په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

لەبارەى نە‌وە‌ى ئەنفالکراوەکانەوە!


ئارێز سمکۆ حوسێن


هەڵبەتە هەموو دەزانین کە هە‌میشە‌ قە‌دە‌رى گە‌لى کورد پڕ بووە‌ لە‌ کارە‌سات و ئازار ئەمەش بەهۆى ئەم سیاسەتە چەوتانەى رژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بەرانبەر بە گەلى کوردیان کردووە، لەگەڵ ئەمەیشدا ئێمە‌ هە‌ردە‌م دواى ئە‌م کارە‌ساتە‌ خە‌مگینانە‌ى کە‌ بە‌سە‌رماندا هاتووە‌ بۆ شە‌هیدە‌کانمان دە‌گرین، هە‌ر لە‌کۆنە‌وە‌ ئێمە‌ى بێ دە‌وڵە‌ت و کیانى سیاسیى تووشى کووشتن، بە‌تاڵانبردن، ڕاوە‌دونان، گرتن، ژاربارانکردن، جینۆساید بووینە‌تە‌وە‌، لە‌و بە‌شە‌ کوردستانە‌ى کە‌ زۆرترین کیانى کوردى تێدا دامە‌زراوە‌ و دواتر ڕووخێندراوە‌، کە‌ ئێستە‌ سە‌رکردایە‌تى سیاسیى کورد لە‌وێوە‌ دە‌یە‌وێت بە‌ تۆپزى بە‌ عێراقى عارە‌بیە‌وە‌ بیلکێنێت، کە‌ هە‌ر نوخبە‌یە‌ک هاتبنە ‌سە‌ر عە‌رشى دە‌ستە‌ڵات عێراقدا، ئە‌وە‌ زوو یان درە‌نگ کە‌وتوونە‌تە‌ گیانى گە‌لى کورد و ویستوویانە و کردوویانە کە هە‌وڵى سڕینە‌وە‌، لە‌ناوبردن، توانە‌وە‌ لە‌نێو گە‌روو و بۆتەى عێراق، لەمانەش ئە‌نفالکردنى ئە‌م نە‌تە‌وە‌یان داوە‌ وەک هۆکارێک بۆ ملکەچ بوونى ئەم گەلە بەم رژێمە دیکتاتۆرە. لە بۆیەش کاتێ هە‌ر شۆڕش و بزاوێک لە‌م بە‌شە‌ى کوردستاندا ڕووی دابێت، سە‌رە‌نجام دوایى تێکشکانیان و پوکانە‌وە‌یان، بە‌ هۆییە‌وە‌ گە‌لى کوردستان تووشى مە‌ینە‌تى و ئازار بوونە‌تە‌وە‌، ماڵ وێرانى کۆمە‌ڵانى گە‌لى کوردستان دواى هە‌رە‌سى شۆڕشى ئە‌یلول و دواتر کۆڕە‌وە‌ى ساڵى1991 گە‌واهى ئە‌م وتانە‌ن، سە‌ربارى ئە‌مە‌ش ئە‌م نموونانە‌ ئە‌وە‌مان بۆ ڕوون دە‌کاتە‌وە‌، کە‌ ئە‌م شۆڕشانە‌ چە‌ند بێ میتۆد و بە‌رنامە‌یە‌کى پوخت و هە‌مە‌ لایە‌نە‌ کراون، مە‌بە‌ست لە‌ میتۆد ئە‌وە‌یە‌ کە‌ شۆڕشە‌ گە‌ورە‌کانى جیهان خاوە‌نى بوون، ئەگەر سەیر بکەین دەبینین شۆڕشەکانى کورد ئەوەندەى ناڕەزایەکى کاتیە دژ بەو رژێمانەى کە داگیر کەرى کوردستان بوون، ئەوەندە شۆرشێک نەبووە بە بەرنامەیەکى داڕێژراو بۆ گۆڕینى سەراپاى کایەکانى کۆمەڵگا، چ سیاسیى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى کوردستان، ئەمە لە ڕوانگەى خۆمەوە بۆ شۆڕشەکانى کورد هەمە، بە‌هە‌مە‌حاڵ .


ئە‌وە‌ى ئێمە‌ مەبەستمانە‌ لێرە‌دا لێى بدوێین، دواى ئە‌م هە‌موو مە‌رگانە‌ن کە‌ ئێمە‌ خاوە‌نیانین، بە‌ تایبە‌تیتر نە‌وە‌ى دواى مە‌رگ، ئێمە‌ى میللە‌تى کوردى دڵناسک و هە‌ست بە‌سۆز، هە‌ردە‌م دواى مە‌رگى شە‌هیدە‌کانمان دە‌گرین، ئیدى واى لێهاتووە‌، تە‌نیا دۆشدادە‌مێنین و دە‌ستە‌و وە‌ستان دابنیشین و لە‌یادو بۆنە‌کاندا کە‌ هە‌موو ڕۆژە‌کانى ساڵى ئێمە‌یان تە‌نیوە‌تە‌وە‌، هە‌ر خە‌ریکى شین بین و سروودى بە‌ جۆش و لاواندنە‌وە‌ بۆ شە‌هیدە‌کانمان بڵێین، سە‌یرکە‌ لە‌لاى ئێمە‌ شە‌هیدە‌کانمان هە‌موو هێندە‌ى کاوە‌ قارە‌مانن، کە‌چى نە‌وە‌کانیان هە‌ژار و بێ دە‌رە‌تانن، هەر لە ڕوانگەیەکى مرۆڤدۆستى لێبگەڕێین بەڵکو وەکو ئەرکێکى مۆڕاڵى دەستەڵاتى کوردى پێویستە لەسەرى وەکو وەفایەک ئاوڕ لەم نەوەیە بداتەوە و بەهەموو شێوەیک دەستى هاوکاریان بۆ درێژ بکات تاوەکو ئەم نەوەیەش ئەم کارەساتە گەورانە لەیاد بکات، ئەوەى گرینگە بکرێت کە ئەم یادەوەریانە لەبیر ئەم نەوەیە ببەینەوە، نەک بە مەبەستى سیاسیى هەموو رۆژێک ئەم قەوانە سواوەیان بۆ لێبدەینەوە. دوان لە ژیانى ئەم نەوەیە خۆى کارەساتبارە وەکو دەبینین بێ ئە‌وە‌ى کە‌س سۆز و بە‌زە‌ییان بۆیان هە‌بێت و جورئە‌ت بکە‌ن کە‌ هە‌ستى جوامێرانە‌ و بە‌هایانە‌یان بۆیان هە‌بێت، دە‌ستى هاوکاریان بۆ درێژ بکە‌ن و کۆمەکیان بکەن، خە‌مى پە‌روە‌ردە‌، تە‌ندروستى،گوزە‌رانیان بخە‌ینە‌ ئە‌ستۆى خۆیان. هە‌روە‌ها دە‌بێ بڵێین، ئێمە‌ تا ئێستە‌ نە‌مان توانیووە‌ کە‌ڵک لە‌و هە‌ڵانە‌ وە‌ربگرین، کە‌ وە‌هایان کردووە‌ تووشى ئە‌م هە‌موو مە‌ینە‌تیە‌ ببین، دە‌سە‌ڵاتى کوردى لە‌جیاتى ئە‌وە‌ى خە‌ریکى مشتوماڵکرنى ئە‌و شوێنانە‌بێت کە‌ئە‌وکارە‌ساتە‌ گە‌ورانە‌ى میللە‌تى ئێمە‌یان تێداڕوویداوە‌، هە‌رلە‌ هە‌ڵە‌بجە‌،گە‌رمیان، بادینان، بالیسان ، دە‌ڤە‌رى خۆشناوە‌تى، بگرە‌ تاوە‌کو دە‌شتە‌کانى قە‌راخ هە‌ولێر، ئە‌وان هە‌رخە‌ریکن کۆنە‌ کا لە‌دە‌زگاکانى راگە‌یاندنى خۆیان بە‌ با دە‌کە‌ن، ئە‌رێ بە‌ راست کاتى ئە‌وە‌ نە‌هاتووە‌ نە‌وە‌ و کە‌س وکارى قوربانیان و ئە‌نفالکراوە‌کان وە‌ها ڕابەێنینە‌وە ‌ئیدى ئە‌م کارە‌ساتانە‌ لە‌ یادخۆیان ببە‌نە‌وە‌ ؟ جارێکیتر بە‌ژیانیان ئاشنابکە‌ینە‌وە‌ و لە‌ هە‌مووڕوێکە‌وە‌ دە‌سگیرۆییان بکە‌ین، فێریان بکە‌ین لە‌جیاتى ئە‌وە‌ى هە‌ربە‌ ڕابردوو بتلێنە‌وە‌ گە‌ش گە‌ش ئاسمانى داهاتوویان ڕۆشنبکە‌ین و ئاوات و ئومێدیان لە‌سە‌رتە‌لارى باوە‌ڕبە‌خۆبوون، خۆڕاگرى، گە‌شبینى ڕۆبنین، ئیدى بە‌سە‌ هێندە‌ى بە‌خۆمان بڵێین، ئێمە‌ میللە‌تێکین خێر لە‌ خۆ نە‌دیو، مە‌زڵوم، هە‌ژار، ماڵ وێران، ئە‌وە‌ هە‌موو خە‌تاى دوژمنانمانە‌ کە‌ کارە‌ساتمان تووش دە‌بێت، دە‌نا ئێمە‌ى خۆڕاگرى ئاشتیخواز، هە‌ردە‌م یە‌کگرتوو بووین و خۆشى دوژمنانمانى خۆمان ویستووە‌، سە‌ربارى ئە‌وە‌ش خۆمان بە‌ یە‌کگرتوو دە‌زانین و هە‌ر بڵێین ئە‌ستێرە‌ى گە‌شى دواڕۆژى ئێمە‌ دوژمن کواژاندیتیە‌وە‌ و، هیچ هە‌ڵە‌ى خۆمانى تێدا نییە‌!.


هیچ بە‌رپرسێک لە‌م وڵاتە‌ى ئێمە‌ نە‌ماوە‌، قسە‌ى لە‌سە‌رکارە‌ساتى ئە‌نفال و ژاربارانکردن نە‌کردبێت، جگە لەمەش هە‌موو میللە‌تى ئێمە‌ى بە‌ سۆپە‌رمان نمایش نە‌کردبێت و، شە‌هیدە‌کانمانى نە‌گە‌یاندبێتە‌ ترۆپکى فیردە‌وس، باشە‌ ئیدى کە‌ من سە‌یرم کرد بە‌سێ مانگ جارێک کە‌س وکارى قوربانیانى ئە‌نفالى دانیشتووى فیردە‌وە‌س! بڕێکى کە‌م لە‌و سە‌نتانە‌ى کە‌ تە‌نها ناکات بە‌ قە‌دە‌ر یە‌ک شە‌وى خواردنە‌وە‌ى هە‌مان ئە‌و بە‌رپرسانە‌ى بازرگانى بە‌ هە‌ڵە‌بجە‌ و ئە‌نفالە‌کانى گە‌رمیان و بارزانە‌وە‌ دە‌کە‌ن! نازانم بۆ دە‌بێت من گوێ لە‌م بە‌رپرسانە‌ ڕابگرم کە‌ لە‌ڤیستیڤاڵێک بە‌ناوى ئە‌نفالە‌وە‌ گە‌لە‌کە‌م بە‌ قوربانیدە‌ر و خۆڕاگر وێنا بکات و کە‌س وکارى ئە‌نفالکراوە‌کانیش بێ دە‌رە‌تان بکات، ئە‌مە‌ وە‌ک ئە‌وە‌ وابێت ئە‌م نوێنە‌رى کە‌س وکارى کۆى قوربانیە‌کان بێت و، لە‌ هە‌موو خوێنى ئە‌مان خۆش بووبێت. لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە ئە‌وە‌ى ماییە‌ى نیگە‌رانییە‌ وە‌زارە‌تێک هە‌یە‌ بە‌ناوى "شە‌هیدان و ئە‌نفالکراوە‌کان"، تائێستە‌ خە‌مى ئە‌وە‌ى نە‌بووە‌ بزانێت بژێویى و چۆنیە‌تى گوزر‌انى نە‌وە‌ى ئە‌نفالکراوە‌کان و شە‌هیدان چۆنە‌ و پێویستیە‌کانیان چییە‌، من دەپرسم کامە پڕۆژەى ئەم وەزراەتەیە بۆ نەوەى " شە‌هیدان و ئە‌نفالکراوە‌کان"؟ تاوەکو ئێستا چ لێکوڵینەوەیەکى وردى کردووە لەسەر ژیانى ئەم نەوەیە و بەچى زانیوویەتى پێدواویستیەکانیان چییە و ئاواتەکانیان چییە؟ لە‌وە‌ گرینگتر ئە‌م وە‌زارە‌تە‌ تا ئێستە‌ هە‌وڵى نە‌داوە‌ ڕاى نێودە‌وڵە‌تى بۆ جینۆسایدى گە‌لى کوردستان ڕابکێشێت و، بە‌جۆرێک، تە‌وژمێک دروست بکات کە‌ ئە‌نفالکردنى کورد وە‌کو کە‌یسێکى نێودە‌وڵە‌تى نیشانى دنیا بدات و لەوێوە وەکو کەیسەکانى رواندا و کەمبودیا بیخەنە قالبێکى نێو دەوڵەتى . لێرەدا رێگە بەخۆم دەدەم کە بڵێم ئەوەندەى ناوەندى "چاک" هەوڵى داوە بۆ بەرەو پێشبردنى کەیسى ئەنفال و هەڵەبجە، نیوئەوەندە هەوڵەکانى وەزراەتى پەیوەندیدارم نەدیووە. وە‌زارە‌تێک کە‌ بە‌بیرێکى هێند تە‌سک و منەتبارانە کرێى خوێندنى ئە‌و خوێندکارانە‌ بداتە‌وە‌ کە‌ لە‌ کۆلیژە‌کانى ئێواران دە‌خوێنن و نە‌وە‌ى شە‌هیدانن و هەزرانجار بیڵێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە نەوەى شەهیدان لە جیاتى ئەوەى شانازى بە شەهیدەکانى خۆیانەوە بکەن وایان لێهاتووە لە دەرونەوە تێکبشکێن، ئیدى خە‌ریکە‌ نە‌وییە‌کى دواى مە‌رگ بە‌رهە‌مدێنێت، کە‌ پچڕ پچڕ لە‌ ڕووى هە‌بوونى ئینتیماییە‌کى نیشتمانى و، باوە‌ڕبوون بە‌وە‌ى کە‌ ئێمە‌ یە‌ک میللە‌تین و هە‌موومان خاوە‌نى یە‌ک پڕۆژە‌، مە‌سە‌لە‌ى هاوبە‌شین ئیدى بێ هودایانە‌ بۆ ژیان نە‌ڕوانین، بەمەش لەسەر دەستەڵاتى کوردى و لایەنە بەرپەس و پەیوەندیدارەکان پێویستە کە ئاوەڕ لەم نەوەیە بدنەوە و کارێکى وەهاش بکەن کە ئەم کەیسە ببێتە کەیسکێکى نێو دەوڵەتى کۆمەڵکوژى مرۆڤایەتى.

 

هەولێر

arezsmko@yahoo.com