په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٦

    لە دوای ئاخەکانی زەلێخاوە.

بەنگین پیرۆت

لە دوای مزریی شلکە رێواسی لێوەکانت
راموسانێک نییە
گێلاس بکات بە لیمۆ
لە دوای خورمای کوڵمەکانت
شیرینایی نییە
وەک ھەنگوینی گەردنی تۆ
گەڵایەک نییە
بێدەنگ بێدەنگ
نەرم نەرم
پێچەوانەی تیۆرەکەی (نیوتین) و
سێوەکەی ناو لەپی ئادەم و
ھەرمێ قوتەکانی ناو دەستم
بێتە خوارەوە و خۆڵەمێش بکات بە ئاو
پایزێک نییە
بەفر بکات بە گڕکان
ھەتاو بکات بە سێبەر
گریانی چاوەکان ژیر بکاتەوە
ئەستێرەی ئاسمان ھەڵوەرێ و
خۆر بکات بە مانگ و
عەشق لە خودا بباتەوە
دڵۆپە بارانێک نییە
تاڵییەکەی لە دووریی یار بچێت
لە شەڕی دلبەردا بسوتێ و
جەنگی بارین بباتەوە
گەورەم، ئەی ژەنەڕاڵی وەرین و بارین
خودا و پێغەمبەرەکان وەک
ژەنەڕاڵەکان براوەی شەڕ بوون
کە لە جەنگی عەشق دا بە چۆک داھاتن
سەرکردەکان تێر ئاوی سیاسەت بوون
لە قومار و لەبەردەم ھێزی سوپای عەشق دا
کۆمارێکیان لە نامووس دۆڕاند
گەورەم، ژەنەڕاڵی گڕ و کڵپە
ئەوەتەی سوێندم ئاگرە
دۆڕاوی تلیاکی ئەوین و
براوەی دوای جەنگم
ئەوەتەی دروودم نیگاتە
نیشتیمانی دڵم بڵێسەیە
لە دوای ئاخ و ئۆفەکانی زولێخاوە
خاکی سەرم پڕە لە درۆی ڕش
ھیچ پیاوێک عەزیزی مسر نییە
حەفتا و دوو پەری و ژنەکانی دونیا
پەنجەکانیان لە سوێی ببڕن
لە زەمانی ھێزی ھەرقلەوە لاوازم
ئەوەتەی عەشق ھەیە من نەورۆزم
ھەتا ھەوری باران بیت
رۆژژمێری من وشکە ساڵیە
ھەر کات تۆ باری
ھەڵوەرینی من دەست پێدەکات.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک