١٦\٦\٢٠١١
لە بەرپێی سوتانی
پێنج ساڵەی مۆمی تەمەنی (ئەمڕۆ)کەدا، چەند وشەیەک...

شوان عوسمان
ئاسان نیە لەو شەوەزەنگە ئەنگوستلەچاوو ئەستێرەی بەخت خنکاوەی ماڵی
سیاسەتی رۆژهەڵاتی ئێمەو لە ناو فەزای پر فەوزای ناسنامەیەکی رەوای
کوردی نادیارو لاوازی هەست وکەسێتی نەتەوەیی، پەرتەوازەیی دەنگە
نایەکگرتووەکانی ئێمەی گەلێکی چەند پارچەدا، مۆمێکی چاوگەش وهەناسەدرێژ
بێت وبە ناو ئەو کۆڵانە پڕ نوورەی بزاڤی رزگاریخوازی کوردیدا کە لە
ئەزمەی بۆنخۆشی ئومێد دابوو، بەگوڕو تینێک تێپەڕێت ولەبەردەم گەزاف
وگوڕەشەی عەیارانەی چەرچی وچەنەبازە دەمڕاستەکان، ئەوانەی وەکو
دێوەرەکانی چەرخی کۆن نە وەک سەردەمی تەکنەلۆجیای تازە، بازرگانی بە
ژیانی سپی وچارەنووسی ملیۆنەها ئادەمیزاد بکەن چۆک دانەدات ولە رێگای
خۆیشی بەردەوام بێت...
ئەوانەی هەموو شتێکی جوان ئەکەنە کاڵاو لە بازاڕێکی رەشدا مامەلەی
مانەوەی خۆیانی لە سەر ئەکەن، مەودا فرەوانەکانی هەناسەدانی رۆحی
نەوەکان تەنگەبەرو ئاسۆی روانیینی دوارۆژیشیان بەرتەسکترو بە هەڕاج
ئەکەن، ئەو مۆمە هات، بەڵام چۆن هاتنێک، بە شەڕەشەق وشەرەملێکی
کەلتوریەوە توانی بکەوێتە دوای ناسنامەیەکی ون ودانانی بەردەبازێک بۆ
پەڕینەوەی هەنگاوێکی بۆنخۆش بۆ ئاودیو کردنەوەی کەشتی قەوارە
چەقیوەکەمان بەرەو فەزایەکی سەلامەت وئەمان تر، دەنگی ئەو لە بڕی دەنگی
ئێمە کەوتە هەڵبڕین ونمایشت لە بوون وقەوارەو ناسنامەکامانی کرد...
ئا لەو ئانوساتەی ئەو هەموو هەڵکشان وداکشانەی شەپۆڵەکانی رووباری خوێن
وچۆڕانەوەی قوربانیەکان، چۆڕاوگەی چۆڕانەوەو توانەوەی ئەو مۆمە هەولیدا
بکەوێتەرێ وبەردەوام بێت، هەبوونی فەزایەک کە دەنگی رەوایەتی و راستی
وجوانی وبێگەردی تێدا بانگەشە بکرێت، گرنگەو جێگەی بایەخ وجوانیە،
بەڵام لەوەش گرنگتر وبە بایەختر ئەوەیە بتوانێت متمانەی بەردەوام بوونی
ئەو پەیامە پیرۆزە بەردەوام بە دۆست وخوێنەرو خەڵکەکەی خۆی ئەدات
بیپاریزێت، ئەوەش ئەبێتە هۆی مانەوەی ئەو ناسنامەو پەیام و زێندووێتی
ئەوپەیامبەرانەش کە ئەرکی خەمخۆریان لە ئەستۆ گرتووەو بەمەش خۆیان لە
خانەی نەمری تۆمار ئەکەن...
من هەست ئەکەم ماڵپەڕی باڵ نەخشینی (ئەمڕۆ) وەکو مەلێکی سادەو ساکار،
هاوکات بزێوو چاونەترسیش لە بەیارو باخی ئەدەبی ورۆشنبیری کوردی لە
سەردەمێکدا توانی تیژرەوانەو پێشمەرگانە بێتە مەیدان، ئنجا بکەوێتە
فڕین بە ئاسمانێکی سەختی کار کردن، کە ئاسان نەبووە لە ناو ئەو هەموو
گەوالە هەورە تەلخ وشێلووانەی رێگەیان لە رێگای بینین ئەگرت، هات وخەون
وخۆزگەو هیواکانی ئێمەی دەسکەنە کردو لەگەل فڕینی خۆی هەڵیفڕاندن،
لەوێدا باسی فڕین وخەون وبەرجەستە بوونی خۆزگەکانیش بە شێوەیەکی ناسکتر
کرا...
بە بیرم دێت وابزانم سەرەتای ساڵی ١٩٩٤بوو ئەو کاتەی من بۆ یەکەمجار
یەکەم ژمارەی(ئەمڕۆ)کەم وەکو رۆژنامەیەکی ناسک وئازا بەرچاو کەوت، لە
یەکەم نیگاوە بە یەکەم تیری نیگای ئیشقی ئەوەوە دڵم پێکرا، لەوساکەوە
منیش هۆگری بووم وهەستم کرد ئەتوانم لە سەر گۆنا سوورو سنگە پڕ
ئەوینەکەی ئەوەوە ئەتوانم قسە بکەم وخەون ببینم وباسیش لە خۆزگەکانی
گەلەکەم بکەم، لە ژمارەی دووەم یان دواتر بوو، منیش بە نوسینێکی
ئەدەبیم بەشداریم کردو کە هەڵسەنگاندنی چیرۆکێکی نوسەری بوێر مامۆستا
(شێرزاد حەسەن) بوو بە ناوی(بێوەژن)ەوە...
لەو ساڵانەی کە دەنگۆی شەڕەپەڕۆک وشەڕەقسەو شەڕەتەقەی لولەی ژەهراوی
تفەنگی راوچیە دڵرەقەکانی شەڕی ناوەخۆ، تەقەیان لە دەرگای ماڵی خەون
وخۆزگەکانی ئێمەدا ئەداو بواریان نەئەدا هیچ مۆسیقاو ئاوازو بۆنێکی خۆش
قورگی دەنگدان وهەناسەدانمان بگرێتەوە، خەویان لە چاوی پیرو مناڵی شارو
گەڕەکەکانمان ئەفڕاند، ئەو رۆژنامە ئازیزە هات وبە شنەبای
رۆژنامەگەریەکی خاوێن رۆحی وشک وجەستەی شەکەت ودەروونی تێنووی لاوو
گەنجی کوردیمانی بە چەنگێک ئاوو جامێک چامەی ئەدەبی وجۆگەلەیەکی
لێواولێوی خۆشاوی رۆشنبیری ئاو ئەداو تێر ئاو ئەکرد...
لەو زەمەنەی زمان شەکەت ورۆح هەراسان بوو، گوزەر کردنی رێبواری هیواش
بەو کۆڵانە تەنگەبەرو قەدەرئامێزانەی حزب حزبانێی سەردارە سەرەڕۆیەکانی
کۆمەڵەکەمان شتێکی ئاسان نەبوو، ئیرادەیەکی بوێرانەی ئەخوازت ورۆحێکی
شۆڕشگێڕانەو هەناسەیەکی دلێرانەشی گەرەک بوو، (ئەمڕۆ)کە توانی
دەروازەیەک بۆ چوونە ژوورەوەی ئەو هۆدە وماڵە بەرتەسک وکلۆمدارەی
سیاسەت واڵا بکاتەوەو تەنانەت توانی ببێتە رێچکەیەک وخاوەن رەوت
وقەوارەیەکی تایبەت بە خۆی، هەر ئەوەش بووە بەردەبازێک بۆ ئەوەی دوێنێ
بخاتەوە زاکیرەی ئەمڕو، ئەمڕۆکەش بەرپرسیاری سبەی بخاتە ئەستۆکەی، ئەو
پەندەش باشترو زەقتر تۆخ کاتەوە کە ئەلێت : "نان ئەو نانەیە کە ئێستا
لە خوانە "...
بۆ پەڕینەوەو ئاوا کردنەوەی ئەو دەستەکەوتە مەزنەش، ئێستا وەکو
ماڵپەڕێکی دیارو گەش وسەکۆیەکی ئازادی ومەکۆیەکی کۆ بوونەوەی هەموو ئەو
دەنگ وهەناسەو گوڕو تینی ئەو نوسەرانەی لە خەمی رۆژگاری بەدی
وڵاتەکەیان چ لێرەی دوورەوڵاتی وغوربەت، چ لەوێی وڵات جێنزرگەی هەناسە
سواری ولە (غوربەت غوربەت تر)، جێگەی خۆی دیتەوەو ناسنامەیەکیشی بۆ خۆی
نوسیەوە...
(ئەمڕۆ) ئەمڕۆکە، ئەو منالە گرینۆکە نیە تازە گڕوگال بکات، وەکو
هەزەکارێکی زیت وزیرەک قۆناغێکی تەمەنی باشی بەڕێکردو دێت وەکو
کۆڵنەدەرێکی ئەو زەمەنە پەردە لە سەر هەموو شتە نادیارو نامۆیانە
لائەدا، سەرقاپ لە سەر ئەو دەفرو قاپە بە سەرانەدا هەڵئەداتەوە کە لە
ناو خۆیان جۆرەها زەقنەبووتیان بۆ ئێمە هەڵگرتووە، بەوەش تاڵ وژێیەکانی
(ئەمڕۆ) لە پەردەکانی دڵی ئێمەدا نزیک ئەبێتەوەو زیاتر خۆی نوێ وزیندوو
ئەکاتەوە...
هیوادارم...هەرگیز دووچاری مەغروری وبێمنەتی وبێئەمەکی نەبێت لە جاران
زیاتر جێگەی خۆی لە دڵ ودەروون وواقیعی کوردی بکاتەوە، دیارە شتیکی
گرنگیش هەیە ئەمەوێ لێرە بیلێم تا لە بیرم نەکردووە، یەکێک لەو شتانەی
(ئەمڕۆ)کەی کردۆتە نەمری ئەو کاروانەی رۆژنامەوانی، بەبەردەوام لە
گۆڕان وخۆ نوێکردنەوەیەو ئامێزەکەشیدا هەمە بابەت ورێچکەی لە خۆ
گرتووە، هەروەها دروست کردنی ئەو ماڵپەڕانەی وەکودیاریەک بەو کەسانە
ئەدات کە هاوکاری ئەکەن خۆیلەخۆی شتێکی جوان ومایەی پشتگیری ئەویشە
لەوان، بۆ ئەوەی باشتر خۆیانی لێ نزیک بکەنەوە...
بۆیە ئومێد ئەخوازم لەوە باشترو زیاتر بتوانن خۆتان راگرن وچراکەی
دەستتان رۆشنترو بەرزتر بکەن،تا ئەو کۆڵانە تەنگ وتاریکەی کوردیمان
باشتر بۆ رووناک ببێتەوەو لەگەل رێزم....
١٦\٦\٢٠١١
- هۆلەندە - دێلفت
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|