نیشتیمانێکی سه‌ربه‌خۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌خته‌وه‌ر جیهانێکی باش
حزبی رزگاریی کوردستان
لێدوانی وته‌بێژی حزبی رزگاریی کوردستان له‌پێوه‌ند به رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشووری کوردستان وته‌بێژێک به ناوی حزبی رزگاریی کوردستان رایگه‌یاند:
1- ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌کانی سه‌رانی تورکیامان دژ به کوردستان ریسواکردووه‌و پێمان وابووه له‌م کاته‌دا ئه‌گه‌ری له‌شکرکێشی بۆ باشووری کوردستان لاوازه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای تورک سه‌ره‌ڕۆیانه ره‌فتار بکه‌ن و له‌شکرکێشی بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان بکه‌ن نه‌ک هه‌ر زیانێکی گه‌وره به وڵاته‌که‌یان ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵکو به‌وهۆیه‌وه هه‌م تورکیا له شانۆی نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌ریک ده‌که‌وێ، هه‌میش یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان کوردستانیان پێکدێ، به‌مه‌ش دۆزی کوردستان له‌رۆژه‌ڤی ناوه‌نده‌کانی رای گشتی جیهانی و وڵاتان دا زیندوو ده‌بێته‌وه، سه‌رنجی جیهانیان به‌لای خۆیه‌وه راده‌کێشێ، وڵاتانی جیهان ناچار ده‌کات رێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاوی بۆ بدۆزنه‌وه. به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه حزبی رزگاریی کوردستان پشتیوانی له هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێستانه کردووه که بۆنی به‌رخۆدانیان لێهاتووه، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌و هه‌ڵوێست و رامانانه‌شی ریسوا کردووه که بزاڤی رزگاریخوازی باکوور به تیرۆریست ده‌ناسێنن و هه‌وڵی لێکترازانی ریزه‌کانی هێزه کوردستانیه‌کان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها دژی ئه‌وه‌شه که‌به‌و بیانۆیه‌وه پانتایی ئازادی رامیاری و رۆژنامه‌وانی به‌رته‌سک بکرێته‌وه. حزبی رزگاریی کوردستان هه‌رگیز پشتیوانی له‌و خه‌باته چه‌کداریه ناکات که له‌پێناو بووردنی گشتی درێژه‌ی پێده‌درێ، چونکه به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی لێبووردنی گشتی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی راستیه‌کان و تۆمه‌تبارکردنی گه‌لی کوردستانه، هه‌م ره‌وایه‌تی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه هه‌میش بانگه‌شه‌کانی دوژمن و داگیرکه‌ران ئه‌ستوور تر ده‌کات، بۆیه به‌تووندی ره‌تی ده‌که‌ینه‌وه. 2- له‌گه‌ڵ جێگیرکردنی مادده‌ی 140 ئێمه له‌حزبی رزگاریی کوردستان دا راشکاوانه رامانگه‌یاند که ئه‌و مادده‌یه خاپاندنێکی دیکه‌یه، له‌کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبه‌جێ ناکرێ، هه‌وڵێکه بۆئه‌وه‌ی جارێکی دیکه گه‌لی کوردستان به ده‌سرازه‌ی 140ه‌وه له بێشکه‌ی عێراق دا شه‌ته‌ک بدرێته‌وه، خه‌مساردیه‌کانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان ئاماژه‌یه‌کی دیکه بوون و وه‌دواخستنی له چاره‌ی دا ده‌نووسی، ئێستا که واده‌ی جێبه‌جێکردنی قۆناغه‌کانی ئه‌و مادده‌یه چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی ماوه، ئیدی بۆ هه‌مووان خۆیابووه که له‌کاتی دیاریکراویدا جێبه‌جێ ناکرێ، بۆیه داوا له کوردستانیان و سه‌رجه‌م هێزه ئازادیخواز‌و پێشڤه‌رۆکانی کوردستان ده‌که‌ین که گوشاری خۆیان ده‌کار بکه‌ن و بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی دیکه له ده‌وره‌ی یه‌کتر کۆببنه‌وه‌و یه‌کگرتووانه رووبه‌رووی رووداو‌و پێشهاته‌کان رابوه‌ستن. 3- له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌کانه‌وه ئاشکراکرا که هه‌ولێک بۆ به پارێزگاکردنی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له ئارادایه، ئێمه له کاتێکدا به تووندی دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه راده‌وه‌ستین، له‌هه‌مان کاتیش‌دا پێمانوایه به پارێزگاکردنی گه‌رمیان له‌م کاته‌دا زیانێکی گه‌وره به کێشه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان ده‌گه‌یه‌نێ، بۆیه به‌گومانه‌وه لێی ده‌ڕوانین و داوا له خه‌ڵکی گه‌رمیان و تێکڕای کوردستانیان ده‌که‌ین که دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه بوه‌ستنه‌وه‌و رێگه نه‌ده‌ن له‌م کاته‌دا رێژه‌ی کورد له پارێزگای که‌رکوک دا که‌م بکرێته‌وه.
حزبی رزگاریی کوردستان 19-11-2007
www.rpk93.org info@rpk93.org rpk93@hotmail.com
|