٣\١٠\٢٠٢٠
لە بێدەنگییدا
بۆت گەڕام تا بتدۆزمەوە.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
لە بێدەنگییدا
بۆت گەڕام
لە نێو ژێی کەمانێکدا دۆزیمەوە
تاکو ملوانەکەی خۆشەویستی ببەخشمەوە
تاکو گوڵە پەمیەکانی پایز
لە نێو رۆحی پڕ لە
تریفەی مانگە شەوی تۆدا بنووسمەوە.
٢
لە بێدەنگییدا بۆت گەڕام
بە پەنجەکانم کەوتمە لێدانی ئاوازێکی ھێمن و
ھۆنینەوەی پەرچەمی کیژۆڵەیەکی ناسک و
دەنگم و بێدەنگییت
ئاوێزان بوون
تاکو شەونمی سەر رووت بنەخشێنم
تاکو شەرابی لێوەکانت
بە ئاوازی دڵم بۆت دابێنم.
٣
لە بێدەنگییدا بۆت گەڕام
تا ساتە دوورەکانی تۆم بیربەرێتەوە
تاکو پەلکەزێڕینەی خۆشەویستی
بە تەمەنی خۆمدا ببەخشم و
تریفەی مانگ بنووسمەوە.
٤
لە بێدەنیگیدا بۆت گەڕام
رۆحم تێکەڵاوی ھەور و
پەپولەی دڵم پڕ لە نیگای خۆشەویستی و
گوڵی ژیانم پڕ لە سۆز و بەختەوەریی.
٥
لە بێدەنگییدا بۆت گەڕام
لە زمانی فرمێسکەوە دەستم پێکرد
تا لووتکە سەختەکانی گریان
لە نمەی بارانەوە ھەنگاوم نا
تا قوڵایی دەریاکان
لە شوێن پەنجەی ئەو منداڵانەوە
تاکو جوانی ببەخشن بە ژیان.
٦
لە بێدەنگییدا بۆت گەڕام
چاوەکانم بوونە پەرژینی دڵت
گەڕام تاکو
ئاسمان بە شینیی
و، ئەستێرە بە گەشیی
نمەی باران بە جوانیی و
شەونمی درەخت بە زەردەخەوە ببینم.
٧
لە بێدەنگییدا بۆت گەڕام
تاکو ھێلانەی دڵت پەپوولەی خۆشەویستی بگرێ
سپێدەیەکی رووناک
بە ئاوازی خۆشەویستی
رووی جوانی بنەخشێنێ.
٨
بۆت گەڕام
بەڵام ھەناسەی تێکەڵاوی ئێمە
پڕە لە شەوی تاریک و
جیھانێکی پڕ لە نائومێدیی
پڕە لە ھەڵوەرینی گوڵ و
باخچەی شێواوێکی ئەبەدیی.
٩
بمبەخشە، ناتوانم بگەڕێم
سپێدەیەک ژوانێکت لەگەڵدا ببەستم
ھەتاوی دڵمان رۆشن بێتەوە
ملوانکەیەک لە خۆشەویستی ببەخشیتەوە
گوڵی بەھار بدەیت لەگەردنم و
ئەڵقەی پەنجە بدەیتە دەستم.
١٠
چ کارەساتێکە، ئەم غوربەتی ژیانە
چ کارەساتێکە ئەم بێدەنگیی و گەڕانی ژیانە
مانگ رووی گەشت دەرخە
ئەستێرە سەرت ھەڵبڕە
تیشکێکی تر دەگاتە رووت
باخچە باوەشت بکەرەوە
گوڵێکی تر، چەپکێ نێرگز
بەڕێوەیە بۆ باخچەکەت.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|