٢\٣\٢٠٢٥
لەبەر مردن، ژیان
ڕەشپۆشە.
- لە پەراوێزی ساڵمەرگی چیرۆکنووس مەنووچەر کەیخسرەوپووردا -

هۆمەر
یەک
لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات،ڕێزنانی زێدە لە مردن
و خەمساردیی بەرانبەر خودی ژیانە.
ڕۆژی پێنجشەممە،٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤(٢٧ی فیبریوەریی ٢٠٢٥)ساڵمەرگی
ڕووناکبیر و تۆرەوان"مەنووچەر کەیخسرەوپوور"(٢٠٢٤-١٩٤٧)بوو،بەم
بۆنەیەوە،بنەماڵە و ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەر لە شاری سنەی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر مەزارەکەی گرد بوونەوە و چەند ساتێکی خۆیان
بە سووکە یادکردنەوە لەم کەسایەتییە چاندییە،بەخشی. نووسەری ئەم دێڕانە
کورتە پەیڤێکی پێشکەش کرد کە ڕووی پەیڤەکەی زێتر لە پتەوکردنی ژێرخانی
پەروەردەیی کۆمەڵگە بوو کە یەک لە پەرۆشە سەرەکییەکانی خودی ئەم
نووسەرە بەدرێژایی تەمەن بووە. ئەم پرسە لە نامەکەی مەنووچەر
کەیخسرەوپوور بۆ مامۆستا"ئەلی ئەشرەف دەروێشیان"(٢٠١٧-١٩٤١)و وەرامەکەی
ئەم کەسایەتییە ناسراوەدا زۆر بە ڕوونیی خۆی دەنوێنێت.
لە بەشێکی نامەکەی مامۆستا "ئەلی ئەشرەف دەروێشیان"دا هاتووە:"
مەنووچەری ئازیز،نامەکەتم وەرگرت. بوویت بە مامۆستای قوتابخانە،ئەرکێکی
گەلێک چەتوون و گرانە. بەڕێوەبردنی ئەرکی دیتران(خەڵکانی
دی)بەرپرسیاریەتییەکی پڕ گرانە. پەروەردەکردنی مرۆ، ئەرک و کارێکە لە
هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. ئەگەر ئەرکێکی دیکەت لە ئەستۆ بووایە ئەوە
دەکەوتەوە سەر خۆت چلۆن هەڵسوکەوت بکەیت لێ،مامۆستایەتی ئەرچی لەم
وڵاتەدا ئەوەندە بایەخی پێنادرێت،ئەرک و کارێکی گرینگ و مایەی
شانازییە. مەڵێ ئیدی بوومە مامۆستای قوتابخانە. ئەمە سووکایەتی و
بێڕێزیکردنە بە پێگەی ئەرەستوو(٣٢٢-٣٨٤ی پێش زایین). هاوڕێی
ئازیزم،کاتێک لە پێناو ڕۆشنگەریدا خەبات دەکەیت،گەرەک ئاگات لە شێوەی
ئاخاوتن و قسەکردنت بێت. سەرەڕای خوێندنەوەی بەردەوام،پێویستە درێژە بە
خوێندنەکەت بدەیت. هیچ پێویست ناکات تەنێ لە بەشی پزیشکیدا
وەربگیردرێیت و درێژە بە خوێندن بدەیت. ڕوو لە بەشی ئەدەب و زانستە
کۆمەڵایەتییەکان بکە،کۆمەڵناسی بخوێنە،زانستی پەروەردە بخوێنە. فێرە
زمانیش ببە. سەمەد (١٩٦٨-١٩٣٩) (مەبەست،سەمەد بێهڕەنگییە کە بە
چیرۆکنووس و نووسەرێکی پێشڕەو لە ئەدەب و وێژەی فارسیدا دادەنرێت.
وەرگێڕ) جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو،فێرە زمانی ئینگلیزییش
بووبوو و ئەو هەموو کتێب و پەڕتووکەیشی نووسی".(ژیوار،ل٦٤)
پێویستە ئیشارەتیش بەم خاڵە بدرێت کە مێژووی نامەکەی ئەلی ئەشرەف
دەروێشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی(١٩٦٩).
لێرەوە لە لایەکەوە دید و بۆچوونی ورد،قووڵ و ژیرانەی ئەلی ئەشرەف
دەروێشیان خۆی دەنوێنێت و لەو لایشەوە پەی بە بایەخ و سەنگی پرسی هەرە
هەستیاری پەروەردە وەک یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکهێنەری
کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەبەین. مەنووچەر کەیخسرەوپوور وێڕای ئاوڕدانەوەی
هەرەقەتی لەم پرسە کە تەمەنێک لە ڕێی مامۆستایەتی قوتابخانەوە جێبەجێی
دەکرد،پرسی فەرهەنگ و چاندی کوردییشی زۆر لە لا گرینگ بوو. هەر لەسەر
مەزارەکەی ئەم کەسایەتییە چاندییە،ئاماژەم بەم خاڵە جەوهەرییەیش دا کە
ڕاز و نهێنیی مانەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە لە خودی کەسایەتییەکەیاندایە کە
تا چەندە پەرۆشی زمان و کولتووری نەتەوەکەیان بوونە. ئەگەر ناو و
بەرهەمی هزر و ئەندێشەی مەلای جزیری(١٦٤٠-١٥٧٠)،ئەحمەد
خانی(١٧٠٧-١٦٥٠)،نالی(١٨٥٥-١٧٩٨)،حاجی قادر کۆیی(١٨٩٧-١٨١٧)،مەولەویی
تاوگۆزی(١٨٨٢-١٨٠٦)،پیرەمێرد(١٨٦٧-١٩٥٠)،جگەرخوێن(١٩٨٤-١٩٠٣)،هەژار
موکریانی(١٩٩١-١٩٢٠)،هێمن موکریانی(١٩٨٦-١٩٢١)،شێرکۆ بێکەس(٢٠١٣-١٩٤٠)
و...هەردەم لە نێو دڵی میلیۆنان کورددا دەمێنێتەوە، ڕاست ڕووی لە خودی
ڕاژە و خزمەتی ئەم جۆرە کەسایەتییانە بە چاند و زمانەکەیانە کە
مەنووچەر کەیخسرەوپووریش بە هەمان ڕێبازدا چووە بۆیە ناوی لەسەر
ڕووپەڕی دیرۆکی ئەدەب دەمێنێتەوە. هەر لێرەوە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەم
خاڵەیش بکەمەوە کە کەسایەتییە چاندییەکانی ئێمە تا ماون پێویستییان بە
ئاوڕدانەوە و سۆراغگرتن و پاڵپشتیکردنی کتێب و بەرهەمەکانیان هەیە
نەوەک خێرپێکردن!
بەڵام بیانوویەکی دی نووسینی ئەم چەند دێڕە ڕووی لەم خاڵە گرینگەیە
کە،ئێمە چەند تەنیاین تا لەژیانداین و چەندە دەورمان جەنجاڵە بۆ مردن!
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تا دێت بەها و خەسڵەتە واڵا مرۆیییەکان کاڵتر
دەبنەوە و ژیان هەر ساتە و بە ڕەنگێک خۆی دەنوێنێت کە من وەک خودی خۆم
هەرگیز دژ بە فرەڕەنگیی و فرەدەنگی نیم بەڵام چلۆنە تا ماوین سەدی یەک
ئەوەندە دەوروبەرمان قەرەباڵغ نییە کەچی لە سبەی مردندا ئەوەندە سەرمان
بە مردنەوە جەنجاڵە! لە نێو خودی ئارامستان و بگرە دەرەوەی
ئارامستانەکەیش حەشرێک بەرپا بوو کە هەر مەپرسە. تۆی خوێنەر ئەم دێڕانە
ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە و پێویستی بە ڕاڤەی زێتر نییە.
شیاوی ئاماژەپێدانە چیرۆکنووس و شاعیر"مەنووچەر کەیخسرەوپوور"ساڵی
١٣٢٦ی هەتاوی(١٩٤٧)لە شاری شائاباد(ئیسلامئاوای ئێستا)سەر بە ستان و
پارێزگەی کرماشان،لەدایک دەبێت و ڕۆژی سێشەممە،٨ی ڕەشەممەی٢٧٢٣(٢٧ی
فێبریوەری ٢٠٢٤) دڵە میهرەبانەکەی ئەم چیرۆکنووسە لە شاری سنە لە لێدان
کەوت و لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا بۆ هەمیشە لە خاکی
نیشتماندا ئارامی گرت. ئەم کۆپلە شیعرییە بە دوایین بەشی کورتە
نووسینەکە دەبەخشم کە هەر ئەو دەم بۆ مەنووچەر کەیخسرەوپوورم نووسیبوو.
پەڵەهەورێکی
باراناوی.
لە هەورێکی باراناویی بەهار دەچوو،
نەرمێ دەهات،دادەباری و
وەکوو بزەش،
تەنێ سێبەرێکی نەخشین،
لە خەیاڵدان دا جێ دەما.
کە دەپەیڤی،
خودی خۆی زەردەخەنە بوو،
شیرین شیرین،
لەسەر دڵان ڕۆ دەنیشت و
بۆ هەمیشەش
لە ئەلبۆمی یادگاردا
نەخشی دەبەست.
ئەم ڕێبوارە چاوبەفرینە،
لە ڕەشەممەی چاوکاڵەوە،
چاوی هەر چاوەنۆڕی بەهار و
نەرمە بارانێ وەک خۆی بوو،
کەچی دڵە نەرمۆڵەکەی دەیگوت:
"مەنوو"گیان،بەسیەتی لێدان،
ئارام بگرە و بۆ هەمیشە
بگرە وچان.
سنە
٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
________________________________________
ژێدەر:
گۆڤاری ژیوار،ژمارە ٣،ساڵی حەوتەم،بەفرانباری
١٣٩٤ی هەتاوی،نامە مێژوویییەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەرزڕاگرتنی
پێگەی مامۆستا.
h_noryawi@yahoo.com
|