په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠١١

لە دەرەوەى (ئا) یان (نا)
دەقى ''خۆپیشاندان'' بۆ خوێندنەوە.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


ئەگەرچى پرسیارى سەرەکى ئەو خوێندنەوەیە ئەوە نییە، ئایا (حکومەت/دەسەڵات) هەوڵیداوە نوێنەرى تەواوى خەڵکى بێت، یان تەنها بەرژەوەندى لێپرسراوان و دەسەڵاتداران رەچاو دەکات؟ بەڵام لەبەر ئەوەى لە دەرەوەى ئا و نا، خۆپیشاندان بە مەرگى ئایدیۆلۆژیا و میتا ناسنامە و منى ئازاد و شۆڕشى سپییەوە ناس دەکرێت، بۆیە ناتوانین لە خوێندنەوەى دەقى خۆپیشانداندا نکۆڵى لە سلبیاتى حکومەت/دەسەڵات بکەین، وەک چۆن ناتوانین ئامادەگى هەمەڕەنگى شەقام و بەتایبەتى نەوەى ئینتەرنێت بە هەند نەگرین!


کەواتە رووییەکى بەرفرەوانى دەقى خۆپیشاندان تەعبیر لە کێشە (کۆمەڵایەتى/سیاسى)ییەکان دەکات. بەڵام ئەگەر بەشێکى زۆر لە کێشە سیاسییەکان لە رێگەى چاکسازى و ممارەسەکردنى دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت، ئەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، واتە بە کەم تەماشاکردنى مرۆڤ و بەها مرۆییەکان و پەراوێزخستنى گەنجان و هەژارى و بێکارى، گەندەڵى، تەسککردنەوەى مەوداکانى ئازادى، نواندنى تووندوتیژى بەرانبەر‌ ژنان، و زۆر شتى دیکە، دەبێ بە پەلە و لە ساتەوەختى ئێستادا قسەى لەبارەوە بکرێ! نەک لەبەر ئەوەى بە یەکێک لە مافە رەواکانى هەر تاکێک دەژمێردرێت، بەڵکو لەبەر دوو هۆى سەرەکى یەکەمیان: چونکە فاکتەرێکە لە فاکتەرەکانى درێژەدان بە خۆپیشاندان. دووەم: بۆ ئەوەى لە چارەسەرکردنى کێشە سیاسییەکان خەڵک و شەقام دووچارى گومان نەبنەوە! بەیەکبەستنەوەى ئەو دوو کێشەیەش لەوێوە دێ، کە دیاردەى خۆپیشاندان دیاردەیەکى (حقووقى/سیاسی)یە. بە مانایەکى دیکە ئەگەر بەشێکى زۆرى کێشەى یەکەم بە خەڵک و شەقامەوە بەند بێت، ئەوە بەشێکى زۆر لە کێشەکانى دووەم دەبێتە بنەماى کارى ئۆپۆزسیۆن.


بەمجۆرە یەکێک لە خوێندنەوەکانى دەقى خۆپیشاندان وەک دیاردەیەکى هەنووکەیى، بە چەمکى (حقووقى/سیاسى)یەوە دەلکێ. دەتوانین بڵێین کۆى میکانیزمى ئەو خوێندنەوەیەش دەکەوێتە نێوان بڵاوبوونەوەى وردە زانیارى سەر شەقام و کلاسیکیەتى رووبەوِرووبوونەوە، تووندوتیژى و ناتووندوتیژى، فەزاى داخراوى ژوورەکانى کۆبوونەوە و فەزاى کراوەى شەقام، هەڵنانى خەیاڵ و کوشتنى ئەگەرەکان... هتد، دەمەوێ بڵێم ئەو جۆرە لە خوێندنەوە لەلایەک دەبێتە پێگەیەکى نوێ بۆ بەیەکگەیشتنى خوێنەرى جیاواز، خەمى جیاواز، لەلایەکى دى خوێنەر جۆرێکى دى لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ خۆ و ئەویدیکە دادەمەزرێنێ.


کەواتە ئەمڕۆى پێکهاتەى دەقى خۆپیشاندان لە ئەویدیکەى دۆزەخ بۆ منى ئازاد، لە خەباتى ژێر زەوى بۆ خەباتى سەر زەوى، لە مێژووى گشتى بۆ وردە مێژوو، لە پاراستنى خود بۆ گۆڕینى خود... هتد بەرەو پرۆسیسەکردنێکى بەردەوامى چاودێرى و گۆڕان و خوێندنەوەى جیاوازمان دەکاتەوە! بە مانایەکى دیکە دەرکەوتنى پێکهاتەکانى ئەو دەقە بەگشتى دەلالەت لە کرانەوە و شەفافییەت دەکات. دەقى کراوە ئەو دەقەیە، کە پێکهاتەکانى بتوانن بەپێى جێکەوتەیان دەربکەون و نەخش و جێدەستى خۆیان جێبهێڵن.


بەمجۆرە دەقى خۆپیشاندان وەک دەقێکى کراوە هەر تەنها بەسەر رۆشنبیران و رەخنەگران و نەیارانى دەسەڵات دابەش نابێ، بەڵکو تەواوى چین و پێکهاتە جیاوازەکان رۆڵى خۆیان تێدا وازى دەکەن. بەو مانایەش دەقى خۆپیشاندان دەقێکە بۆ خوێندنەوە، بەڵام دەقێک نییە بۆ نووسینەوە! دەق بۆ خوێندنەوە لاى (بارت) دەقێکە رۆشنبیریى لە سرووشتى خۆى دەکاتەوە و سەرەوژێرى دەکات.[i]


دەقى خۆپیشاندان وەک دەقێکى سپى.


دەشێ دەستەواژەى (خۆپیشاندان) بە شێوەیەکى راستەوخۆ تەعبیر لە جورئەتى (خۆ) بۆ (دەرکەوتن) بکات. بەڵام جەستەى دەرکەوتوو، بە قەد ئەوەى وەک بەرجەستەکردنێکى رەمزى و بێ لایەن خۆى دەنوێنێ، ئەوەندە ناوەڕۆکخواز و لایەندار نییە. ئەوەندەى مانا خەفەکراوەکان دەیبزوێنێ، ئەوەندە مانا دیارەکان نایجولێنێ. بە قەد ئەوەى هەوڵى گەڵاڵەکردنى دەنگە پەنماوەکان دەدات، ئەوەندە لە خەمى ئەزموونى خۆپیشانداندا نییە. بە کورتى جەستەى دەرکەوتووى (خۆپیشاندەر) پتر وەک بریسکانەوەیەکى رەمزى دەردەکەوێت و هەوڵدەدەم لە سێ خەسڵەتدا جیاى بکەمەوە: خاکەڕایى، نەگونجان، بوێرى. لەڕێگەى ئەو سێ خەسڵەتەوە بێ لایەنى دەقى خۆپیشاندان لە دەقى سپى نزیک دەکەمەوە. دەقى سپى تەعبیرکردنێکى نادیارە، لەگەڵ ئەو هەوڵە نا زەمەنییە دێتەوە کە دەکەوێتە دەرەوەى دیاریکراو و دەرەوەى ئایدیۆلۆژیاکانەوە..[ii] لەو بنەمایەوە دەمەوێ بڵێم ناشێ هەوڵى خۆپیشاندان لە چوارچیوەى پێناسەیەکدا گیر بکەین، لەبەر ئەوەى دەقى خۆپیشاندان تەقینەوەى بێدەنگییە!


ئەگەر لە ناوکۆیى خۆپیشانداندا خەسڵەتى خاکەڕایى، دەلالەتى بابەتگەرایى بگوازێتەوە. ئەوە بوێرى دەلالەتى زاتکردن بەرجەستە دەکات. بەڵام لەنێوان بابەتگەرایى و زاتکردن، پاڵنەرى خۆپیشاندەر نە بەرگریکردنە لەخود، نە گەڕانە بەدواى ناسنامەدا.. لەنێوان خاکەڕایى و بوێرى، ئەوە فەردانییەت نییە پاڵ بە خۆپیشاندەر وەدەنێت، هەوڵدان بۆ ژیانێکى خۆشتر نییە، بەڵکو نەگونجانە.. ئەوەى کە خۆپیشاندەر هاندەدا هەوڵى خودگۆڕانە، تاکو لەگەڵ ماناکانى ئازادى بێتەوە!


دەمەوێ بڵێم لە دەستەواژەى (خۆ+پیشاندان)دا ئەگەر وشەى (خۆ) تەعبیر لە خاکەڕایى و بابەتگەرایى خۆنیشاندەرانەى نەوەى ئینتەرنێت بکات، ئەوە وشەى (نیشاندان) کۆى ئەو جورئەتەى لەخۆدا هەڵگرتووە کە بینراوەکان و بیستراوەکان بەرجەستەى دەکەن. کۆى ئەو بوێرییە دەگەیەنێت، کە لە بەرانبەر کۆبوونەوەى ژوورە داخراوەکان، شەقامى تەنیووە... لەنێوان (خاکەڕایى خود) و (بوێرى دەرکەوتن) ئەگەر دیاردەیەکى ئەخلاقى و مرۆیى هەبێ، بەشداریکردنە لە داهێنانێکى هاوبەش و ئازاد! داهێنانێک بێ ئەوەى واژۆى کەسێکى دیاریکراو و کۆمەڵێکى دیاریکراوى بەسەرەوە بێت! خۆپیشاندان بەشداریکردنە لە درووستکردنى فەزایەک، کە (نەگونجان)[iii] ئاڕاستەکانى دیارى دەکات، نەک سەرکردە! بەو مانایە خۆپیشاندان لەبرى ئەوەى پێشڕەو و سەرکردەیەکى دیاریکراوى هەبێت، رستێک کاراکتەرى نەگونجاو رۆڵى تێدا دەبینن.


بەمجۆرە بۆشایى نێوان هەردوو وشەى خۆ+پیشاندان، فرە خوێندنەوە دەخاتەوە و لەڕێگەى چەمکى نەگونجانەوە دەلالەتەکانى پەرتدەکات. کەواتە خۆپیشاندەر ئەو کاراکتەرە نەگونجاوەیە کە دەڵێ: ناتوانم تێکەڵ واقیعێک بم، کە تێیدا بەشدار نیم!! لێرەدا خۆنیشاندەر ئەگەرچى هەڵگرى بیروڕایەکى مرۆییانەیە، بەڵام مەرج نییە بیەوێت بیروڕاکانى ببێتە بابەتێک بۆ جێبەجێکردن، ئەگەرچى حەز بە تازەکردنەوەى کۆمەڵگە دەکات، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتى تەقلیدییەوە وەک دوژمن چاو لێدەکرێـت![iv]


لەنێوان ماناکانى (خاکەڕایى، نەگونجان، بوێرى) خۆپیشاندەر ئاڵاى نەگونجان لەبرى ناسنامە، ئایدیۆلۆژیا، نەتەوە، ئایینزا... بەرز دەکاتەوە. بەمجۆرە خوێندنەوەى دەقى خۆپیشاندان ئازادییەکانى لە بەشداریکردنى نادیاردا هەڵدەگرێتەوە، وەک چۆن مەرجى پڕکردنەوەى بۆشاییەکان لە واژۆى تایبەتدا نادۆزێتەوە، بەڵکو لە بریسکانەوەى رەمزییانە و فرەیى خوێندنەوەدا دەبینێ.


دەقى خۆپیشاندان وەک یەکەیەکى دەلالى.


بێگومان دەقى خۆپیشاندان وەک یەکەیەکى دەلالى، خۆى لەنێوان دادپەروەرى/نادادپەروەرى، ئازادادى/نائازادى، گەندەڵى/ناگەندەڵى........... دەبینێتەوە. لێرە لەو بەرانبەرییەدا، یەکە دەلالیەکانى مانا، دەبێتە جێگەى سەرنجدان. بۆ نموونە ئەگەر دادپەرەوەرى/نادادپەروەرى.... لە چەندین مانادا یەکبگرنەوە، ئەوە لە مانایەکدا دژ دەکەونەوە، ئەو دژکەوتنەوەیە لە (نا)دا خۆى رادەگەیەنێت، یان بە مانایەکى دیکە ئەو کاتەى وشەى (نا) لە بەرانبەر وشەى (ئا) خۆى دەخاتە سەر شەقام، دژ کەوتنەوەکە روونتر خۆى نیشان دەدات.


بەڵام وەک دەزانین لە دەرەوەى وشەى (ئا و نا) یەکەمین پرنسیپى دادپەروەرى ئەوەیە کە لەسەر توانا و خەسڵەتەکان لە خەڵک نەپێچینەوە، جیاوازى لەنێوان دەوڵەمەند و هەژار... دانەنێین، یاسا بۆ هەمووان وەک یەک بێت، ئازادى بێ شوناس و جوگرافیایە، با ئازادى بۆ هەمووان بێت...


ئەو کاتە دادپەرەوەرى، بە نایەکسانى دادپەرەوەرى رازییە، ئەو کاتە رەوایە جیاوازى لەنێوان دوو کەسدا بکرێت، کە یەکێک لەویدیکە شارەزایى زێتر و پسپۆرتر و بە تواناتر بێت و لە کارەکانیدا دەستپاکترو خزمەتى زێتر بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت سەرمایەى دە ئەوەندەى ئەویتر، یان زێتر بێت. بەو مانایەش دەبێ نایەکسانى کۆمەڵایەتى و ئابورى لەسەر دوو مەرج جێبەجێ بکرێت: یەکەم، پێویستە ئەو پێگە و وەزیفانە بۆ هەمووان کراوە بێت. ئەو پێگە و وەزیفانە نابێ بەڕووى هیچ کەسدا داخراو بێت، لەگەڵ رەچاوکردنى توانا و شارەزایى و پسپۆرى. دووەم، دەبێ ئەو نایەکسانییە ئابورى و کۆمەڵایەتییە لە تاکە زۆر هەژارەکاندا رەنگبداتەوە، واتە پێویستە حکومەت پارێزگارى لە تاکە زۆر هەژارەکان بکات، بۆ ئەوەى لەبەرانبەر بە تواناکاندا هەست بە بێ بەهایى نەکەن.[v]


بە کورتى دەمەوێ بڵێم (نا) لەو خوێندنەوە ناجێگیرەدا، دەشێ بەو فاکسینە (لقاح) بژمێردرێت، کە کۆمەڵگە لە نەخۆشییەکان دەپارێزێت. بەو مانایەش (نا) وەک خوێندنەوە، دەشێ جوانیەکانى خۆى لە ئایندەى نادیاردا هەڵگرێتەوە! بەڵام خوێندنەوەى جێگیرى (ئا) لەڕێگەى ئەو هێزەى کە دەسەڵات وەک موڵکێکى جێگیرى خۆى دەناسێنێ! ئەو هێز و دەسەڵاتەى کە ئەویدیکە رەتدەکاتەوە، پێیوایە قابیلى تێگەیشتنى ئەو نییە، لەوێوە کە ئەو زۆرینەیە و دەشێ نکۆڵى لە کەمینە بکات. خوێندنەوەى جێگیرى (ئا) هەمیشە لە هەوڵى ئەوەدایە، کە ئەویدیکە بۆ دیمەنێکى گاڵتەجاڕانە و کەمبایەخ بچووک بکاتەوە. بەڵام ئەو خوێندنەوەیە لەو سنوورە دەکەوێتە ژێر پرسیار، کە (نا) دێتە سەر شەقام.


دەقى خۆپیشاندان و میکرۆفیزیاى هێز.


دەسەڵات لە پەیوەندى هێزەکانەوە هەڵدەقوڵێ و سیستەمێک و زنجیرێک پێکدێنێ، ئەو سیستەم و زنجیرەیە یان بەندە بەیەکەوە یان لەیەکپچڕاوە. کەواتە کە دەڵێین دەسەڵات پەیوەندییە، دەبێ ئەوە بزانین کە پەیوەندیش بەردەوام لە گۆڕاندایە، بۆیە ناتوانین ئەمڕۆ قسە لە سێنتەرى دەسەڵات یان دەسەڵاتى سێنتەر بکەین! چونکە هێز لە هەموو شوێنێ پەرت و بڵاوە، بەو مانایەش دەسەڵات دەکەوێتە نێو جەستەى کۆمەڵاَیەتییەوە، لە هەموو پنتێکى جەستەى کۆمەڵایەتیشدا پەیوەندى هێز هەیە: لەنێوان ژن و پیاو، لەنێوان تاکەکانى خێزان، لەنێوان هەموو ئەوانەى دەیانناسى و ئەوانەى نایانناسى، ئەو تێگەیشتنە بۆ دەسەڵات (فۆکۆ) بە میکرۆفیزیاى "هێز/دەسەڵات" (Micro-physique du pouvoir) ناوى دەبات.[vi]


فۆکۆ رەفزى ئەو دیدە (ئاڵتۆسێر)ییە بۆ دەسەڵات دەکاتەوە، کە دەسەڵات لە دامەزراوە ئایدیۆلۆژییەکان و دامەزراوە ستەمکارەکانى دەوڵەتدا کورتدەکاتەوە. چەمکى دەسەڵات لاى فۆکۆ تەجاوزى بوارى سیاسى دەکات و لە هەموو لایەکى کۆمەڵگە و لە هەموو شوێنێک بەدى دەکرێت. دەسەڵات لە هەموو شوێنێک و لە هیچ شوێنێک نییە.


بەمجۆرە میکرۆفیزیا مۆڕکێکى جۆراو جۆر و فرە بە دەسەڵات دەبەخشێ، واتە بوونى ژمارەیەکى بێ کۆتا لە پنتى رووبوڕووبوونەوە و تیشکۆى ناجێگیر. هەر پنتێکیش ترسى ململانێى لەخۆدا هەڵگرتووە و دەکەوێتە دووتوێى کاتێکى دیاریکراوى هێزەوە. کەواتە هەموو دەسەڵاتێک لەبەرانبەر تیشکۆى هێزەکانى دیکەدا لە تاقیکردنەوەى بەردەوام و پێوانەکردنى بەردەوامدایە. پەیوەندى هێزەکان جێگیربوون ناناسن. پەیوەندى هێزەکان بەهۆى بە دامەزراوکراوەکانەوە ناسنامەى دەسەڵات بەرجەستە دەکەن.


فۆکۆ پێیوایە پەیوەندى، یان ململانێى هێزەکانى نێوان دوو لایەن، لەڕێکەى هاوگونجان، یەکلاناکرێتەوە! یان بەهۆى گفتوگۆ و ئەوەى (هابرماس) پێیدەڵێ بەیەکگەیشتن (continuity) بەڵکە لەڕێگەى سەرکەوتنى ئامانجى یەکێکیان بەسەر ئەویدیکەدا، بە مانایەکى دیکە کامیان بتوانێ زۆرینەى پێداویستییەکان جێبەجێ بکات، هێز بەلاى ئەودایە. بە دەستەواژەیەکى دیکە فۆکۆ پێیوایە هیچ دانپیانانێکى پێوانەیى بۆ رەوایەتى بوونى نییە.


کەواتە لاى فۆکۆ ئەوە هێزە، یان پەیوەندى هێزەکان و دەسبەسەراگرتن و زاڵبوون و دواتر حوکمکردن و چاودێرى و سزایە، ململانێکان یەکلا دەکاتەوە. لەسەر بنەماى ئەو جۆرە لە یەکلاکردنەوە (دۆڵۆز) فۆکۆ بە (نیچە)ییى لە قەڵەم دەدا. بەڕاى دۆڵۆز، فۆکۆ لە وێناکردنى دەسەڵاتدا رێبازى نیچە پەیڕەو دەکات، واتە لە یەکلاکردنەوەى ململانێى هێزەکاندا دوو رێگە دەبینێ، یەکەمیان: وەهم، یان ئایدیۆلۆژیا و خەڵەتاندن. دووەم: لەڕێگەى بەکارهێنانى تووندوتیژى. واتە بۆ یەکلاکردنەوە جارێک هانا بۆ هێزى فیزیکى دەبات و جارێکى دیکە بۆ خەڵەتاندن.


لە یەکلاکردنەوەى ململانێى هێزەکاندا، دەشێ بۆ خوێندنەوەى دەقى خۆپیشاندان هێزى "فیزیکى" و "خەڵەتاندن" تەرجەمەى مەدلولى "ئاشکرا" و مەدلولى "شاراوە" بکەین. دەمەوێ بڵێم لەبەر ئەوەى دەقى خۆپیشاندان سەر بە لایەنێکى دیار نییە، بۆیە دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەى خوێندنەوەکانى زێتر پشت بە فیکرەى درووستکردنى سیناریۆ دەبەستێت. واتە هەتا هێزى سیناریۆ درووستکردنى پێمابێت دەست بۆ ئاشکراکردنى تووندوتیژى نابات.. دەسەڵات لە خوێندنەوە شاراوەکانیدا هەمیشە لە بەرانبەر خەسڵەتى "خاکەڕایى" و "نەگونجان" و "بوێرى" بنەماگەلى "ناپاک" و "نەیار" و " ئاژاوەگێڕ" لە سیناریۆکانى رەنگدەداتەوە! بەو مانایەش ئەوەى لە کردەى خۆپیشاندان بوێرى دەنوێنێ لە خوێندنەوەى دەسەڵاتدا ئاژاوەگێڕە.. ئەوەى کە بەردەوام لەگەڵ سلبیاتەکان ناتوانێ بگونجێ، دەسەڵات بە دوژمن و نەیار وەسفى دەکات.. ئەوەى کە لە ناخەوە هەست بە لێپرسراوێتى دەکات و خاکەڕایانە بێ ئەوەى جگە لە دڵسۆزى بۆ نیشتمان نیازێکى لە پشتەوە بێت، دەسەڵات بە ناپاک و دوو ڕوو لە قەڵەمى دەدات..


وەک گوتمان چونکە دەقى خۆپیشاندان ناکەوێتە نێو لۆژیکى تێگەیشتن و نیاز و لایەنێکى دیاریکراوەوە. چونکە دەقى خۆپیشاندان وەک دەقێکى سپى هێلە دیارەکانى تێگەیشتن ناکێشێ، زێتر هێلە نادیارەکانى خەیاڵ بەرفرەوانتر و سنوورى ئەگەرەکان تۆختر دەکاتەوە و هەموو ئەو توانایەش بەهۆى دەرکەوتن و ئاشکرابوونەوە بەدەست ناهێنێ، بەڵکو لە پێچە نادیارەکانیدا هەڵیگرتووە، یان بەهۆى فرەیى مانا و فرەیى خوێندنەوەى نێو دەنگە پەنماوەکانەوە بەدى دەهێنێ، نەک وێنە دیارەکانى سەر سەحنە. بۆیە دەسەڵات لەبەرانبەردا لەڕێگەى بەکارهێنانى دەمامکەوە بە نواندنى سیناریۆکانى هەڵدەسێت!


بەڵام کاتێک خۆپیشاندان لەسەر ماناى وێکچوو هاتە مەیدان، کاتێک خۆپیشاندان کۆمەڵێک پاڵەوان و فەردى موقەدەسى بەرهەمهێنا، کاتێک خۆپیشاندان ئاڕاستەى دیاریکراوى گرتەبەر... ئەو کاتە دەقى خۆپیشاندان لە دەقێکى سپى بۆ خوێندنەوە، بەرەو دەقێکى دیار بۆ نووسینەوە دەچێ!! ئەو لەکەدارکردن و گواستنەوەیە لەدەقى خوێندنەوە بۆ دەقى نووسینەوە[vii] هەر تەنها لە حەزى ئۆپۆزسیۆندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو وەک حەزى دەسەڵاتیش دەکرێ سەیرى بکەین!! ئەگەر بۆ یەکەمیان دەلالەتى هێزى لەخۆدا هەڵگرتبێ!! ئەوە بۆ دووەمیان دەبێتە وێنەیەکى دیار بۆ نیشانەگرتن!!


کارکردنى خۆپیشاندان لەسەر ماناى وێکچوو، نیاز و مەبەست و ئاڕاستەى دیاریکراو، یان دەرکەوتنى ناوەڕۆکى خۆپیشاندان وەک دەق بۆ نووسینەوە... دەشێ بۆ ئۆپۆزسیۆن ماناکانى هێزى تەعبیرکردن لەخۆ بگرێ. بەڵام بۆ دەسەڵات دەرکەوتنى وێنەى دوژمن دەگەیەنێت. بۆ ئۆپۆزسیۆن جێگەى دڵخۆشى و شانازییە، بۆ دەسەڵات جێگەى نیگەرانیە و لە هەمان کاتتدا دیاریکردنى خاڵى دەستبردنە بۆ هێز و تووندوتیژى.
__________________________________________
سەرچاوەو پەراوێزەکان:
[i] - رولان بارت، مغامرە فی مواجهە النێ، تالیف، فرانک ایفرار و اریک تینه، ترجمە، د. وائل برکات، دار الینابیع، دیمشق، گ1 2000، ێ119.
[ii] - بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە، ه.س.پ. ل77.
[iii] - لێرەدا هەوڵمداوە چەمکى نەگونجان لە چەمکى کاراکتەرى ئیشکالى نزیک بکەمەوە، تێگەیشتن لە پاڵەوانى ئیشکالئامێز، بەوەى ئیشکالەکان دەخاتە روو، نەک بەوەى کە هەوڵى گۆڕینیان دەدات.
[iv] - کۆى ئەو خەسڵەتانەى خۆپیشاندەر، دەشێ لە خەسڵەتگەلى رۆشنبیریشدا بەدییان بکەین. بەو مانایە کە رۆشنبیر ئەو کەسەیە، بوونى خۆى لە هەستکردن بە رەخنەى بەردەوامدا هەڵدەگرێتەوە. بە کورتى رۆشنبیر و خۆپیشاندەر لەوێوە رووبەرووى دەسەڵات دەبنەوە، کە ستەمکارى جێگەى دادپەروەرى، دیکاتاتۆرییەت جێگەى دیموکراسییەت دەگرێتەوە، لەوێوە کە مەرج نییە بیروڕاکانیان ببنە بابەتێک بۆ جێبەجێکردن...
[v] - لەڕیگەى وەرگرتنى باجى زێتر لەلایەن دەوڵەت و دابەشکردنى بەسەر هەژاراندا بۆ ئەوەى بارى ژیانیان بەرەو باشى بەرن. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: الفیلسوف الامیرکی فی کتاب جدید عن العدالە و الحریە، هاشم ێالح،22/3/2011، الشرق الاوسگ.
[vi] - فوکو و میکروفیزیاء السلگە، معزوز عبدالعالی، جمعیە الفلسفیە المغربیە،5/2/2011، مدارات فلسفیە.
[vii] - لە تەواى ئەو وتارەدا هەوڵمداوە دەقى خوێندنەوە بە دەقى بێ لایەن و دەقى نووسینەوە وەک لایەندار بناسێنم، بەو مانایەش مەرجى تێگەیشتن بۆ ئەو دوو جۆرە لە ناسین پشت بە دەق بۆ خوێندنەوە و دەق بۆ نووسینەوەى (بارت) نابەستێت.

 

نیسانى2011

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک