په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١١

لە بارەى کتێبە تازەکەمەوە.


غه‌مگین بۆڵی   


من هیچ دڵم بەچاپبوونى ئەم کتێبە خۆش نییە ، ئاخر چاپبوونى ئەم کتێبە و چاپبوونى کتێب وا لە نووسەر دەکات ، دووبارە بە خۆیدا بچێتەوە . نووسەر هەست بەوە دەکات کەوا ئەرکى قورستر دەبێت .ئەمە لەلایەک، لەلایەکى ترەوە دڵم وەک هەناری دەستى منداڵێکى چەتوون دەکوشرێت ، ئاخر چەند هەڵەیەکى ڕێنووسى تێکەوتووە .تەنانەت کتێبەکە کە لێکۆڵینەوەى ئەدەبییە، لە سەر بەرگەکەى تەنیا نووسراوە ( لێکۆلینەوە) من ئەوانە بۆ بەهانە ناهێنمەوە لەبەرامبەر کتێبەکەوە ، تەنانەت ئەم ڕەخنەیە یەکەمجار ئاراستەى خۆم دەکەم و خۆم بە بەر پرسى یەکەم دادەنێم . ئاخر زۆر نووسەر هەیە ئەمانە دەخاتە ئەستۆى هەڵەى چاپەوە ، کەئەمە لە ئەستۆى خودى نووسەرە . چاپبوونى ئەم کتێبە دەبوایە زۆر لەمەو بەر بووایە ، وەلێ من هەر ئەوەندەم دێتە دەست کە کتێبى پێ بکرم و نەبمە سێبەرى هیچ کەس و لایەن و حیز بێکەوە ، تەنانەت یەک تاکە دینار لەهیچ لایەن و کەس و حیزبێکەوە وەرناگرم و چاویشم لەو جۆرە خۆشگوزەرانییە نییە وەک بەشێکى نووسەرانى ئەمرۆ .زۆرجار پارەم لەدەمى هاوسەرەکەم و هێورى کوڕم دەرهێناوە و کتێبم پێکڕیوە ، تاکە گرفتێکى بەردەوامى من ئەوەیە دواى خوێندنەوەى کتێبەکان ، نازانم کتێبەکانم لەکوێ بە نرخێکى شیاو بفرۆشمەوە .لێرەوە ئەو راستییە بەیان دەکەم ، ئەوە یەکەمجارە بەهۆى چاپبوونى کتێبەوە پارە وەربگرم . ئەمە بۆ ئەم پەتایە درێژ دەبێتەوە کەوا ئەمرۆ بەشێکى نووسەران حەزەکانى خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەخنکێنن بۆ چاپکردنى کتێبێک. ئاخر لام وایە ئەم نووسەرانە ئەمە جگە لە بێ ئەقڵى بەو لاوە هیچى تر نییە . دڵنیام رۆژگارێک منیش تووشى ئەم پەتایەى بێ ئەقڵى چاپکردن دەبم . ئومێد دەکەم ئەم رۆژگارە زۆرى مابێت.


دیارە ئەم کتێبە یەکەمین کتێبى بڵاو کراوەى من نییە ، ئێستاش سەیرم بەو عەشقە قووڵەى کتێب دێتەوە کاتێک بەدرێژایى رۆژ کرێکاریم دەکرد بۆ کۆکردنەوەى پارەى چاپبوونى کتێب . لەزۆربەى دنیا وەها باوە کەوا نووسەر بە پاداشتى کتێب و نووسینەکانییەوە دەژیەت . وەلێ لەکوردستان ئەمە جیاوازە و زۆرجار دەبێت پارە لە دەمى حەزەکانمانەوە بگرینەوە بۆ چاپبوونى کتێبێک ، هەڵبەتە لێرە کارم بەو نووسەرانەوە نییە کە ئێستاش لە دەزگاکانى بڵاو کردنەوە بەبێ سڕە کتێبیان بۆ چاپ دەکرێت .سەیرترین بەسمە ستانى ئەمرۆى بڵاوکراوەى ئەدەبى کوردى ئەوەیە ، کە بەهیچ جۆرێک شیعر چاپ ناکەن و گوایە شیعر نافرۆشرێتەوە و خوێنەرى نەماوە و کەمبۆتەوە . لێرە دەپرسم ئایا کتێبى کێیان چاپکردووە و نەفرۆشراوەتەوە ؟ ئایا ئەو شاعیرانەى کتێبیان بۆچاپ دەگەن رەچاوى چى دەکەن ؟ ئایا بەکام پێوەر کتێبەکە هەڵدەسەنگێنن ؟ بەهەرحاڵ .پێم وایە چاپبوونى کتێب و بڵاو کردنەوەى پرۆسەیەکى دژوارە کە من جاران وەک پێویست تێینەگەیشتبووم . من لەم سەکۆیەوە دڵتەنگى خۆم دووبارە دەکەمەوە بۆچاپبوونى کتێبى ( ئەدەب وەک بەشێک لەرۆح ) ، کە بەشێکى لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکانمە.

 

ماڵپه‌ڕی غه‌مگین بۆڵی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک