٢٣\١١\٢٠٢١
لە بارەی سێ
رۆمانی (سابیر رەشید)ی رۆماننووسەوە.

هۆشەنگ محەمەد
یەکەم: رۆمانی (شمشێری مووسا).
(١)
(سابیر رەشید)ی رۆماننووس، لە سەرەتای کتێبەکەیدا، خۆی (سابیر رەشید)
وەک کەسێکی نێو رۆمانەکە پێشکەش دەکات، لەمەش زیاتر، لەنێو رۆمانەکەدا،
خۆی وەک رۆماننووسی ئەم رۆمانەش دەناسێنێت. لەم سەرەتایەدا، (سابیر
رەشید)ی رۆماننوووس، لەگەڵ (سابیر رەشید)ی رۆمانننووسی نێو رۆمانەکە
ئاوێتەی یەکدی دەبن! زەمەنی رۆمانەکە و زەمەنی نووسینی رۆمانەکە، بەنیو
یەکدیدا تێکدەچڕژێن، لێرەدا (سابیر رەشید) لەیەک (کات)دا، لەنێو دوو
شوێندا (جوڵە) دەکات! کەئەمەش وەک ئەوە وایە، سواری کەشتییەک بووبێت،
کەشتییەکە خۆی جوڵە دەکات و بۆ پیشەوە دەڕوات، (سابیر رەشید)یش لەنێو
ئەو کەشتییەدا، بە پێچەوانەی ئاراستەی کەشتییەکە جوڵە دەکات! واتە
لەیەک کاتدا (سابیر رەشید) دوو جوڵە دەکات، ئەمەش خشتەی (کات) و
ئاراستەکان پێچەوانە دەکاتەوە! لەکاتێکدا لەگەڵ جوڵەی کەشتییەکە بۆ
پێشەوە دەڕوات، لەهەمان کاتدا لەنێو کەشتییەک بە پێچەوانەی کەشتییەکە
بۆ پشتەوە دەگەرێتەوە، لە کاتێکدا کە کەشتییەکە پێش دەکەوێت، ئەو
دەگەڕیتەوە، لە کاتێکیشدا ئەو کە دەگەرێتەوە، کەشتییەکە بۆ پێشەوەی
دەبات! واتە ئەو گەڕانەوەیە رووە و پێشەوەیە نەوەک دواوە، خۆ ئەگەر (سابیر
رەشید) لەگەڵ کەشتییەکە و بەئاراستەی ئەو بڕواتە پێشەوە، ئەوە دووجار
پێش دەکەوێت، جارێ بە هەنگاوەکانی خۆی، جارێ بە رۆیشتنی کەشتییەکە،
هاوئاهەنگییەک لەگەڵ کەشتییەکە پەیدا دەکات.
زەمەنی رۆمانەکەش، لەنێو رۆمانەکەدا، ئاوایە، جارێ رووداوەکان
دەمانبەنە پێشەوە و جارێ دەگەڕێنەوە دواوە. رووداوەکانی رۆمانەکە،
زەمەنی رۆمانەکە، لە ئێستای عەمماندا، بۆ رابردوو و مێژووی شەقڵاوەمان
دەبەن. بۆ سەردەمی کۆژان و چەوسانەوەی جووەکان، ئازاری مرۆڤەکان، هەندێ
لایەنی شاراوەی مێژوو، یادگاری و چیرۆکی پیرەمێردان، کردنەوەی سەری
گڵۆڵەی رووداوەکانی ساڵانی چلەکان، گەڕان لە سەربردەی سیخناخ لە
تراژیدیا، لە فانتازیا، تا (سابیر رەشید) رۆمانێک لەبارەی ئەوێ رۆژان و
سەردەمان، کە جووەکان لە کوردستاندا بوون بنووسێت، هەروەها باسی
کۆچکردن و گوزەران و ژیانیان لە ئیسرائیل وئەوروپا بکات.
جگەلەمەش رۆماننووس بە خوێنەر دەڵێت، تۆی خوێنەریش لەسەروبەندی
خوێندنەوەی ئەم رۆمانەدا دەتوانی بە چیرۆک و ئەو شتانەی لەم بارەیەوە
دەیزانیت، لەم رۆمانەدا بەشدار بیت!
لەم سەرەتایەدا، لەمە دەگەین، (سابیر رەشید) گەمەیەکی هونەری لەگەڵ
خوێنەر و کارئەکتەرەکانی نێو رۆمانەکەی دەکات، هەروەها بینای رۆمانەکە
لەسەر (زانیاری) و (چیرۆک) ی نووسراو و نەنووسراوی کەسەکان بەرز
دەکاتەوە. بۆیەشە لەنێو رۆمانەکەدا لەزۆر شوێندا، باسی کۆمەڵێ کتێب
دەکات کە لەم بارەیەوە نووسراون!
(٢)
گێڕانەوەی رووداوەکان لە (شەقڵاوە) دەستپێدەکەن، سەردەمی پاشایاتییە،
بەڵام دیار نییە چ ساڵێکە؟ بە پێی رووداوەکان دەبێت زەمەن، ساڵانی
چلەکان بێت، چونکە باسی حزبی شیوعی و پارتی دەکرێت، هەروەها ناوی
کۆمەڵە کەسیێتییەکی (شەقڵاوە) دێت، باسی ستەمکاری ئاغا و بەگزادەکان
دەکرێت. باسی (پەستی تۆماس) و تۆمۆبێلی تر دەکرێت. هەروەها هەندێجار
هەست دەکرێت، رۆماننووس، زەمەنی نێو رۆمانەکە دەکاتە زەمەنێک کە
لەسەرووی واقیع بێت، ناوی هەندێ کەسێیتی واقیعی دێنێت، بەڵام لە
زەمەنێکی دیکەدا، هەر بۆ نموونە ئەگەر زەمەنی واقیعی رۆمانەکە باسی
ساڵانی چلەکان بکات، ئەوا ئەو وەختە ناوی (فاتە هەڵۆ) لە واقیعدا
نەبووە! بەڵکو ئەم ناوە (فاتەهەڵۆ) لە زەمەنێکی دیکەدا پەیدا دەبێت!
لێرەدا ئەو مێژووەی دەنووسرێتەوە، مێژووێکی هونەرییە، واتا رووداو و
جووڵەکان، سەر بە زەمەنی واقیع نین، بەڵکو تەنیا سەر بە زەمەنی نێو
رۆمانەکەن.
ئەگەر چی مێژووی نێو رۆمانەکە، لەگەڵ مێژووی واقیعی شاری شەقڵاوە یەک
ناگرێتەوە، بەڵام واتای ئەوە نییە کە راست نییە! بەڵکو مێژووەکە
هەقیقییە، تەنیا دەستکاری زەمەنەکەی کراوە، لەرێی ئەم دەستکاریکردنە
هونەرییەوە، بەرگێکی دیکە بە شێوە و ناوەڕۆک و خەبات و تێکۆشان و ئازار
و مەینەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە بە جوو و مەسیحی و ئیسلامەوە دەدات.
لەبن ئەم بەرگە هونەرییەدا، جەستەی برینداری ئەم خەڵکە دیار دەدات، ئەو
خەڵکەی بە خۆیان و سێ کتێبی موقەدەسەوە، بە وشەگەلی پیرۆزی خوداوە،
ناتوانن ستەمی ئاغاکان بوەستێنن!
ئەم مێژووە هونەرییە، کە لەسەرووی واقیعی شەقڵاوەیە، توانیویەتی
قوربانی و قارەمانیێتی کەسەکان پێکەوە بخاتە نێو یەک زەمەندا، کە
زەمەنی رۆمانەکەیە.
(٣)
لەم رۆمانەدا، دوو چیرۆکی خۆشەویستی هەن، کە بەرزەکێکی باڵا و نوورانی
دەخولقێنن! خۆشەویستی (ئیسحاقی جوو) و (خونچەی موسڵمان) چیرۆکێکە
رەهەندێکی قووڵتر لە واقیع و راستی بە کەسیێتی عاشق و پێوەندی عاشقانەی
نێوان دوو کەسدا دەدات، دینیی واقیعییان جوودایە، بەڵام دینی دڵیان
یەکە! هەروەها دوو کەسیێتی دیکە ئەوانیش بە پێچەوانەی چیرۆکی یەکەم،
کوڕێکی موسڵمان و کچێکی جوو، یەکدیان خۆش دەوێت! ئەوانیش عیشق دەکەن بە
دین و ئیمانیان!
ئەم بیرۆکەیە لەنێو ئەم رۆمانەدا، یەکێکە لەم بیرۆکانەی، دەربڕین لە
توانا و پۆتێنشیالی ئەقڵی مرۆڤ دەکات، کە چۆن دەتوانن بەسەر تێگەیشتنە
گشتی و کۆمەڵایەتییەکان، هێز و بەربەستەکاندا زاڵ ببن و ناوەوە و
دەروونی مرۆڤ بە هێزی عیشق و خۆشەویستی رۆشن بکەنەوە و جیهانیش لەگەڵ
خۆیاندا رۆشن بکەنەوە. ئەم دوو ئەزموونە، دوو ئەزموونی وجودیی و رەسەنی
مرۆڤن.
(٤)
لەنێو رۆمانەکەدا گەڕانێکی بەردەوام هەیە، هەر لەمێژوودا تا ئەو ساتەی
شتەکانی تێدا دەگێڕدرێنەوە، گەڕانی مرۆڤ لە ئازادی و خۆشەویستی، بەڵام
هەمیشەیش گەڕانەکان بە نەدۆزینەوە و نەگەیشتن کۆتاییان پێدێت، نە
کارئەکتەرەکان دەتوانن (شمشێری مووسا) بدۆزنەوە، نە (خونچە) رەمزی
عیشقێکی سەرووی مرۆڤانە دەدۆزنەوە. هەردوو رەمزەکەی ئازادی و رزگاربوون،
(شمشێری مووسا و خونچە) بۆ ئەبەد ون دەبن و لەنێو رۆمانەکدا
نادۆزرێنەوە. ئەمەش دەربڕینێکی رەمزییە، بەوەی مرۆڤ نە بە ئازادیی
سیاسی و نە ئازادیی روحی دەگات، تەنانەت دوایی دەبینین مرۆڤ بە ئازادیی
ئابووریش ناگات، لە وڵاتێکدا کە دەمێکە، هەموو شتێکی تێدا قۆرغ کراوە و
دەدزرێت، خۆشەویستی، ئازادی، پارە، مرۆڤ و خەونەکانی!
(٥)
لەنێو رۆمانەکەدا کۆمەڵێ بابەتی گەورە، وەک دامەزراندنی دەوڵەتی
ئیسرائیل، مێژووی هۆلۆکۆست، کۆچپێکردنی جووەکان، رووخانی رژێمی
پاشایەتی و دامەزراندنی کۆماری، دامەزراندنی سستمێکی پەروەردەیی لە
وڵاتێکی وەک عێراق و دەسەڵاتی هەقیقی لە کوردستاندا لەسەردەمی
پاشایەتیدا. ئەمانە و چەندین بابەتی تر وەک خەباتکردن بۆ ئازادی،
پێکەوە ژیانی دینەکان، شێواز و ناوەڕۆکی ژیان لە سایەی گێڕانەوەگەلی
ئیبراهیمیدا، کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەمانە هەموویان
بەو جوڵەی پەیدای دەکەن نابنە هۆی ئەوەی مرۆڤ ئازاد بێت! مرۆڤ شکۆی
پارێزراو بێت. دەکرێت دەوڵەت خاک و خانوو بۆ مرۆڤ پەیدا بکات، بەلام
ناتوانێت ئازادی بۆ دەستەبەر بکات، رەنگە پارە بتوانێت لە رووی
ماددییەوە، لە هەڕەشەکان بیپارێزێت، بەڵام لە رووی روحییەوە ئازادی
ناکات!
(٦)
ئەگەر کۆمەڵێ گێڕانەوە چەندین بارە نەببانەوە، هەندێ بیرۆکە زۆر
جەختیان لێ نەکرابایەوە، ئەگەر زمانی گێڕانەوەی هەر سێ کارئەکتەرەکە (ئیسحاق)
و (سابیر رەشید) و (بێستون سەرەتان) جیاوازییان هەبوایە، بۆ نموونە
زمانی ئیسحاق کەمێک تێکشکابا، بەوەی زۆر لەمێژە بە کوردی قسەی نەکردووە،
یان زمانی بێستون سەرەتان تۆزێک بوێرتر و ئازایانەتر بوایە بەو پێیەی
زمانەکەی وەک هی سابیر رەشید ئەدەبی نییە! ئەگەر ئەم شتانە رەچاو
بکرابان، رۆمانەکە لەمەی ئێستا باشتر دەبوو!
لەکۆتاییدا دەستخۆشی بۆ رۆماننووس (سابیر رەشید)، دڵخۆشبووم بە
خوێندنەوەی (شمشێری مووسا) و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی نوێتری بۆ
دەخوازم.
دووەم: رۆمانی (کوێرەی چاوساغ).
(کوێرەی چاوساغ) رۆمانێکی دیکەی (سابیر رەشید)ی رۆماننووسە. بابەتە
سەرەکییەکەی (کوردایەتی) و (پێشمەرگایەتییە). کە لە رێی ئەم بابەتەوە،
رۆدەچینە نێو ژیانی پێشمەرگایەتی و ماهیێتی کوردایەتی و ناوەڕۆکی بزاوی
رزگاریخوازی کورد.
لەم رۆمانەدا (سابیر رەشید) بە هەمان تەکنیکی رۆمانی (شمشێری مووسا)
خۆی وەک رۆماننووس کەشف دەکات، بەمەبەستی بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکی
رۆمان نووسیندا لەبارەی (پێشمەرگە)ەوە، حەز دەکات رۆمانێک بنووسێت
شایانی بردنەوەی خەڵاتی ڤیستڤاڵ و کێبڕکێکە بێت. بۆ ئەمەش پێویستی بە
چیرۆکێکی گەورە و گرانە! ئەم چیرۆکانەش لەنیو مێژووی (کوردایەتی)دا
دەست دەکەون، هەر لە ماڵی خۆیانەوە دەتوانێت چیرۆک و بەسەرهاتەکانی
باوکی بکاتە رۆمانێک لەبارەی پێشمەرگەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە چونکە
ئەو دەیەوێت بەرهەمێکی تژی جوڵە و نوێ و جیاواز بنووسێت، تا بەرهەمەکەی
لە بەشداربووانی تردا جوانتر بێت.
لێرەدا ئێمە تێدەگەین، (سابیر رەشید)ی نێو رۆمانەکە، دەیەوێت واقیعێکی
راست بخاتە نێو جیهانی رۆمانێکەوە. واتە پێشمەرگە لە جیهانی واقیعەوە
بۆ جیهانی رۆمان "وشە و زمان" بگوازێتەوە. کوردایەتی وەک بابەتێکی
گەورە و ماددەیەکی قورس، پێشمەرگەش وەک کارئەکتەرێکی سەرەکی و خاوەن
مەقامێکی پیرۆز لەنێو ئەم بزاوەدا، لە واقیعدا بۆ نێو زمانیان دەبات.
ئەم گواستنەوەیە لە جیهانی واقیعەوە بۆ جیهانی زمانەوە، گواستنەوەی
واتاکانی کوردایەتی و پێشمەرگەیە بۆ نێو زمان بە دوو مەبەست:
١- بردنەوەی خەڵاتی کێبڕکێ و ڤیستڤاڵەکە.
٢- ئاشکراکردنی نهێنی ئەو پێشمەرگەیەی نەفرەت لە کوردایەتی و ناوی
حکومەت و سروودی ئەی رەقیب دەکات؟!
مەبەستی یەکەم، مەبەستێکی هونەری و تەکنیکی و ئەدەبییە لە رۆمانەکەدا،
بایەخ و قورساییەکەی وەک مەبەستی دووەم نییە، چونکە ئاشکراکردنی نهێنی
بێزاری و تووڕەبوونی پێشمەرگەیەک (کوێرەی چاوساغ) دەبێتە گرێی رۆمانەکە
و (سابیر رەشید)ی نێو رۆمانەکە، هەموو واقیعی ژیانی خۆی دەگۆڕێت تا
بتوانێت گرێی ئەو نهێنییە بکاتەوە!
(سابیر رەشید) دەیەوێت جیهانی رابردوو، لەگەڵ واقیعی ئێستا لەرێی زمان
و گێڕانەوەدا رۆشن بکاتەوە، پارچەکانی رابردوو لە رێی رۆمانەکەیەوە بە
ئێستا گرێبداتەوە، لە رێی زماندا پێوەندی نێوان (ناشیرینییەکانی واقیعی
ئێستا) و (جوانییەکانی رابردوو) بدۆزێتەوە. هەر لە رێی زماندا لە
کەسێکەوە بچینە نێو شۆڕشێکەوە، لە پێشمەرگەوە بچینە نێو مێژووی بزاڤی
رزگاریخوازی کوردەوە، هەر لە کۆماری مەهابادەوە تا ساتی نووسینی
رۆمانەکە کە ئێستایە. دۆزینەوەی ئەو پێوەندییە، یان راستتر زمانی (سابیر
رەشیدی) دەرەوەی رۆمانەکە، ئەو پێوەندییە کەشف دەکات، کە کەس و شوێن و
دەم و رابردوو و ئێستا پێکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها زمانەکە پەردە
لەسەر ناوەڕۆکی ئەو بابەتە (کوردایەتی) و (پێشمەرگە) لادەبات.
دەمانباتە جیهانێکی بەرزتر لە واقیع تا لەوێوە لەنێو جیهانی زماندا
تەماشای واقیعی راستەقینەی شۆڕش و کوردایەتی بکەین.
(٢)
لەگەڵ ئەم رۆمانەدا دوو سابیر رەشید دەدوێن، (سابیر رەشید)ی نێو
رۆمانەکە، کە دەیەوێت جیهانی (کوێرەی چاوساغ) بخاتە نێو جیهانی
رۆمانەکەی، لەهەمان کاتدا (سابیر رەشید)ی دەرەوەی رۆمانەکە، ئەو
رۆمانەی لەنێو رۆمانەکدا دەنووسرێت، دەخاتە نێو جیهانی زمانێکی دیکەوە،
کە پەردە لەسەر زمانی یەکەم لادەبات، واتە ئەگەر زمانی (یەکەم سابیر
رەشید) کە لە نێو رۆمانەکەدایە، باسی کوردایەتی بکات، ئەوا زمانی (دووەم
سابیر رەشید)ی دەبیێتە زمانی دووەم، کە لەسەرووی زمانی یەکەمە،
واتاکانی ئەو زمانی دووەمە لەسەرووی واتاکانی زمانی یەکەمن. گرنگی و
قورساییەکەش لەمەدایە، کە واتاکان دژی یەکدین!
بۆ نموونە ئەگەر لە زمانی یەکەمدا، لە رێی پیشمەرگەوە، (کوێرێکی چاوساغ)
نیشان بدات، ئەوا لە زمانی دووەمدا، (چاوساغێکی کوێر) دیار دەدات!!
رەنگە ئەم لێکدانەوەیە بۆ (سابیر رەشید)یش هێدمە بێت! چونکە ئەو لە
تەواوی رۆمانەکە دەیەوێت ئەوە بڵێت کە پێشمەرگەکەی ئەو (کوێرەی
چاوساغ)ە، واتایەکی ئەرێنی بەم کەسایەتییە دەبەخشێت، بەڵام زمانی دووەم
پێچەوانەی ئەمەمان پێدەڵێت، نەخێر ئەو پێشمەرگەیە، (چاوساغی کوێرە)،
واتا بارێکی نەرێنی پیشان دەدات. دوو بارەکە تەواو پێچەوانەی یەکدین،
لەیەکەمدا پێشمەرگە سیمبۆلی خەبات و ئازادی و دەستپاکی و راستگۆیی و
هەموو بەهایەکی مرۆییانەی گرنگە، بەلام لە دووەمدا پێشمەرگە کەسێکی
نەزان و نابینا و بێ لێکۆڵینەوە و بێ پێشبینی و بێ چاوە! راستییەکان
نابینێت و ئەوەی بەناوی خەبات و تێکۆشان بۆ گەل و وڵات دەیکات لە
هەڵخەڵەتاندنێکی گەورە هیچی تر نییە و ئەو بە دووچاوی ساغەوە ئەم
راستییە نابینێت!
کە تەماشای چارەنووسی پێشمەرگە دەکەین، دەزانین لە ژینگەیەک بووەتە
پێشمەرگە (کە کۆماری کوردستان)ە، ئەو ژینگەیە، بێ ئەوەی (سابیر رەشید)
بیەوێت بە نێگەتیڤی بیگوازێتەوە، خۆی لەبندەستی ئەو زمانە دەدزێتەوە و
بارە نەرێنییەکەی خۆی دەگوازێتەوە نێو جیهانی زمانی دووەمەوە! ئەو
دۆخەی کۆماری مەهاباد تێیدا پەیدا دەبێت و گەشە دەکات و تا دەڕووخێت،
سیما سەرەتایی و رووکەشی و رواڵەتییەکان و کەسایەتییەکانی ئەو کۆمارە
نیشان دەدەن، کە چۆن بە ئاسانی دەڕوخێت و لەنێو دەچێت، ئەو گیانەی لە
پێشمەرگەکانەوە تاو دەداتە ژیان و ئەزموونی جیهان و بوونیان، ئەوەیە کە
کەسێکی وەک (بایز ئاغا) ئەفسەری کۆمار، لەپاداشتی پارە و پوول لە
هەولێر سەردەبڕدرێت، کەسەکەی تر، کە رەمزیی چاوساغی و قارەمانیێتی و
نەبەردی پێشمەرگەیە، کوڕەکانی لە نێوان حزبە خۆکوژەکانی کورددا، بە
بەدیلی یەکدی دەکوژن!! ژن و کچەکەی دەبنە قوربانی بەدەستی جەلادەکانی
بەعس، دواترین کەسیی دەبێتە قوربانی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و بێ روحی
مرۆڤانە!
کە تەماشای رووداوەکانی ئێستا دەکەین، تێدەگەین (ئێستا) زادەی ئەو (کوردایەتی)ییە،
کە لە چلەکانەوە تا ئێستا پێشمەرگە پەیدای دەکات. پێشمەرگە ئەگەر لە
رۆمانی یەکەمدا، گیانی بەرخۆدان و قارەمانی بێت، لە جیهانی زمانی
دووەمدا دەبێتە کادیرێکی دواکەوتووی یەکێک لە حزبەکانی کورد، کە
بەهەموو هێزیانەوە، شەڕی خۆکۆژی دەکەن و دەیگەیەننە ئاستێک، کە (نەرمی)کورد
لەسەر دەستی پێشمەرگە بە (تووندترین) وێنەی وەحشییانەی خۆی بگات! ئەو
جیهانەی (سابیر رەشید)ی یەکەم بە شێوەیەکی نییەتپاکانە بۆ قارەمانیێتی
پێشمەرگە بینای دەکات، (سابیر رەشید)ی دووەم، لەزمانی جیهانێکی باڵادا،
بەسەر سەریدا دەیهێنێتە خوار و وردوخاشی دەکات!
(٣)
ئەم رۆمانە، بەهەر مەبەستێک نووسرابێت، لەناوەڕۆکی خۆیدا، جیهانی
زمانەکەی، رۆمانەکە دەکاتە شایەتییەک لەسەر رۆحی کرمێبووی (کوردایەتی)
و جیاوازی گەورە و گرانی لەگەڵ (کوردبوون)دا! کوردبوون شتێکە، کە
جیهانی زمانی دووەم پێمان دەڵێت لە نێو بزاوی (کوردایەتی)دا غایب بوو!
کوردایەتی دەربڕینی لە هەر شتێک کردبێت، دەرىرینی لە (کوردبوون)
نەکردووە! کوردبوون وەک بارودۆخێکی ئەنتۆلۆجی ئێمە، وەک روحێک کە
دەبوولە بزاڤی ئێمەدا جیلوە بکات. پەیدا نەبوو! پێشمەرگە نەیتوانی
پەردە لەسەر ئەو روحە هەڵبداتەوە، بۆیە ئەو خەبات و قوربانیدانە
بێپەرواو و نەپساوەیە، گیانی کوردبوونی ئێمەی نەدرەوشاندەوە، مرۆڤبوونی
ئێمەی رۆشن نەکردەوە، کوردبوون لەنێوماندا حزووری پەیدا نەکرد، تا
جیهان و خود و جوانی و بەهاگەلی ئازادیخواییمان بۆ رووناک بکاتەوە! بە
پێچەوانەوە، کوردایەتی بووە هۆی چەپاندن و کوشتنی گیانی کوردبوون و
مرۆڤبوونمان!
(٤)
ئەم رۆمانە لە رووی تەکنیکەوە، دووبارەی رۆمانی (شمشێری مووسا)یە،
هاوزمان و هاوئاهەنگ و هاوکۆتاییە! دەکرا تەکنیکی ئەمە جیاوازتر بوایە،
رۆمانی شمشێری مووسای تێپەڕاندبا و تەنانەت لاوکەکەی (کاوێس ئاغا)یشی
دووبارە نەکردبایەوە!
رۆمانێکە شایانی خوێندنەوە و ئەم جۆرە تەئویلەیە. لە پێناو ئەوەی زمانی
یەکەم رۆمان و دووەم رۆمانی نێو ئەم رۆمانە رۆشن بکەینەوە! بڵێین کوێرە
چەند چاوساخە، چاوساغیش ئەوەندە کوێرە!
دەستخۆشی بۆ رۆماننووس (سابیر رەشید) و هەوڵەکانی لەم بوارەدا.
سێیەم: رۆمانی (کتێبفرۆش).
سابیر رەشیدی رۆماننووس بەم دەستەواژەیە سەرەتای رۆمانەکەی
دادەمەزرێنێت: (ئیدی ژیان، ئەو بەهایەی نەماوە، تاوەکوو خۆتی پێیەوە
شۆڕ بکەیتەوە). ئەوە بێ ئومێدبوونی (ئومێد)ی کارئەکتەری سەرەکی
رۆمانەکەیە! هەر لەسەرەتاوە رۆماننووس دەتهاوێتە نێو کەشیی رۆمانەکە و
بەم هێدمەیە دەست پێدەکات. (ئومێد) لە بێ ئومێدیدا لەسەر بانی خانووێک
وەستاوە و دەیەوێت خۆی بکوژێت. ئەوەی لە رۆمانەکە دەگوزەرێت یادەوەری
ئەو کەسەیە کە پێش ئەوەی خۆی فڕێ بدات، لە مێشکیدا وەک فیلمێک دێتەوە
بەر یادکرنەوەی.
رۆمانەکە باسی رەگی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو بێ ئومێدییە دەکات، کە
نەوەیەک تووشی دێت و لەئەنجامی ئەو نائومێدییەدا، ئەندامانی ئەو
کۆمەڵەیە، ژیان و جیهان و ئەقل و ئیمان و عیشق و سۆزییان تووشی
داڕمانێکی سەخت دەبێت و تەنیا خۆکوشتن دەبێتە تاکە رێگەی دەربازبوون
لەم ژیانەی وەک گورگێکی هار هەناوی کەسەکان دەخوات. مردن دەربازبوونە
لە دۆزەخ و گەیشتنە بە بەهەشتی مەرگ.
مرۆڤ لەسەر گشت ئاستەکاندا، هزری، سۆزداری، جەستەیی، کۆمەڵایەتی و
سیاسی تووشی تەنگژەی روحی و رەمزی و مەعنەوی دەبێت و تاقەتی ژیانکردنی
نامینێت. زەوی بۆ مردن بانگی دەکات. لە هەموو لایەکەوە (سەربازی،
بەندیخانە، کتێب، ژن، نۆرمەکانی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو) گەمارۆی
زیندووبوون دەدەن و مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی بەئازار و جەفاکێش.
(ئومێد) وەک رەمزێک بۆ ئومێد و کتێب و وشە و هزر و کرانەوە بەسەر کۆمەڵ
و جیهان و عیشق و ژین و ڤیندۆستیدا، وەک هێمایەک بۆ وزەی خۆشەویستی و
خۆراگری و هێزی دەروونپاکی و راستگۆیی مرۆڤدا. وەک ئومێدێک کە لە
بازنەی هەق و راستیدا دەجووڵێتەوە و بە ویژدان و ئەقڵێکی زیندووەوە
دەژیەت. لە کۆتاییدا دوای دەربازکردنی هەموو ناخۆشییەکانی جەستە و
ئەشکەنجەکانی دەروون، بەرگەی ئەم ئازارە رەوانی و روحییە ناگرێت کە
بەلەدەستدانی عیشقەوە تووشی دێت.
نەمان و لەدەستدانی مەعشووق، وەک ئەوەی هێزی زیندووبوون و ژیانکردن بێت.
وزەی بەردەوامی و جووڵە بێت، بێ ئەو هێز و وزەیەش بەردەوامبوون لە
ژیاندا، مردنە. بۆیە دەبێت کۆتایی پێ بێت!
رەنگە کەم کەس لەوە بگەن کە چرکە چرکە مرۆڤ ئازار بچێژێت! سات بە سات
ئازار لە روحی جیا نەبێتەوە و وەک خەنجەرێک لە دڵییەوە چەقیبێت؟! ئەو
تەزوو و برووسکە و مووچڕکانەی بە گیاندا شۆڕ دەبنەوە و مرۆڤ لە
بیرکردنەوە دادەبڕن و دەیخەینە بۆشاییەوە، بۆشاییەک تەنیا ئازار و
جەفاکێشانی تێدایە و مرۆڤ لەبەرزەکی بانانەوە، توند بەرەو زەوی پەلکێش
دەکەن! تا لەوێدا هەموو یادەوەرییە ژیانهەژێنەکان، ویژدانهەژێنەکان
بپچڕێن و کاتی ژیان ببێتەوە سفر!
رۆمانەکەی (سابیر رەشید) گوزەرێکە بە نێو ئازارەکانی جەلاد و قوربانی،
ئێشەکانی چاکەکار و خراپەکاران، عاشق و هەوەستبازەکان، مرۆڤ و تارمایی
مرۆڤەکان، بێدەستەڵات و سەردەستەکان. هەموو کەسەکان هەڵگری کۆمەڵێک
قەهر و خەم و کۆڤانن. هەم جەستە و هەم روح و هەم مێشک و دەروونیان
دووچاری زەبر و هێدمە دەبنەوە. زەمینێک گازی (ئومێد)ەکان دەکات و بە
نهێنی و ئازار و جەفاکانییانەوە بۆ ئەبەد لە باوەشیان دەگرێت!
دەستخۆشی بۆ کاک سابیر رەشید و رۆمانەکەی لە هەموومان پیرۆز بێت!
ماڵپهڕی هۆشهنگ محهمهد
|