په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٥

لە بارەی رۆمانی (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان).

رابه‌ر فاریق     

پاژی یەکەم، سەرەتا:


(سەرەتایەک بۆچوونە نێو شارێکی تر).


ئەم ڕۆمانە، واتە: (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان)ی "یوسف عزەدین"، ڕۆمانێکە ڕەھەندگەلی جوداواز و قووڵ و ئێستێتیکیی لێ دەبێتەوە و دەمانبا بەرەو دەروازەی گەلەک ڕوانینی پەنھان و لەوێوەیش وەکوو ئەفسوون پەلکێشمان دەکا و ڕوو بە ڕووی دەروون و فەنتازیا و حەقیقەتگەلێکی پەی پێ نەبراومان دەکاتەوە.


لە سەروەختی خوێندنەوەی پاژی یەکەمدا، یەکەمین پاڵەوان کە خۆی مانیفێست دەکا و وەکوو کارئەکتەرێکی وەستاو لە میانەی فەنتازیاکانی و حەقیقەتدا، تووشی ئێستگەلێک و ڕامانگەلێکی قووڵمان دەکا، بەم واتەیەی: دەخوازێ بە شێوازێکی دی و بە چاوێکی دی تەماشای ھونەر و کەسەکان و دنیا بکا و بونیادی سیفاتگەلێکیش لە نێو خۆیدا بچەسپێنێ، ئەم کارئەکتەرەیش (فەرھاد تانجووریی دووەم)ە. ئەم کارئەکتەرە بەوە دەست دەکا بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی کە باپیری نھێنییەکی پەنھانی ھەبووە و ھەرگیز بۆ ئەم نەیدرکاندووە، دواتر دەچێتە سەر ئەوەی کە ڕۆژێک لە قوتابخانەکەیدا بەڕێوەبەرەکەی بانگی دەکا و پێی دەڵێ کە قوتابییەک ھاتووەتە نێو قوتابخانە، ھەمان ناوی ئەمی ھەیە، تەنانەت لە ڕەنگ و دەنگیشدا گەلەک لە یەکتریی نزیکن، بۆیە بەڕێوەبەرەکە بڕیار دەدا لەسەر باجی قوتابییە تازەکەدا بنووسێ: (فەرھاد تانجووریی یەکەم)، بەمە فەرھاد تانجووریی دووەم دەشڵەژێ و تووڕەیی نێوچەوانی بەجێ ناھێڵێ، بەڵام دوا بە دوای ماوەیەک ئەمەی لە بیر دەچێتەوە، ئەم حاڵەتە کتووپڕەیش لە کاتێکدایە کە دایک و باوکی سەفەر دەکەن، واتە: دەچن بۆ حەج و بە شێوەیەکی نەزانراو ون دەبن، وەک ئەوەی سەرچاوەیان وەھم بێ، دوای ئەمە، کوڕەکەیان (واتە: فەرھاد تانجووریی دووەم)، قوتابخانە بەجێ دەھێڵێ و بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە و دابینکردنی بژێوی ژیانی ھەمان ئەو کارە دەکا (نیگارکێشیی پەنھان) کەوا لە باپیریەوە وەکوو پیشە بۆ باوکی ماوەتەوە و دواجاریش بۆ ئەم، لە سەروەختی کارکردنیدا، ڕۆژێک، موشتەرییەک دێتە کنی و ھەرچی نیگارێک دەکڕێ، زیاد لەو پارەیە دەدا کە خاوەن نیگار مەزەندەی فرۆشتنی کردووە، ئەمەیش دواتر ھۆیەکەی ڕوون دەبێتەوە، بەوەی کڕیارەکە پێی دەڵێ ئەم نیگارانەی کە تۆ دروستیان دەکەی، بەدەر لە ھێزی تۆ، ھێزێکی دی لە پشتیانەوە ئامادەیە، ھاوکاتیش وەک ئەوەی پێکھاتەی مردووەکانیان گرتبێتە خۆ، وەھان، دەشێ ئەمەیش یەکێک بێ لەو فاکتەرانەی کە موشتەرییەکان کەمەندکێش دەکەن بەرەو خۆیان، دوا بەدوای ھەموو ئەمانەیش، ھەمان کڕیار کتێبی سۆفییەک بۆ فرۆشیارەکە (واتە: فەرھاد تانجووریی دووەم) دەھێنێ تا بیخوێنێتەوە، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەم ھەموو شتانەدا و خوێندنەوەی کتێبەکە، دواجاریش بەرجەستەبوونی ئەفسوونگەلێکی سەیر لەنێویدا، ھاوکاتیش ھاتنەوەی ھەمان موشتەریی و نواندنی بێدەنگییەکی کوشندە، وەک ئەوەی بزانێ فرۆشیارەکە تەمەننای ئەوە دەکا کڕیارەکەی قسە بکا، کڕیارەکە لەبارەی کتێبی سۆفییەکە دەڵێ: (وشەکان بەشێک نین لە دنیای دەنگی ڕاستەقینە، بەڵکوو تەنھا وەھمگەلێکن و ھیچ پەیوەندییەکیشیان بەو شتانەوە نییە کە قەولە گوزارشتی لێبکەن و ئێمەش پێمان وایە گوزارشت لەو شتانە دەکەن کە مەبەستمانە بیانئاخنینە نێو نووسینەوە)، ئیدی فەرھاد تانجووریی دووەمی خاوەن دوکان، سەری لەمە دەسووڕمێ و تووشی ڕاچڵەکان دەبێ. لێرەدا، ئەگەر ئێمە وەکوو خوێنەر لەم چەند حاڵەتە تێکچڕژاوانە و ھاوکاتیش یەک لەدوای یەکترییەدا، ڕابمێنین، دەرکەوێ کە ئەو شتەی کڕیارەکە لەبارەیەوە دەپەیڤێ، تەعبیر کردنە لەناوەوەی کتێبە قووڵ و ئەفسوونھەڵگرەکان، بەو واتەیەی ھەرچی کتێبی پڕ لق و پۆپ ھەن، ئێستێتیکا و ڕەھەندە قووڵەکانی جواننووسیی لەبەردەم مانا و دەربڕینە پەنھان و ئامادەکانیاندان و تا ئەوپەڕی چوونەتە نێو ناخ و جەوھەری مرۆڤ، کەواتە: ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە، ھەم تەعبیر لە ئەودیوی -نادیاریی لایەنەکان- نووسینە جیدییەکان دەکا، ھەم ئەمەیش مانیفێست دەکا کە مادام مرۆ کتێب دەنووسێ، مومکینە بەشێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ھەڵبگرێ، چونکە دەرھاویشتەی کێشە گەورەکانی خۆیەتی.


لە سەرەوە باسمان لە نھێنیی کارکردنەکە کرد، ئەم پنتە پێویستی بە لەسەر وەستانێکی ورد ھەیە، بەو واتەیەی کە ھەر کارکردنێک نھێنییەکی لە پشتەوە نەبێ، وەکوو ئەوە وەھایە کە تەلیسمێکی تێدا نەبێ، تا ھەم قووڵاییەکانی بە ساناییی کەشف نەبن، ھەم ئەوانیدیکەیش قایل بکا بە خۆی، ئەمەیش ئەوە بەیان دەکا کە بەشێک لە (مانەوە) بەشێک لە (نھێنی)ی بەرجەستە دەکا، تەنانەت فەزایەکیشی بۆ دەخوڵقێنێ تا خۆی نمایش بکا، ئیدی، بەشێک لەم نھێنییەیش جوانیی لە خۆدا ھەڵدەگرێ و دەبێ بە کۆمەککار بۆ ھەر کارێک کە داھێنەرانەیە و ھێزی چەسپاندنی گومان درێژ دەکاتەوە.


دوابەدوای ئەمانەیش، دەکەوینە بەرانبەر وێنەیەکی دی لەم ڕۆمانەدا، وێنەیەک کە تووشبوونی یەکەم نەخۆشیی فەرھاد تانجووریی دووەم بەرجەستە دەکا، ئەم نەخۆشییەیش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم کارئەکتەرە ویستوویەتی سکێچێک بکێشێ کە تەنھا لەنێو وشە و پەڕەگرافگەلێکی کتێبیە دیارییەکەی کڕیارەکەیدا بینیویەتی، ئەگینا دەشێ ئەمە ھەر وەھمێک بێ، وەھمێکی وێنەیی کە نووسەرە وێنەکێشەکان دەیخوڵقێنن، جودا لەمەیش، نەگەڕانەوەی کڕیارەکە و نەبردنەوەی کتێبە بە نرخەکەی و پێی نەگەیاندنی ھەواڵی ئەوەی کە ئەم کارئەکتەرە لەکنی قورس دەکەوێتەوە، نەخۆشییەکەی قووڵ و قووڵتر دەبێتەوە، بۆیە کاتێک دەچێ بۆ کن دکتۆرێکی نەخۆشییە دەروونییەکان، ھیچ چارەسەرێک وەرناگرێ، وەک ئەوەی ئەم کارەی نھێنییەکی دیکەی لەنێو خۆدا ھەڵگرتبێ و بەھۆی کەشف نەکردنی کۆدەکانی ئەم نھێنییە، تووشی نەخۆشییەکی وەھا ھاتبێ، دواتر و پاش درێژکردنەوەی دیالۆگەکان دکتۆر ئەمەی پێ دەڵێ کە مەگەر تەنھا بە سەفەرکردن بۆ شاری (تانجور) باش ببی، ئەگینا مومکین نییە لەمە تەندروستتر ببی، بەدەر لەمەیش، پێی ڕادەگەیەنێ کە بە ھیچ شێوەیەک سەر نەکاتەوە بەم شارەی کە ئێستە تێیدا دەژیێ، چونکە مانەوەی لەوێدا، مانەوەی نەخۆشییەکەیە و ھیچی دی، ھاوکاتیش دەکەونە نێو باسێکی دی، باسێک کە شایەنی ھەڵوەستە بۆ کردنە، بەو واتەیەی کە دکتۆرەکە لە نێوەڕاستی دیالۆگەکەیدا لەگەڵ (فەرھاد تانجووری)ی دووەم، پێی دەڵێ کە ڕەنگە تۆ ئێستە مردوو بی، ھاوکات منیش، بەڵام بشتوانین قسە بکەین، چونکە زۆربەی مردووەکان تا ماوەیەکی درێژ نازانن کە مردوون.


بۆ ئەم باسە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئایینی ئیسلام، کۆمەکێکی باشمان دەکردرێت، بەو واتەیەی کە ئەمە مانیفێست دەکا و ڕایدەگەیەنێ کە مرۆڤ وەختێک بە یەکجاریی دنیا بەجێ دەھێڵێ، ھەر ئەو کاتە و لەگەڵ ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە لە گۆڕێکدا دەینێژن، دەچێ بۆ گۆڕستان، لەوێدا وەھا دەزانێ کە خەریکی ناشتنی کەسێکی دیکەن، تا ئەو وەختەی کە خۆڵی بەسەردا دەکەن و ماڵئاواییی لێ دەکەن، ئەویش وەھا دەزانێ کە وادەی ئەوەیە لەگەڵیاندا بڕوا، بەڵام کاتێک دەیەوێ لەنێو تابووتەکەدا ھەڵبستێ، سەری خۆی دەکێشێ بە بەردەکانی چواردەوری. ئەمەی سەرەوەیش کە (یوسف عزەدین)ی ڕۆماننووس باسی لێ دەکا، ھەمان ئەو وێنەیەیە، بەڵام بەشێوەیەکی جوداواز و ئەدەبیی، دیارە ئەمەیش بە ھەر شێوەیەک بێ دەرخەری توانستی باڵای ڕۆماننووس پیشان دەدا، چونکە بەکارھێنانی ئایین وەکوو کەرەستەی ئەدەبیی، وەکوو جوڵاندنی ڕۆبۆتە بەشێوەی مرۆڤ، ھاوکاتیش دەسەڵات، ھەر مرۆڤێکیش نەتوانێ بە شێوەیەکی ھونەریی و ئاگاییی ئەم کارە ئەزموون بکا، مومکین نییە بتوانێ باس لە بوونی خۆی بکا وەکوو ھەبوویەک کە جوانیی و ڕەھەندە گەورە و بچووکەکانی مرۆڤ قووڵتر بکاتەوە. کەواتە، لێرەدا دەگەین بە ئەم ئەنجامە: (بەرجەستەکردنی ئایین وەکوو ئەوەی کە دەمانەوێ و بە شێوەیەکی ھونەریی، گەرەکی بە قووڵیی فەنتازیاکانمان، ھاوکاتیش باڵاییمان ھەیە تا سەرکەوتن خۆی بچەسپێنێ، دەنا شکستێکی ئامادە بەسەر دەقەکاندا زاڵ دەکەین، لە نائاگاییدا.


لە دواجاردا، فەرھاد تانجووریی دووەم بە ناچاریی سەری خۆی ھەڵدەگرێ بۆ شاری (تانجور)، لەوێدا ژیان و کارکردن و تەنانەت ئینسانەکانیش بە جۆرگەلێکی دیکەن، یان ڕەنگە لە پێش چاوی ئەم کارئەکتەرەدا خۆیان وەھا بنووێنن، سەرسووڕمانێکی بێئەندازەیش بەرەو ڕووی ئەم کارئەکتەر-وێنەکێش-ە دەبێتەوە، ئەمەیش بە ھۆی ئەوەی کەوا لە سەرەتادا و لە بارەی نزیکبوونەوەی ڕۆژی (کاسیا جای) -ئەو ڕۆژە، ڕۆژی مۆم داگیرساندن و ئاگرکردنەوە و وەدوور خستنەوەی تاریکییە لە ڕێگەی ڕۆشناییەیوە- (تیراماھا) کە ئافرەتێکە و لە نزیک ئەو شوێنەی ئەم وێنەکێشە خەریکی کاری خۆی دەبێ، باسی ئەوە بۆ لەگەڵ فەرھاد دەکا کە چۆن دەبێ بنەچەت شارێک بێ و سەروەختی ڕۆژی (بۆنە)کانی نەزانی؟ ئەمە یەکەم شۆکە کە بەرەو ڕووی وێنەکێشەکە ببێتەوە.


لێرەوە، سەپاندنی ھەر بۆنەیەک، وەک نواندنی بەشێک لە بنەماکانی (ئەمرکردن) ھەڵدەگرێ، لەبەر ئەوەی ئەمر-یش لەسەر ھەمان خاڵ چڕ دەبێتەوە، ئەمەیش بە شێوەیەک خراوەتە نێو ئەم ڕۆمانە کە خویِنەر، ئەگەر نیشتەجێی شوێنکاتی ئاگایی نەبێ و نەتوانێ لەم پەڕەگرافانە ورد ببێتەوە، دەشێ وەکوو سادەنووسییەک تەماشایان بکا، بۆیە گەرەکە ئێمە لە سەروەختی خوێندنەوەی ڕستەدا ڕەچاوی مەفھوومی پشت ڕستەکە بکەین، لەپاڵ مەفھوومە ڕاڤەکراوەکەدا-دەرەکییەکەدا-.


پاژی دووەم:


شەقامی مسیۆ دۆبرێ.


لە شەقامی مسیۆ دۆبرێ-دا، کیژێک دەناسێ کە ناوی (ژینا)یە، ئەم شەقامە، یەکێکە لە شەقامە ھەرە سەیر و سەمەرەکانی (تانجور)، بەوەی: ھەموو ساختمان و فرۆشگەکانی بە شێوەیەکی نائاسایی خۆیان پیشان دەدەن، ئەمە بەدەر لەوەی کە ڕووی پێشەوەی ئەم شەقامە دەڕوانێتە ڕووبارێکی باریکی ئارام، ئەم دیمەنەیش سەرنجی فەرھاد تانجووریی دووەم بەرەو جوانییەکانی خۆی بە کێش دەکا و ھەناسەی فێنک دەکا.


لەوێدا، پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە باس لەو شوێنانە دەکا کە سۆزانییەکان لەنێویدا کۆدەبنەوە، ئەو سۆزانییانەی کە نرخی نووستن لەگەڵیاندا پەیوەستە بە ڕێژەی تەمەنیان، دوای ئەمانەیش دێتە سەر ئەوەی کە نەخۆشییەکی پێستیی ناترسناک دەکەوێتە جەستەی لەشفرۆشەکان و سەرپەرشتیاری شارەکەیش بڕیار دەدا کە چیدی سێکسکردن بە ڕووتیی یاساغە، ئەم بڕیارەیش بۆیە دەردەکا تا لە ڕێگەی فرۆشتنی شمەکەوە بە شێوەیەکی دی و جوداوازتر بازرگانیی بکا بە ھاووڵاتییەکانی و نەخۆشییەکەیش نەبێ بە ھۆی ئەوەی سێکسکارەکان ترسیان لێ بنیشێ، ئەم وێنەیە ئەو سکێچەمان بۆ دەکێشێ کە سەرۆکی ئەم وڵاتە ھێندەی کۆکردنەوەی سەرمایەی لەکن گرنگە، تا ئەو ئاستە گرنگیی بە ژیان و پارێزگاریکردن لە بوونی کۆمەڵگەکەیەوە بێمانایە، ئەمەیش دەرھاویشتەی ئەوەیە کە زۆربەی دەسەڵاتبارەکانی جیھان لەو کاتانەدا کە ھێزیان دەکەوێتە دەست بە ھەر کڵۆجێک بێ لە ھەوڵی ئەمەدا دەبن کە ھەموو ئەو شتانە مۆنۆپۆڵ بکەن کە سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی ئەوانیان لێ سەوز دەبێ.


ڕۆماننووس، لە دواپاژی (شەقامی مسیۆ دۆبرێ) دا ئەو سەربوردەیەمان بۆ باس دەکا کە ئەم شەقامە چۆن ئەم ناوەی لێ نراوە، لەوێدا، لە زمانی پیاوێکی پیر و دواتریش گواستنەوەی بۆ سەر زمانی (فەرھاد تانجووریی دووەم) ئەمە دەڵێ کە ناوەکە لەوە وە ھاتووە، ڕۆژێک پیاوێکی شێوە سیحرکار -مسیۆ دۆبرێ-، ڕوو دەکاتە ئەم شارە و لە ڕێگەی پێشبینییە دروستەکانییەوە بەشێکی زۆر لە مورید و خەڵکەکە فریو دەدا و دەیانبا بەرەو ژێر ڕکێفی خۆی، بۆیە لەو کاتەوە ئەم شەقامە ئەم ناوەی نراوەتە پاڵ، کارەکانی ئەو پیاوەیش خراپە کە دژە مرۆڤایەتیین تا گێڕانەوەی لە ئێستەدا ماونەتەوە، یەکێک لەو سیحرانەیشی ئەمەیە کە توانیویەتی لە تەنھا شەوێکدا لەپاڵ چەند ئافرەتێکدا بخەوێ، ئەمەیش دەبێ بە مایەی تێڕامان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی تانجورەوە، ھاوکاتیش متمانەکردنیان بە گەلەک ڕەوتارەکانی، بە تایبەت ئەو وەختەی کە بانگەشەی ئەمە دەکا کەوا لە لایەن خوداوەندەوە وەکوو پەیام پێ سپێردراو ھاتووەتە شارەکە. ئێمە پێش ئەوەی ڕاڤەی خۆمان لەسەر پنتە چڕبکەینەوە، ئاماژە بەوە دەکەین کەوا (فەرھاد پیرباڵ) لە چیرۆکێکیدا کە ناوی (نیوە پیاو)ە، باسی ھەمان ئەو وێنایە دەکا کە (یوسف عزەدین) کێشاویەتی، بەوەی کە پاڵەوانی چیرۆکەکەی ئەو لە تەنھا شەوێکدا دەتوانێ لەتەک چەند ئافرەتێکدا بخەوێ، ئەم وێکچوونە کاریگەریی نییە، بەڵام ئاماژە بۆ کردنی خراپ نییە.


لەبارەی ناونانی شەقام و شوێنەکانی شارەکاندا، ئەم وێنایە گەلەک جوانە، چونکە ئەگەر بێتوو تەماشای ناوەکان بکەین-بۆ نموونە لە کوردستاندا- ڕێژەی زۆریان مۆنۆپۆڵکردراون، بە واتەی ئەمەی کە ھەندێک لە بەرپرسە سیاسیی و پڕ ھێزەکان، ڕەنگە پێش مردنیان بەشێک لە پێکھاتەی وەسیەتەکەیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی لە دوای نەمانیاندا پەیکەریان بۆ ساز بکردرێ، یاخود ناوی شەقام و شوێنە گشتییەکانیان لێ بنرێن ئەمە جگە لەوەی مایەی مەترسییە، ھەوڵێکیشە بۆ کارکردن بۆ (مانەوەیان) بە شێوەیەکی وەھا کە کۆمەڵگە ھەستی پێ نەکا، ئەوەی کە ئەم ڕۆماننووسەیش لەبارەیەوە نووسیویەتی، ھەمان ئەو وێنایەیە کە لە سەرەوەدا کێشاومانە.


پاژی سێیەم:


دارستانە نائاساییەکە.


کاتێک دێینە نێو ئەم پاژە، ھاوکاتیش ڕۆمانەکە، ئەو وشە (نائاسایی)یەی وەکوو نێونیشانێکی بچووک داندراوە، خۆی مانیفێست دەکا لەنێو وێنەیەکی (نائاسایی)دا، بەوەی کە کارئەکتەرەکە -ئەم کارئەکتەرە نێوی دیار نییە لەم گفتوگۆیەدا- دەکەوێتە دیالۆگێکی کورت و قووڵ و سەرسووڕھێنەر لەگەڵ (ژینا) و (فەرھاد تانجووریی دووەم)، بەواتەی ئەوەی کە لەوێدا ژینا و فەرھاد باس لەمە دەکەن کە باران لە دارستانەکەدا دەبارێ و ئەوان جەستەیان تەڕ نابێ، بە کەوتنە نێو ئەم حاڵەتە کتوپڕە دەشڵەژێن، وەک ئەوەی کەوتبێتنە خەرەندی وەھمێکی نادیار، دواتریش ھەر خۆیان دەگەن بەو ئەنجامەی کە ڕەنگە ئەم وێنەیەی کێشاویانە جگە لە خورافات شتێکی دیی نەبێ، ھەر ئەم ڕوانینە دەکەن بە یەقین بۆ خۆیان، بەڵام لە پشت یەقینەکەدا گومان خۆی مانیفێست دەکا، چونکە ھەموو ئەو شتانەی کە خەیاڵیان بۆیان دەچێ، جوداواز نیین، بەڵکوو لەنێو چوارچێوەیەکدا کۆدەبنەوە: وێکچوون. ئیدی خوێنەر لەم پاژەدا بەرەو ڕووی واقیعی دووکەس و دوو بیرکردنەوەی سەڵت دەبێ، لێرەوە نووسەر ئەمەمان پێ دەڵێ کە دەشێ ئەم جۆرە مرۆڤانەی کە ھەمان پێشبینیی ھاوڕێ یان کەسە نزیکەکانی خۆیان ھەیە، ترسناکییان لێ بەرھەم بێ، چونکە ڕەنگە لە دواجاردا بوونەوەرە ئاوەزھەڵگرەکان بە کێش بکا بۆ سەڵتبوونێک کە ھاوشێوەی ڕۆبۆتبوون بێ.


کەواتە: چاندنی تۆوی جوداوازیی لە دەروونی خۆماندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵاکردنمان پێ دەبەخشێ و وەکوو سەرەتایەکیش وەھایە بۆ کرانەوە بە ڕووی ھەموو ڕەھەندە مرۆییەکانی دنیا و قووڵبوونەوە لە خواستە پێویستەکانمان و بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکە تاکەکەسییەکان، چونکە ھەر کاتێک ئێمە وەکوو تاک ھەستمان بە بەرپرسیاریی و ئەرکەکانمان نەکرد، ئیدی بمانەوێ یان نا تووشی نەخۆشیگەلێکی کوشندە دەبینەوە.


پاژی چوارەم:


یەکەمین گێڕانەوەی فەرھاد تانجووریی دووەم.


لێرەدا (فەرھاد تانجووریی دووەم) بە شێوەیەکی فلاشباگ دەگەڕێتەوە بۆ ماجەراکانی و ئەو کاتانەی ئەو شارەی کە تێیدا ژیاوە و یەکێک لە نەریتەکانی ئەوەیە کە ھەر کەسێک وادەی مردنی نزیک ببێتەوە، پێش ئەوەی گیانی بسپێرێ، لە گۆڕدا دەینێژن، تەنانەت دوو کەسیش بەجێ دەھێڵن تا ھەوڵی ھاتنە دەرەوە نەدا لەو تابووتەی کە نراوەتە نێویەوە، بەدەر لەمانەیش دێتە سەر ئەوەی کە ئەو کەسەیش کە پێشبینیی مردنی خۆی دەکا، بە ھیچ شێوەیەک ناڕەزاییی دەرنابڕێ لە بەرانبەر ئەم نەریتە سەڵت و وێرانەدا، دوای ئەمانەی سەرەوەیش، گێڕەرەوە (فەرھاد تانجووریی دووەم) باس لەمە دەکا کە ڕاگری ئەم شارەی کەوتووەتە نێو گێڕانەوەکەیەوە میرێکی کۆنی کورد بووە، ئەم میرە لەماوەی ژیانکردنیدا لەنێو شارەکەدا ھەڵدەستێ بە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆری لم و گیاندارە کێویی و کەوییەکان، ھاوکاتیش خشڵ و تەڵا و حوشترگەلێکیش، ئەمەیش سکێچێکمان بۆ دەکێشێ کە کۆی میر و پادشا و ڕێبەرانی کۆنی ھەموو وڵاتەکان پەیڕەوی کەڵەکەکردنی شتە بە نرخەکانیان کردووە و تەنانەت پانتایییەکی فراوانیشیان داگیر کردووە لە ڕووبەری زەویدا. دوابەدوای ھەموو ئەمانەیش، دەکەوینە بەرانبەر ئەوەی کە ڕێبەری شارەکە، بەبێ ئەوەی ھیچ کەس بە مەبەستی بزانن، ڕوو دەکاتە ئەو بیابانەی کە پێشتر ئەفراندوویەتی بە کۆمەکی لم-ە کەڵەکەکراوەکە، لەوێدا دەبێ بە وردیی ئێست بۆ ئەم حاڵەتە بکەین، چونکە ئەم میرە ھەستاوە بەم ڕەوتارە دژە ھیومانیستییەی کە ھەرچی پاسەوان و کەسە نزیکەکانی خۆی ھەیە، کوشتوونیەتی، تا لە دواڕۆژدا کەسێک نەبێ شوێنگەی بدۆزێتەوە، کاتێک ئەم ڕەوتارە پڕاکتیزە دەکا، تا ئەو شوێنەی ئێمە باسی دەکەین، ھیچ ڕەھەندێک نەدۆزراوەتەوە بۆ بینینەوەی بیابانە دەستکرەکە، ئەمەیش وەکوو سەمەرەیەک دەمێنێتەوە، تا ئەو شوێنەی کە فەرھاد تانجووریی دووەم لەکاتی گێڕانەوەیشیدا تووشی سەرسووڕمانێکی بێئەندازە دەبێ، تەنھا پاڵنەرێکیش بۆ ئەم سەرسووڕمانە، دەشێ مانەوەی نھێنییەک بێ تا ئەو زەمەنە درێژە.
ئەم پاژەی سەرەوەی ڕۆمانەکە تەعبیر لە ھێز و دەسەڵاتی نادوست بەکارھێنەریش دەکا لە لایەن ڕێبەرانی سەردەمە جوداوازەکان، واتە: ھەموو ئەو کەسە توندڕەوانەی میللەتێک یان کۆمەڵگەیەکیان دەکەوێتە ژێر دەست و فەرمان دەردەکەن، تەنھا بۆ ھەوە ھەوڵەکانیان بە شمێر دەردەبڕن، تا لە ڕەھابوونی ھەموو شتدا بۆ خۆیان پاڵەوان بن، ئەمەیش دەرھاویشتەی ئەقڵی دۆگما و دەسەڵاتە توندڕەو و قاشیزمە یەک لەدوای یەکەکانی دیرۆکی ھیومانیستییە کە وەکوو کاڵا و ئامێر مامەڵە لەگەڵ مەردوومەکاندا دەکەن و مافی ئازادییان لێ دەستێنن، ھەر کاتێکیش ئەم خاڵەیان پرشاکتیزە کرد، مرۆڤەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی بوونیان دەکەوێتە نێو مەترسیی و وێرانبوونەوە، چونکە ئازادیی بچووکترین ماف و شوناسێکە کە پێویستە تاکەکان ھەڵگری بن.


پاژی پێنجەم:


یەکەمین گێڕانەوەی ژینا.

 
لەم پاژەدا کارئەکتەرێکی گەڕیدە و مەعریفیی دێتە نێو ڕۆمانەکە کە ناوی (مارکۆ پۆلۆ)یە، زیرەکیی ئەم کارئەکتەرە لەوێوە دێ کە دەچێتە نێو قووڵاییی مێژوووی مرۆڤایەتیی و لەوێوە تەماشای شارە بێنێونیشانەکە دەکا و بەوپەڕی ڕامانەوە لێی دەنواڕێ، ڕوانینەکەیش لەوێدا چڕ دەکاتەوە کە لەسەر نەخشەی جیھاندا وێنەی ئەو شارە دەکێشێ کە ماوەیەکی زۆری تێدا بەسەر بردووە -چونکە پێشتر و بەدرێژاییی مێژوویش لەڕێگەی دەستی ئەنقەستەوە نراوەتە دەرەوەی جیھان-و ئاگاداری کۆی جوانیی و ناشیرینیی و ئەو خەسڵەتانەیەتی کە ئەم شارە تایبەتمەندە لەخۆیدا ھەڵیگرتوون.


شێوازی ئەم شارە لە ھیچ یەکێک لە شارەکانی دیکە ناچێ و گەلەک تایبەتمەندیی لەخۆدا ھەڵگرتووە، بەو واتەیەی کە بیابانەکانی دەکەونە لای باشوور و زنجیرە چیاکانیشی لای باشوور کە ئەمەیش بەتەواوی پارادۆکس دەکەوێتەوە لەگەڵ جیۆگرافیای شارەکانی دی، دەشێ ھەر ئەمەیش بووبێت بەو ھۆکارەی کە بکەوێتە دەرەوەی مێژووەوە، ئەوانەیش کە ھەستاون بەم کارە، لە سادەترین ڕوانین و مەبەستدا ئەم کارەیان بۆ خۆدزینەوە لە وێرانکارییەکانی دنیا کردووە.

 
لەوێدا ڕۆماننووس باس لە پەیڤی مێژوونووسان دەکا لەوبارەیەوە کە دابەشبوونەتە سەر دوو گرووپ، گرووپی یەکەم پێیوایە کەوا لەبەر مەترسیی ئەم خۆپارێزییە بینای (نەچوونە نێو ئەوانیدیکە)ی ڕۆناوە، گرووپی دووەمیش ڕوانینەکانی لەوێدا قووت دەبێتەوە کەوا بەدرێژاییی زەمەنی ڕابردوو، ھەمیشە و بەردەوام میللەت لەدوای میللەت لەسەر خاکی ئەم شارە بێ نێونیشانەدا ڕۆنراون و ھەڵوەشاونەتەوە، دواجار دەنگێک کە ھیچ کەسێک لەوانەی دەیبیستن نازانن چییە، دەپەیڤێ و باس لە سەربووردەی بێناویی ئەم شارە دەکا و بە بیسەرەکانی دەڵێ ئەوە منم کە نەمھێڵاوە ناوێک بۆ ئەم (شوێن)ە دابنرێ، ھەر ئەم خەسڵەتەیش وەکوو بەھانەیەک دەھێنێتەوە بۆ مانەوە و نەسڕانەوەی ئەم میللەتە. ئەم (دەنگە نادیار)ەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، دەنگێکە لە ھەموو دەسەڵاتێکی ڕێکلامیی ناحەقیقیی بەرز دەبێتەوە، بەم ھۆیەوەیش دەیەوێ بە مسۆگەریی لە مانەوەدا بمێنێتەوە، ئەگەر بە وردییش سەرنج لە کۆی دەسەڵاتبەدەستەکانی دنیا بدەین، لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆ لەسەر زەویدا، دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەم خاڵە یەکێک بووە لە خاڵە ھەرە گرنگەکانیان و لەپاڵیدا کارگەلێکی دزێو و ناتەندروستانەیان نواندووە لە بەرانبەر ھاووڵاتییەکانی خۆیاندا، ھاوکاتیش گەلەک لە مەرامە ڕووکەشیی و نابەجێیەکانیشیان بەو کۆمەکە گەیاندووەتە وێستگەیەک کە ھاوویستی ویستەکانیان بێ، واتە لەگەڵ ھزریاندا پارادۆکس نەکەوێتەوە.


پاژی شەشەم:


پێنجەمین گێڕانەوەی ژینا.


دوای بەجێھێشتنی کۆمەڵێک پاژی ڕۆمانەکە و گیرسانەوەمان لەسەر ئەم پاژەدا، دەمانەوێ ئاماژە بەوە بکەین کە نووسینەکەی ئێمە وەھا دەخوازێ، ئەگینا لە ئەمانی دیکەیشدا گەلەک وێنای فەنتازیی-ئێستێتیکیی سەرنجکێشمان دەکەن و زێتر بەرەو قووڵاییەکانی ڕۆمانەکە بەکێشمان دەکەنەوە.

دوا پاژ، کۆتایی:


دواجار، ئەم ڕۆمانەی (یوسف عزەدین)، واتە: (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) وەستانە لەسەر گەلەک کێشەی بچووک و گەورەی جڤاتی کوردیی و جیھانیی، دەشێ ئەم ھۆکارە وەکوو پاڵنەرێکی سەرەکییش تەماشا بکەین کە زێتر بە نێو پێچەکانی ڕۆمانەکەدا قاڵمان دەکاتەوە. ناکرێ ئەمەیش لە بیر بکەین کە ئەم نووسینە کورتەی ئێمە ھێندەی خوێندنەوەیەکی سەرەتایە بۆ ئەم ڕۆمانە، ئەوەندە ئیشکردن نییە لەسەر تەوەرێکی ئیش لەسەر کردراوی نێو ڕۆمانەکەدا، بۆیە وەھایش دەنووسین، چونکە خوێندنەوەی میتۆدیی قووڵتر لایەنە ئێستێتیکییەکانی دەق ھەڵدەسەنگێنێ و دەیخاتە دوو توێی ڕاڤەگەلێکەوە، ھاوکات ناکرێ ئاماژە بۆ ئەوەش نەکەین کە ئەم نووسینە دەرھاویشتەی عاتیفە نییە، بەڵکوو لە دوای خوێندنەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ھەر خوێندنەوەیەکیش، جا ئەگەر ھاتوو میتۆدیی بوو یاخود بارگاویکراو بە سۆز، ھیچ وەختێک واتە نابەخشێ کە ئەم دووانە تێکەڵ بە یەکتریی نەکا، چونکە خوێندنەوەی جیددیی، ھەر چەندە جوان بێ، وەختێک پشت لە سۆزی بنەماھەڵگر دەکا، بەشێک لە پێکھاتەکەی خاڵیی دەبێتەوە لە چەشە.

تێبینی: ئەم خوێندنەوەیەی ئێمە پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە نووسراوە، وەختێک کە ھاوڕێی خۆشەویستم (یوسف عزەدین) لەڕێگەی مەیڵەوە بۆی ناردم، بەندەیش لەدوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دانسقەیە، ئەم چەند لاپەڕەیەی نووسی، ماوەتەوە تەنھا ئەوە بنووسم کە ئەم نووسینە لەسەرەتادا تەنھا بۆ ڕۆماننووس نێردراوە، ئێستەیش وا لێرەدا دەیوەشێنم.
______________________________
سەرچاوە: وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان - یوسف عزەدین - رۆمان - لەچاپکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی - چاپخانەی شڤان - ٢٠٠٩.
 

ماڵپه‌ڕی رابه‌ر فاریق

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک