په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٩\٢٠١٢

لێدوانەکەی ''کاک خالید عەزیزی'' چی دەگەیەنێ؟

جەلال محەمەد     

- بەشی سێیەم -

هەمان تاس و هەمان حەمام:


بەشێکی دیکە لە دیمانەکەی کاک خالید عەزیزی دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو گوتە بێ ناوەڕۆکانەیە کە لایەنە داڕماوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ڕابردوودا ئاڕاستەی هەر یەک لە "پەکەکە و پەیەدە"یان دەکرد . چونکە کاتێک بەڕێز "کاوە جەم" پرسیار لە ئاغای عەزیزی دەکات و دەڵێت:


بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای کوردستانی سووریا و نفوزی پەکەکە و پژاک لە شارەکانی باشوور و باکووری کوردستانی ئێران، پێت وانییە لە دواڕۆژدا پەکەکە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکات نەک ئێوە؟


ئاغای عەزیزیش لە وەڵامدا دەڵێت:


[کوردستانی ئێران، کوردستانی سووریا نییە. پەکەکە لەمێژە لە سووریا بووە و ژیاوە و لەوێ خۆی گرتووە، بەڵام بوونی پەکەکە لە کوردستانی ئێران بەو شێوەیە نەبووە. پەکەکە دەیەوێ لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا شتێک بۆخۆی دروست بکات، هەر بۆیەیش پژاک دروست بوو. پژاک هەڵقوڵاوی بیروبۆچوون و خواستی خەڵکی کوردستانی ئێران نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە.


پژاک لەو ماوەیەدا کەرستەیەک بووە بە دەست پەکەکە و هەر کاتێک بە باشی زانیوە و پێویستیان بووە، شەڕی چەکداری لە دژی ئێران پێ کردوون. بۆیە پێم وا نییە بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە کوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەکەکە یان پژاکدا بگونجێت].


دەوڵەتی تورک دەڵێت (پەکەکە تیرۆریستە و هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردی تورکیا نییە و هیچ نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆشی نییە)!


خالید عەزیزیش دەڵێت (پژاک هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردستانی ئێران نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە)!


بە وردبوونەوە لەم دوو لێدوانەی سەرەوە دەردەکەوێت کە خالید عەزیزی کورتی نەهێناوە لەو ئەرکەی کە بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە و پژاک بۆی دیاری کراوە. دەنا کەسێک کە هێشتا لە دوی ناسنامەی حیزبەکەی وێڵ بێت و هاوکەمپنشینەکانی ئامادە نەبن وەکو حیزب بیناسن و بە برادەرانی دابڕاو ناویان بێنن ، ئیتر چ پەیوەندییەکی بەم لێدوانەوە هەیە کە گوتەی ڕۆژانەی تورکە فاشیەکانە دژ بە پەکەکە؟!


لە سەرەتای ١٩٨٠کاندا "ئەنیا تەڤگەری کوردی تورکیا کە پێکهاتەی ١٧ حیزب بوو" دەیانگوت (پەکەکە هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی خەڵکی کوردستانی تورکیە نییە و ئێستایش نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە) . لە کاتێکدا کە خودی "ئەنیا تەڤگەر"ی ناوبراو میلەتیان فەرامۆش کردبوو بۆ کەمالیستەکان و خۆیشیان لە بەهەشتەکەی ئەوروپادا ژیانیان بەسەر دەبرد ، بەڵام کات هات و چوو کە پەکەکە بوویە گەل و گەلیش هەموو جێگەکانی پڕ کردەوە ، ئەنیا تەڤگەریش نەک هەر لە میلەت دابڕان بەڵکو کەوتنە زبڵدانی مێژووەوە و دواین کەسیش لە ئەنیا تەڤگەر "کەمال بورقا"ی بوو کە گەڕایەوە ئامێزی ئەردۆغان و بە دیموکراتیەکەی ئاکەپە شاد بوو.


تا دوو مانگ بەر لە ئێستاش ، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کە زادەی ١٦ حیزبە ، دەیانگوت (کوردستانی سوریە کوردستانی تورکیە نییە ، پەیەدە هەڵقوڵاوی بیروبۆچوون و خواستی خەڵکی کوردستانی سوریە نییە و نفوز و ئیعتبارێکی ئەوتۆی نییە) . لە کاتێکدا ئەم ئەنجومەنە پێیەکیان لە ئەنقەرە و پێیەکەی دیکەیان لە هەولێر بوو . بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا شوێنی پەیەدە بوویە ئامێزی گەل ، پەیەدەش بوویە پارێزەری گەل و سەرکەوتوترین سیاسەتیشی خستە خزمەتی ڕۆژئاوای کوردستان . تەنها کارێکیش کە بۆ ئەنجومەنی ناوبراو مایەوە دەرکەوتن لە ئەنقەرە بە دەستی بەتاڵ و هانابردن بۆ بارزانی بوو تاکو لەلایەن پەیەدەوە قبوڵ بکرێن.


هەرچەند پێکهاتەکانی "ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا" ئۆردوگانشین نەبوون و لە ڕۆژاوای کوردستانیش دانەبڕابوون کەچی لە بەرامبەر سیاسەتی پەیەدەدا شکستیان خوارد . بەڵام خالید عەزیزیەک کە سەرتاپای ژیانی لە هەڵهاتندا بەسەر بردووە و حیزبەکەشی زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ڕۆژهەڵات دابڕاوە و میلەتی سپاردووە بە چارەنووس و ئۆردوگانشینیشی کردۆتە پیشە ، هێشتاش خۆی دەکاتە زمانحاڵی هەموو ڕۆژهەڵاتیەکان و لەبری هەموویان بڕیار دەدات و دەڵێت " پژاک هەڵقوڵاوی بیر و بۆچوون و خواستی کوردستانی ئێران نییە و بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە کوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەکەکە یان پژاکدا ناگونجێت ".


حیزبی دیموکرات ٦٧ ساڵ لە تەمەنی بەسەر برد ، لەو ماوە دوور و درێژەدا کەمتر لە ساڵ و نیوێک لە نێوخۆی بەشێکی کەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "موکریان" و باقییەکەی لە هەڵهاتن و دوورە وڵاتی بەسەر بردووە . تا ئەو کاتەی هێزی جوڵەیان هەبوو لە عێراق و ژێر چاودێری بەعسدا بوون . کاتێک جوڵەیان لێ بڕا، بوونە موچەخۆر و کەرەستەیەکی هەرزان بەهای بەر دەستی یەکێتی و پارتی "پەیوەندی کۆماری ئیسلامیش بە یەکێتی و پارتیەوە لە کەس شاراوە نییە" ، کەچی هێشتاش ئاغای عەزیزی تۆمەتی کەرەستەبوون دەخاتە پاڵ پژاک!


پژاک لە نۆ ساڵەی تەمەنیدایە و لەو ماوەیەشدا تەنها بۆ چاوتروکانێک لە میلەت دانەبڕاوە و سەری بەرزیشیان بۆ موچەی یەکێتی و پارتی نەوی نەکرد . ئەگەر حیزبی دیموکرات بە ٦٧ ساڵ نەیتوانی سنوری موکریان دەرباز بکات ئەوا پژاک لە کورتترین ماوەدا گەیشتە هەر جێگەیەک کە کوردی لێ بێت "چ باکوری خۆراسان و چ لوڕستان ، چ ئیلام و چ کرماشان" ئەمە وەک پژاک . بەڵام بوونی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتدا لەو ماوەیە زیاترە ، دیرۆکی بوونی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات یەکسانە بە دیرۆکی هەڵهاتنی حیزبەکەی کاک خالید عەزیزی لە ڕۆژهەڵات ، ئەو دیرۆکەش چارەکە سەدەیەکی دەرباز کردووە ، کەچی هێشتاش کاک خالید دەڵێت "پێم وا نییە بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە کوردستانی ئێران لەگەڵ عەقڵییەتی پەکەکە یان پژاکدا بگونجێت"!!!


بریا کاک خالید عەزیزی بەر لەم لێدوانە ، پرسیاری لە مەلا عەبدوڵا بکردایە کە ئاخۆ کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا شارەزاترە یاخود کوچە و کۆڵانەکانی ئێستای سەردەشت؟


بریا کاک خالید پرسیاری لە خۆی بکردایە کە ئاخۆ ژیانی سیاسی خودی خۆی زیاترە لە ڕۆژهەڵات یان ژیانی سیاسی نوێترین کادری پژاک؟


کاک "کاوە جەم" لە پرسیارێکی دیکەدا دەپرسێت: لەو بارەیەوە قسەتان لەگەڵ پەکەکە یان پژاک کردووە؟


کاک خالیدیش دەڵێت:


[ئێمە لەگەڵ پژاک قسەمان نەکردووە و ئەگەر بیکەین، ئەوا لەگەڵ پەکەکە قسە دەکەین، چونکە لە ڕوانگەی ئێمەوە پژاک لقێکی پەکەکەیە. لە ئێستادا زەروورەتێکمان نەبینوە. بەڵام لە هەندێ بۆنەدا هانمان داون کە پەکەکە سیاسەتکردنێکی بەرپرسیارانەی هەبێت و دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و تێبکۆشێت لەو کرانەوەیەی لە تورکیایە سوودی لێ وەربگرێت و توندوتیژی نەنوێنێت. هەمیشەی گوتوومانە دەستێوەردانی ئێوە لە پارچەکانی دیکە کوردستان جگە لە زیان، هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە].


لە سەرەتادا پێویستە بڵێم بەکارهێنانی دەستەواژەکانی (کرانەوە لە تورکیا – توندوتیژی نواندنی پ‌ک‌ک – دەستێوەردان و زیانگەیاندنی پ‌ک‌ک بە پارچەکانی دیکەی کوردستان) لە زمانی خالید عەزیزی‌یەوە ، دووبارەکردنەوەی ئەو دەستەواژانەن کە ئەردۆگان و تورکیە و ئێران"بە تایبەت ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکومەتی ئێران" سەبارەت بە پ‌ک‌ک و پژاک دەریدەبڕن ، واتە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم پەیامە لەلایەن تورکیە و ئێرانەوە نێردراوە.


هەڵبەت خالید عەزیزی یەکەم کەس نییە کە داخوازیەکانی ئەردۆغانی بەجێ هێناوە و بەر لەویش "عبد الباست سەیدا"ی خۆفرۆش لە ئەنقەرەوە گوتی (ئێمە دژ بە دەسەڵاتداری پەیەدەین لە شارە کوردنشینەکان ، دەبێت بە غەیری ئاڵای سوپای سوریای ئازاد هیچ ئاڵایەکی دیکە هەڵنەکرێت ، دەستێوەردانی پەکەکە لە شارە کوردیەکان جگە لە زیان هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە).


ئاشکرایە لەسەر داوای تورکیا پەکەکە کەوتە لیستی تیرۆرەوە ، خالید عەزیزیش دەڵێت "پژاک لقێکی پەکەکە"یە ، واتە دەخوازێت هەمان پەیام بە دۆستەکانی تورکیا بدات تاکو پژاکیش بخەنە لیستی تیرۆرەوە . بێگومان پەیامێکی لەو جۆرەش داوای هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر نییە چونکە ئەوانەی دەخوازن لایەنێکی کوردی بخرێتە لیستی تیرۆرەوە یان داگیرکەرانن یان خیانەتکارانن.


خالید عەزیزی دەڵێت (ئێمە لەگەڵ پژاک قسەمان نەکردووە و ئەگەر بیکەین، ئەوا لەگەڵ پەکەکە قسە دەکەین) . ئەم گوتەیە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە ، چونکە من خۆم ئاگاداری ئەم دیدارانە هەم لەو بارەیەوە:


١- لە سەرەتای لێک دابڕانی حیزبی دیموکرات ، دوو جار مەلا حەسەنی ڕەستگار سەردانی بەرپرسانی پژاکی کرد و قسەی زۆریشیان کرد دەربارەی هاوکاری نێوان پژاک و حدک.
٢- هێشتا چوار مانگ بەسەر لێک دابڕانی حیزبی دیموکرات‌دا دەرباز نەببوو کە بەڕێزان "مستەفا شەڵماشی و کاوە ئاهنگەری" سەردانی سەرۆکی پژاکیان کرد لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و قسەی زۆریان کرد لەسەر چۆنیەتی هاوکاریکردنی نێوان پژاک و حدک.
٣- چوار ساڵ بەر لە ئێستا ، هەیئەتێکی حیزبی دیموکرات چوونە قەندیل و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی پژاک ئەنجامدا بە مەبەستی هاوکاریکردن (بە داخەوە ناوی سەرۆکی هەیئەتەکەم لەبیر نەماوە).
٤- سێ حەفتە دوای چوونی ئەو هەیئەتە ، هەیئەتێکی دیکە بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە چوونە قەندیل بۆ دیداری پژاک و لە لایەن بەرپرسانی پژاکەوە پێشوازیان لێکرا . دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ مەلا عەبدوڵا گوتی "دەمانەوێت لە ئۆردوگانشینی ڕزگارمان بێت و بێینە قەندیل".


بەرپرسانی پژاکیش گوتیان "قەندیل ماڵی هەموو ئازادیخوازێکە و ئێمەش کەیفخۆش دەبین کە براکانمان بێنە نزیکمان ، هەم جێگەتان بۆ دابین دەکەین و هەم هاوکاری مادی و مەعنەویشتان دەکەین" . بەڵام کاتێک مەلا عەبدوڵا ئەم وەڵامەی بیست ، یەکسەر گوتی "دە کەوای لێهات دەچین پرس بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین با بزانین چی دەڵێن".


بەڵام کاتێک ئەم هەیئەتەی حیزبی دیموکرات گەڕایەوە ، نەک هیچ هەنگاوێکی نیشتمانپەروەریان نەنا بەڵکو مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە لە کۆبوونەوەی حیزبەکەیدا گوتبووی " بۆیە چوینە قەندیل تاکو فێڵ لە پژاک بکەین ".


٥- ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا لە "ستۆکهۆڵم" ، بەڕێز ڕەحیمی محەمەدزادە زەنگی بۆ سەرۆکی پژاک لێدا و قسەی زۆریان کرد بۆ نزیک بوونەوە لە پژاک ، هەر لە هەمان ڕۆژدا سێ جاری دیکە زەنگ بۆ بەڕێز حاجی ئەحمەدی لێدرا (دوو جار لە لایەن کاک ڕەحیمی محەمەدزادە و جارێکیش لە لایەن خودی کاک خالید عەزیزیەوە) بۆ قسەکردن لەسەر هاوکاری نێوان پژاک و حدک ، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەدا حاجی ئەحمەدی دەرکەوتبوو.


خۆشبەختانە هەموو ئەو کەسانەی کە ناویان هاتووە لە ژیاندا ماون و دەکرێت پرسیار لەو بارەیەوە بکرێت بۆ ڕاستی و دروستی ئەم گوتەیە . کەچی کاک خالید خۆی لە ئاستی ئەو دیدارانە نەبان دەکات و دەڵێت " ئێمە لەگەڵ پژاک قسەمان نەکردووە و ئەگەر بیکەین، ئەوا لەگەڵ پەکەکە قسە دەکەین"!


کاک خالید ئاماژە بەوە دەدات کە پژاک شەرعیەتی نییە و لەم بارەیەوە دەڵێت "لە ڕوانگەی ئێمەوە پژاک لقێکی پەکەکەیە".


بەر لەوەی کاک خالید بە "بڕیار"ێکی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە بکرێتە سکرتێر دەیگوت (پژاک واقعیەتێکە و بوونی هەیە ، پژاک شەرعیەت لە ئەندامانی خۆی وەردەگرێت و مافی هیچ کەسێک نییە شەرعیەتی بۆ دیاری بکات) . کەچی ئێستا کاک خالید بەو هەڵوێستانەی نیشان دەدات ئیرادەیەکی لە خۆی نییە و شەرعیەتیش لە پژاک وەردەگرێتەوە!!!
______________________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/lediwanekeykakx2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/lediwanekeykakx1.htm  

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک