوە لە بوون! لە مرۆڤبوون و باوکبوون و برابوون و دایکبوون. دواتریش ئەو بوونە، لە واقیعدا ئەوەندە قورس دەبێت، کە دەبێت بوونەوەرەکان بەجێی بێڵن، لەسەر رێگەیەکدا فڕێی دەن و خۆیان لە بن قورساییەکانی رزگار بکەن، چونکە کاتێک دێت، کەس بەرگەی هەڵگرتنی ئەو بوونەی نامێنێت، لە کۆڕەوەکەدا (سەدا) لەسەر رێگەیەک بە جێدێڵن و ئەو بوونە ناتەواو و تراژیدی و کۆمیدیایە، لە کۆڕەوی (راپەڕین)ەکەی کوردستاندا فڕێ بەجێدەهێڵدرێت.

(٢)
ئەگەر ئەو بوونەوەرەی پێێ دەڵێن مرۆڤ، ساڵانیک بەرپرس بێت لە گریان و پێکەنینەکانی، زانست و دین و خەیاڵ و ئەدەب و هونەریش نەتوانن هیچ شتێک بۆ ئەو دۆخە کۆمیدیە تراژیدیە بکەن، ئەوا دەبێت مرۆڤ چ رۆژێک لەو ساڵانە بۆ خۆی هەڵبگرێت؟
باوکبوون یەکێکە لەو رۆژانەی دەکرێت هەڵبگیرێن، کە لەم رۆمانەدا قووڵ ئیشی لەسەر کراوە و تا ئاستی ساتی قووڵ و دوور بە نێو ئەو چەمکەدا شۆڕبۆتەوە، وەک ئەوەی باوکایەتی شۆڕشێک بێت لە نێو بووندا و هەمیشەیش ئەو بوونە شۆڕشگێڕییە بنووسرێتەوە و بە بەڵگە بکرێت و هەڵبگیرێت و دواتریش بەهایەکی مێژوویی پەیدا بکات و لە مۆزەخانەی (شۆڕش) هەڵبگیرێت و لەبەرگێکی دێرینەدا، وەک بوونێکی قارەمانانە و مێژووییانە نیشانی بوونەوەرەکان بدرێتەوە. باوک لە نێوان خێزان و شۆڕش و کۆمەڵگە و دەستەڵاتی دۆست و دوژمندا، وێنەیەکی کۆتایی تراژیدی وەردەگرێت و بۆ هەمیشەیش ئەو وێنەیە دەبێت چارەنووسی ئەو باوکانە بێت، (باوکبوون) لە بوونیاندا وەک بنەچە و رەسەنیێتییەک دەدۆزنەوە و ئاشکرای دەکەن، دەبێت بە دۆخە تراژیدییەکەی خۆیان بگەنەوە و باوکانە لەنێو بچن! باوکانە لەنێو چوون لە واقیعدا و لەنێو زماندا، تراژیدیایەکی قووڵ و کۆمیدیاکەی قووڵتریشە، چونکە (شۆڕش) دێت و ئەم تراژیدیا و کۆمیدیا وەها ئاوەژوو دەکاتەوە، کە گومان لە باوکبوونی مرۆڤ بکەین و گومانیش لە چەمکەکانی وەک شۆڕش و ئازادی و خەبات و ئارامی و قوربانیدانی باوک بکەین لەپێناو نەوەیەکی نوێدا. شۆڕش دێت و قوربانییەکان دەکاتە شتێکی بێ بەها و رەمزەکانی (ئامێری چاپکردن) کە ئەرکی نووسینەوەی (وشە)یە، وەک بێبەهاترین کەلوپەل ئاودیو دەکرێت و لەنێو شتە ماددییەکانیدا ون دەبێت! مرۆڤ و مێژووی خەباتی ئازادی و شۆڕشگێڕییەکەی وەک خاشاک دەخرێتە ژێر کۆنە و زبڵ و زاری ئەو نیشتمانە، بن مێژووی ئەو شۆڕشەی بەڵگەکانی خۆی دەسووتێنێت! ئەو شؤڕشەی بەڵگەی باوک و نەوەکانی خۆی دەسووتێنێت.
هەروەها دەکرێت ساتی دایکبوون، خۆشەویستی و چەندین ساتی تر و هەڵبگیرێنەوە، بەڵام دواتر تێدەگەین هەموو ساتەکان لەنێو دەچن و تراژیدیایانە کۆتاییان دێت و بە نائومێدییەکی قووڵمان دەسپێرن!

(٣)
ئەو رۆمانەی ئارام محەمەد بە زمانێکی راستەوخۆ نووسراوە، تا بتوانێت راستەوخۆ واتاکانی ئاسوودەیی و نائومێدی بە خوێنەر بگەیەنێت. هەوڵێکیشە بۆ پەردە هەڵدانەوە لە سەر ناشرینییەکانی ئەو بوونەی لە واقیعدا و لەنێو بەڵگەکانی رۆحماندا تراژیدی و ناشرین و پڕ لە ناسۆرە، روحێک نە بوون خۆی، نە خودا، نەدەستەڵاتی دوژمن و نەدەستەڵاتی کورد، نە شۆڕش و نە ئیشکردن و نە خەبات و نە چالاکی و هیچ شتێک لەگەڵی دادپەروەر و جوان نەبوو تا بە ئازادی بفڕێت و بوونی خۆی لە نێوان واقیع و زماندا بنووسێتەوە. بوون هەموو شتێک لە مرۆڤ دەبات، بەڵام ئەوەی لای مرۆڤ دەمێنێت، روحە، کە خەیاڵ دەکات و هێزی پەیداکردنی وشەی هەیە. دەتوانێت لە نێوان تراژیدیا و کۆمیدیادا وچانێک بدات و سەمایەک بکات!
_____________________________________________
رۆژانێک لەو سالانە هەڵدەگرم: رۆمانی ئارام محەمەد. لە بڵاوکراوەکانی نووسیار. چاپی یەکەم ٢٠٢٠.
 

ماڵپه‌ڕی هۆشه‌نگ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک