په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٩

لە دۆزەخێکەوە بۆ دۆزەخێکی تر.
- خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی پەیڤەکانی دیوار -


 سەدیق سەعید     


ڕەھەندی سیاسی و شۆڕشگێڕی، پانتایەکی گەورەی لە ڕووداو وەک بنەمایەکی دەقی ڕۆمان لەئەدەبی کوردی گرتووە. بەو پێیەی ئێمە نەتەوەیەک بووینە بەردەوام لەژێر ستەم و چەوسانەوەی سیاسی دوژمنەکانمان ژیاوین. بۆیە ئەو واقیعە سیاسییە، ڕەنگدانەوەیەکی دیاری لەنێونووسینی دەقی ئەدەبی و بەتایبەتیش ڕۆماندا ھەیە. ئاراستەکانی ڕۆمانی کوردی، ھێندەی بەرەو واقیعن، کەمتر ڕەگەزی فەنتازیا و خەیاڵی تیادا بەرجەستەیە. بەدەربڕینێکی تر، بەشێکی زۆر لەڕۆمانە کوردییەکان، گوزارشت لەقۆناغێکی سیاسی و شۆڕشگێری کورد دەکەن.واتە ڕووداو لەو ڕۆمانانەدا، ڕووداوێکی واقیعیە، بەڵام بەدنیابینییەکی ئەدەبییانەوە گوزارشتی لێدەکرێت. لێرەوە کاتێ ھەندێک ڕۆمان دەخوێنینەوە، خوێنەر ئەو تێگەیشتنەی لادروست دەبێت، کەتیمەی ڕۆمانەکە ڕەنگە ڕووداوێکی واقیعی بێت. بگرە لەھەندێ کاتدا، ڕەنگە پاڵەوانی ڕووداوەکان، یان گێڕەڕەوەی بەسەرھاتەکان، خودی ڕۆماننووس خۆی بێت. بەڵام بە شوناسێکی تر. کاتێ ڕۆمانی پەیڤەکانی دیواریش دەخوێنینەوە، بەرھەمان، ئەو ڕووداوانە دەکەوین، کەڕەھەندێکی سیاسی و شۆڕشگێڕیان ھەیە.

 

ئەم ڕۆمانە، باس لە ڕووداوێکی سیاسی دەکات کەتیایدا کۆمەڵە کەسێک ناچار دەبن سنووری دوو وڵات ببەزێنن، کە سەرانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە یەکێکە لەوان.بەڵام دوای ئەوەی ھەوڵی پەڕینەوە لە سنوورە تەلبەندکراوەکانی عێڕاق بەرەو ئێران دەدات، ئیدی پیاوانی ڕژێم دەگەنە سەری و دەستگیری دەکەن و لە خێزانەکەی جیا دەکەنەوە. ئەم دەسپێکە درێژکراوەی ڕووداوەکەیە. چونکە دوای ئەوەی سەران و خێزانەکەی، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا دەپەڕنەوە، لەسنووردەستگیردەکرێن. کەواتە پێشتر دەبێ ئەم ھەڵاتنەیان دەرەنجامی ڕووداوێکی دیکە بێت، بە بڕوای خۆشم وەک خوێنەرێک و ئەوەندەی لەناوەڕۆکی ڕووداوەکە گەیشتم، ڕەنگە ڕووداوەکە ھەلومەرجی دوای تێکشکانی ھێزەکانی پێشمەرگە بێت لە شاڵاوەکانی ئەنفال و پاشەکشەیان و چوونیان بۆ ئێران. کەواتە پێشر ڕووداوەکە ڕوویداوە، ئەوەی ئێمە لە دەسپێکی ڕۆمانەکە دەیبینین، درێژە پێدانی گێڕانەوەی ڕووداوەکانە. ئیدی ئێمە لێرەوە بە ژیانی کەریم و ڕابردووی پاڵەوانەکە ئاشنا دەبین ودەگەڕێینەوە سەرەتای ڕووداوەکان.کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، کەھەر خۆشی گێڕەڕەوەی ڕووداوەکانە، ناوەڕاستەقینەکەی کەریمە، بەڵام نازناوەکەی سەرانە. سەران، یەکێکە لەگوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان لەسنووری ڕواندزو کەوتۆتە نێوان چیاکانی کارۆخ و ھەندرێن و بەبنارچیای ھەندرێنەوە ھەڵکەوتووە. سەران دوای ئەوەی لە گەڵ خێزانەکەی، ھەروەھا چەندین کەسی دیکەش بەیاساغی دەیەوێت لەخاکی عێڕاقەوە بچێتە ئێران و سنووردەبڕێت، لەسەروبەندی بڕینی ئەو سنوورە دەستکردە کەنەتەوەیەکی یەک زمان و یەک خاکی کردووە بەدوو، کە خۆشی دەڵێت نیوەم لەم سنوور بوو، نیوەکەی تریشم لەو سنوور، وەک ئاماژەیەک بۆ دابەشبوونی کوردستان لە نێوان ئێران و عێراقدا،سەران دەگیرێت و لەلایەن پیاوانی ڕژێمەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە زیندانێک و لە ھاوسەرەکەی دادەبڕێت. ئەمە دەسپێکی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەیە. بەڵام دەسپێکی چیڕۆکەکە نییە. چونکە ڕۆماننووس لێرەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. واتە بەرلە گیرانی سەران، ئیچمە نازانین پێشتر چی بووە؟ بۆچی سنوور دەبڕێت؟ تاکو لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەو لە میانەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەزانین کە سەران پێشمەرگەبووە، پێدەچێ لە ھاوڕێیانی شیوعیش بووبێت.ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لێرەوە دەست پێدەکەن. بەڵام ئەمە ڕووداوە سەرەکییەکە نییە، ڕۆماننووس لە پەراوێزی گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە، لەڕێگەی تەکنیکی فلاشباکەوە دەگەڕێتەوە ڕابردوو، ئەو کاتەی جارێکی دیکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی سەردانی ئێرانی کردووەو لە گەڵ ھەڵمەتی ھاوڕێی بەیەکەوە دەگیرێن. ئیدی گێڕانەوەکان لێرەوە دەست پێدەکەن. دوای گرتنی، پیاوانی ڕژێم تۆمەتی ئەوەی دەدەنە پاڵ کە ئەو سیخوڕ بێت و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی سەردانی ئەوێی نەکردبێت. بۆیە بە کەلە پچە کراوی ڕاپێچی زیندانی دەکەن و لەزیندانی تاکەکەسییەوە بۆ زیندانی بە کۆمەڵ ئەم سەرو ئەوسەری پێدەکەن و ڵێکۆڵینەوەی لە گەڵدا دەکەن. سەران کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، لەزینداندا ھەموو جۆرە ئازارو ئەشکەنجەیەک دەبینێت. ھەموو جارێکیش داوای لێدەکەن کە دان بەوە دابنێت کەئەو بۆ کارێکی سیاسی ھاتۆتە ئێران و ئەویش نکۆڵی لێدەکات. شوێن لەو ڕۆمانەدا دەکرێ بڵێین شوێنێکی جێگیرو داخراوە کەئەویش چوار دیواری زیندانە. سەران بە جەستە لە زینداندایە، وەلێ بەروح، بەبیرەوەرییەکان، لەدەرەوەی زینداندایە. بۆیە بەردەوام دەگەڕێتەوە ژیانی ڕابردووی. ئەو گەڕانەوەیە، ھەوڵێکە بۆ دەرچوون لەزیندان تەنھا لە ئاستی روحی نەک جەستەیی. سەران دەگەڕێتەوە ڕۆژانی ڕابردوو، نێو ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی(ھەروەک خۆشی دەڵێت من تەنھا بە جەستە لەزیندان بووم، دەنا فرم بە سەر زیندانەوە نەبوو) دەگەڕێتەوە نێو یادگارییەکانی ھاوڕێ تارا،زەمەنێک دەخولقێنێت، کە ئەو لەدەرەوەی زیندان بێت. وەلێ ھەر کاتێک جیرەیەکی دەرگا، دەنگی پێی پاسەوانێک، ھاواری زیندانییەک کەلەتاو ئازاردانی زایەلە دەداتەوە دێت، سەران زنجیرەی بیرەوەرییەکان دەپچڕێت و دێتەوە نێوچواردیواری زیندان.

 

رۆماننووس لە ڕێگەی تەکنیکی مۆنتاژی سینەماییەوە، لۆکێیشنی ڕووداوەکان بەیەکەوە گرێدەدات. زەمەنکان تێکھەڵکێش دەکات. لەنێوان ڕابردوو، ئیستادا، خەیاڵەکانی ھەرچوار دیواری زیندان تەیدەکەن. ئەم دەرچوونە وەھمییە لەزیندان، ھەوڵێکە بۆ ئاسوودەبوونی ڕوحی و لەبیرکردنی ئازارەکانی. ڕەنگە سەرەکیترین کردار لەزینداندا کەزیندانیکراو بیکات، دەرچوون بێت لەزیندان.ئەگەر ئەودەرچوونە ڕوحییە نەبێت، تەنھاییەکانی زیندان ھەرلە سەرەتاکی زیندانیکردنەوە مرۆڤەکان دەکوژن. وەلێ ئەوە جەستەیە زیندانییە نەک ڕوح. سەران لەنێوان ھەر دیمەن و کەرستەو ئەدگارێکی نێوزینداندا، دیمەن و ئەدگارەکانی ڕابردووی دێنێتەوە بەرچاو. ھەر لەکەرستەو پێداویستییە بێ نرخەکانی زیندانەوە، تا کو ڕایەخ و شوێن و جێگەودانیشتن وھەموو جۆرە کردارێک. ئەوەی لە پشت ئەو بەراورد کردنەیە، لەڕاستیدا ئازادییەکەیە. سەران بۆیە بەراوردی دیمەنەکانی زیندان بە دیمەنەکانی دەرەوە دەکات،تاکو ئازادی وەک پێدراوێکی بەنرخ و ھەرە پیرۆزی مرۆڤ پیشان بدات. مرۆڤ ئەگەر ھەموو شتێکیشی ھەبوولە ژیان، کەئازادنەبوو، ئەوا ژیان ھیچ مانایەکی نییە. ژیان ئەوکاتە بەھای ھەیە کەمرۆڤ ئازاد بێت لەھەڵبژاردنی.ژیانێک مرۆڤ خۆی ھەڵیبژێرێت. سەران ھەمیشە لە خەیاڵی ئەوەدایە چۆن زیندان جێبێلێت، کاتێکیش ڕووبەڕووی ھەرشتێک دەبێتەوە لەزیندان، ئەوا یەکڕاست خەیاڵی زیندان جێدێڵێت وئەو ژوورە بە شوێن و جێگەیەکی دیکە دەگۆڕێت. سەران کاتێ عەلی ڕەزا لە زیندان دەناسێت و شیعری بۆدەخوێنێتەوە، ئەوا ئەویش ھەمان ئەودنیایەی بیردێتەوە کەلە شاخ شیعری بۆ سەران دەخوێندەوە. شیعرەکانی ئەویش بۆ کەسێک بوون کەلەژیاندا ماوە، بۆدنیا.یاخود دەبینین کاتێ پەتووێک بەسەران دەدەن بۆئەوەی شەو لەسەرمای زستانی نێو زیندان بیپارێزێت، ئەویەکڕاست ئەو پەتووەی دێتەوە بیرکەلە شاخ و لەبارەگادا، پێًی دەنووست. ھەروەک خۆشی دەڵێت:_(ئەو بەتانیەی ئێستا لەزیندان لەتەنیشتم داندراوە لەھەمان ئەو بەتانیە دەکات کەلەبارەگاکەمان سەگ و پشیلە یاریان پێدەکرد). لێرەوە دەبینین لەبەرامبەر ھەردیمەنێکی نێوزینداندا، سەران یادەوەریی و دیمەنێکی دەرەوەی زیندان دێنێتەوە بەرچاوی. سەران لێرەدا کارەکتەرێکە کەنیوەی لەزیندانەو نیوەکەی تری لەدەرەوەی زیندان، جەستەی لە زیندانە ڕوحی لە دەرەوە ئێستای لەزیندانە، ڕابردووی لە دەرەوەی زیندان. بەم جۆرە سەران لەم بارودۆخەدا دەمێنێتەوە، تاکو ڕۆژێکییان کارگێڕی زیندان لە لیستی ناوی زیندانیانی تر ناوی دەخوێننەوە.ئەویش واھەست دەکات ئیدی ئەوئازاد دەبێت،بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەی بۆ ئەوەیە کەدیسان دەیبەنەوە زیندانێکی دیکەو دەرگا ئاسنینەکەی لەسەردادەخەن. بەم جۆرەش کۆتایی بە ڕۆمانی پەیڤەکانی دیوار دێتن نەک ڕووداوەکە.

 

ئەم ڕۆمانە کۆتاییەکی کراوەی ھەیە، واتە ڕووداوەکە کۆتایی نەھاتووە، بەڵکو خودی گێڕانەوەی ڕووداوەکە لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ڕۆمانەکە دەوەستێت. بەمەش ڕۆماننووس دەتوانێت، لە ڕۆمانێکی دیکەدا، دواچارەنووسی سەران دیاری بکات. کە ئاخو دواتر چی لێدێت. ئازاد دەکرێت؟ یاخود ھەر لە زیندان دەمێنێتەوە.ئەم تەکنیکە لە کۆتایی پێھێنانی ڕووداوەکان، ھەمیشە ھزری خوێنەرلەچاوەڕوانیدا دەھێڵنەوە. دیارە ئەمەش سیحرێکی دیکەی نووسینی ڕۆمانە، کە بەشێک لە ڕۆماننووسانی ئێمە نایانەوێت خاڵێکی کۆتایی بۆ ڕووداوەکان دابنێن، بەڵکو ھزری خوێنەر لەپرسیارو چاوەڕوانیدا دەھێڵنەوە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کەنووسینەکانی کاروان عەبدوڵان بۆ من مایەی بینینێکی دیکەن، جیا لەخوێنەرانی تر. چونکە گەلێک جارچەند فیگەرێک لە ڕۆمانەکانیدا دەکەونە بەرچاو کەتەنھا پەیوەستن بەشاری ڕواندز.ھەروەک لەو ڕۆمانەشدا باسی (خەرەندو سەران و پردی حافیز دەکات).
___________________________________________
پەراوێز: پەیڤەکانی دیوار، رۆمان، نووسینی: کاروان عەبدوڵا، بڵاوکراوەی دەزگای موکریان، ٢٠١٣.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک