١١\٤\٢٠١٤
لە بێ خەبەران
کەشکەک سەڵاوات.

جەلال محەمەد
لە بەرواری ٢٤/٠٣/٢٠١٤دا بانگەوازیەک لە لایەن یەکینەکانی پاراستین
گەل"یەپەگە"وە بۆ سەرجەم ھێز و لایەنە کوردیەکان بڵاوکرایەوە تاکو لە
بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن ، چونکە
ئەگەر بەو ئەرکە ھەڵ نەستن ئەوا لە بەرامبەر مێژوودا بەرپرسیار دەبن .
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://malmokurd.com/News-2611-1
ھەندێک ھێز ھەڵوێستی ئەرێنیان نواند وەک (پکک و بزوتنەوەی گۆڕان و
ینک و پژاک و حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشان) ، ھەندێک ھێزیش بێ دەنگیان
ھەڵبژارد وەک (لایەنە ئیسلامیەکان و ئۆردوگانشینەکانی ھەردوو حیزبی
دیموکرات و کۆمەڵەکان) ، من ھیچ گوتەیەکم لەسەر ئەم دوو جۆرە ھێزە نییە
با خوێنەر خۆی بڕیاریان لە سەر بدات.
بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە پەیوەستە بەو لایەنانەی کە بە گوتە ھێزی
نەتەوەین بەڵام بە کردەوە نەک ھەر وەڵامی ئەرێنیان بەو بانگەوازیە
نەدایەوە بەڵکو مەرجیان ھەبوو بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و
تەنانەت ھەندێکیان بە کردەوەش کەوتنە سەنگەری دژەیەتیکردنی ڕۆژئاوای
کوردستان.
ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لەم بارەیەوە ئاشکرایە کە
چاوی بەو ئەزموونە مێژووییەی ڕۆژئاوای کوردستان ھەڵ نایەت ، لەبەرئەوە
نەک ھەر خاوەن ھەڵوێستی ئەرێنی نەبوو بەڵکو بە ھەڵکەندنی خەندەک دیواری
چین و ھێڵی ماجینۆشی لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوی کوردستاندا دروستکرد
تاکو فشاری زیاتر بخرێتە سەر کوردستانیان و ھیچ کەسێک نەتوانێت
ھاوکاریان بکات . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://chatrpress.com/Drejey-hawal.aspx?id=4694&LinkID=1
لایەنە ھوتێل نشینەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریاش کە سەری
مانگان لە تورکیا بەسەر دەبەن و گێرەشیان لە ھەولێر دەگەڕێت ، خاوەن
کۆمەڵێک مەرج بوون تاکو بەشداری لە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکەن
!!! ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ھوتێل نشینانە خۆیشیان وەک نوێنەری
ڕاستەقینەی ڕۆژئاوای کوردستان پێناسە دەکەن!
ھەندێک لەو مەرجانە ئەوە بوو کە دەبێت میراتی خەڵکی ڕۆژئاوایان بەسەردا
دابەش بکرێت ئەو کات بەشداری دەکەن لە پاراستنی گەلدا وەک لە گوتەکانی
"مستەفا جومعە و ئیبراھیم برۆ"دا دەردەکەوت کە بەردەوام دووپاتیان
دەکردەوە و دەیانگوت (یەپەگە بە تەنھا ناتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان
بپارێزێت ، بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری بکەین دەبێت ھەموو شتێکی ڕۆژئاوامان
لەگەڵدا دابەش بکرێت) . پێویستە لێرەدا لەو دوو ئاغایە بپرسین و بڵێیین
:- ئەی دەبێت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کێ ڕۆژئاوای کوردستانی
پاراستبێت و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستانیشی لە دەست داگیرکەر ئازاد
کردبێت؟
ھەندێک ھوتێل نشینی دیکەش وەک عبد الحکیم بەشار ھیچ ئامادەبوونێکیان
نەبوو بۆ داکۆکیکردن لە نەتەوەی کورد و زۆر بێ شەرمانەش دەیگوت (ئێمە
ئامادە نین لە ژێر ئاڵای یەپەگەدا میلەت بپارێزین) . بەڵام سەرسوڕمان
ئەوەیە کە لە ھەولێریش لە ژێر ئاڵای ئەو چەتانەدا دانیشتووە کە ڕۆژانە
ھێرش دەکەنە سەر کوردان و بە ئاڵای شۆڕشی سوریاشی پێناسە دەکات . لە
عەبد الحکیم بەشار وابوو کە یەپەگە لە لاوازیدایە بۆیە ئەو بانگەوازیەی
لە لایەنەکان کردووە ، ھەر بۆیەش لە کەمترین ماوەدا نیازە پیسەکانی ئەم
دەرەبەگە دەرکەوتنە مەیدان و ئەو ھێزە چەکدارییەی کە لە ماوەی سێ ساڵی
ڕابردوودا بە ھاوکاری بارزانی بنیادی نابوو بە ناوی "کۆمەڵە" ھەر دوای
بانگەوازیەکەی یەپەگە ئەو ھێزەشی تەسلیم بە چەتە ئیسلامیە دژە کوردەکان
کرد لە سوریادا تاکو زیاتر دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ کوشتنی کوردان .
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=13933&niviskar=1&cure=3&kijan
ئایا لە چ شوێنێکی جیھاندا ڕووی داوە کە بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە
پێویستی بە مەرج ھەبێت ؟ یان ئەم مەرجانە تەنھا بۆ ئەوەیە کە خۆیان لە
بەرپرسیاری بدزنەوە و بشڵێن ئێمەش ھەین؟
ئایا دەبێت ئاڵای چەتە دژە کوردەکانی سوریا کە ڕۆژانە کوردی لە ژێردا
ئەتک دەکەن پیرۆزتر بێت لە ئاڵای یەپەگە کە بۆتە سێبەری پاراستنی
ئابڕووی کوردان ؟ وا ئەم دەرەبەگە ھێندە لە ئاڵای یەپەگە بێزارە!!
ئەگەر ئەو لایەنانە وا تێگەیشتبێتن کە یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"
تەنگەتاو بوون بە دەست دوژمنانەوە ئەوا زۆر لە ھەڵەدان ، ئەگەر ئەو
لایەنانە وا بزانن کە یەپەگە بەبێ ھاوکاری ئەوان دووچاری تێکشکاندن
دەبێت ئەوا زۆر لە ھەڵەدان ، ئەگەر ئەو لایەنانە واتێگەیشتبێتن کە
یەپەگە جەنگاوەری کەمی کردووە و توانای شەڕکردنی نەماوە ئەوا زۆر لە
ھەڵەدان.
دەبێت ئەو لایەنانە باش بزانن کە بانگەوازی یەپەگە ئەنجامی تێکشکاندن و
کەمی جەنگاوەر نییە بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ھەر لایەنە و بە پێی توانای خۆی
خاوەنداری لە نەتەوەکەی بکات ، لە ھەمان کاتدا ئەو بانگەوازیە بۆ
ئەوەیە کە جەماوەری کوردستان ھەموو پارت و لایەنەکان لە بێژنگ بدەن و
بگەنە ئەو ڕاستیەی کە " ھەموو چەک بە شانێک شۆڕشگێڕ نییە و ھەموو
حیزبێکیش دڵسۆز بە دۆزی کورد نییە"
پەکەکە و باکوور - پەیەدە و ڕۆژئاوا.
لە ساڵانی حەفتاکاندا دەیان حیزب و ڕێکخراوی بە ناو کوردی ھەبوون لە
باکووری کوردستاندا ، ئەم حیزبانە خاوەن ھیچ ھەڵوێستێکی نەتەوەی نەبوون
بەڵام بە گوتە ھەر حیزبە و ڕۆستەمێک بوو . کودەتا شومەکەی ١٢ی ئەیلوولی
١٩٨٠ باشترین تاقیکردنەوە بوو بۆ کوردانی باکوور تاکو ھەموو حیزبەکان
لە بێژنگ بدەن ، چونکە لەو کودەتایەدا بە ھەزاران ئازادیخوازی
نەتەوەکەمان شەھید کران و بە دەیان ھەزاری دیکەش لە زیندانەکان توند
کران ، لەو مەرگەساتەدا تەنھا پکک خاوەن ھەڵوێست بوو و لە بەرامبەر
ڕژێمی جۆنتای تورکدا وەستایەوە و شان بە شانی گەل بەرخۆدانی کرد ،
ھەرچی حیزبەکانی دیکەش بوو میلەتیان فەرامۆش کرد و ڕوویان لە
بەھەشتەکەی ئەوروپا کرد ، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زۆربەی ئەو حیزبانەی
دیکە "لەو کاتەدا" لە ھەموو ڕوویەکەوە لە پەکەکە بەھێزتر بوون .
ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەش پکک بوویە گەل و حیزبەکانی دیکەش کەوتنە
نێو زبڵدانی مێژوو.
ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١دا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا تەواو
ھاوشێوەی کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ بوو کە لە تورکیا و باکووری
کوردستان ڕوویدا ، چونکە کاتێک لە ساڵی ٢٠١١دا شەڕ و سەرھەڵدان سوریا و
ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە ، بە غەیری پەیەدە ھەموو لایەنە بە ناو
کوردیەکانی دیکە میلەتیان فەرامۆش کرد و ڕوویان لە ھوتێلە پێنج
ئەستێرەیەکانی ھەولێر و ئەنقەرە کرد . سەرھەڵدانی سوریا و شۆڕشی
ڕۆژئاوای کوردستان باشترین تاقیکردنەوە بوو بۆ نەتەوەکەمان کە ھەموو
حیزب و لایەنەکان لە بێژنگ بدات ، چونکە لەو سەرھەڵدانەدا ئەو ڕاستیە
دەرکەوت کە پەیەدە شان بە شانی گەل بەرخۆدان دەکات و لە ھەموو
ناخۆشیەکانی نەتەوەکەماندا بەشدارە ، حیزبەکانی دیکەش تەنھا خاوەنی
گوتەی بریقەدارن و ئامادەش نین لە بچوکترین ناخۆشیدا بەشداری بکەن .
ئەنجامی ئەو لە بێژنگ دانەش پەیەدە بوویە گەل و حیزبەکانی دیکەش بەرەو
زبڵدانی مێژوو ملیان ناوە.
بۆ زیاتر سەرنجدان لە بانگەوازی یەپەگە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە
بکە:
http://so.firatajans.com/news/roejnae/bngh-wzyyh-kh-lh-ypg-wh-boe-sh-rjh-m-hyz-w-lyh-nh-sysyyh-khn-khwrdstn.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|