په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

لێدوانەکەی موقتەدا سەدر.


هۆشیار وەلی     


لەدوای روووخاندنی رژَێمی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دام و دەزگا حکومیەکانی عێراق. بریار وا بوو هەر تاکێکی کۆمەڵگا بتوانێ بە ئازادیی بیرورای خۆی دەربرێ و هەموو کێشە ئاڵۆزەکان چارەسەر بکرێ. واتە لە عێراقێکی تاکڕەویی و ستەمکار و دیکتاتورییەوە بگۆڕیبایە بۆ عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی هەمەلایەنە و فرە نەتەوە و فرە حیزب و فرە ئاین و فرە مەزهەب و پێکەوە ژیان، کە ئێستا ئەمانە هەمووی بوونیان نییە لە گۆرەپانی سیاسی ئەمڕۆی عێراقدا و بزرن، لە دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی فەرمانڕەوایی واتە (مجلس الحکم) بریاری لە چەند خاڵ و بەندێکی دەستوورییدا درا یەکێک لەو خاڵانە مادەی (٥٨) بوو پاشان گۆڕا بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و بوو بە مادەی (١٤٠) ئەمەش بۆ چارەسەرکدنی کێشەی کەرکوک و ناوچەکانیتر.

 

ئەم دەستوورەش هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەمڕۆی عێراق تیایدا بەشدار بوون لە داڕشتنەوەی ئەم دەستوورەدا. بەڵام ئەم بڕیارانە تەنها لە دارشتنەوەی دەستووردا هاتوە تا ئیستا هیچ لەم بڕیارانە جێبەجی نەکراوە، سیستەمی فیدراڵی عێراق کە یەکێکە بڕگە سەرەکییەکانی دەستوور بەڵام تا ئێستا جگە لە لایەنە کوردستانیەکان هیچ لایەنێکی دیکە باس لە فیدراڵی عێراق ناکا بەڵکو زۆر جاریش پێیان ناخۆشە باسی لێوە بکرێ، ئەوەی جێگەی باسە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە لێدوانێکیدا بۆ (شەرق ئەلئه‌وسەت) ڕایگەیاند کە گوایە فیدراڵی بۆ عێراق گونجاو نییە و لە قازانجی خەڵکی عێراق نییە، سەدر لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە هەندێک لە سەرکردە کوردەکان بێزاریانیان کردوە لە داواکارییەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک و خانەقین و سەعدیە و ناوچەکانی دیکە، ئەوەشی دووپاتکردەوە کە گوایە هەر کاتێک کرژیی و ئاڵۆزیی بکەوێتە نێو لیستی عێراقیە و دەوڵەتی یاسا یا کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەوە داواکاری کوردەکان چڕتر دەبێتەوە، لێرەدا پێویستە بڵیین دیارە موقتەدا سەدر ئەوەی لەبیر چوەتەوە کە هەر کورد بوو توانی هەموو لایەنە سیاسیەکانی بانگێشت بکا بۆ هەولێری پایتەخت و لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆیان بکاتەوە و تەنها کوردە بوەتە کلیلی چارەسەری کێشەکان.

 

ئەمەو ڕۆژَانە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک چەندین بەیاننامەی جۆراوجۆر دەردەکەن لە دژَی گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بوونی هێزی پیشمەرگە لەو ناوچانە، ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی رەوانەی بەغدا کردوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەرچەندە ناردنی ئەم شاندە بێ سوودە و هیچ ئامانجێکی نابێ و هەر وەکو دانیشتنەکانی پێشوو دەبی. چونکە ئەوان تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو عەقلیەتە بۆگەنەی (وحدة وطنیة) و (عیراق العروبة)ن و تائێستا خۆیان بە خاوەن ماڵ دائەنێن ئێمەی کوردیش بە میوان ئەزانن، لە ماوەی ئەم هه‌شتا ساڵەی ڕابردوو جگە لە کاولکاریی هیچ قازانجیچکمان لەم عێراقە فاشلە نەکرد هه‌شتا ساڵی دیکە لەگەڵیان دانوسان بکەین ناگەینە ئامانج و ئەگەر بیانتوانیبایە لە بەعس کەمتریان بە گەلی کورد نەدەکرد، باشتر وایە چیتر سەرکردایەتی کورد شەرم نەکا و هێزی پێشمەرگە لە سەرانسەری چیای حەمرین دابەش بکات و لەوپەڕی ئامادەباشییدا بن و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت چونکە هەر ئەوەندەمان لێ شەهید دەکرێت کە رۆژَانە کوردی ئەو ناوچانە بەدەستتی ره‌شی تیرۆریستان شەهید دەکرێن.
 


Wshyar_wali12@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک