په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٨\٢٠١٩

لە بارەی هاوڕێیەتییەوە.


حیكمەت نامیق     

- بەشی یەکەم -


ئایا هاوڕێیەتی چیە و چۆن دروستدەبێ؟ بنەماكانی چین؟ مەبەستم لە چەمكی هاوڕیەتییە لە نێوان دوو كەس یا زیاتر لە نێو كۆمەڵدا بە گشتیی. كۆمەڵ بریتییە لە تۆڕێك پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، مرۆڤ ئەگەر بڕیارە وەك تاكێكی چالاك بژی پێویستی بە هاوڕێیە لە نێو ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی كە خۆی تێدا دەدۆزیتەوە وەك بكەرێك بۆ نواندن، چونكە لەو ڕێگایەوە كارلێك لەگەڵ تاكەكان دەكا، بە واتایەكی دیكە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەویتر بژی دەبێ کۆمەڵێک کار و ئەرکی كۆمەڵایەتی بەجێبهێنی، بەو هۆیەوە خۆی لە نێو ئەوانی دیكە دەدۆزیتەوە، كە لە بواری سۆسیۆلۆژیا بە كارلێكی هێمایی دەناسریتەوە، واتە هەڵسەنگاندنی خود و ئەوانی دیكە بۆ تۆ، نرحاندنە كە هەندێ جار ئەرێنییە هێندێ جار نەرێنییە. ئەگەرچی بابەتی هاوڕێیەتی زۆر ئاڵۆزە بە گشتیی چونكە دوا جار مرۆڤ بە گشتیی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا رۆڵ دەگێڕێ و بە پێی شوینگە و پلەوپایەی كۆمەڵایەتی كەسەكە نرخاندنی بۆ دەكرێ چ بە شێوەی فەرمیی بێ چ نافەرمیی لە لایەن دوادەزگا و كەسەكانەوە. زۆرجار دروستبوونی هاورێیەتی لە رێگەی ئامرازەكانی پێگەیاندن و بەكۆمەڵایەتیبوونەوە دەبێ یا ئەوەتا لە قوتابخانە رەگی ئەو متمانەیە دروستدەبێ یا لە زانكۆ یا ئەوەتا لە شوێنی ئیشكردن بە گشتیی. ئامانجی مرۆڤ بۆ هاوڕێگرتن یا هاورێیەتی زیاتر پەیوەندیی بە هێنانەدی كۆمەڵێك حەز و ئارەزووی پەنهان و ئاشكراوە هەیە رەنگە خواستەكەیان مەزنیش بێ كە بە یەكەوە هەوڵی بۆ دەدەن، هەندێ جار ئامانجەكە دەبێتە هۆی بەختەوەریی بۆ یەكتر یا ئەوەتا دەبێتە هۆی شكست و دابڕان و تێكچوونی پەیوەندییەكان. مرۆڤ بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشاییە سایكۆلۆژییەی كە هەیەتی هەمیشە بە دوای هاوڕێیەك دەگەڕێ تا وەك پشت و پەنایەك دەردەڵ و كێشەكانی لا باسبكا، چونكە متمانەیان تەواو لای یەك دروستبووە و یەكتریان خۆشدەوێ و پابەندن بەو رێسا و بنەما گشتییانەی كە خۆیان هەڵیانبژاردوە.


پەیوەندیی هاوڕیەتی بریتییە لە بەخشینی متمانەی دوو كەس یا زیاتر، كە ئاراستە و بیركردنەوەیان تا رادەیەك نزیكە، ئەو پەیوەندییە رەزامەندیی سایكۆلۆژی هەردوو كەسی لەسەرە، ئەوان هۆگری یەكن و لە خۆشیی و ناخۆشییەكانی ژیان هاوبەشی یەكترن یا قوربانیی بۆ یەكتر دەدەن لە قۆناغەكانی ژیانی یەكتریاندا.


هاوڕێیەتی لە سەردەمێك بۆ یەكێكی تر جیاوازیی هەیە واتە كات و شوێن رۆڵی گرنگی هەیە لە دروستكردنی هاورێ. لە سەردەمی پێش مۆدێرنە زیاتر پەیوەندییەكە رووبەڕوو بووە و ئاستی تێگەیشتن بەرانبەر یەكتر ئاسان بووە و متمانە زیاتر بووە، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان خزمایەتی و نەریتی گوندنشینیی و میراتگیریی زاڵ بووە بەسەر مرۆڤەكان بۆ دەستنیشانكردنی هاوڕێ، دابەشكردنی كاری كۆمەڵایەتی نەبووە زیاتر بەکۆمەڵ بووە هەروا دین و داب و نەریتەكان رۆڵی خۆیان هەبووە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی رۆشنگەریی و مودێرنە چەمكی هاوڕێیەتیش گۆڕانی بەسەرداهات بە جۆرێك هاورێی هەمیشەیی بە دەگمەن دەمێنێ یا ئەوەتا سەرقاڵی مرۆڤەكان و دووركەوتنەوەیان لە یەكتر زوو كۆتایی بە هاوڕیەتی دەهێنێ، یا ئەوەتا نەگونجانی ئایدیا و روانینیان بۆ كێشەكان كۆتایی بە هاورێیەتییان بهێنی. تەكنەلۆژیای تازە و سەرمایەداریی و بە كۆمپانیاكردنی كۆمەڵ و نەمانی بەهاكان بە گشتیی كاریگەریی زۆری هەیە لە كەمبوونەوەی هاورێی هەمیشەیی. جیهانی دوای مۆدێرنە متمانەی مرۆڤەكانی لە نێو یەكتردا لەق كردوە، هاورێیەتی زیاتر بە شێوەیەكی كاتیی و فەرمیی دەبیندرێ.


ئەگەر لە ڕوانگەیەكی كۆمەڵناسیی و هزرییەوە ئەو بابەتە شەنوكەو بكەین پێوستمان بە كۆمەكی هەندێ بیرمەندو سوسێولۆژیستە، زیگمۆن باومان پێی وایە مرۆڤ لە ئێستادا لەدۆخێكی نائارامیی دەژیت ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی، كە ژیانی ئێمە دیاریدەكا مەحكومە بە لۆژیكی بەرخۆرییی هاوڕێیەتی لاوازبووە هاوڕیێەتی لای باومان بریتیە لە دروستكردنی پەیوەندییەكی تازە لەسەر بنەمای خۆشەویستیی و جیاوازیی، ئەزموون، هاوڕێیەتی تەنها كۆمەڵیك برادەری كاتی و پچڕپچر نییە لە قاوەخانەیەک یا مەیخانەیەک بەڵكو دەشێ هاوڕێیەتی بە شێوەی گرووپی بێ. هاوڕێیەتی لای باومان لەسەردەمی پۆست مۆدێرنەی شڵ پریەتی لە نیگەرانیی و نائارامیی لە هەمان كاتدا پریەتی لە چالاكیی و كاركردنی جیاجیا بەیەكەوە. ئەو هاوڕێیەتی لە لایەك بە بەشێك لە ڕووبەڕووبوونەوە و شێوەیەك لە خستنەگەڕی ئەزموونی یەكتر وێنادەكا لە لایەكی تر هاوڕێیەتی گرێدەداتەوە بە خۆشەویستیی و پەیوەندییەكی مۆڕاڵیەوە.


ئەرستۆ پێی وایە هاوڕێیەتی چەندین جۆری هەیە لەوانە هاوڕێیەتی بەرژەوەندخواز، هاورێیەتی بۆ چێژ و كات بەسەربردن، هاوڕێیەتی بۆ چاكە و خێر. مرۆڤ مادام بونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە هەمیشە پێویستی بە هاوڕێیە بۆ ژیانكردن رەنگە مرۆڤ لە ژیانیدا كۆمەڵێك جۆری هاوڕێیەتی بۆ دروست بێ كە هەرگیز چاوەرێی نەكردوە پێشتر ئەوەی یەكەم، كە ئەرستۆ باسی كردوە كاتییە و زوو تەواودەبێ بە پێی بەرژەوەندیی هەردوولا رەنگە تەمەنیان و شوێنیان و تەنانەت زمان و كەلتووریشیان جیاوازبێ، بەڵام بەرژەوەندییەكان بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە. جۆری دووەمی هاوڕیەتی بە پێی بۆچوونی ئەرستۆ هاوڕێیەتییە لە پێناو چێژ و بەسەربردنی كات كە زیاتر ئەو بەشەیان گەنجەكان دەگرێتەوە چونكە گەنج بە گوتەی ئەو بیرمەندە زیاتر بوونەوەرێكی غەریزەییە و هەست و جوولەكانی بۆ دەستەبەركردنی پێداویستییە رەمەكیەكانیەتی، رەنگە ئەو جۆرە هاوڕیەتییە لەگەڵ گۆڕانکاریی لە تەمەنی گەنجیی شێوازی هەڵسوكەوتی هاوڕیەتییەكەش گۆڕانی بەسەردابێ واتە ئەوەش تا سەر نییە و كاتییە، چونكە زیاتر غەریزە زاڵە بەسەر رەفتاری تاكەكان. جۆری سێیەم چاکەکارییە ئەو جۆرەیان ئەرستۆ بە ئەرێنیی ناوی بردوە هەمیشە ئەو بەشەیان دوو هاورێی نزیك لە یەكترن یا بە واتایەكی تر هەڵسوكەوت و بیركردنەوە و رەفتاریان لەیەكدەچن.
 

 

hikmatnamiq@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک