١٥\٦\٢٠٢٤
لە چلەی کامیل ژیردا.

ھەڵۆ محەمەد
ئەلبرێت شڤایسەر دەڵێ:
“جوانترین پەیکەرێ مرۆڤ بەدەستی بهێنی ئەوەیە لە دڵی خەڵکدا بێت “.
ئەمە بۆ مامۆستا ژیر دروستە ، چونکە پێگەی خۆی لە ناو دڵی هاوبیراندا
بە دەستهێناوە.. بەڵێ ئەو ئێستا لە ناو دڵی دڵسۆزانی کوردایەتی
نیشتمانپەروەراندا دەژی!..چۆن ؟
ئەو هێندە تێکۆشا و خەباتی کرد، تا شایستەی ئەم هەواری دڵە بێت،
ئەوەندە بە پەرۆش و لە خەمدا بوو، ببووە ماماخەمەی دۆزەکە، بە
ئەندازەیەک ڕۆحی سووک بوو بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و خاک ، ئامادە بوو
بێنیاز دەست لەنێو دەستی منداڵێکیش بنێت.
خەسڵەتێکی ژیر ئەوە بوو هەرگیز نائومێد نەدەبوو' هەروەها نەیدەزانی
ماندوو چییە ، زۆر بوێرانە لەتەک دێفاکۆدا خۆی دەگونجان و لە کەوشەنی
واقیع دەرنەدەچوو' لە گەنگشە و گفتوگۆدا ئارام و سەنگین بوو،
مامسەلمێنی نەدەکرد.
هاوچەرخانە بیری دەکردەوە و شارستانییانە رەفتاری دەکرد و سنگی واڵا
بوو بۆ هەر ڕەخنە و سەرنجێک. لە شێوازی بیرکردنەوەدا قووڵ و دووربین
بوو. داینەمیکی وەرگرتن و تێگەیشتنی بەهێز بوو. خوێندنەوە و نووسینی
بەردەوام و سەراسوێی لەگەڵ هەموو میدیای بینراو و بیستراو و نووسراوی
کوردیدا هەبوو!
هەر بۆچوون و زاراوە و چەمکێک بهاتایەتە پێش دەمودەست ڕەهەندە فیکری و
سیاسی و زمانەوانی و ئەدەبییەکەی لێکدەدایەوە و پوختەی شڕۆڤەکەی دەخستە
ڕوو.
ژیر لە مەیداندا بوو، وەک سەربازێکی ون و مامۆستایەک دەستی لە یەخەی
خەمی گەورە نیشتمان و دەرد و ئازارەکانی گیرد بوو، ئامێزیشی بۆ شەپۆلی
کوێرەوەریی و مەرگەساتەکانی تر هەردەم ئاواڵە کردبوو، دواجار بەو
خەرمانی ئازار و ژانەی کوردبوون، مێژووی تەمەنێکی درێژی پڕ بەرهەم و
خزمەت و شکۆداری نووسییەوە و ئەو پەیکەرەی لێ ساز بوو، کەوا بە پێوە
لەناو دڵی هەموواندا سەربڵند وەستاوە و دیوانی (کوردایەتی) بەدەستەوە و
شیعری:
کاکی برا ، هۆ خوشکی کورد
لەهەر کوێ هەی، شەن یا گرد
دەڵێتەوە و دەڵێتەوە..
ئیمڕۆ فرمێسک بۆ چلەی کەسێک دەهۆنینەوە، مەرگی ڕەش هات و ئاوقای بوو،
ویستی بیسڕێتەوە ، بەڵام لە پای خزمەتی نیشتمان و نەتەوەکەی ، نامەی
کرداری لە دەفتەریی سەروەرییدا، مەداڵیای ژیانی هەرگیز نەمریی پێ بەخشی.
هاوبیرم.. بنوو بە ئارامی، ویژدانی نەتەوەییت سەرفرازە و خەم و
هیواکانت گەش و هەڵچوون و پەیامی (کوردستانێکی ئازاد و یەکسان)ت
دەدرەوشێتەوە.
هاوبیرم..ئێستا مەجلیستان تەواوە و کۆڕی حەوتەوانەتان! گەرمە و هەواڵی
ئەم کوردستانی ئەستێرەیە، بەرە بۆ ئەو هەسارەیەی “جەوهەر و هەردی و
ئیحسان و فەرەیدون و فوئاد و نەبەز“ هەواریان لێ هەڵداوە.. چاوەڕێتن و
فەرشی ڕەنگاوڕەنگی نیشتمانیان بۆ ئامادە کردوویت!
ئێوە تێکڕا لە ڕۆژگارێکی سەخت و دژواردا ، هەگبە لێوانلێو لە :
کوردایەتی و یەکسانی بۆگەل و ئازادی بۆ کوردستان و ڕەچەڵەکی کورد و
زمانی یەکگرتووی کورد و ژیانەوەی فەرهەنگی کوردیی و داڕشتنەوەی
کوردبوون بە هزر و ڕۆحی کوردبوون.
هەمووتان چاکی کوردایەتیتان لێ بەلادا کرد و کردتانە خەمی هەرە بەرایی
و سەرەکی خۆتان..مەشخەڵتان داگیرسان و ڕێگا تاریک و نوتەکانتان ڕووناک
کردەوە..دڵنیام هەنووکەش لەو دەڤەرە لەوێش ناسرەون تێهەڵدەچنەوە و و
تێهەڵدەچنەوە.
لەوێ حەزرەتی ئوستاز “بەشیر موشیر “ گەورە پیاوی سۆپەرمان، باوکی ڕۆحی
و ئایکۆنی سەردەم، لەسەر سەکۆ ،بڵندگۆ بەدەست، ڕووی لێتانە و ئیلهامتان
پێ دەبەخشێتەوە .. لای ڕاستتان سەجادی و بەری چەپ ڕۆژبەیانییە،..
بەشیریستەکانی تریش ڕیز لە دوای ڕیز ئامادەن ، گۆڤەندتان بەستووە.. هەر
لەوێش هەژار وەک شاگردێکی تری بە ئەمەکی ئەم کۆڕە، دێت و بە لاوک و
حەیران و هۆرە و سیاچەمەنەوە چەمەریی دەگێڕێ و دەلاوێنێتەوە:
ئێمە هەموو! لەم دنیا بە کوردی ژیاین و بە کوردی مردین، لەو دنیاش
کوردی دەژێینەوە و بۆ کورد و کوردستان تێهەڵدەچنەوە...
_________________________________________________
•
ماڵپەڕەکانی نەمران لێرە ببینە:
https://emrro.com/malperekaninemiran.htm
٨\٦\٢٠٢٤
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|