١٥\١\٢٠١٦
لەبەر
رۆیشتنی مردن.

عەبدولموتەلیب
عەبدوڵا
١
لەبەر رۆیشتنی مردن، دۆزینەوەی جەستەیە
ئاوڕدانەوە لە باران.
٢
باران کە دەڕوا، قسان دەکات
چەشنی مردن.
٣
قسە ئەوەیە مردن ژیان نییە
ژیان بە دوای مردندا دەگەڕێت.
٤
سەرەتای ھەستکردن بە مردن
با دەڕوا.
٥
ئەوەی عاشقی ژیان بێ
لە مردن ناترسێ
ئەوەی لە مردن نەترسێ بایە.
٦
نابێ بڕوامان بە ژیان ھەبێ
دیمەنی مردن لە چاوەڕوانیدا.
٧
مردن تابلۆیەکە
لە دەفتەری ژیان
ھەندێجار بە ریشی سپی.
٨
ئەوەی لە ژیان سپی دەچێتەوە
لە ژیان دەڕوا.
٩
ئاو وەک لەبەر رۆیشتنی ژیان
خۆی بە با دەدا
خۆمان نەگرین دەکەوین.
١٠
ھیچ شتێ لە با دڵکراوەتر نییە
مردن نەبێ.
١١
دەڕۆم بۆ ئەوەی ژیان تەڕم بکا
گۆرانی لەبەر مردن.
١٢
بەیانی لە چاوی مردن
نیوەڕۆ بە چاوی با
ئێوارە دەبارێ.
١٣
ھیچ شتێ لە دنیا با نییە
لە باران نەبێ.
١٤
مردن نەفرەتێکە
وازمان لێناھێنی
ھەتا واز لە ژیان نەھێنین.
١٥
جوانی با لە باراندایە
جوانی ژیان.
دنیایە.
١٦
لە ناوەوەی "با بژین"
خۆمان و دنیا لە ناو دەبەین
لە دەرەوەی "با بژین"
خۆمان دنیاین.
١٧
مردن لەبەر رۆیشتنی مەعریفەیە.
عەقڵی دووەمە.
١٨
ژیان نامەی بایە
ئاو دەسەڵات
کە ژیان لە ئاودا دەمرێ، با دێ.
١٩
دەتوانین لە با بگەین
با لە خۆمان نەگەین؟
٢٠
سوپای با بەندەی جەستە نییە
رۆحمان ئاو دەکا.
سوپای ژیان بە مردن ئازادە،
بەندەوارین.
٢١
باران جەستەیە
با ھەناسە.
٢٢
با لە مرۆڤ دەدا
درەخت یەکجار دەکەوێ.
٢٣
خۆشترین ونبوون
ئەو ونبوونەیە کە بەرەو خۆمانە.
٢٤
ژیان سامانی مرۆڤە
لە زەوی.
٢٥
بڕوا بە مرۆڤێ مەکە، کە لە مردن دەکەوێ
شیعرە.
٢٦
ھێزی با لە باراندایە
ھێزی مرۆڤ لە زەوی.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٥ - ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|