په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٣

لە برۆکسل پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپامان لە رەوشی ناهەمواری هەرێم ئاگادار دەکاتەوە.

 


دوای ئەوەی بەیاننامەو نارەزایی جالیەی کوردی بەلجیکامان دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی گەیاندە دەست نێردەی یەکێتی ئەوروپا، ئەندام پەرلەمانی ئەوروپاو سەرۆکی نێردەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق ستروان ستیڤنسۆن، وەکو کاردانەوەیەک بانگهێشتی ڕێکخراوەکەمانی کرد بۆ دیدار و گفتوگۆ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢/١٠/٢٠١٣ ماوەی کاتژمێرێک لەشوێنی کارکردنی لە بینای پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل دیدارمان ئەنجامدا.


لە سەرەتادا سەبارەت بە دواین روداوەکانی هەرێم و هەڵبژاردنەکان قسەوباسمان کردو دیکۆمێنتی پێویستمان سەبارەت بەهەوڵەکانی پارتی بۆ ساختەکاری لە هەولێرو هەوڵەکانی یەکێتی بۆ دەستکاری ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان لە سلێمانی کە سەدان سکاڵای قەوارە سیاسیەکانی بەدوای خۆیدا هێنا خستەڕوو، هاوکات نارەزایی ئەو لایەنانەی کە دەنگیان کەم هێناوە لە هەڵبژاردنەکان و ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگەکانیان سوتێنراون.


هەروەها لە دیدارەکەماندا بە وردی باسی ئەم خاڵانەشمان کرد:


ـ سەبارەت بە پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت و سەروەری یاسا بە تایبەتی لە بارەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بە شێوازێکی نامەشروع قسەوباسمان کرد.


ـ سەرکوتی نارەزایی جەماوەرو بەکارهێنانی توندوتیژی و رادەست نەکردنی تاوانباران بە تایبەتی تاوانبارانی بکوژانی خۆپێشاندەرانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ و رۆژانی دوایی و زنجیرە خۆپیشاندانەکانی کەمئەندامانی کوردستان باسی لێوە کرا.


ـ پێکهاتەی دەزگا حکومیەکانی هەرێم بە مۆرکی حیزبی و خێڵەکیەوە بە تایبەتی دەزگاکانی پاراستن و ئاسایش و دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و میلیشیا حیزبیەکانی تر قسەی لەسەر کرا.


ـ پاشان لە بارەی گەشەی ئابوری کوردستان وەکو وەڵامدانەوەی وتارێکی ئیجابیانەی (ستیڤنسن) لەو بارەیەوە ئێمە ئەو راستیانەمان خستەڕوو کە هەلومەرجی ئابوری ئەمڕۆی هەرێم لە ماوەی درێژخایەندا لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئابوری نیشتیمانیدا نیەو بە ئاستێکدا دەروات کە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر پێک بهێنێت نەک کۆمەڵگایەکی بەرپرس و بەرهەمهێنەر، هەروەها ئەو راستیانەمان باسکرد کە سەرباری سامانی بێشوماری ئەو هەرێمە، هێشتا لەسەدا بیستی خەڵکی لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن و دەسکەوتیان مانگانە لە ٣٠٠ دۆلار کەمترەو بە بەراورد بە گوزەران و نیشتەجێبوون، لایەنی کەمی پێویستیەکانی ژیانیان پێ دابین ناکرێت، هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە بەهۆی سیاسەتی چەوتی ئابوری دەسەڵاتدارانەوە رۆژ بەرۆژ بۆشایی و جیاوازی نێوان چینەکان زیاتر و فراوانتر دەبێت و هەژاران هەژارتر و خاوەن ئیمتیازە بنەماڵەیی و حیزبی و حکومیەکان لە رێگای گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانی پلە و پایەوە دەوڵەمەنترو ساماندارتر دەبن.


هەر لەو چوارچێوەیەدا باسی چۆنێتی بە قاچاخ ئاودیوکردنی نەوتمان کرد لەلایەن یەکێتی و پارتیەوەو ئەوەشمان بە بەڵگەی پێویست خستەڕوو کە تا ئێستا یەک دینار پارەی نەوت نەچۆتە خەزێنەی حکومەتەوەو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان بەکاریانهێناوە.


لەکۆتایشدا هاوپێچێکی دیکۆمێنتیی ٢٠٠ پەڕەییمان دەربارەی هەڕەشەو تیرۆرو زیندانیکردن و پێشێلکاری مافی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە پێشکەش کرد ، نوسراوەکان بریتی بوون لە راپۆرت و زانیاریەکانی ڕێکخراوە جیهانیەکانی وەکو ئیمینیستی ئەنتەرناشیۆناڵ و سەنتەری میترۆو هیومان رایتس ۆچ و کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و رۆژنامەنوسانی بێسنور، هاوکات ناوی ٣٦٧ رۆژنامەنوس و کارمەندی دەزگاکانی راگەیاندنمان خستە بەردەست ناوبراو، کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە ٤ ساڵی ڕابردوودا پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە، کە دواترینیان زیندانیکردنی سەید ئەکرەم و نیاز عەزیز بوو.


دواتر داوامان کرد کە سەرۆکی نێردەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، گرنگی بە ریکخراوە مەدەنیە کوردیەکانی تاراوگە بدات و پشتیوانیان بکات، هاوکات داوامانکرد کە لە کاتی سەردانیان بۆ کوردستان هەوڵ بدەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانیش ببینن و گوێیان لێ بگرن، ئەویش بەڵێنیدا کە رێکخراوە بێ لایەنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ببینێت و گوێیان لێ بگرێت.


تێبینیی:


ـ ستروان ستیڤنسۆن ئەندام پەرلەمانی ئەوروپاو سەرۆکی نێردەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ عێراقەو چەند وتارێکی سەبارەت بە گەشەی ئابوری هەرێمی کوردستان نوسیوەو پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ بەرپرسانی دەرەوەو ناوەوەی هەرێمی کوردستاندا هەیە ، بەڵام بۆ یەکەم جار بوو لەگەڵ رێکخراوێکی مەدەنی کوردی دانیشتن بکات.


ـ پێشەکی ئەو هاوپێچە دیکۆمێنتیە ٢٠٠ پەڕەییەی پێشکەش بە ناوبراومان کردووە، بە زمانی ئینگلیزی هاوپێچی ئەم راگەیەندراوە کراوەو هەر کەس و لایەنێک پێویستی بە تەواوی دیکیۆمێنتەکان هەبێت، پەیوەندی بە رێکخراوەکەمانەوە بکات، بۆی دەنێرین.

بۆ پەیوەندیی:
کوردستان فۆروم: kurdistanforum@hotmail.com
پێشڕەو ئیسماعیل عارف: bishrao@hotmail.com
فەرمان چیمەن: ٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩ fxelany@yahoo.com
هیوا عەبدوڵا: hiwa.abdullah@gmail.com

 

رێکخراوی کوردستان فۆرۆم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک