په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٦

لە ئەنفالەوە بۆ پاداشت.

جەلال محەمەد    


ئەنفال ئەو دیاردە قێزەونەیە کە لە ساڵی ١٩٨٨دا سەدامی گۆڕکراو لەسەر گەلی کورد پیادەی کرد، لە ئەنفالدا وێڕای سوتان و تاڵانکردنی ھەموو گەرمیان، سەدان ھەزار کورد زیندەبەچاڵ کران و ھەزاران کچیش بەسەر شێخەکانی کەنداودا دابەش کران.


بڕیاری ئەنفال لەلایەن سەدام و دارودەستەکەیەوە درابوو، جێبەجێکەری بڕیارەکەش ئەو جاش و مستەشارە خۆفرۆشانە بوون کە لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی شۆرابوونەوە. واتە بەرپرسی یەکەمی ئەنفال سەدام حسین بوو چونکە لە نێو بەعسیەکاندا بە غەیری سەدام و دارودەستەکەی ھیچ کەسێکی دیکە خاوەن قسە و بڕیار نەبوو، مستەشارەکانیش بەغەیری نۆکەرایەتیکردن خاوەن ھیچ قسەیەکی دیکە نەبوون.


لە پای ئەو نۆکەرایەتیکردنەدا، نیشانەی ئازایەتی(نوت الشجاعە) بەھەموو مستەشارەکان درا کە زۆرترین ڕۆڵیان لە ئەنفالدا گێڕا، لێ بەڵێ، ھەر ئەو کردەوەیەش لە داگیرکەرێکی شۆڤێنی چاوەڕێ دەکرا کە دروشمی "عروبە"ی کردبوویە وێردی سەر زاری و سڕینەوەی کوردانی خستبوویە بەرنامەی کاریەوە.


کات ھاتوچوو، گەل ڕاپەڕی و بە دەریایەک خوێن بەعسیان ڕاماڵی، بەڵام بەھۆی ناھوشیاری کۆمەڵگاوە بەرھەمی ڕاپەڕین کەوتە گیرفانی ئەو بازرگانانەی خوێنەوە کە دیرۆکیان پڕ لە ئاشبەتاڵ و کوردکوژی بوو.


بازرگانانی خوێن ھەم سوار سۆز و شەپۆلی ڕاپەڕین بوون و ھەم ئەوەی بەعسیش بە نیوەناچڵی بەجێیھێشت بۆ بەعسیان تەواو کرد، سەرجەم ئەنفالکەران پاداشت کران و ناویان لە جاشەوە بۆ شۆڕشگێڕ گۆڕدرا.


٢٦ ساڵ دوای ئەنفالی کوردان لەلایەن بەعسیەکانەوە و لە ٣/٨/٢٠١٤دا جارێکی دیکە ئەنفال لەسەر شەنگال بەتایبەتی و ئێزدیەکان بەگشتی دووبارە کرایەوە، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر دەستی بەعسیەکان و بەبڕیاری سەدام نەبوو بەڵکو لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بەبڕیاری مەسعود بارزانی بوو، چونکە لە نێو پارتیدا بەغەیری مەسعود و بنەماڵەکەی ھیچ کەسێکی دیکە خاوەن قسە و بڕیار نییە.


لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا وێڕای وێرانکردنی شەنگال و تاڵانکردنی ئێزدیەکان، ھەزاران کەس زیندەبەچاڵ کران و ھەزاران کچە کوردیش پێشکەش بە شێخەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام"داعش" کران.


لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا، بڕیاردەر بارزانی بوو، جێبەجێکەری بڕیارەکەش ئەو کوردە غوڵامانە بوون کە بارزانی بە خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیشیان دەزانن، نمونەی ھەرە گەورەش لەو غوڵامانە "سەربەست باپیری" بوو کە بەرپرسی ھەموو شەنگال و دەوروبەری بوو وەک لەم وێنەیەدا بەدی دەکرێت.


لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا، سەربەست باپیری وەک تاوانباری سەرەکی دەستنیشان کرا، ئەوکات بۆ شاردنەوەی تاوانەکان مەسعود بارزانی بڕیاری لێپرسینەوەی لە سەربەست باپیری تاوانباردا، بەڵام نەک ھەر لێپرسینەوە لەو تاوانبارە نەکرا بەڵکو لەم حەفتەیە و لە ٧/٢/٢٠١٦دا لەلایەن مەسعود بارزانیەوە بۆ خەڵاتکردن دەعوەتی سەری ڕەش کرا.


سەدام حسین بەناوی عروبەوە ھەموو عەرەبی داخان کرد، مەسعود بارزانی بەناوی کوردایەتیەوە ھەموو کوردی داخان کرد، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدابوو کە سەدام لە پێناوی یەکخستنی عەرەبدا ھەم کوردی ئەنفال دەکرد و ھەم دەستیشی لە ھیچ تاوانێک نەدەگێڕایەوە، ھەرچی مەسعود بارزانییە بەناوی کوردایەتیەوە ھەم کوردی ئەنفال کرد و ھەم لە پێناو ڕازیکردنی داگیرکەراندا لە ھیچ تاوانێک ناسڵەمێتەوە.


ئەم پێشوازیکردنەی سەربەست باپیری ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی مەسعود بارزانی دەردەخات، ئەی دەبێت لەمەودوا ھەڵوێستی ئەو تاکوتەرا ئێزدیەی ھاوشێوەی ڤیان دەخیل و قاسم شەشۆ چی بێت کە لە غوڵامیکردن بۆ بارزانی شا بە سەپان نازانن!!!؟؟؟

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک