په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٦

لەبری بەغدادیی، ئەردۆگان!


عەبدوڵا ساڵح    


دوا پەیامی بەغدادیی بە ئاشکرا پێوەی دیارە کە ، لەلایەک باری ناوخۆی داعش ڕو لە لێژیە و لەلایەکی دیکە بانگەوازێکە بۆ ھاوپەیمانانی کە ئەگەر ئاڵاکە کەوت ئێوە بەرزی بکەنەوە . تورکیای ئەردۆگان ئەوساش و ئێستاش بە گەورەترین و بەھێزترین ھاوپەیمانی داعش لە ناوچەکە ھەژمار دەکرێ ، دژایەتی ئەردۆگان لە پەیامەکەی بەغدادیی دا جگە لە خۆڵ کردنە چاو بەمەبەستی بەڕیدالابردن ناتوانێ چیتر بێت ، من گومانم ھەیە کە ئەگەر ئێستا بەغدادیی لە تورکیا نەبێ ، ئەوا دوای گرتنەوەی ڕەققە ، ئەگەر بە زیندویی مایەوە ، ھەر لەتورکیاوە بەرەو مەنزڵی تازەی گوزەر دەکا ، ڕەنگە لەژێر چاوپۆشی دەوڵەتدا ئەم سات و سەودایە ئەنجام بدرێ ! . ئەوەی پێی وایە بەغدادیی ئەردۆگانی خستۆتە نێو زائیدی قەناسەکەیەوە ، یا فری خواردوە، یا لە ئەجیندای ئیسلامی سیاسی کەمتر ئاگادارە . ئەم ئەجیندایە، کە ئاڵا ھەڵگرەکەی لە ئێستادا داعشە، وەک ڕادیکاڵترین ھێزی ئەو بەرەیە . زۆرن ئەو ھێزە ئیسلامیانەی ئەمڕۆ لەمەیداندا وەک ھێزی میانە ڕەو خۆیان وێنا دەکەن تاکو ھەل و مەرجیان بۆ لەبار بێ ئەمجا حەقیقەتی خۆیان بۆ کۆمەڵگا دەرخەن کە نمونەیەکی دیکەی داعشن ! ئەمریکاو ڕۆژئاوا زۆریان بە باڵی ئاک پارتیدا ھەڵدا کە نمونەی ئیسلامی میانە ڕەوە ، ئێستا راستی ئەو " میانەڕەویە " لەسەر دەستی ئەردۆگان دەرکەوت !

پەلاماری ھاو سەرۆک و ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە جگە لەوەی پەلامارێکی دڕندانەیە بۆ سەر مافی ڕەواو بێئەملاوئەولای دانیشتوانی کورد زمانی تورکیا ، جگە لەوەی پەلامارە بۆ سەر حیزبێک کە لەسەر ئاستی تورکیا شەش ملیۆن دەنگی ھێنا ،جگە لەوەی دیمۆکراتیەتەکەی ئەردۆگان بەبادا دەبا ، ئاڵقەیەکە لە زنجیرەی جێبەجێکردنی ئەو ئەجیندایە ، ئەڵقەکانی پێشوتر بریتیبون لە ، دەستگیرکردنی ڕۆژنامە نوسان، داخستنی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان ، ڕاپێچانی نەیارانی ئەردۆگان بە بیانوی جۆراو جۆر ، لەسەرکار لابردنی دەیان ھەزار کارمەند ، پەلاماری ھێزە چەپ و کرێکاریەکان ، شەڕ لە دژی پەکەکە، وێرانکردنی شارەکانی کوردستانی تورکیا و ترس و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ھاوڵاتیانی کوردزمان ، ئەمانەو گەلێکی دیکە لە ڕەفتاری فاشیستیانەی ئەردۆگان لەسەر ئاستی ناوەوە . ھاوکاری و پشتیوانی ئاشکرای داعش ، پەلامار و دآگیرکردنی خاکی سوریا ، ھاتنە ناو خاکی کوردستانی عێراق ، شەڕو ئاژاوە نانەوە لەگەڵ ئەرمینیا ، پشتیوانی لە بەشە نا شەرعیە تورکیەکەی قبڕس ، دوژمنایەتی لەگەڵ یۆنان ، ئیپتیزازی ئەوروپا و بەکارھێنانی کارتی پەنابەران بۆ دەسکەوتی سیاسی لەسەر ئاستی دەرەوە . ئەمانەو گەلێکی دیکە لە ڕەفتاری فاشیستانە ، ئەو ڕێبازەن کە ئەردۆگان گرتویەتەبەر بۆ وەلانانی نەیارانی خۆی لەسەر ئاستی ناوەوەو تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی حیزبەکەشی بەرەو جێبەجێ کردنی ئەو سراتیجیەتە درێژ ماوەیە کە دوا ئەڵقەی بریتیە لە زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و سەپاندنی یاساکانی شەریعەت بەسەر کۆمەڵگادا .

ھەر ھەڵوێستێک بە مەبەستی دەڕبڕینی ناڕەزایەتی و نیگەرانی تا دەگاتە ئیدانە کردنی ئەم سیاسەتە ، بەتایبەتی لە پەیوەند بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ڤیگەن یۆکسیکداغ ،لە ھەر کەس و لایەنێکەوە بێت جێگای تەقدیرە ، بەڵام ناکرێ بیرمان بچێ کە ھەڵوێستی " ژێر لێو " لەژێر فشاری شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەردا ڕوون و ئاشکرایە و ماھیەتی خاوەنەکەی و سات و سەودای ، چ ئابوری سیاسی و چ ئایدۆلۆژی ، لەگەڵ ئەو ڕژێمە فاشستیە دەردەخا .

بێشک دەست کۆتا کردنی ئەو دیکتاتۆرە کاری بەتەنیا دانیشتوانی کوردستانی تورکیا نیە ، دەخوازێ کە ھەموو قوربانیانی دەستی ئەم سیاسەتە لەسەراسەری تورکیا بە ھەموو چین و توێژو نەتەوەو ئاینەکانەوە ، کرێکاران و زەحمەتکێشان ، لاوان و قوتابیان خەباتی یەک دەنگ و یەک ڕیزی خۆیان پتەو بکەن بەمەبەستی پوچەڵ کردنەوەی ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە ، بەم کارەیان خۆیان و وڵاتیان و ناوچەکەش لەو سەرکێشیانەی ئەردۆگان و ھاوپەیمانانی ڕزگار دەکەن.

 

٥\١١\٢٠١٦
a_salih١١@hotmail.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک