په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠٢٢

لێدوانە سوورەكان.


ئەرسەلان مەحمود    


خەڵكانی پەتیارو هێزە سیاسیە كۆنزێرڤاتیڤەكان، بەكەرەستەی كۆنینەوە نەبێ، توانای ئەوەیان نییە بچنە دیالۆگ و ململانێكانەوە، خراپتر لەوەش بەخاتری دەستگرتن بەمانەوەی خۆیان و واقیعی نەخوازراو، هەمیشە واوێناو بگۆ دەكەن ناكۆكیەكان خراپن و ئەنجام و دەرئەنجامی نەرێنییان هەیەو لێدەكەوێتەوە!!

مەرجدار كردن و ناچار كردنی خۆت و خەڵك و هەوڵی هێشتنەوەی ئەوانی تر لەیەك جۆرو شێوازی ململانێدا، ڕەتكردنەوەی ئارگۆمێنتەكانە بەبێ ڕەچاوكردنی ئاواز، ئەوەندەیتر كێشكردنی خۆت و خەڵك و ئەوانی تری بەرامبەرە بەرەو ململانێیەكی بێبنەماو ناتەندروست لەبۆشاییدا، ڕێگری كردنە لەهێنانە ئاراوەی دەق و تێكستی نوێ‌ و زیندوو لەتێوەگلاندنیان بەناكۆكی بەرهەمدار.

ئەم شەڕە دەنوك و لێدوانە ژەهرو ژەنگاویە جڤاكی و سیاسیانەی بەبۆنەو بێبۆنە لەدەمی نادەمی زۆرێك لەحزبی و پاڕلمانتارو وەزیرو گزیری هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر بەیەكترو لەسەر كەوڵی خەڵك دەردەچن، ئامانجەكەی بەشینەوەی ڕۆشنایی و پێدانی زانیاری و ڕونكردنەوە نیە، خۆ دزینەوەیە لەحەقیقەت و ڕەتكردنەوەی گوێگرتن و قبوڵنەكردنی ڕوانگەی یەكترە، تەنانەت كێچەڵكردن و یاریكردنە بەخەڵك و بەیەكتری، هەر بۆیەو هەمیشەش لەبری چارەسەر، كێشەو ئاریشەی گەورەتر دروست دەكەن و بەدوای خۆدا دەهێنن!!

لەململانێی تەندروست و بەرهەمهێنەردا، هەمووان دەرفەتێكی ناوازەیان لەبەردەمدا دەڕەخسێت بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر بیرۆكەو چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و فێربوونی چیەتی دەربڕینی دژبەری، پەیوەندی و كارلێكە سروشتییەكەش ئەمە مرۆڤ لەبری خنكاندن یەکتر بەرەو ڕزگاری ببات، ململانێی تەندروست لەسەر بنەمای ڕێزو متمانەو بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی خەڵك خۆی بونیاد دەنێت، جیاوازییەكان لەبری ئاستەنگ دەبنە كۆمەك بەخش لەدۆزینەوەی باشترین ڕێگە چارەكان.

تۆمەتبار كردنی بێمروەتانەو سەر زەنشتكردنی كوێرانەی یەكتر نەنگی و لاوازییەكانی ئەم لەسەر هەژماری ئەویتر داناپۆشێت، لەململانێی تەندروستدا ئامانجەكە بردنەوە نییە، تێگەیشتنە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرو خوڵقاندنی زەمینەی هاوبەش لەجێبەجێكردندا، ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێ‌ سەد لەسەد پێچەوانەی ئەم حەقیقەتەیەو هەوڵێكە نەزۆكانەو ئامانجەكەی چەواشە كردنە!!

ئەگەر توانای هێنانەدی چارەسەرت نەبوو، كارێكی ناخەلاقییە لەڕێگەی لێدوانی سورەوە، خەتای خراپەكاری بەوانیتردا بدەیت و دەرونی خەڵك بخەیتە دۆخێكەوە ناجێرو هەستیان بریندار بكەیت، ئەم جۆرە تۆمەتبار كردنەی یەكتر، تەموومژاوی و ترسناكە، ڕەقیان لێدەبارێ‌، توندوتیژییە جڤاكی و سیاسیەكان بەدوای خۆیاندا دەهێنن، ئەوەی دەبێتە یارمەتیدەر مۆڕاڵی بەكاربردن و بەكارهێنانی لۆژیكییە نەك جوینەوەی بانگەوازو تەبلیغاتی شەڕانگێزی، ڕونكردنەوەی كێشەو ناكۆكییەكانە، گوێدانە بەیەكترو بەبنەما گرتنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانی و جڤاكییەكانە.

سەرچاوەی بێهواو بوونی خەڵكی كوردستان، ئەوەندەی پەیوەندی بەلاوازییەكانی دیالۆگ و نەبوونی ململانێی بەرهەمدارەوە هەیە، هێندە پەیوەندی نییە بەهەبوونی كێشەو ئاریشەی زۆرو كەڵەكە بووی دەیانساڵەوە، ئەم لێدوانە ڕەق و بێڕوح و بێمۆڕاڵانە هیوایان لەدڵی خەڵكدا وێرانكردوە، ڕەنگە ئەمڕۆ لێكەوتەكانی بەشوێنێك گەیشتبێت هیچ كەسێك هەست بەوە نەكات چارەیەك بەڕێگەوەیە بێت.

لەململانێی ناتەندروستدا، كاری كەس و گروپێكان سەپاندنی ئیرادەو دەسەڵاتە بەسەر یەكتردا، خەڵك و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان ئامادەییەكیان نییەو ئامرازن، ئەوەی هەیە تاوانباركردن، بانگەشەكاری بێگەرد بوون و خستنە خوارەوەی ئەوانیترە بەلێدوانە نەرێنییەكان. ململانێی ناتەندروست بەبێ‌ دەستوردانی لایەنی سێیەم، بەدەگمەن دەبێتە هۆی چارەسەرێكی تەندروست و ئەرێنی، لایەنی سێیەم لەوەها دۆخێكدا تەنها خەڵكە، خەڵكیش كەوتووەتە دۆخێكەوە قوڵ لەبێدەنگیدا!!

هۆكارەكە ڕەنگە سەرەكیترینیان ترسان بێت لەبرسان نا، لەگێچەڵپێكردن و داتاشینی سیناریۆی سەیرو نەخوازراو، چونكە یەكێك لەڕەگەزە هەرە خراپەكانی ململانێی ناتەندروست، گێچەڵكردنە لەڕێگەی بەئامانگرتنی كەسایەتی كەس و گروپەكانەوە، ڕەفتارەكانی گێچەڵكاری لەململانێی ناتەنروستدا زۆرو ئامانجدارن، هەر لەبێزاركردنەوە بگرە تا دەگاتە بەشینەوەی تۆمەت و فیتنەیی و زمانگاو كردن و..تاد

هەموو ئەمانە كاریگەری خراپ لەسەر هزرو تواناكانی خەڵك دادەنێن و بەرەو دواوە ڕاپێچیان دەكەن، دەبێتە هۆی تێكشكاندنی ئیرادەو هزری بەیەکەوە هەڵکردن و بەیەکەوە کارکردن و تیمكاری و بێزاری و بڵاوبوونەوەی نەفامی و ونكردنی حەقیقەتەكان.

ئەو هێزو دامەزراوە جیاوازو ناوەندە میدیاییانەی باوەڕیان بەململانێی نا تەندروست نییە، پێویستە زۆر وردو بەدیقەت زمانە شوێنپێكەوتووەكان بناسنەوەو خەڵك بێدارو هۆشیار بكەنەوە، ناسینەوەی جیاوازی نێوان ململانێی تەندروست و ناتەندروست و چۆنیەتی بەكارهێنانی ململانێی تەندروست بۆ بەهێزكردنی هێزی تیمێك، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ژینگەو شوێنی كاركردنی گونجاوتر دەستەبەر بكەن و بەدیهێنەری چارەسەر بێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک