٢٠\١٢\٢٠٢١
لە بوختانەوە بۆ
شیوعییەکی قارەمان و ئازا و تێکۆشەر.

ئهحمهد رهجهب
ھاوریی خۆشەویستم یادی بەخیر عەلی حامید کتیبێکی بە ناو ( بولێڵە) لە
پاش کۆچکردنی بڵاوکرایەوەو باس لە زۆر بابەت دەکات و بەسەرھاتی خۆی
نووسیوەتەوەو پشت بەوە دەبەستێت فڵانەکەس وتی، یەکێکی تر بۆی گیرامەوە
یان بیستم وبیستی ئەوش ناورۆکی کتێبەکە بەلاریدا دەبات و سوودو
بەھایەکی واینامێنێت و، دەبێتە جێی پرسیارو دروستبوونی بوختان.
خۆزگە ھاوری عەلی لە ژیاندا بووایەو ئەم نووسینەی بدیبا.
ھاورێ عەلی حامید لە لاپەرە (١٩) لە بابەتێک بەناو ( پیاوە
ماتۆرسوارەکە ) دەڵێت : وەستا عەزیز حەسەن ناسراو بە عەزەی ئایشێ بۆی
گێرامەوەو وتی : لە ساڵانی حەفتادا لە عەربەت لە دروستکردنی
باڵەخانەیەکی نوێ بۆ بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی عەربەتی خوارەوە ئیشم
دەکرد ، پیاوێک بە سواری ماتۆر لە دەربەندیخانەوە وەکو چاودێر دەھات بۆ
سەر ئیشەکە ، ھەستم دەکرد کە ئەو پیاوە لە لایەن حکومەتەوە چاودێری
دەکرا. رۆژانە بەردەوام دەھات چاودێریی ئیشکردنی باڵەخانەکەی دەکرد.
رۆژێکیان ھەواڵی ئەوەمان بیست حکومەت کابرای دەستگیر کردووە ، دواتر لە
ریگای حیزبەوە زانیمان کە ماتۆر سوارەکە ئەحمەد رەجەب بوو.
ئەو گێرانەوەیە دوورە لە راستی و ھەموو خەڵکی دەربەندیخان دەزانن قەت
توخنی ماتۆر نەبووم و خاوەن ماتۆریش نەبووم بۆیە پشتبەستن بە گێرانەوە
زۆر جار درۆیەو دەبێتە بوختان..
بەڵی ئەو کات بەندە، ئەندامی لێژنەی جوتیاران بووم { بەرپرس بۆ لە
رێکخراوەکانی
حیزب لە سنووری قەرەداغ وباوەنورو شیخ تەویل و دەربەندیخان
و وارماوا} و ھەروا لە گەل ھاورێیانی دێرینم تێکۆشەران جەلال کەریم {
جەلال ئەبو شوارب} و عەلی ئەحمەد خورشید پێکەوە بەرپرس بووین لە
رێکخراوی حیزبی شیوعی تێکۆشەر لە دەربەندیخان { گەورەترین رێکخراوی
حیزب
لە پاریزگای سلێمانی} ئەو کات و، ناحەزان و دوژمنانی
حیزب چەندین ناویان
بۆ ئێمە دانابوو وەک : بڤە ، ئاگرە سوورە، بایەقوش و ھتدو... بۆ ئەوەی
خەڵک لە ئێمە دوور بخەنەوەو، ھەر لەبەر ئەوەش بوو حکومەت بە ھەموو
شیوەیەک دژایەتی وچاودیریمانی دەکرد.
لە ھەمان لاپەرەدا ھاوری عەلی حامید دەنووسی : ئەحمەد رەجەب و حسین
نادر کە ھەردووکیان خەڵکی خانەقین بوون ، لە دواییدا دەرکەوت کە حسین
نادر لە گەڵ شیخ عەلی بەرزنجی و توفیق ئەحمەد بە نھێنی رێکخراوەکانی
حیزبیان لە کەرکووک سەرپەرشتی دەکردو دەبرد بە رێگاوە، ئەوە بوو
ناوبراوان پاش ماوەیەک دەستگیرکران بەڵام لە دوای بەێنێکی کەم ئەحمەد
رەجەب ئازاد کراو بە شوێن ئەویشدا حسین نادر و توفیق ئەحمەدیش ئازاد
بوون، ( توفیق ئەحمەدقەت نەگیراو روخاوو ئازاد بوو) ، بە
بەردانەکانیاندا دیار بوو کە ھەموویان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتی ھەموو کارو
ئەرکەکانی رێکخراوە نھێنییەکانی حیزبیان لە کەرکووک خستووەتە ئەستۆی
شیخ عەلی.
من ھیچ پەیوەندییەکم بە رێکخراوەکانی کەرکوک نەبووە.
بۆ زانینی ھاورێیان و خەڵکی تر لە مانگی نیسانی ١٩٧١ بە نامەیەکی
راستوخۆ لە مەکتەبی لێژنەی محەلی سلێمانی ( ملمس) ئاگادار کرام بۆ
کارێکی تایبەتی و، پیویستە بچم بۆ کەرکوک و، چووم بۆ مالێکی
حیزبی کە لە
ھەمان کاتدا ماڵی { شیوعی فەوزییەی رەجەبی خۆشکم وھاوسەرەکەی ھاورێ
حوسەێن نادر ئەمینی شوانی بوو} و، لەوی چاوم بە ھاورێ { عەلی بەرزنجی}
کەوت و، پێی وتم : ئێمە تۆمان بۆ کارێکی تایبەت ھێناوەو وەک ئەرکێکی
حیزبی و جۆری ئەو ئەرکەی بۆم روونکردەوەو ئامادەییم پیشانداو. لەو
رۆژانەدا لە ساڵی ١٩٧١ تەوفیق ئەحمەد ( ھەژار) ئەندامی کۆمیتە ناوەندی
و سکرتێری ناوچەی بەغدا لە لایەن دەزگاکانی رژیمی بەعسی خوێنرێژ گیراو
رووخاو، ھاوکاری دەزگای ئەمنی کردو، ئەو دەزگانە بە ھاتووچۆی گەرۆک بۆ
ماڵە حیزبییەکان و ناساندنی ھاورێیان لە ماڵان و لە شەقامەکانی بەغدا
تەوفیقی رووخاویان بە کارھێناو، رێکخراوی بەغدایان تەفروتوونا کردو،
ھەرچی زانیاری ھەبوو خستییە بەر دەست بەعسییەکان و گرنگترینیان زانیاری
لە سەر ماڵە
حیزبییەکان بوو لەوانەش ماڵی حوسەین نادرو فەوزیە رەجەب و
شیخ عەلی بەرزنجی بوو، ( تەوفیق کە رووخا نەگیراو ئەو بووە ھۆێ گرتنی
ئێمە بۆ ئاگادری تەوفیق زانیاری تەواوی بە ئەمن دابوو لە بارەی
چابخانەکەو ئۆتۆمبێلێکی شڤرولیت مودیل ٥٨ کە بەناو خودی توفیق بوو ).
تەنھا لە ھێرشە چەپەلەکەی رژیمی
حیزبی بەعس کە لە بەھاری ١٩٧٠
دەستیپێکرد تا ھاوینی ١٩٧١، ھەزاران شیوعی گیران و، درندانە ئەشکەنجە
دران و زۆریان لە ژێر ئەشکەنجە یان بە تێرۆرکردن شەھید بوون وەک:
محەمەد ئەلخەزەری، عەلی بەرزنجی، ماجد ئەلعەبایجی، مشکور مەترود،
حوسەین نادر، ئەحمەد رەجەب، عەبدوللا ساڵح، محەمەد حەسەن ئەلدوجەیلی ،
عەبدئەلئەمیر رشاد، جواد عەتیە و ، لە پێش ئەو شاڵاوە درندەیە ستار
خزەیر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە ژێر ئەشکەنجە کادری کرێکاری
عەبدئەلئەمیر سەعید شەھید کران.
ئۆبالی گرتن و زانیاری لە سەر شیخ عەلی دەکەوێتە سەر تەوفیق ئەحمەد (
ھەردووکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون) و، من زوو بەرەڵا نەکرام
بەڵکو لە گەڵ ھەزاران شیوعی تر لە پاش تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) ١٩٧١
ئازاد کرام کاتێک
حیزبی بەعسی عەرەبی ( پرۆژەی کاری نیشتمانی) خستەروو
حیزبی شیوعی عێراق بەرەو بەرە ملشکێنە پر ریسوایەکە بریاریدا.
لە پاش ئازاد کردنم لە رێی سەروچاوەی رانیە بەرەو بەرسەرین و دەرگەڵە
کەوتمەرێ بۆ بارەگای سەرکردایەتی و، لە پاش ماوەیەک چاوم بە ھاورێ ئەبو
فاروق ئەندامی مەکتەبی سیاسی کەوت و ئیتر گەرامەوە بۆ سلێمانی و
دەربەندیخان و، وەک جاران دەستم بەکاری
حیزبی کردو کاتێک
حیزبی شیوعی
عێراق لە گەڵ
حیزبی بەعسدا بەرەی نانیشتمانیان مۆرکردو، وەک لە
نووسینێکی تردا ئاماژەم پێداوە چەند ئەرکێک بە من راسپێران وەک :
تایبەتمەندی ( مختێە) کرێکاران، نووسینگەی رۆژنامەگەری، کاروباری
بارەگاو پەیامنێری رۆژنامەکانی
حیزب { گریق الشعب والفکر الجدید ــ بیری
نوێ } و، بووم بە نوێنەری نووسینگەی رۆژنامەوانی ھەرێمی کوردستان لە
گەڵ ھاورێیان و یەکێک لەوانە ھاوری ( ئەحمەد حامید) برای ھاورێ عەلی
حامید بوو، بە پێی بریاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش ( مجلس قیدە
الپورە) گوازرامەوە بۆ پارێزگای میسان ( العمارە) ئەوە بوو وازم لە
کاروبار ھێناو و ھاوسەرەکەم و پینج منداڵم بەجێھێشت و چوومە شاخ و
بوومە پێشمەرگەی
حیزب و لە زۆر بواردا کارم کردو گرنگترینیان لە
راگەیاندن و بێژەر لە یەکەمین ئێزکەی
حیزب و، لە کاتی دامەزراندنی
مەڵبەندەکان بووم بە ئەندامی مەکتەبی بەتالیۆن لە گەل ھاورێ ( عومەر
حامید) برای ھاورێ عەلی حامیدو، لە کۆتاییدا بووم بە ئیداری مەڵبەندی
سلێمانی وکەرکوک.
کاتێک خەرێکی ( موعامەلاتی) زیندانی سیاسی بووم داوای شاھیدییان کردو
یەکێک لەوانە ھاورێ عەلی حامید بوو لە بەردەم دادوەر بە ئامادە بوونی
ھاوریی و برایان: مامۆستا کەمال ئەمین بشدەری و کاک ئەورەحمانی حاجی
محەمەدو فاتیح فەرەج لە وەڵامی دادوەر ھاورێ عەڵی حامید وتی : بەڵێ ،
ئەمە ئەحمەد رەجەبی قارەمان و ئازاو تێکۆشەری رۆژە سەختەکانە و لە
ساڵانی حەفتاوە دەیناسم. ھەزاران سڵاو لە یادتان ھاورێ عەلی حامیدو
رەوانتان شادو ئاسوودە بێت.
لە ساڵانی شەستەکانەوە تا ئەو ئەو رۆژەی بووم بە پێشمەرگە ٤ جار گیراوم
و ( بێ لە گرتنی سەرە مەقەست وراونان و تێھەڵدانی رۆژانەی ئەمن و
ئیستخبارات) و، و کەس بە ھۆی منەوە یان ھیچ رێکخراوێک تووشی زەرەرو
زیان نەبووە و، قەت لە
حیزبیش دانەبراوم و تا ئێستاش بەردەوامم.
نەمری بو شەھیدی قارەمان عەلی بەرزنجی و ھاورییانی و یادی ھاوریم عەلی
حامید بەخیر.
مردن بۆ دوژمنانی شیوعییەت.
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|