په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٣

لە ئێستادا، ئاوڕێک بۆ ڕابردوو!

یوسف خەلیل      


لەگەڵ هەر هەنگاوێک بەرەو ترۆپکی شتە ونەکان و بەدیهێنانی درک کردن..! هیوا وزەی هەمیشەیی دەبێ لە بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسە پڕ لە ئەفراندنەدا، لێرەدا پێویستە بپرسین هۆکاری هێنانەکایەی هەنگاونان لەچیەوە سەرهەڵدەدا ؟! بێگومان ڕێڕەوی ژییان بەچەندین کۆسپی چاوەڕوان نەکراودا تێ دەپەڕێت،زۆرجار دەبێتە هۆکاری هەرەس هێنانی خەونەکان،هەندێ جاریش دەبنە هەوێن بۆ هەنگاونان بۆ هەڵاڵەکانی ئایندەی ژیان.


پێم وانیە شتێک هەبێ ناوی بەسەرچووبێ..! چونکە هەر بیرو بۆچوون و کردەیەک کە دێتە ئارا خۆی بەڕاست و بەنوێگەر دادەنێ‌،ئەم بۆچوونەش لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا بەرچاو دەکەوێ‌ پاڵپشت بەو بناغەیەی کە پێشتر قوربانی بۆ دراوە،پێم وانیە داهێنان ڕابردوو یا ئەو شتانەی پێش ئێستا لەئارادابوون بە بەسەرچوو لەپێنووس بدا...چونکە دەبێ دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە بەسەر ئەواندا هەنگاو نراوەو ئەمڕۆ هێنراوەتە کایە، بۆ ئەم مەبەستە وتەیەکی (ئەبو تالیبی داغستانی) دەهێنمەوە کە دەڵێ: ''ئەگەر فیشەک بەڕابردووەوە بنێی داهاتوو تۆپت پێوە دەنێ''*، بەمەش مێژوو هێندەی دیکە پیرۆز دەکرێ.


لێرەدا گەرەکمە لەمرۆدا کە هەلومەرجێکی نوێ و لەبار بۆگەلەکەمان ڕەخساوە ئایندەیەکی ڕوون و گەشەدار چاوەڕوانمانە،گەرەکە ئەوەش لەیاد نەکەین کە ڕەنجی شان و شۆڕشی بەردەوام و خوێنی هەمیشە گەشی شەهیدان هێناویانەتە کایە،پێویستە بەڕێزو حورمەتەوە لێیان بڕوانین و بەچاوێکی ئەمەک و دڵسۆزییەوە کێشەو گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکەین و ناوچەکانیان بکەینە سروشتی ڕەنگین بۆیان پێویستە لەنامۆیی و بێکەسی دەربازییان بکەیین،بیانکەینەوە بە کۆڵەکەیەکی دلێری ئایندەی نیشتمان،بەمەش دەتوانین سەرلەنوێ‌ ژییانیان لا شیرین کەینەوە ئەم پرۆسەیەش تەنها بە وشە ناکرێت،بەڵکو بە توێژینەوەو ئاسانکردنی کێشەو بەردەوام بەپیرچوونەوەیان دەتوانین شتێک بکەین....!


کێشەو گرفتی کارەساتەکان هێندە فرەن پێم وانیە کەسێک هەبێ کوردبێ و پریشکی ئاگری کارەساتی دوژمنی بەرنەکەوتبێ هەریەکەی بەسیماو ڕووخسارێ‌ لەدیارترینیان کیمیابارانکردنی شارۆچکەی هەڵەبجەو دەوروبەری لە (١٦\٣\١٩٨٨) داو زنجیرەی یەک لەدوایەکی کارەساتی ئەنفال کە (١٨٣) هەزار کەس بێ سەروشوێن کرا تیایدا،زۆر کارەساتی دیکەی تر کە ڕۆژانە دەستەو یەخەی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە دەبۆوە پێویستە ئێدی لەمافی قوربانیەکان بێدەنگ نەبین،ژییانێکی خۆشگوزەران بۆ کەسوکارو بنەماڵەکانیان بڕەخسێنین...شایەنی ئەوەن لەمڕۆدا لەبیر نەکرێن ! وێڕای گەڕانەوەی ئارام و ئاسایش بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان و لابردنی شوێنی تاوانکارییەکان و ڕازاندنەوەیان بەباخ و باخچەو گوڵو گوڵزار. بەمەش دەتوانین تاڕادەیەک هەناسەیەکی ژیان بگەڕێنینەوە بۆیان،بەدونیا بڵێین مرۆڤانە دەژیین و نامۆیی و گۆشەگیریمان فەرامۆش کردووە.


گەرەکە و ئەرکە لەسەر بەرپرسان ئەم لێپرسراوێتیە بە هی خۆیانی بزانن و شانازییان پێوە بکەن کە ڕابردوویان پڕ قوربانی دان و هەوێنی ڕەنجی خەبات و خوێنی گەشی شەهیدانە.


بۆیە پێویستە (نان و دۆبڕ نەبن) لەئاستیان و ئایندە بکەنە کردەی بەرپرسیارێتیتان بۆ ڕووناک کردنەوەی دەروونی ژاکاوییان و دان بەوەشدا بنێین کە ئەوانن ئێستای ئێوەیان پێکهێناوە کە گەشتینە ئەو بڕوایەش دەتوانین لەژێر ساباتی خەون و خەندەی هەمیشەییدا،ساتێک دروست کەین بۆ حەوانەوە.
____________________________________
* سەرچاوە: داغستانی من - بەشی یەکەم. رەسول حەمزە تۆڤ.

 


Yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک