له چاوه‌ڕوانی مرۆڤێکی ناو بۆشدا.......جووتێ پێڵاو.
ئارا هۆمێر
((بڕۆ به گه‌وره‌که‌ت بڵێ، بگه‌ڕێته‌وه بۆ وولاتی خۆی، لیبیا خاکی ئیتالیا نییه)) عومه‌ر موختار
· عومه‌ر موختار له یه‌کێک له جه‌نگه‌کانیدا ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به ئه‌فسه‌رێکی دیلی ئیتالیایی ووت. ئه‌وه‌ی پێیڕاگه‌یاند که سوپای ئیتالیا چه‌ندان ساڵی تریش له لیبیا بن هه‌ر داگیرکارن و له کۆتاییدا هه‌ر ئه‌بێ چۆڵی بکه‌ن. عومه‌ر موختار سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره، کۆڵنه‌ده‌ر، نیشتیمان خۆشه‌ویست، بۆیه نه‌ک به ته‌نها بووه به ڕه‌مزی گه‌لی لیبیا، به‌ڵکو یه‌کێکه له ڕه‌مزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، هاوکات ڕه‌مزیشه بۆ گه‌له چه‌وساه‌کانی جیهان.
· په‌یام ئه‌گونجیت به چه‌ندان شێوه‌ی جیاواز ڕابگه‌یه‌ندرێ، خه‌باتی چه‌کداری گه‌لانی بنده‌ست جۆرێکه له جۆره‌کانی په‌یام بۆ سته‌مکاران، به‌ڵام مه‌رج نییه په‌یامگه‌یاندن کورتبکرێته‌وه ته‌نها بۆ خه‌باتی چه‌کداری. ئه‌و ڕسته‌یه‌ی عومه‌ر موختار په‌یامێکه بۆ ووڵاتێکی داگیرکا‌ر.
· ڕۆژنامه‌وانی عه‌ره‌ب، مونته‌زیر له کۆنگره‌یه‌کدا جووته پێلاوه‌که‌ی یه‌ک له دوای یه‌ک ئه‌گرێته سه‌رۆکی ئه‌و ووڵاته‌ی "ئه‌مریکا"، که ووڵاته‌که‌ی ئه‌وی"عێراق" داگیرکردووه.
ڕۆژنامه‌وانه عه‌ره‌به عیراقییه‌که ووڵاته‌که‌ی داگیرکراوه، سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ستداوه، ئه‌مریکا گه‌ر گوڵبارانیشی بکا هه‌ر داگیرکاره، هه‌رچه‌نده گه‌وره‌ترین دڕنده‌ی وه‌ک به‌عسی بۆ لابردوون، به‌ڵام هه‌ر داگیرکاره. په‌یوه‌ندی بۆش و مونته‌زیر په‌یوه‌ندی داگیرکا‌ر و داگیرکراوه. مونته‌زیر (چاوه‌ڕوان) هه‌ر چاوه‌ڕێیه، وه به‌ڵێنه‌کانی (بۆش)یش بۆشه (به‌تاڵ).
تۆ له‌وه گه‌رێ که ئه‌مریکا نه‌یتوانییوه ئاسایشی عێراق دابین بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسایشیشی دابینبکردایه و گورگ و مه‌ڕ به‌یه‌کیشه‌وه ئاویان بخواردایه‌ته‌وه هه‌ر ووڵاتی خۆی نیه و هه‌ر داگیرکاره. ئاخر ئه‌مریکا به‌شێک له خاکی عه‌ره‌بی داگیرکردووه. بۆیه پێڵاوه‌که‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه په‌یامێکه بۆ ئه‌مریکا. بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که ئه‌بێت به‌خۆیاندا بچنه‌وه. سیاسه‌ته‌وانانی ئه‌مریکا نه گۆێ بۆ ووشه ئه‌گرن نه بۆ بۆمبا، به‌ڵام به‌شکو گوێ له پێڵاو بگرن. ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه با پیشه‌که‌ی ڕۆژنامه‌وانیش بێت به‌ڵام هاووه‌خت عێراقییه و عێراقیبوونه‌که‌ی ڕێگای پێئه‌دات وه‌ک هاووڵاتییه‌کی عێراقی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت (خۆشه‌ویستی خاک پێش خۆشه‌ویستی پیشه‌یه)، بۆیه ئه‌و هه‌ڵۆێسته‌ی ئه‌و عه‌ره‌به شۆڕشگێڕه هه‌ڵۆێستیکی نه‌مره و ئه‌وپه‌ڕی به‌ئه‌مه‌کی بوونه بۆ خاکه‌که‌ی خۆی (بۆیه ئه‌ڵێم شۆڕشگێڕ چونکه هه‌ڵوێستنواندن دژی داگیرکاری ووڵاته‌که‌ت هه‌م کارێکی مرۆڤدۆستانه‌یه و هه‌م شۆڕشگێڕانه‌یه، "عێراقی عه‌ره‌ب"یش خاکی عه‌ره‌به و ئه‌مریکاش داگیرکاری خاکه‌که‌یانه.) (مه‌به‌ستم له به‌شه‌که‌ی کوردستان نییه)
· ڕۆژنامه‌وانه عه‌ره‌به‌که وه‌ک کورد ئه‌مریکا به فریادڕه‌س نازانێت، ئه‌وه ئێمه‌ی کوردین که‌وا ساویلکه‌ین و شۆێن کڵاوی بابردوو که‌وتووین و ئه‌مریکامان وه‌ک سیمبوولی ئازادی و مرۆڤایه‌تی نه‌خشاندووه، وه‌گه‌رنا ته‌واوی گه‌لانی جیهان سیاسه‌ته داگیرکارییه‌کانی ئه‌مریکا چاک شاره‌زان. ئه‌مریکا جگه له به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌کانی خۆی بۆچیتر کار ئه‌کات؟ ئه‌وه له‌به‌ر چاوی کاڵی کورد نییه جارجاره (درۆوه‌سف)ێکمان ئه‌کات، ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه زیاترهانمان بدات که خزمه‌تی عه‌ره‌ب بکه‌ین و سه‌رئه‌نجام مه‌به‌سته‌کانی خۆی به ئاکام بگه‌یه‌نێت، ئه‌گینا مناڵێکی بواری سیاسه‌ت بهێنه له‌وه تێده‌گات که ئه‌وه‌نده‌ی عه‌ره‌ب ئه‌توانێ خزمه‌تی ئه‌مریکا بکات به چاره‌کێکی ئه‌وه‌نده کورد ناتوانێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌مریکا هیچ کات ئاماده نییه دڵی گه‌لانی عه‌ره‌ب له خۆی زویر بکات. وه ووڵاتانی وه‌ک سعودیه، قه‌ته‌ر، ئیمارات هه‌زار هێنده‌ی "کوردستان" خزمه‌تی (سیاسی، ئابووری، سه‌ربازی)ئه‌که‌ن به ئه‌مریکا.
· مه‌حموود مه‌شهه‌دانی جوانی ووت که به کورده‌کانی په‌رله‌مانی عێراقی ووت: ((بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌ولێر پایته‌ختی ئێوه‌یه، به‌غدا پایته‌ختی عه‌ره‌به))، من پێموایه ئه‌م ڕسته‌یه‌ی مه‌حموود مه‌شهه‌دانی ڕاستییه‌یه‌کی زۆری تێدایه و پێویسته کورد به جیددی وه‌ریبگرێت. ئاخر مه‌حموود مه‌شهه‌دانی کرۆکی نییه‌تی عه‌ره‌بی لای کورد ئاشکرا کرد. بۆیه چیینه‌کردنی کورد له به‌غدا به قازانجی عه‌ره‌ب ته‌واو ده‌بێت و کوردیش سه‌رئه‌نجام له بازنه‌یه‌کی به‌تاڵدا ئه‌سوڕێته‌وه. له میژووی کوردستانی عێراقدا هه‌میشه کورده‌کان چوون و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراقیان به هێز کردووه. ئه‌زموونی به هێزکردنی حکومه‌تی ناوه‌ندیی به هۆی کورده‌وه ئه‌زمونێکی تازه نیه و له ساڵانی بیسته‌کان و سییه‌کانه‌وه به‌رده‌وام هه‌تا ئێستا کورد له‌و خزمه‌تکارییه‌دا ژیاوه. وه سه‌رئه‌نجامیش هه‌میشه ده‌ستی کورد له بنی هه‌مانه‌که‌وه ده‌رچووه. تا که‌ی ووڵاتێکی خۆش بۆ نه‌ته‌وه‌کانی تر بخوڵقێنین و خۆشمان بێ ووڵات بین؟ منیش حه‌ز ئه‌که‌م عێراق ئاسایشی تێدا به‌رقه‌رار بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی داوا ڕه‌واکانی کورد نه‌بێت. تا ئێستاش هیچ حیزبێکی عه‌ره‌بی عێراقی نه‌بووه به‌درێژایی میژوویی ده‌وڵه‌تی عێراقی نوێ له( 1923 )ه‌وه هه‌تا ئیستا که ددان به مافی نه‌ته‌وایه‌تی کورددا بنێت. ئیتر ئێمه چاوه‌ڕێێ چی بیین له عه‌ره‌ب. گرفته‌که ته‌نها حیزبی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین نه‌بووه، جعفری و مالکیش وه‌ک ئه‌وان بیر ئه‌که‌نه‌وه، عبدالسلام عارف و عبدالکریم قاسمیش هه‌روه‌ها بیریان ئه‌کرده‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ش پێشتر. به‌ڕاستی شێخ مه‌حموودی نه‌مر جوانی فه‌رموو له‌مه‌ڕ برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب ((ئێمه براین به‌ڵام له دوو ووڵاتی جیاوازدا نه‌ک له یه‌ک ووڵاتدا)).
30ی دیسه‌مبه‌ری 2008
|