په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١١

لە بەرپێی ساڵرۆژی شەھیدبوونی ٢٣ شەھیدانی شەقڵاوەدا، چەند سەرنجێک.

شوان عوسمان    


"ئەمساڵ لە ئێوارەیەکی خامۆش وغەریبدا، لە کەناری غوربەتیی وڵاتێکی پڕ غوربەتدا ئۆقرە ناگرم ودائەچۆڕێم، ئەمەوێ وەکو مەلێکی کۆچەری نابەلەد بە چاوی مەرزو دڕکی سنوور سەفەرێک بۆ چاوی شاری پڕ لە غوربەتم (شەقڵاوە) بکەم تا لە نزیکەوە لە پرسەی یادەوەری مەلە کۆچەرەکانی ماڵی رۆحم بەشدار ببم کە بەر لە ٢٤ ساڵدا بە ناو ئاسمانی شارەکەم لە فڕین کران، لەوێش بە بناری (سەفین )شۆڕ ببمەوەو تا ئەگەمە سەرسنگی یەکەیەکەی گۆڕی غەریبیان، تا گوێ لە رازو ئازارە ناسۆرەکانیان بگرم و شتێک بلێم وشتێکی تریش بدرکێنم، بە تەنیاو خامۆش لەگەل رۆحی یەکە یەکەیان دێمە قسەو کۆری مەجلیسێک دائەبەستین وپرسە لۆ یەکتر ئەگێڕین، ھەر لە گچکەترین شەھید کە شەھید (نەریمان)ی برامە تا گەورەترین شەھید کە مامۆستای شەھید (ئەحمەدە فەندی) یە، ئامێزیان لێیەنێم، لە ھاوسەفەری خۆم وئەوان بە دوورۆحی شەکەت وبە ئارەقەی غوربەتمان شەلال، بە دەسکە گوڵێکی رەشی بەر شەونمی خەم تەڕ وبێ بۆن دێمەوە، دێمەوە لاتان یەکەیەکەتان بە چاوو بە بۆن وبە رۆح، گڵ وچاوتان ماج ئەکەم...".

لە یادی ئەوجارەی ئەمساڵەی یادی ئەو پۆڵە شەھیدانەی (شەقڵاوە)وە ھەرچەند درەنگیشە بەڵام بۆ قسە کردن لەسەر ئەو شەھیدانە ھیچ کاتێک بە درەنگی نازانم، دەمەوێت بە چەند سەرنجێک بەشداری لە ساڵرۆژەیان بکەم کە گوزارشت لە یادەکەو چەند گلەیی وگازاندەیەکیش لە خۆمان ولە خەڵکەکەمان بکەم ، ئەوانەش خەمێکی ناسۆری خۆمن ونمایشت لە دەردو خەمخۆری خۆشم دەکەن لۆ ئەو شەھیدانە...


دیارە لە جیھان ولە کوردستانیشدا گەلێکجار شاری ئەوتۆ ھەیە گۆڕستان وشوێنێکی پیرۆزیان ھەیە کە بۆتە مەزارگەیەکی دیار بۆ ئەو کەسانەی لە پێناو مەبەست وئامانجێکی پیرۆز گیانیان داناوە، بەمە بۆتە (مەزارگەی نەمران)، خەڵکی شوێنەکەش شانازی بە کەسە نەمرەکانی خۆیان دەکەن، لە کات وبۆنەی نیشتمانی ونەتەوەیی سەردانیان دەکەن وبەلێنی چاکسازی وپاکسازیان لەوێ نوێ دەکەنەوە، بەڵام بە داخەوە لە شارەکەی ئێمەدا ئەوەی من ھەستی پێ دەکەم، ئەو مەزارگە پیرۆزە نەک لە سات وکاتی خزمەگوزاریدا بەسەر کردنەوەیان پشتگوێ دەخرێت، تەنانەت لە رۆژی گیران وساڵرۆژی جوانەمەرگ بوونیشیان ھیچیان بۆ ناکرێت، ئەگەر ئێمەش بە خۆمان وەکو ھاوڵاتی وئاوایی ئەو شارە، حورمەت لە خۆمان ومەزارگەو کەسایەتیە نەمرەکانمان نەگرین، بێگومان خەڵکی دیکەو دامودەزگای حزبی وحوکومەتیش ناچار نابن لە ئێمە باشتر بن وبێن لە بڕی ئێمە خەممان لە سەر بخۆن ورێز لە ساڵرۆژو قودسیەت وشوێنە موقەدەسەکانمان بگرن، ئاخرکارەساتی شوێن بزر کردن وبێ ناسنامەو ئەدرێسی گۆڕستانی ( ٢٣ شەھیدەکانی شەقڵاوە) بۆ چوار ساڵ وبە نھێنی ناشتنیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دوور لە شارەکەیان، رووداوێکی ھەروا سادە نەبوو تا ئەوھا بە ئاسانی وسەرپێی وھەروا بە سەریدا تێپەڕین، ھەروەھا شتێکی ئاساییش نەبووە تا ساڵانە، تاوێک لە کاتی خۆمان بۆ تەرخان نەکەین ویادیان نەکەینەوە، تا بەو جۆرە یادەکە ھەموو ساڵێک ھەڕەمەکی وا بڕوات، من لێرەوە بەر لەوەی رووی رەخنەم لە دەسەڵات بکەم گلەیی لە خەڵکەکەی خۆمان دەکەم...


بۆ دەبێت چەند کەسێک لە بنەماڵە شەھیدەکان بە ئەرک ومەراسیمی یاد کردنەوەی ئەو شەھیدانە ھەستن، ئەگەر ئەوان ئەو ساڵەچالاکیەک نەکەن ئەوا دەبێت ئەو ساڵە ھیچ مەراسیمێکی رێزلێنانیان بۆ ساز نەدرێت، خۆ ئەوانە لە سەر کێشەو دیاردەیەکی کۆمەلایەتی وکارێکی نائەخلاقی لە سێدارە نەدراون، خۆ ئەوان لە سەر شەرەفێکی نەتەوەیی وئەرکێکی نیشتمانی مەزندا گوللەباران کران، ئەگەر خەڵکی شەقلاوەی قارەمان لە ساڵی ١٩٨٧ بە رووی دامودەزگاکانی (حزبی بەعس) رانەپەڕی بووایە، ھەرگیز ئەوانیش بەو شێوەیە تۆڵەیان لێ نەدەکردنەوە، ھەروەھا بە رەنجی ئەو راپەرینەو راپەرینەکانی دیکەی بەھاری ساڵانی ھەشتاکان، لەو شارەو شارەکانی دیکەی کوردستانیش، راپەرینی ئازاری گەورەی ١٩٩١ ی بەرھەم ھات...


جا کەوابوو کوا زەمەنی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێکە ؟ ھەمووی بەبا چوو؟ ھەقی ئەوانەی لەو زەمەنە ناھەقیەدا ھەقیان خورا چۆن دەبێت ئەمڕۆکەش غەدریان لێ بکرێت ؟ کوا دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ئەو ناھەقیانە نابینن؟ لە سەر ئەو مەسەلە نەتەوەیی وھەڵوێستە نیشتمانیەیان بێدەنگن بۆ ئەو ساڵیش لە ساڵرۆژەی شەھید بوونی ئەو شەھیدانە، ھەروەکو پارو پێرار رۆژەکە وەکو رۆژان ھات و رۆیشت ویادتان نەکردەوەو حزوورتان نەبوو؟ ئەلێی بە شەھیدیان نازانن یاخود شەھیدی دیاریکراوی پارتەکی سیاسی ئەو ھەرێمە نین لەبەر ئەوە خۆتانیان لێ بێدەنگ دەکەن، من ئەو بێدەنگ بوونەش ھەر بە کەمتەرخەمی دەسەڵات نازانم، کەمتەرخەمیەکەش بەشێکی ئەوتۆی پەیوەندی بە خۆمانەوە ھەیە، خەڵکەکەمان خۆیان ھەست بە خۆیان وبەرپرسیاری ھەڵوێستی نەتەوەیی ونیشتمانی خۆیان ناکەن، ئەگەر ئێوە لەو مەسەلەو زۆر مەسەلەی دیکەی چارەنووسسازیش خۆتان بە خاوەن مەسەلەکان نەزانن، ھەر لە دوورەوە وەکو بێگانە تەماشای مەسەلەکان نەکەن وھەڵوێستی رەواتان لە سەر ھەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرتان روودەدات نەبێت، ئەوھا بەو شێوەیە مافی رەواتان پێشێل نەدەکراو ئێستا کاروباری خزمەتگوزاری وئیش وکاری گوزەرانیشتان لە زۆر شارو شارۆچکەی دیکە پاشکەوتووتر نەدەبوو...


من وەکو خانەوادەی دوو برا شەھید تا لە کوردستان بووم بەر لە شەڕی ناوەخۆی (گۆربەگۆڕ چوو)، نەماندەھێشت ساڵێک بڕوات لە ساتوکاتی ساڵگەردی شەھید بوون وناشتنیان سەرلەنوێ یادیان نەکەینەوە، بە کۆڕو سیمینارو بابەت نوسین، ھەروەھا تا ئێستاش سێجار کتێبەکی خۆم کە تایبەتە بەو شەھیدانە، بە ناوی (مێرگی مەرگ) کە لە سەر ئەرکی خۆم وخانەوادەکەم چاپ کردووە،بۆ ئەوەی رێوشوێن وئاسەواری ئەو شەھیدانە کوێر نەبێتەوە وەکو ئێستا (کۆر) بۆتەوە، تەنانەت ساڵی پاریش لەو مانگەدا کە لە کوردستان بووم بە کۆڕێکی خۆم لە (شەقڵاوە)، کە لە رێگەی (سەنتەری رۆشنبیری شەقڵاوە) سازدرا، یادم کردنەوەو کتابەکەشم پێشکەشی خانەوادەی شەھیدەکان کرد، بەڵام بە داخەوە لە چەند بنەماڵەیەکی دیارو زیاتر تەنانەت بنەماڵەکانی دیکەشم نەدیت لەو کۆڕە ئامادە بن، نازانم چ ھۆیەک ھەیە تا رۆلەکانی خۆتان لەو رۆژە لە بیر بباتەوە من چەند دڵم خۆش دەبێت کەسێک یان کەسایەتیەک بێت شتێک لە سەر ئەو شەھیدانە بکات ودەستخۆشی لێ دەکەم وھاوکاریشی دەکەم، بەڵام ئێوە ناتانەوێت بەشداریش لە یادەوەری کەسەکانتان بکەن، خۆ ئەو شەھیدانە تەنیا براکانی من نین ومنیش بە تەنیا لە سەر براکانم نانووسم، ئەوانە بریتی بوون لە ئاوایی و کوڕو رۆلەی ئەو شارە، ھەروەھا ئەوان بوونەتە مێژووی ئێمەو واقیعی ئێمەو شەھیدانی سەربەرزی گەلەکەشمان، ئاخر نازانم ئەوانەی ئێستا لە سێبەری ئەو شەھیدانەوە بە مووچەیەکی باش و(ئیمتایازاتێکی)یان وەرگرتووەو دڵیان خۆشە، چۆن دەتوان ئەو رۆژە خۆیان لەو کارەساتە بێدەنگ بکەن وخەویان دەچێتە چاو...


ئەو کارەساتە خۆی لەخۆی لە مێژووی خەبات وبەرخۆدان وقوربانی ئەو گەلەیە بەر لەوەی موڵکی ئەو شارەش بێت، لەبەرچ خۆمان بە خۆمان قەدری ئەو شوێنەو ئەو مەزارگەو ساڵرۆژی ئەو یادە پیرۆزەیان نازاین، ھەر لەو رۆژەی ئەو شەھیدانە گەڕاونەتەوە باوەشی دایکیان، ساڵی ١٩٩١ تا ئەمڕۆکە ھیچیان بۆ نەکراوەو گردێکی رووت ومەزارگەیەکی سادە کە رۆژ بە رۆژیش وێران و وشک وبرینگتر دەبێت وھیچ سیمایەکی (گردی نەمران)ی پێوە دیار نابێت،ئێمە نەک خۆمان بووینەتە قوربانی دەستی حزبایەتی بەرتەسک ئەوەتا مەزارگە پیرۆزەکانیشمان ورۆحی شەھیدەکانیشمان دابەش بووینە لێرەو لەوێ جێگەیان نابێتەوەو بوونەتە قۆچی قوربانی، نە ھیچیان لۆ دەکرێ ونە یادیشیان دەکرێتەوە..


– ئەو کەسانەی لە رۆژی گرتنەکە وشەھید کردنیان دەستیان ھەبوون وبەرپرسیاری سەرەکی بوون کە دوو (کوردی بیژمۆت)و (زۆلەکورد) بوون کە ئێستاش لە ژیانن وھیچیان بەرامبەر نەکرا وچیان پێ نەگوترا تەنەنەت تا ئێستاش لە پەنای دەسەڵاتی ھەرێمیش پارێزراو بوون، بریتی بوون لە (رائد تەحسین نەقشبەندی) کە بەڕێوەبەری ئەمنی شەقڵاوە بوو، لەگەل خزمەکەی (عەقید ئوسامە) کە سەرپەرشتی سەربازی ھەڵمەتی گرتنەکەی دەکرد، بە داخەوە تا ئەو دواییەش لە (دھۆک) دانیشت بوون وەکو ھیچیان نەکرد بوو بێت، بە داخەوە بۆ خەڵکەکەمان کەسوکاری شەھیدەکانمان، بۆ تا ئێستا دەنگیان لێوە نەھات ھەر لە سوچێکی رۆژنامەو نوسینێکیش ناویان نەھێناون، خۆ ئەوانە جەللادو پیاوکوژی رۆلەو کوڕەکان وباب ومام وباپیرتان بوون، بە داخەوە منداڵەکان بە وەفا نەبوون لە بەرامبەر بابیان، براکان بە وەفا نەبوون بەرامبەر براکانیان، برازاکان بەرامبەر مامەکانیان بە وەفا نەبوون، خوارزاکان بەرامبەر خاڵەکانیان بە وەفا نەبوون، ھەر ھەموومان بێ وەفاین بەرامبەر یادو ساڵرۆژەو گۆڕە پیرۆزەکانیان...


- لە ساڵی ١٩٨٧ ئەو کاتەی شارەکەمان بەر شاڵاوی (ئەنفال)ی (بەعس) دەکەوێت ونزیکەی (١٥٠) کەس لە پیاوو ژن ومنداڵ بە رەشەکوژی دەگیرێن بە (ئیڤە)و لۆری سەربازی بەرەو شاری (ھەولێر) رادەگوێزرێن، ئنجا بە کۆمەڵ گوللەباران دەکرێن و لە گۆڕی بەکۆمەڵ ئەو شەھیدانە بە نھێنی دەنێژرێن، پێش ئەو کارەساتە ناوی (ئەنفال) نەبوو، ھێشتا ھەڵمەت وپڕۆسەی(ئەنفال) لە ھیچ شوێنیکی دیکە دەستی پێنەکرد بوو، کەوابوو دەکرێت بۆ مێژوو شتێک بلێین پڕۆسەی(ئەنفال) لێرە لە(شەقڵاوە)وە روویداوە بەرلەوەی لە شوێنیکی دیکە روویدا بێت ئێرە سەرەتاگەیەکی (ئەنفال)ی(بەعس) بوو، جا لەبەرچ قەوارەی کارەساتەکە بە لای خۆمان ولە لای دامودەزگا دەسەڵاتدارەکانیش گچکە دەکرێتەوە، بۆ وەکو کارەساتێکی گەورە لێی ناڕوانن، خۆ ئێمەش لە رێگەی ئەو شۆڕش وخەباتەی گەلەکەمان وەکو ئێوەو (شەھیدانی حزبەکانتان) خوێنمان داوە نەک ئاو...


- لەو رۆژەش بۆ مێژوو حەز دەکەم باسی برادەرێکی زۆر دڵسۆزی ئەو شارە بکەم کە دەمێکە دەمەوێت لە بوارێک ورێکەوتێکدا شتێکی لە سەر بنووسم چونکە ئەگەر بە رەسمی باسی لێوە نەکرێت ئەوا بێگومان ئێمە بەرامبەر ھەول وماندوو بوونی ئەو بێوەفاو ناکەسبەچە دەردەچین، ئەویش کاکە (مەڕوان مستەفا)یە، دووەم رۆژی گیرانمان بوو لە ( ١٧-١٠-١٩٨٧)دا لە دائیرەی ئەمنی (ھەولێر) کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە خێزان خێزان بە جیاو لە یەکتریان جیا دەکردینەوەو ئنجا ھەرکۆمەڵەمان لە ژوورێکی تایبەت لێکۆڵینەوەی ئەشکەنجەدانیان لەگەڵ دەکرا، دوای ئەوەی شەو داھات کۆمەڵێکی زۆریان لە زیندانەکان بەرەو (زیندانی حجزی ھەولێر) برد، ئێمەش بۆ ماوەی ٢٨ رۆژێک لە (زیندانی دائیرەی ئەمن)،مابووینەوە، دوایی ئێمەشیان بەرەو ئەوێ برد، ئەو ماوەیە ئەو خەڵکەمان لە زیندانی(حجز) بووین کاکە مەروان) زۆر قارەمانانەو لەخۆبوردووانە وەکو برایەکی دڵسۆزو رۆلەیەکی بە وەفای ئەو شارە (شەقڵاوەچیەتیەکی) توندی دەکرد، بە ھەموو شێوەیەکی یارمەتی وھاوکاری ئێمەی کرد، ئەو چونکە ئەو کاتە زیندانی (حوکم)ی پۆلیس بوو، بۆ زۆر پێویستی وپێداویستی زیندانەکانی خەڵکی شەقڵاوەی دابین دەکرد، جا بەراستی کوڕێکی بوێرو چاونەترس ودڵسۆز بوو بە ئێمەو شارەکەمان، من بۆ خۆم تا ئەو کاتە پەیوەندیەکی ئەوتۆم لەگەل نەبوو، بەڵام ئەو کاتە لە سەر ئەو ھەڵوێستە جوامێریانەی زۆرم خۆشویست وجێگەی رێزو پێزانی ھەموومان بوو، ئەمڕۆکەش بە شانازیەوە من باسی لێوە دەکەم ھەرچەندە لە زۆر کۆڕو کۆبوونەوەو دانیشنتدا ئاماژەم بەو ھەڵوێستانەی داوە، بەڵام ناکاتە شتێکی کەم بەرامبەر بەو کارە جوامێرانەی ئەو، لە کاتێکدا کەس لە زیندانیەکان نەیدەوێرا خۆمان لێ نزیک بکاتەوە چونکە ئێمە زیندانی (ئەمن) بووین نەک پۆلیس، ئەویش خۆی کرد بووە قۆچی قوربانی ودەستی لە سەر برینی ھەموومان دادەنا بە جل وکەلوپەل وپارەو نوێن ودەرمان جگەلەوەی بە ھێنانی قسەو ھەواڵی ماڵ کەسوکارو شەقڵاوەش لەگەل ھەموومان نزیک ھاودەم دەبوو...


ھەروەھا لەبەر ئەوەی ئێمە (مواجەھەمان) نەبوو لەو زیندانەشدا لە ھەفتەدا دووجار سەردان بۆ ئەو کەسانە ھەبوو کە (مەحکومی) پۆلیس بوون، لە کاتی سەردانیشدا دەرگای ھەموو ھۆلەکانیان کە بریتی بوون لە سێ ھۆل دەگرت، زیاتر لە ٨٠ زیندان لەو دیو دەرگا چاوەڕێی ھەواڵی تازە دەبووین، بەڵام لە سەرەتادا خۆیان لە نیوان ١٥٠ کەس تا ٢٠٠ کەس دەبینیەوە کە زۆربەیان کەسوکاری پێشمەرگە بوون (حجز) کرا بوون سەردان کردنیان بۆ نەبوو، ئنجا دەبووایە سەردان کردنی کەسوکاریان لە رێگەی یەکێک لە مەحکومەکانی ئەو زیندانە بووایە کە ئەوانیش پۆلیسە فیرارەکان بوون کە کاکە مەروان)یش یەکێک بوو لەوان دایکم وزۆر لەو دایکانە دەھاتنە لای ئەوو دەوریان لێئەدا، ئەو لەبەر دایکی ئێمە دایکی خۆیشی بە بیر نەمابوو، خواردن وپارەو کەلوپەل وکتێب ونامەی سیاسی ودڵداری وکۆمەڵایەتیشیمان لە رێگەی ئەوەوە بە دەست دەگەیشت چەندجاریش لە سەر ئیمە ئاگادار کرا بووەوەو ھەڕەشەشی لێکرا بوو، بەڵام تا ئەو کاتەی ئێمە ئازاد بووین وازی لەو کارەی یارمەتدان وھاوکاری کردنمان نەھێنا...


جۆری (مواجھەی) ئێمەش ئەوھا بوو، ھەر دوو دوو لە سەر شانی یەکتر لە پەنجەرەیەکی ھەوائی ھۆلەکان سەیری دەرەوەمان دەکرد، پەنجەرەکەش بە قەد بەژنی دووکەس لە سەر شانی یەکتر بەرز بوو، ئەوەندە بوو تا دایک وکەسوکارمان بزانن ئێمە ماوین، ھەروەھا ئێمەش ئەوان ببینین کە ماون، بە تایبەتی ئەوکاتەی ٢٣ جوانەمەرگەکانمان شەھید کرا بوون، کەسوکارەکانمان زیاتر پەرۆشی دیتن ودڵنیا بوونیان بوون لە مانەوەمان، ئەو برادرە وەکو قۆپەنە کوارگێکی ژنان دەھاتە بەرچاو تەنیا ئەو لە ناو ئەو گۆڕەپانەی (مواجەھە)دا ئەوەندە ژنەی لە دەور دانیشت بوون وەکو سەرەک عەشیرەتێکی خاوەن خەڵک دەھاتە بەرچاو ئەو رۆژانەش ئەو خۆی لە سەر یەک داو پۆشتە دەکرد، بە رانکوچۆغەلەیەکی جوان سەرو جەمەدانیەک ئەوەندە قیتوقۆز بوو، ئێمە لە پەنجەرەکە گەلێکجار حەسودیمان بە جوامێری وبوێری رێکوپۆشتەیی ئەوەوە دەبرد...


- (مام عەبدوڵلا) کابرایەکی بە تەمەن کە لە نێوان ٦٠ ساڵ و٧٠ ساڵی بوو ئەو کاتەی ئێمە لە (دائیرەی ئەمنی ھەولێر) بووین دوای ٢٤-٢٥ شەو لە یەک ژووری گچکەدا نزیکەی ٢٠-٢٥ کەس، شەوو رۆژمان لە یەک گرێ ئەداو ھەریەکەمان لە چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیاری یەکتر بووین، لە پڕ (مام عەبدوڵلا)یان ھێنایە ناومان کابرایەکی زۆر پۆشتەو رێک وخاوێن وھێمن ولەسەرەخۆ بوو، بە بێ ئەوەی خەڵکی شەقڵاوەش بێت گیرا بوو، لە سەر قسەی خۆی ئەو بۆ خۆی چوار ساڵ بوو شەقڵاوەشی نەدیت بوو، کابرایەکی خانەنشین کراوی پۆلیس بوو، لە گەراجی (ھەولێر-شەقڵاوە) پاکەت فرۆش بوو، ئەو رۆژە لە سەر لەیەکچوونی ناویدا بە ھەلە دەگیرێت...
 

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک