په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٢

    لەبەر تۆ لە ئازارەکانیش بە گومانم!


هێرش یاسین

دەمەوێت هەموو شتەکان ئاشت بکەمەوە لەگەڵ یەکدا
چیتر ناهێڵم بەهار خوێنی لێ بڕوات،
ناهێڵم هاوار لە بێدەنگیی بچۆڕێت،
بۆ ئەوەی باخ و شەراب ئاشت بکەمەوە
هەموو رۆژێک بۆ سوپاسێک
دەچمە سەر گۆڕی ئەو‌ گەڵایانەی خۆیان بۆ باخەوانێک لە مەرگ ئاڵاند..

وێنەکان یەک یەک دەکەمەوە بە راستیی
دەچمە دیداری منداڵیی،
یاری دەکەم،
وێنە دەگرم،
بەڵام ئەمجارە ناهێڵم گەورە بم..

پێڵاوەکانم دەخەمەوە پێم
لەگەڵ زەوی ئاشت دەبمەوە
باڵەکان دەدەمەوە نەوڕەس،
دەیانخەمەوە سەر ئاوازی فڕین...

دوا جار دێمەوە دیداری تۆ
لە ئازارەکانت وێنەی گریان دروست دەکەم..
یان، لە رۆژێکی تاریکدا،
دەستی مانگ دەگرم لەگەڵ پێکەنیندا
ئاشتیان دەکەمەوە،
پێاوێک بە دیار گریانی مانگەوە ‌
وێنەی پێکەنین دەکێشێت!
بە دیار ژنێک
دڵۆپ،
دڵۆپ،
بارانی غوربەت دەخواتەوە...

 

wwhersh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک