٦\١٠\٢٠١٢
لێدوانەکەی ''کاک
خالید عەزیزی'' چی دەگەیەنێ؟

جەلال محەمەد
- بەشی
چوارەم (کۆتایی) -
پەتی درۆ کورتە:
جێی داخە کە هەندێک ڕۆژنامەنووسیش دەکەونە سەرلێشێواویەوە و
ئۆردوگانشینان دەخەنە ئەو خەیاڵەوە کە گوایە "داهاتووی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان بەدەستەوە دەگرن"!! ئیتر بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم
ئۆردوگانشینانە لە ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتیان بەدەستەوە بووە و کردیانە
کاغەزی قومار ، کەسانێک کە وڵاتیان بە قومار دۆڕاندبێت و هەر ڕۆژەی لە
سازێک لێ بدەن و نان بە نرخی ڕۆژ بخۆن ، ئیتر چ وڵات بە دەستەوە گرتنێک
؟ وەکو کاک کاوە دەپرسێت:
لەناو کوردستانی ئێران ڕەخنەی ئەوەتان لێ دەگرێت کە ئەگەر ئێستا
نەتوانن چەند حزبێکی کوردی بە یەکەوە ڕێک بکەون، ئەدی چۆن داهاتووی
کوردستانی ئێران بەدەستەوە دەگرن؟
خالد عەزیزیش "عەلی خامنەیی" ئاسا ، دەڵێت:
[بە تەواوی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەدام. ئەوان ڕۆژانە لەگەڵ دەرد و مەرگدا
دەژین و چاوەڕێی یەکگرتوویی لە ئێمە دەکەن، بۆیە خۆم و حزبەکەم لە
ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە هەوڵمان دا بە دیالۆگ یەکڕیزی دروست
بکەین].
خالد عەزیزی بە گوتە باس لە ڕابردوو دەکات کە هانایان بۆ دیالۆگ و
یەکڕیزی بردووە ، بەڵام بە کردەوە نەک هەر هانایان بۆ دیالۆگ و یەکڕیزی
نەبردووە بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی دووبەرەکی نانەوە و باندبازی و لێک
دابڕاندا بوون و تەنانەت دیاردەی پیسی چەقۆکێشی و شەڕە تێڵایان بردە
نێو ئۆردوگاکانیش.
ئەم گوتانەی خالد عەزیزی لاسایی کردنەوەی هەمان گوتە بێ ناوەڕۆکەکانی
سەید عەلی خامنەییە کە دەڵێت(خەڵکی فەلەستین ڕۆژانە لەگەڵ دەرد و
مەرگدا دەژین و چاوەڕێی یەکگرتوویی لە مسوڵمانان دەکەن ، ئێمەش هەمیشە
هەوڵمان داوە بە دیالۆگ یەکڕیزی نێوان مسوڵمانان دروست بکەین).
لە کاتێکدا بە کردەوە کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین دەوری لە تێکدانی
یەکڕیزی فەلەستینیەکان هەبووە و ناوچەکەشیانی دووچاری قەیرانێک کردووە
کە کەس نەزانێت ئەنجامەکەی بەچی دەگات.
پاشان پرسیار لە کاک خالد دەکرێت: بەشێک لە ئێرانییەکان بە ڕێککەوتنی
نێوان دوو حزبی دیموکرات و کۆمەڵە تووڕەن، ئەدی ئەگەر ئەو بەرە
فراوانەی باسی لێوە دەکەی دروست بکرێت، دەبێ هەڵوێستی ئەوان چی بێت؟
خالد عەزیزیش لە وەڵامدا دەڵێت.
[کارکردن لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کارێکی ئاسان نییە و تایبەتمەندیی
خۆی هەیە. هەڵوێستەکان بەرانبەر بە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە زیاتر
لە لایەن ئەو کەسانەوە بووە کە لە دەرەوەی ئێراندا دەژین. بۆیە ئێمە
عەقڵییەتی ئەو خەڵکانەی سێ دەیەیە لە دەرەوەی ئێران دەژین و شێوەی
هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی لە ناوەوەی ئێراندا هەنە، بە تەواوی لە
یەکترییان جیا دەکەینەوە و حیسابیان جیایە. ئەوانەی لەناو ئێراندان بە
جۆرێکی دیکە هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلەی کورددا دەکەن. نابێ هەڵسوکەوتی
ئەو چەند سەد کەسە پانئێرانیستەی لە دەرەوە دەژین، بەسەر هەموو خەڵکی
ئێراندا بگشتێنین. نابێ بە دڵۆپە ئاوێک وەمەلە بکەوین].
خالد عەزیزی ڕەخنەی ئەوە لە پانئێرانیستەکان دەگرێت کە سێ دەیەیە لە
دەرەوەی ئێران دەژین ، کەچی دیرۆکی ژیانی خۆی لە بیر چۆتەوە کە سێ دەیە
زیاترە لە دەرەوەی وڵاتە ! لە هەمان کاتدا بە گوتە ئەو کەسانە بە هەند
وەرناگرێت و بە کردەوەش هەمیشە لە دەرگای ماڵەکانیان دەدات تاکو ئاوڕی
خێری لێ بدەنەوە.
لە هەمان کاتدا ، کاک خالید ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە لە دەرەوە
دەژین و دەڵێت (نابێ هەڵسوکەوتی ئەو چەند سەد کەسەی لە دەرەوە دەژین،
بەسەر هەموو خەڵکی ئێراندا بگشتێنین. نابێ بە دڵۆپە ئاوێک وەمەلە
بکەوین.)!!
ئەی تۆ بڵێێ کاک خالید لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەژی کە
هەڵسوکەوتی خۆی بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتیەکاندا دەگشتێنێت و بە ناوی
هەمووشیانەوە لێدوان دەدات؟
ئەی تۆ بڵێی ژمارەی کۆی ئەندام و بنەماڵەی حدک لەو چەند سەد
پانئێرانیستە زیاتر بێت کە دڵۆپە ئاوێکیشیان دەست ناکەوێت بۆ مەلەکردن؟
سەرسوڕمان ئەوەیە ئاغای عەزیزی زۆر لە هەڵسوکەوتی ئەوانە ڕازیە کە لە
ناوەوەی ئێرانن و هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلەی کورد دەکەن !! لە کاتێکدا
ئەوانەی لە ناوەوەی ئێران هەڵسوکەوت لەگەڵ مەسەلەی کورد دەکەن (جیا لە
هەندێک ناوەندی مەدەنی و تاک کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کاری سیاسی
بکەن و تەنیا لە بواری کۆمەڵایەتی ، ژینگەپارێزی ، ڕۆژنامەوانی و
فەرهەنگیدا چالاکن) یان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین کە هەرچی
نەهامەتییە دوچاری کوردیان کردووە ، یان ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنە سەوزەیە
کە ماوەی دەسەڵاتداریان پەیڕەوکردنی فەتوای جیهادی سەر کوردان و لە
ناوبردنی تەواوی زیندانیەکان بوو . ئەگەریش هێندێک کورد خەریک کاری
سیاسی یان حیزبی بن ، بێگومان بە چاودێری حکومەت دەیکەن و زۆرتر لە
بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەدوێن تا بەرژەوەندی کورد.
لە کۆتاییدا هۆکاری نەبوونی گفتۆگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە کاک خالد
دەپرسن و ئەویش ددان بە چەند ڕاستیەکدا دەنێت و دەڵێت.
[ئێمە لە ناو کوردستانی ئێراندا ئێستاکە دەرفەتی چالاکیی سیاسیمان نییە
و قورساییمان کەمە و شەڕی چەکدارییشمان ڕاگرتووە، بۆیە بۆ ئێران
سەرئێشە نین تاوەکوو دانوستانمان لەگەڵ بکات].
زۆر جار بەرپرسانی حیزبی دیموکرات پاساویان بۆ بێ دەنگی و
ئۆردوگانشینیان هێناوەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک گوتەی
پارادۆکساڵیان ڕیز کردووە و بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە ، وەک "ئەزموونی
باشوور دەپارێزین - ڕەچاوی بارودۆخی
کوردستانی عێراق دەکەین - نامانەوێت سەرئێشە
بۆ حکومەتی هەرێم ساز بکەین - .....هتد".
کەچی ئێستاکەش کاک خالد باس لەوە دەکات کە (دەرفەتی چالاکی سیاسیان
نییە) ، ناوەڕۆکی ئەم گوتەیە ئەوە دەردەخات کە حیزبی دیموکرات بە جۆرێک
دەستەمۆ کراوە و بۆتە کەرەستەی دەستی یەکێتی و پارتی کە هەتا دەرفەتی
چالاکی سیاسیشیان پێ نەدرێت ، ئەنجامی ئەم کەرەستە بوونەش هیچ
سەرئێشەیەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی نەماوە تاکو دانوستانیان لەگەڵدا بکات.
هەڵبەت ئاشکرایە کە دەستەمۆبوون پیشەی چ جۆرە کەسانێکە ، هەر بۆیەش
تاڵەبانی لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٥دا لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بەبێ سڵەمینەوە
گوتی (حیزبی دیموکرات تەنها بارگرانیە بەسەر کوردەوە ، هێندەم کرد بە
قوڕگی حیزبی دیموکراتدا کە توانای بەخێوکردنیانم نەماوە ، ئەو زەرەر و
زیانەی حیزبی دیموکرات لە یەک ساڵدا بە کۆماری ئیسلامی دەگەیەنێت
هێندەی زەرەر و زیانی ئوتومبێلی یەک ڕۆژی شاری تاران نییە ، ....هتد).
ئەگەرچی دەستەمۆیی و بە کەرەستەکردنی حیزبی دیموکرات ڕاستییەکە و لە
کەس شاراوە نییە ، وەک کاک خالید دەیدرکێنێت و دەڵێت "قورساییمان کەمە
و بۆ ئێران سەرئێشە نین"، کەچی هەر خودی ئەم کاک خالید عەزیزییە زۆر
جار هەوڵی داوە بڵێت شتێکی لەم جۆرە بوونی نییە ، واتە زۆر جار بۆ
فریودانی هەوادارانی ١٠٠٪
پێچەوانەی ئەم قسانەی دەکرد و دەیگوت "هەموو قورسایمان لە نێوخۆی
کوردستانی ئێرانە و زۆرترین سەرئێشەشمان بۆ ئێران دروست کردووە".
بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730
هەڵبەت کاک خالید عەزیزی نمونەیەکی زۆر بچوکی حیزبی دیموکراتە کە نان
بە قەرزی ڕۆژ دەدات بۆ فریودانی لایەنگرانی ، چونکە فریودان بۆتە
کلتورێک لە نێو حیزبی دیموکراتدا و ئەنجامی ئەو فریودانەش بوو کە
وڵاتێکیان دۆڕاند و بوونە موچەخۆر لە ئۆردوگاکان.
ئایا کەسانێک کە هەر ڕۆژەی سازێک بژەنن و بۆ فریودانی لایەنگرانیان
ئەمڕۆ شتێک بڵێن و سبەی پێچەوانەکەی ، ئیتر دەبێت چاوەڕوانی چ
کردەوەیەکی باشیان لێ بکرێت بۆ دۆزی کورد؟
بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیمانەکەی کاک خالید عەزیزی کرتە لەسەر ئەم لینکە
بکە:
http://www.hawler.in/dimane32538.htm
______________________________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/lediwanekeykakx3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/lediwanekeykakx2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/lediwanekeykakx1.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|