په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠١٣

لە بارەی ''سزای سیاسی''یەوە.


حەمە غەفور      


لەگەڵ پەیدابوونی ئۆپۆزیسیۆندا دەستەواژەی "سزای سیاسی"ش هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستانەوە. بۆ ئامانجی داپۆشینی سیمای چینایەتیی کۆمەڵگاو کاراکتەرە سیاسییەکان‌و پڕۆژەو بەرنامەکارو کارنامەی سیاسیی حزبەکان، کۆمەڵێک ڕۆشنبیری پەڕگیر لە ژیانی واقعیی کۆمەڵگا ئەم دەستەواژەیان داهێناوە. بەپێی لۆژیک‌و دیالەکتیک، وە بەگوێرەی ئۆرگانیزمی کۆمەڵگا، مێژوو شتێک نییە جگە لە تۆماری ئاستەکانی ململانێی چینایەتی‌و پێکدادانی جووڵانەوە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بەرقەرارکردنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی ترو شاییستەتر.


بەڵام لە سەردەمی کەوتنەکاری ماشێنی دیموکراسی پارلەمانی لە کوردستان، بەتایبەت وەک خۆیان ئەڵێن، دوای هاتنەپێشی ئۆپۆزیسیۆن، ڕۆشنبیرانی بۆرژوایی‌و تیوریسییەنە قەزەمەکانیان ئەرکی ئەوەیان پێسپێردراوە کە باوەڕی گشتی تاڕادەیەک ئیفلیج کەن. ئیفلیج بەو مانایە کە هیچ چارەو ئەگەرێکی دیکە بێجگە لە دیموکراسی‌و هەڵبژاردنی پارلەمانی لەبەردەم کۆمەڵگادا نییە. خۆشمان بێ‌و ترشمان بێت هەر ئەمەیەو ئەبێت ملی بۆ ڕاکێشین. هەر کەڕنەڤاڵی هەڵبژاردنسازکردن دەستیپێکرد ئیتر هەموو کۆمەڵگا دوای ٤ ساڵ بۆ یەک کەڕەت هەقێک‌و مافێکی بۆ "تایین" ئەبێت، وە ئەو ڕۆشنبیرانە پێویستی بەکاربردنی ئەم هەقەو سودوەرگرتن لەم مافە بۆ سزادانی سیاسی هێزە گەندەڵ‌و بنەماڵەییەکان بۆ خەڵکی ڕۆشن ئەکەنەوە! ئەو مافەش دەنگدان‌و بەشداری کردنە لەو پڕۆژەیەدا.


لەکاتێکدا مێژوی درەخشانی مرۆڤایەتی، بریتی نەبووە لە سزای سیاسی، بەڵکو بریتی بووە لە باوەڕو متمانەو تێکۆشان بۆ بەرپاکردنی خرۆشانێکی کۆمەڵایەتیی گەورەو بێوێنە بۆ پێهکێنانی گۆڕانکاری لە سیستەمی ستەمنواندنی چینە بالاکانی کۆمەڵدا لەڕێی ڕاپەڕین‌و هەژانی کۆمەڵایەتییەوەو گەشەپێدانی بۆ ئاستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینە ستەمدیدەکان‌و کرێکاران.


بەمپێیە ئێستا لە کوردستان، ئۆپۆزیسیۆن بە پەرچەمی "سزای سیاسی"یەوە دوای ٤ ساڵ هاتۆتە مەیدانی ململانێی پارلەمانیی کوردستانەوەو ئامانجی ئەوەیە کە، بە پووچەڵکردنەوەی هێزو ئیرادەی جەماوەریی لەپێناوی گۆڕانکاریدا، لەنێو بەشداری لە گاڵتەجاڕێکدا بەنێوی هەڵبژاردنەوە، خرۆشانی خەڵکی هەم کۆنتڕۆڵ بکەن‌و هەم ئاراستەی بکەن بۆ "سزادانی سیاسی" پارتی‌و یەکێتی! واتای ڕاستەقینەی ئەم پەرچەمە چییە بێجگە لە ساردکردنەوەو پەشیمانکردنەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌و توێژە بندەستەکانی کوردستان، لە دەستبردن بۆ هێنانەمەیدانی ئیرادەی ئازادانەو ڕاستەوخۆێ خۆیان بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیانی سیاسی کۆمەلگادا!؟


ئۆپۆزیسیۆن‌و لایەنە نەیارەکانی پارتی‌و یەکێتی، ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی کوردستان لە بەشداری واقعیی لە نێو سیاسەت‌و بڕیاردانی سیاسیدا دووربخەنەوە، پۆتانسێڵی هێزی جەماوەری ناڕازی لە نێو سندوقەکانی دەنگداندا بەتاڵ کەنەوەو ئامانجی گۆڕانکاری ڕیشەیی مێژووی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلاڕێدا بەرن‌و بیگۆڕن بۆ "سزادانی سیاسی" پارتی‌و یەکێتی. سزادانیش واتاکەی ئەوەیە کە دەسەلاتی سیاسی‌و هەژموونی ئابووری‌و حزبیی یان جووتحزبی خاوبکرێتەوەو حکومەتی بنکە فراوان جێگای بگرێتەوە! واتە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بەشدار بکرێن لە دەسەڵاتدا. بەڵام زیاد لە دوو دەهەیە خەڵکی کوردستان تێئەکۆشن، تەحەمولی ئەم هێزو حزبە عەشیرەیی‌و بنەماڵەییانەیان کردووە، نەک لەپێناو سزادانی سیاسییاندا، بەڵکو بۆ گۆرانکاری گەورە بووە لە سیستەمی حوکمرانیدا! ڕەنگە دەستەواژەی سزای سیاسی ئەمڕۆ زۆر گونجاوتر بێت بۆ خەڵکی کوردستان کە تەمێی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی پێبکات‌و گوێ بۆ چەواشەکارییەکانیان نەگرێ‌و بایکۆتی هەڵبژاردن بکات!


١٧\٩\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک