په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠١١

    لەبەر ئاوازێک نایەوێ ببێتە گۆرانى.

ته‌ڵعه‌ت تاهیر

أبِنْتَ الدَهْرِ عندي كُلُ بِنْتٍ

فكَيفَ وَصَلْتِ أنتِ منَ الزحامِ ؟

                (المتنبي)*

 

 

 

ئاوێک دەناسم هەموو سیفەتێکى ئاگرى هەیە.
   *   *   *
گەر ئەبجەدییەت بە هانام بێ،
پێش ئەوەى مێژونوسان بێن، من دەتنوسمەوە.
هەر تۆ براوەیت!
من لە پەنجەرەى زیندانى زمانەوە،
لە باخچەى موعجیزەکانت دەڕوانم،
تۆش درەختى لەززەتى و بنەچەت دەچێتەوە سەر مەجاز،
تامێکى دیارى بۆ میوەیەکى نادیار و
بە غوبارى گێڕانەوەم نالەرزیت.
چەند لە دنیا دەچیت،
هەر پێشدەکەویت، بەڵام ئاوڕ نادەیەتەوە!
چەند لە شێتییەوە نزیکم،
پێمناخۆشە بچیتە سەربان و تانکى ئاوەکە پڕکەیت،
بچیتە سەر ئەزمڕ و چاى خەڵووز بخۆیتەوە،
لەو بەرزاییە خودا جوانیت ببینێ، بۆ خۆیت دەباتەوە.
پێمخۆشە پێبکەنیت،
تریقەت هەڵوەرێ و بفڕێ و
بەسەر باڵەخانەکاندا ببێتە ئاڵا.
تۆ هەبیت ئاژاوەى دنیا نامێنێ:
بەندیخانەکان دەبنە دایەنگە،
تاوانبارەکان، بە دەنکە شقارتە،
پیکابى بچووک بۆ منداڵە هەژارەکان دروست دەکەن.
جنێوەکان لە فەرهەنگى خاڵدا دەسڕێنەوە.
قەسابەکان تا ماون بۆ ئەوە دەگرین،
لە برى چەقۆ، گیتاریان هەڵنەگرتووە.
ئەوانەى ئێواران بە دەمڕێوە پاقلە دەخۆن،
توێکڵەکە دەخەنە گیرفانیانەوە.
هەموو ئەوانەى ماسییان برژاندووە، داواى لێبوردن دەکەن.
   *   *   *
تۆ لەسەرتە رۆژانە جارێک پیاسە بکەیت:
پێڵاوەکانت داکەنە و بە پێخاوسى بگەڕێ،
رێگا قیرتاو کراوەکان، دەبنە پسکویتى بە قاوە.
رێگا خۆڵەکان: بەوەوە دەنازن گوایە ئەسڵت قوڕە و
بە خزمایەتیەکى دوور پێت دەگەنەوە.
سڵاوت لە هەر کێ کرد چاوەڕێى وەڵام مەبە
ئەوەى تۆ ببیبنێ: باشە
بە غەمزەیەک، عەمودەکانى سەرجادە کون کون کە، دەبنە شمشاڵ.
بتڵە ئاوە مەعدەنیەکانى سەر شۆستە بە پۆزەوە خۆیان بە کانى دەزانن.
سەبورى ئەو شوتیە بەستەزمانانە بدەوە،
بە هەنجەتى باشیەوە بە چەقۆ سکیان هەڵدەدەڕن.
دڵى ئەو درەختانە رابگرە،
بە ناوى جوانکردنى شارەوە لە باخچە دایانبڕیون.
قاپ و تەشتى نایلۆنى سەر عەرەبانە گەڕۆکەکان،
بگۆڕە بۆ پارچەى پیانۆ.
بە دوو سایدەکەى بەکرەجۆدا وەرە خوارێ،
با سایلۆ پڕ بێ لە گەنم.
پڕ بێ لە گوارە ، بۆ ئەو کچانەى لەمساڵدا گوێیان دەسمرێ.
پڕى کە لە عەتر، بۆ ئەو نامانەى هێشتا نەنێردراون.
دوو ماچ بۆ هاوین فڕێدە، فێنک فێنک دەبێتەوە .
قژت لە دواوە ببەستە، چیتر رەشەبا نامێنێ و
ئەو خانووانە دەحەسێنەوە رووە و قیبلە نین.
لەبەر خاترى ئەو ساوایانەى دەیانەوێ بەم نیوەڕۆیە بخەون،
خۆت لەم خۆڵبارینە توڕەکە.
دواى نیوە شەو ، لەپێکت پڕکە لە تریفە،
لەپێکت پڕکە لە حەرفەکانى ناوت،
بچۆرە لاى سینەماکان،
با سواڵکەر و عەرەبە نووستوەکانى سەر کارتۆن و بەتانى عەسکەرى،
ئەلفى سەرەتاى ناوت، چەشنى چۆرەک بکرۆژن و
قومێک روناکى بخۆنەوە و متمانەیان بە دنیا بێتەوە.
   *   *   *
تۆ لەسەرتە هەفتەى جارێک بچیتە چێشتخانەى یاقوت:
میوانەکان مینیۆى جەستەت ببینن و لە خۆیانەوە تێر بخۆن:
مەمکى مەحشى، بە شیر و هەنگوین.
سینگى بە خاڵ، وەک نانى بە کونجى.
پەنجەى پێچراو بە گەڵاى مێو.
گەردنى تەڕ بە ئاوى شووتى.
تکەى تەنووریى تەماشا و
سووپى سوورى سووراو و
شیلەى مەیلەو سوێرى ئارەقى چاڵى چەناگەت بخۆنەوە.
تۆ لەسەرتە رۆژێ جارێک بچیتە نەخۆشخانەى فێرکارى،
نەخۆشەکان ماچکە چاک دەبنەوە.
برۆت لە شێوەى ( لا ) گرژ کە،
مردن لەو ناوە نامێنێ.
سەرێکى ژێرپردەکە بدە و
پەتى پێى ئەو قازانە بپچڕێنە سپێتى باڵیان لە رۆحت و
خرپنیان لە قۆڵ و باسکت خواستووە.
دەرگاى قەفەسى مریشکەکان بکەوە، با بتبینن و
دوا نیازى بەر لە سەربڕینیان بێتەدى.
تۆ لەسەرتە ساڵى جارێک بچیتە گەرمیان،
لە هەردەى زەنگەنە و چەم داوێ، خۆت رووتکەوە و راکشێ،
با بەرخەکان لە گیاى بەر و ژێر باڵت بخۆن و
لە تووکى نەرمى بناگوێت بلەوەڕن.
بەردێکى بچووک بخەرە درزى مەمکەکانت با ئارەق بکا و
وشکەساڵى نەمێنێ.
   *   *   *
بەیانیانى هەینى بە دزییەوە بچۆرە سەر قەبرى باوکت،
مردووەکان بتبینن بەو خەفەتە دەمرنەوە،
لە زەمەنى تۆدا نەژیاون.
سەرەخەو مەشکێنە
تۆ بە خەبەر نەبیت، نان تامى نامێنێ.
منداڵەکان بەخەبەر نایەن بچنە قوتابخانە.
ترافیک قەت سەوز نابێ.
کەس تاقەتى کڕینى میوەى نامێنێ.
وەکو چوکلێت، مانا بپێچەوە و
بیخەرە دەمى توخمەکانەوە.
بە هەناسەم بڵێ کە هەردەم بە دواتەوەیە،
ببێتە گسک و پیربوونە رژاوەکانى بەردەم مزگەوتەکان کۆکاتەوە.
کە نوستیت دەرگا جوان جوان قفڵدە،
با ئاواز بەڕەڵا نەبێ دراوسێکانت بشڵەژێن.
پەردەکان جوان جوان دادەوە،
با ئەستێرە نەیەتە ژوورەوە نورى نێوچەوانت بدزێ.
کە لەخەو هەڵسایت باوێشک نەدەیت،
دەمت مەکەرەوە، با ددانێکت نەبێتە ئیمامى تەسبیحى کرمان.
پێش ئەوەى بچیتە حەمام خۆت بپشکنە،
بزانە هیچت لێ نەدزراوە؟
هێڵەکانى لەپت نەچۆتە شوێنى ئایەتە هەڵواسراوەکە؟
لەتە نانە رەقەکانى ناو سەبەتەکە،
نەرمایى گوێتیان نەدزیوە؟
چاڵى ناوکت وەک خۆى ماوە و پڕ نەبووە لە هەنگ؟
درەختێکى باخچەکەتان،
سەوزیى، وردە دەمارە سەوزەکانى روومەتى نەبردووی؟
بزانە خۆت، خۆتى؟
گێلاسى ناو رەسمى دیوارى مەتبەخەکە،
بۆیەى نینۆکەکانى تاڵان نەکردووى؟
لەبەر چاوى مەرکانەى گەڵاکانت ددانت نەشۆى،
مەیانکە بە دوژمنى نەعناى ناو مەعجونەکە.
کە چات خواردەوە سەیرى کوپەکە نەکەیت، دەنا دەبێتە ئینجانە.
شەکرى تێمەکە، منى تێدام، بە کەوچکەکە تێکمدە.
بە چەتاڵ پەنیر بخۆ،
پەنجەت بەرى کەوێ دەتوێتەوە و دەچێتەوە دۆخى منداڵیى خۆى و
دەبێتەوە شیر.
سەمون کەرت نەکەى، گەنممان لێ مەڕەنجێنە.
بەزەییت بە شتەکاندا بێتەوە،
سابونەکە حەز دەکا بە دەستت بیشۆیت و پاکبێتەوە.
خاولیەکەت حەز دەکا بە قژى وشکت تەڕى کەى.
ئاوێنەکەت حەز دەکا ببێتە ستراب، تەنانەت نەعل و
شوێنێکى لەشت راموسێ.
پێڵاوەکەت ئیرەیى بە سیسەمەکەت دەبا، لەسەرى دەخەوى.
سیسەمەکەت رقى لە پێڵاوەکەتە، دەیبەیتە دەوام.
کتێبەکانت ئامادەن خۆیان بە دەفتەرە گەورە چڵکنەکەى دائیرە بگۆڕنەوە،
کە هەموو بەیانیەک، ئیمزایەکى لەسەر دەکەى زۆر لە سەرى بولبول دەچێ.
ئامان، جلت هەڵخست ئاگاداربە،
سەرچەفەکان نەبنە باڵ و بتکەنە فریشتە و بتفڕێننە ئاسمان.
زوو زوو دەرگاى سەلاجەکە بکەرەوە:
ماستى ناو مەنجەڵەکە و نانە هەورامیەکە و
باینجانى ناو نایلۆن و شرووبى تا، چاوەڕێتن و
هانا بۆ مەڵهەمى سووتانەکە دەبەن.
کەڵەشێرى بەستووى ناو فرێزەر و
ماسى ناو قوتوەکەش، بە خەبەرن و غەریبیت دەکەن.
   *   *   *
بەیانیان رۆژنامە بخوێنەوە،
تا تیرۆریستەکان ببنەوە دەروێش و
لەسەر دەستى تۆ لەو کاتەى بە کەفاوى جلشۆرینە : تۆبە بکەن.
با تانکەرەکانى نەوت بگەڕێنەوە و
شەربەتى ئەناناس و شەرابى ترێ لە چاوتا بارکەن.
لەبەردەم ماڵتاندا ریز ببەستن و
یەکە و ٣٦ هەزار لیتر، رەنگ بۆ دنیا ئاودیو بکەن.
لە جیاتى نەوتى رەش، رەشێتى ماسکاراکەت،
لەبرى نەوتى سپى، سپێتى رۆحت بگوازنەوە.
سەیرێکى هەواڵە ناوخۆییەکان بکە،
با ژنەکان خۆیان نەسوتێنن و پرێمز بچێتە مۆزەخانەوە .
نا، رۆژنامە مەخوێنەوە،
جوانیت ناخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
تەنیا سەیرم کە،
جوانترین هەواڵ لە چاومدایە.
تکایە، تا پێشت دەکرێ پێڵوت دامەخە،
دایمەخە با کارەبا نەکوژێتەوە.

_______________________________________________
* موتەنەبى ئەم شیعرەى بە نەخۆشى گوتووە و گرانەتاى بووە، ماناکەشى بەم شێوەیە دێتەوە: گەر لە فرمێسک و بەڵاى رۆژگار دەپرسى، هەموو فرمێسک و بەڵایەکم هەیە ، لە قەرەباڵخى ئەو هەموو فرمێسک و بەڵایەى دەورى داوم، تۆ چۆن گەیشتیە لام، بە کوێدا هاتیت؟


هاوینى 2010 - سلێمانى
talaat.taher@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک