١\٧\٢٠٢٥
لێدان لە ئێران
هەوڵێک لە ڕاستای
بەرگرتن بە ڕێگای ئاوریشمی چینی
بەرەو خۆرهەڵاتی
ناوەڕاست!

کامیل ئەحمەد
سەرەنجام جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران وەستا. وەستانی جەنگ و
دوورکەوتنەوەی بەڵای شەڕ و ماڵوێرانی و بۆمباران و خاپورکردنی
خانووبەرە بەسەر سەری هاوڵاتیانی سڤیلی هەردوو ئێران و ئیسرائیل دا
جێگای خۆشحاڵییە. ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت و کاتیش بێت ئەم بەڵایە بەسەر
سەریانەوە لادەچێت. ئەمە گوزارشتێکە کە هەر ئەمڕۆ لە زمانی هاوڵاتیانی
ئێرانی و ئیسرائیلییەوە گوێبیستی بووین کە خەڵک خۆشحاڵە بە وەستانی
جەنگ و بۆمبارانەکان و بە ئاشکرا گوزارشتیان لەوەکرد کە ئەوە شەڕی
ئەوان نییە و هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە لەم شەڕ و پێکدادانانەدا و هیچ
ئاکامێکی بۆ ئەوان نییە جگە لە ماڵوێرانی و بێ خانە و لانەیی نەبێت.
بەڵام ئەوەی کە بەڵگەنەویستە ئەوەیە کە ئەم شەڕە وەستاوە و کۆتایی
نەهاتووە. کۆتایی نەهاتووە چونکە ئەمە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل
نییە بە تەنها. ئەم شەڕەش وەک هەر شەڕ و پێکدادانێکی تری ناوچەیی، هێزی
جیهانی لە پشتە. هێزی جیهانی واتە ئەو هێزانەی کە شەڕیانە لەسەر ئەوەی
کێ و چۆن ئابووری جیهان بچەرخێنێت و کێبەرکێ لەسەر سوود و قازانجی
زیاتر بکات. ئەم شەڕە شەڕی نێوان چین و ئەمریکایە و شەڕی پێگەی ئابووری
یە. شەڕێکە کە ئەمریکا تیایدا لەژێر هەڕەشەی چوونە دوواوەدایە و لە
لایەن چینەوە نەک تەنها تەنگی پێ هەڵچنراوە، بەڵکو لە زۆربەی مەیداندا
چین لە پێش و براوەیە بە تایبەتی لە بواری زیرەکی دەستکرد و چیپە
ئەلەکترۆنییەکان و کانزا نایابەکان. بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و ئەم
تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە ئەمریکای هەراسانکردووە لە باری ئابووری و
زۆربەی بوارەکانی تری بەرهەمهێناندا بە بواری جەنگیشەوە. ئەم شەڕە وەک
چەندین جاری تریش ئاماژەم پێداوە شەڕی ڕیگا و دەروازە بازرگانییەکانە و
سەرەنجام ئەمڕۆ یان سبەی بورژوازی و نیزامەکانیان ناچاردەبن بە جەنگ و
کاولکاری و شکاندنەوەی بەسەر خەڵکدا یەکلایی بکەنەوە.
کاتێک شەمەندەفەری چینی لە ڕێگای وشکانییەوە دەگاتە ئێران،
مەترسییەکانی لایەنی بەرانبەر زیاتر دەبێت و دەیەوێت ڕێ لەمەبگرێت. بە
ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد و بە کاولکردنی غەزە، ئەمریکا لە ئێستادا
توانیویەتی ڕێگاکە بەرەو دەریای ناوەڕاست بگرێ و لە هەوڵدان کە ڕێگاکەی
خۆیان لە هیندستانەوە و لە ڕێگای ئیمارات و سوریا و غەزە و ئیسرائیلەوە
بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بەرن. هەموو ئەم یەکلاکردنەوانەش پێویستییەکی
گرنگی ئەم شەڕو کێشمەکێشەی نێوان ئەم دوو زلهێزە سەرمایەدارییەی جیهانە.
بۆیە ئەم جەنگە وەکو جەنگی ئاسایی و تەقلیدی نێوان ئیسرائیل و ئێران
ناتوانرێت سەیربکرێت. ناتوانرێت وەک جەنگی شەیتانی گەورە و ئێران
چاویلێبکرێت وەک ئیدیعای بۆ دەکرێت، بەڵکو بەرگرتنە بە ڕێگای ئاوریشمی
چینی. ئەگەر ئەمەیان لە ئێران بۆ بچوایەتە سەر ئەوا نۆرەی ووڵاتانی تری
ناوچەکە دەهات و دێت کە یەکیان تورکیایە و ئەوی تریان میسرە. هەر بۆیە
ڕوسیا و چین کەوتبوونە خۆیان و بە ئاشکرا پشتگیری ئێرانیان دەکرد. وە
لێدانە ڕەمزییەکان لەبنکەی سەربازی عدید هیچ نەبوو جگە لەوەی کە
پەیامێک بە ئەمریکا بدەن کە دەست بۆ بنکە سەربازییەکانی دەبەن لە
ناوچەکەدا ئەگەر شەڕەکە ڕانەگرێت. سەرەنجام یارییە قێزەونەکەی نێوانیان
کۆتایی نەهاتووە و وابەستەیە بەوەی کە ئێران بەو پەڕوباڵ کراویەشەوە لە
جەمسەرەکەی خۆیدا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت یان دەستبەرداری هەندێک
لە پێگەکانی دەبێت. بە بڕوای من ئەمەی دووهەمیان نەک بە تەنها بۆ ئێران
خۆی قورس دەبێت بەڵکو بەسەر چین و ڕوسیاشدا خراپ دەشکێتەوە و ئەو کات
ناچاردەبن کە لە شوێنی کەوە پەلاماری ئەمریکا و بەرژوەندییەکانی بدەن
وەک نیمچە دوورگەی تایوان، یان کاولکردن و گرتنی تەوای ئۆکرانیا کە
هێشتا ئەمەشیان ناتوانێت وەک سەرکەوتن بۆیان بە هەژماربهێنرێت بۆیە
هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە لە ئێستادا لێرەدا ڕایگرن.
بۆ ئەو هێز و لایەن و کەسایەتی و بە ناو ڕۆشنبیرانەشی کە پێیان وایە
ئازادی و ڕزگاربوون لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ژێر سایەی
بۆمبارانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دێتە بەرەوە، یان بەرژەوەندی
چینایەتییان وا دەخوازێت یان ساویلکەن. هەرکەس ئاوڕێکبداتەوە لە مێژووی
دەستێوەردانی ئەمریکا لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا و تەنانەت گۆڕینی
ڕژێمەکانیش نەک هیچ جۆرە ئازادییەک نەهاتۆتە بەرەوە، بەڵکو کۆمەڵگاکان
ڕووبەڕوی داڕووخان و داڕمانی زیاتر و چوونە دواوەی زیاتر بوون، پێویست
ناکات زۆر دوور بڕۆین و تەنها نیگایەک بە عێراق و ئەفگانستان و سوریا
بەسە بۆ ئەوەی لەو ڕاستییە تێبگەین.
بۆ ئەوانەشی کە جەند ساڵێک لەمەوبەر کە ئێمە ئەم جۆرە شیکردنەوە و
باسانەمان هێنایە ئاراوە و بەشێوەیکی بابەتی باری سیاسی و ئابوری
جیهانمان شیکردە و نیشانماندا کە ئەگەر لە تێگەیشتنێکی دروست و ڕۆشنی
بارودۆخ و هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکان و یاریچییە بنەڕەتیەکانی
تێنەگەین ناتوانین ڕێگاچارەیەکی دروست و پراگماتی و مارکسیستی بخەینە
روو، ڕەخنەیان لە ئێمەدەگرت و تاوانباریان دەکردین کە خەریکی
لێکدانەوەی تیۆریین. خۆشبەختانە زۆربەیان ئێستا ئەم لێکدانەوانەی
ئێمەیان بنیات ناوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە لێکدانەوەی دروست و
تێگەیشتنی ڕیشەیی لە هۆکارەکانی ئەو کێشە و ئەزمانەی کە نیزامی
سەرمایەداری پێوەی دەناڵێت و بەرە لاناوچوونیشی دەبات، خوێندنەوەی
دروست و واقیعی دەتوانێت ڕێگایەک بێت بەرەو ڕؤشنکردنەوەی ڕێگای
پرۆلیتاریا و کۆتاییهینان بە نیزامی سەرمایەداری لە ڕ ێگای شۆڕشی
خۆیەوە نەوەک هیچ گۆڕانکارییەکی تر کە هی ئەو نییە و ئەویش تیایدا
سوودمەند نابێت.
وەک لەسەروە ووتم خۆشبەختانە جەنگ و پێکدادانی ئەم دوو جەمسەرە
جیهانییە ئەمڕۆ لە ئێراندا وەستاوە، ئەگەرچی لە زۆربەی شوێنی جیهان
خوێنی لێدەتکێت، بەڵام بە بێ هاتنە مەیدانی پڕۆلیتاریا و قڵپکردنەوەی
نیزامەکەیان بەسەریاندا تەنها وەستانی کاتی دەبێت و شەڕ و ماڵوێرانی و
کاولکاری زیاتر چاوەڕێی کۆمەڵگای ئینسانی دەکات جا لە هەر گۆشەیەکی ئەم
جیهانەدا بێت.
ئەم شەڕانە ئامرازی سیاسی دەستی چینی باڵادەستن بۆ بردنە دواوەی
کۆمەڵگاکان و دواخستنی شۆڕشی پڕۆلیتاری و بە تاڵانبردن و دادۆشینی
کۆمەڵگایە و ناتوانرێت بەدەر لەم کێشمەکێشە چینایەتییە لێکبدرێتەوە و
تێڕامانی بۆ بکرێت. ئەم شەڕانە ناتوانرێت تەنها وەک هێرشی وڵاتێک بۆ
سەر ئەوی تر چاولێبکرێت لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و کێشمەکێشە
چینایەتیەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە چیانیەتییەکاندا. ئەم شەڕانە
شەڕی چینی باڵادەست و سەرمایەدارین و لە نێو دەوڵەتەکاندا دێتە بەرەوە
وەک دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕ لەپڕۆسە و شیوازەکانی بەرهەمهێناندا. بۆیە ئەم
شەڕانە نە بە سودفە ڕوودەدەن و نە تەنها بڕیارێکی دابڕاوی ئەم سەرۆک
یان ئەو وڵاتە، بەڵکو گوزارشتە لە پرۆسەیەکی قووڵتری ئابوری و
کۆمەڵایەتی.
ئێمە تەنها یەک شەڕ چاوەڕێمان دەکات کە ئەویش شەڕی لە گۆڕنانی
سەرمایەداری و سیستەمەکەیەتی و ئەمەش تەنها بە پڕۆلیتاریای ڕێکخراو
دەکرێت لە هەلومەرجی مادی و واقیعی دا کە دێتە بەرەوە.
٢٥\٦\٢٠٢٥
kamil.ahmed.f@gmail.com
|