٢١\٨\٢٠٢٠
لەبەردەم
ئاوابوونێکی نادیاردا.
- وەھمی تەکنۆلۆژیا بە ئایکۆنەکانی رابردوو -

سمکۆ محەمەد
خەونی میتافیزیکی و خەونی ئەرخەوانی کۆن کە پشتی بەواقیعگەرایی دەبەست
و ھەموو خەیاڵێکی بۆ داھاتوو بوو، خەونێکی پوچەڵ دەرچوو، ئەو قودرەتەی
کە شانازی بەخۆی دەکرد بەھۆی زانینەوە دەتوانێ رۆژێک واقیعگەرایی واقیع
بگۆڕێ، ئێستا ئیتر کەوتۆتە ژێر کاریگەری سرووشتێکی ھەڵوەشاوەی خودی
پرسەکە خۆی، خێرابوونی کات و گۆڕینی دەموچاوەکان بەماسکەوە گۆڕینی
ستایلی ململانێکان لەدەوڵەتەوە بۆ کۆمپانیاکان و نەمانی بەھای سووننەتی
کۆمەڵایەتیی و ھەورەھا بەداتاکردن و پەیوەندیگرتن و پیشەسازی لەرێگەی
تەکنۆلۆژییەوە، لەبەرامبەریشدا جێکەوتەبوونی زانینی تەکنۆلۆژی و
دەموچاوی ئەلیکترۆنی و ململانێی میدیایی و بەھای فۆڕمێکی نوێ کە بازاڕی
پێ بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا درووستبوونی ڤیگەری کارتۆنی وەکو رۆشنبیر و
مەلا و میدیاکار و سیاسی ھەرزە و درووستکراو، لەرووی ھونەریشەوە
جێگەگرتنەوەی دەنگی رەسەن بەپۆپ ستار و ھت دکە بۆتە باو لەھەموو ماڵێک
و ھەموو گەنجێک خەونی پێوەدەبینێ،جیھانێکی جاڵجاڵۆکەیی خوڵقاندووە کە
وەکو بۆدریار دەڵێ ، سەیرە تائێستا ماوین کە ھەموو شتێک قڵپ بۆتەوە و
شتە رەسەنەکان شوێنیان گیراوە، ھەروەکو ئەوەی حەکایەتی نۆستالیژی بووە
بە مێژووی بچووکی درۆینە، باوک و سەرگەورە بوونە بە موقەدەسی درۆینە،
پلاندانان بووە بە سوتفە و رووداوی لەناکاو یان چانس، ھەڵبژاردن بووە
بە تێکەڵکردن و رێکەوتنی سیاسی و حکومەت و کۆمپانیاکان و مافیاکان و
ھتد "پاڵەوان پێویستی بەکاری سەرسوڕھێنەر و قسەکردنێکی مەزنایەتییە، با
خەیاڵ بکەینەوە شاعیر نەک پێغەمبەر بۆ راوبۆچوونی خۆی، ئەوەی کە
رێگەدەدات مەوھیبە و خوایەتی لە بۆچوونەکانی رابردوو، وادەکات کە لە
ئێستایەک و بۆ داھاتووەیەکدا قسە دەکات، وا دەزانێ ئەم ئێستایە تایبەتە
بە فەلسەفەی یۆنان، رابردووش بۆ شارێک سەرچاوەیەکی سیاسییە، ئەوەی کە
تائێستاش لە ھەموو زمانەکاندا ئامادەیە، لەکاتێکدا نازانێ ئەوە لاسایی
کردنەوەیە".حنە ارنت. فی السیاسە وعدا. ترجمە وەتقدیم. معز مدیونی.
منشورات الجمل. ٢٠١٨. ێ٩٥. لەدونیای رۆشنبیری کوردیدا دەیان نموونەی
لەو شێوەیەمان ھەیە کە خۆی بە ئاین کۆن دەزانێ و قسە بۆ داھاتوو دەکات
لە ئێستادا، پێیوایە رابردوو بەشێکە لە فەلسەفەی سیاسی و ئەو شارەزایە.
لەکاتێکدا ئەو نازانێ کە ئەمە ھەم وەھمی رۆشنبیرییە و ھەم ئایکۆن نیە.
بۆ ئەوەی تێبگەین لەچ سەردەمێکدا دەژین و چ شتێک ئاراستەمان دەکات،
دەبێ لەو سێ گوچکەیە بکۆڵینەوە کە دونیا ئاراستە دەکەن بەخزمەتی
کۆمپانیا و دونیای سەرمایەداری پۆستمۆدێرنە، بۆ نموونە ستیف جۆبز کە
دامەزرێنەری ئەپڵ و دکتۆر لاری بریلینیت کە دامەزرێنەری گوگڵ و مارک
روکربێرغ دامەزرێنەری فەیسبوکن،ئەمانە لەدواجاردا سێگوچکەی راگری ئەو
سەقفەن کە فەزای واقیعی وەھمی درووستکردووە و ئینسانی کردووە بە
فیگۆرێکی وەھمی بێ ئایکۆن، مەبەست لەو رستەیە کە زمانێکی باو نییە و
خوێنەری ئاسایی تێیناگەن، بەڵام راستەوخۆ گرێدراوی ژیانیانن بەبێ ئەوەی
پێی بزانن ھەمیشە بەبێ ئەوان ناژین، ئەوەیە کە ئینسانی ئەم سەردەمە لەو
دوێنێیەدا ناژی کە خاوەن ئایکۆنێکی ئایینی یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی
بوو، خاوەنی پرنسیپێکی جێگیر بوو و بەرگری لێدەکرد و بەخەیاڵی
فریادرەسەکەی ئەو بوو، خاوەنی بۆچوونێک بوو بۆ پاڵپشتی لە ویستە
ئیدیۆلۆژییەکان و فکرییەکانی، ئەم سێگوچکەیە ئینسان لە ئالودەبوونی لەو
شتە غەریزیانەوە گۆڕی بۆ ئالودەیەکی تەکنۆلۆژی و ئینسانێکی مەسرەفگەرا
لە ئینتەرنێت و دوورکەوتنەوە لەعەقڵ و بیرکردنەوە، دوورکەوتنەوە
لەھەموو ئەو ویستە راستەقینە و ئیستاتیکیانەی کە واقیعی سرووستی
خوڵقاندوویەتی و ئینسان لەرێگەیەوە کێبەرکێی پێدەکات، دووچاربوون
ئینسان بە دڵەڕاوکێی لەو کاتەی کە راستەوخۆی کۆمەنیکەیشن نامێنێت،
دڵەڕاوکێ لەو کاتەی کە ھیچ بەرھەمێکی نامێنێت بۆ ئەوەی شانازی پێوەبکات
وەکو پێشووتر کەسێکی داھێنەر لەبوارە جیاجیاکان ئینسان دەیکرد،
نەخۆشکەوتن و بەتاڵ بوونی مێشکی ئینسان لەگەڵ بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیا،
بەو ھیوایەی داتای بەپەلەی دەستکەوێت کە داتای خوڵقاوە نەک داتای
زانستی، ترس لە تاکگەرایی و بەتەنھا ژیان لەنێو گشتێکی پارچە پارچە بوو،
یان بێ ئاگا لەقەرەباڵغی بازاڕەکان و بۆنەکان بەبێ ھیچ
مەبەستێک،ھەروەھا ئەوکاتەی کە بەکارھێنەری فەیسبوک و گۆگڵ لەھەر ھەواڵ
و فیلمێکی درۆینە و ترسناک دەبێتە کائینێکی ترسنۆک، ھەتاکو پەیوەندیی
کۆمەڵایەتیی سنووردار دەبێت، ئالودەبوونی بەکارھێنەری ئینتەرنێت
لەوکاتەی کە نەژووری تایبەت و نە شوێنی تایبەت و نە کاتی تایبەتی ھەیە
و خۆی بە تاکێکی سەربەخۆ دەزانێت،ئەمەش بە بۆنەی ئەو کورتە فیلمانەی لە
تاک توک بەکاریدەھێنێت یان لە یوتوب وەردەگیرێت و لاسایی دەکرێنەوە،
تەنھا لەپێناو سەلماندنی بونێکی وەھمیە بۆ کاتێکی نەمری وەھمی، ھەموو
ئەمانە ئەو دونیا و فەزایەی خوڵقاندووە کە ئینسانی ئێستا لەبێ
مەرجەعیدا کائینێکی ترساو و بێ ھیوا و بێ چارەنووسە، لەبەرامبەر ئەو
واقیعە وەھمییەی بۆی درووستکراوە و بووە بە بەشدار تێیدا.
تەمێک بەسەر ئاسمانی ژیانەوە دێت و دەچێت کە لە تارماییەکەی مارکس
دەچێت، ئەو تەمەی کە لەمانیفێستدا باسی کراوە و دونیای سەرمایەداری
لەسەدەی نۆزدە ترسی لێنیشتبوو، ئەم تەمە بەشێوەیەک تەنی ئاسۆکانی
بینینی واقیعی راستەقینەی گرتووە و مەودای بینینی کورت کردۆتەوە، تا
ئەو جێگەیەی رێگەی لەھەرچی توانا و ھێزی عەقڵی ھەیە گرتووە، ئینسانی
ئێستا لەنێو داھاتوویەکی نەبینراودا دەژی، نەک لەئێستایەکی واقیع یکە
خۆی کۆمبارسە تێیدا، ئەو ئەنتی تێزەی ئێستا خۆی بەرھەمدێنێتەوە لەھەموو
کەرەستە و پێداویستییەکان لەھەموو کایەکاندا و بەرامبەر سێنتێزی
رابردوو وەستاوە، لەرێگەی کۆپی کردن و پێست کردنی بابەت و توڕھەڵدانی
خاوەندارێتی مەعریفە، ئینسانی کردووە بە ڤیگەرێک کە ھەم خۆی لەبیربچێت
و ھەم دەستەوستان بێت بەرامبەر بە واقیێک کە سەرسامە بە بەردەوامییەکەی
و بەرھەمە بێ خاوەنەکەی.
چالاکی داواکرا.
پێشتر ئەو موناقەشەیە زۆر باو بوو کە خاوەن مەعریفە و بەھرەدار و
داھێنەرەکان، ئەوانەن کە دونیا و کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن، ئەوانەن کە
کاریگەرییان لەسەر دۆخ و ململانێ و ئاڵوگۆڕە سیاسیی و رۆشنبیری و
ئایینییەکان ھەیە، ئێستا بەپێچەوانەوە ئەم کایە چالاکە بۆتە گۆرانی
داواکراو وەکو چۆن پێشتر لە رادیۆکان ھەبوون، ئێستا لە یوتوب ئاسانتر
ھەیە و داواکارییەکە ئەگەری تیانییە دەبێت یان نا، بەپێچەوانەوە ھەموو
شتێک بەئاسانی و بەخۆڕایی وەردەگیرێت، ئەو کتێبخانەیەی کە پێشتر
بەدەگمەن کتێبی سەرچاوەی تێدا بەدەست ناکەوت، ئێستا ویکیپیدیا بەئاسانی
مەعریفەی بیژی و بێ دایک و باوک پێشکەش دەکات بەخۆڕایی،ئەم فەزایە
قەیناکات لەئاستی کۆمەلایەتی و شوێنە بازاڕییەکان کاری پێبکرێ، لەوە
ناخۆشتر ئەوەیە کە کارێکتەری سەیر و سەمەرەی درووستکردووە، بۆ نموونە
کۆمەڵێک کارێکتەری چالاکی کارتۆنی وەکو مەلا و رۆشنبیر و ونووسەر و
سیاسی رۆژانە بەرخودی خەڵک دەکەن و بەزۆر دەچنە ماڵەکانەوە، ھەڵبەت ئەو
سێ کارێکتەرەی باسمان کرد، ئەوانە نیین کە خۆیان بوون بە ناو، بەڵکو
ئەوانەن وەکو ئەندام پارلەمان و وەزیر و کاربەدەست و مامۆستای زانکۆ بۆ
راسپاردەیەکی دیارکراو دەرکەوتوون بۆ مەبەستێکی سیاسی و بازرگانی،بۆیە
بەپێی داوای خەڵکی ئاسایی ھەڵدەسوڕێن و گوتار دەدەن، ئەوانەی کە بە
دیمەنێکی بچووک و گاڵتەجاری دڵخۆش دەبن و ئیکتیفا دەکەن و دەکەونە
فەزایەکی خوڵقێنراو و واقیعە وەھمییەکەیان لێبووەتە ھەقیقەت، چونکە بەو
پێوەرە چالاکی دەکەن و دڵی خەڵکی رازی دەکەن، ئەمە گەمەیەکی
پۆپۆلیستیانەیە، ئەگەرچی لەلایەکی ترەوە ھەریەک لەو چالاکانە دەزانن
مەعریفە و چالاکی لەدەرەوەی چالاکی کۆمەڵگە و عەقڵ و بیرۆکە و توانای
کۆمەڵگەیە، بەڵام کە بەویستی خەڵک ئەو گەمەیە دەکەن، لەلایەک
فەرمانپێدراون و لەلایەکی تر خوازیارەکان ئەو فەزایەیان دەوێت، بۆیە
تەنھا لەپێنا ئەوەی بۆ کاتێکی کورتخایەن کەڵک لەو پۆپۆلیزمیەتە
وەردەگرن، تاکو دەگەن بە ئامانجێک وەکو ئەوەی پێیان دەگوترێت
پراگماتیزم، یان ھەلپەرستەکان، چونکە ئەوان ئەوھەلە دەقۆزنەوە کە خەڵک
وەکو فیگەرێک بۆ کاتێکی دیاریکراو یان بۆ بابەتێک بەکاریان دەھێنن و
ململانێیان پێدەکەن، بەوپێیەی کە قوماری ئێستا وەکو دوێنێ نییە شاراوە
بێت، بەڵکو بەئاشکرا وەکو میسی و رۆناڵدۆ و چاڤی و زەینەدین و ھتد
لەوەرزشی وەھمیدا دەیکەن و شەوانە کارێکتەری سەرەکی و پاڵەوانی
قومارخانە و گازینۆ و چایخانەکانن، بەبێ ئەوەی بزانن کە ئەوان خۆیان
کۆیلەن لەبازاڕێکی وەھمیدا، بوونە بە کاڵای بەرھەمھێنانی ئەو کۆیلانەی
کە وەکو کارت بەکاریاندەھێنن.
کوشتنی ئایکۆن.
نەمانی ئایکۆن و نەمانی حەزو غەریزە، لەوێوە دەستی پێکرد کە ئەوروپا
لەبری بەھەشتی ئایینی بوو بەئەلتەرناتیڤی دوارۆژ، نەمانی شێخ و
سەرکردەی کاریزمی نەتەوە و رۆشنبیری ھەموو شت زان وەکو پاڵەوانی رۆمانە
پۆستمۆدێرنەکان، ھەروەھا نەمانی سێنتەرێک بۆ ئەوەی خەڵک کۆبوونەوەی
پرنسیپەکانی خۆی تێدا ببینێتەوە، جۆرێک لە کوشتنی ئایکۆنی ئایینی و
سیاسی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیشی کردە باو، لەلایەکی تریشەوە ئەو
بەھەشتەی کە خەیاڵی ھەموو کەسێک بوو لەرێگەیەوە بگات بە ئەوروپا،
مەبەست دامرکاندنەوەی غەریزە سێکسیەکانە، ئێستا لە شەقامی ١٠٠ مەتری
ھەولێر ولەچەق چەق و ھۆتێلە ناودارەکانی سلێمانی کپی کردەوە،
درووستبوونی گروپی ژن بە ستایلی ناشایستە و گەشتی گروپی کۆمەڵایەتی بۆ
ئەو وڵاتانەی کە فیزای ئاسان وەردەگیرێت، ھەروەھا بەدەستھێنانی
بڕوانامەی ساختە لەلایەن ئەو کۆمپانیانەی کە خوێندکار بەو ھیوایە
بەڕێدەکەن، گەیشتنی ھەرزەی سیاسی کە تەنھا پاڵپشتی کەسانی گەورە دەکەن
بۆ ناوەندی بڕیار یان کاربەدەستی حکومەت، بەشێکن لەکوشتنی ئەو ئایکۆنە
وەھمیەی پێشتر مانا و سیمایەکی جیاوازی ھەبوو، ئێستا ئایکۆن لەنێو
جانتاکانەو لەنێو گیرفانە، یان لەجەستەیەکدایە کە سیحری بینین لەوانی
تر جودا دەکاتەوە، ئەم فەزایە ھەرچی شتی پیرۆزە کردی بە پەشم، ھەرچی
مانایە کردی بە نوکتە و بازاڕی گاڵتەجاری، ئەم ئینسانە وەھمییە نە
ئێستای ھەیە و نە دەشتوانێ بە نوستالیژیای رابردوو بژی، ھەموو ئەمانە
جۆرێکن لە کوشتنی باوک یان ئایکۆنی رابردوو کە پیرۆزی خۆی ھەبوو، ئێستا
وەھمی ئایکۆنی تەکنۆلۆژی جێی گرتۆتەوە.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|